سەردانى ئەردۆغان بۆ ميسر چۆن كاريگەرى لەسەر كەمكردنەوەى ناكۆكييەكان دەبێت؟ وەرگێڕان

نوچەنێت

وەرگێرانى: ئيسماعيل تەها

ئەنقەرە  و قاهيرە پێشتر ناكۆكييان لەسەر دۆسيەكانى كۆڕبەندى گازى رۆژهەڵاتى دەرياى ناوەند و فەڵەستين و ليبيا و سوودان و سۆماڵ بوو، ئايا دواى سەردانى رەجەب تەيب ئەردۆغان، سەرۆك كۆمارى توركيا بۆ ميسر و كۆبوونەوەى لەگەڵ عەبدولفەتاح سيسى گەيشتن بە لێكتێگەيشتنى هاوبەش.

محەمەد دوح، رۆژنامەنووس لە ماڵپەڕى (جيوپۆليتيكاڵ مۆنيتۆ)ى كەنەدى راپۆرتێكى شيكاريى بڵاوكردۆتەوەـ نووسەر لەو راپۆرتە تيشك دەخاتەسەر سەر ناكۆكييەكان و باس لە پەيوەندييەكانى ئەو دوو وڵاتەش دەكات.

هەفتەى رابردوو لە دواى (11) ساڵ ناكۆكى توند، رەجەب تەيب ئەردۆغان، سەرۆك كۆمارى توركيا سەردانى ميسرى كرد.

ئەو سەردانە دەرفەتێكى ناوازەيە بۆ گفتوگۆ لەسەر بەرژەوەندييە هاوبەشەكان لەگەڵ عەبدولفەتاح سيسى، يەكێك لەو دۆسيانە پەرەپێدانى گازى سرووشتييە لە ناوچەى رۆژهەڵاتى دەرياى ناوەند و بەهێزكردنى پەيوەندييە دووقۆڵييەكان لە هەموو بوارەكان و چارەسەركردنى دۆخى غەزە و ليبيا و سوودان و سۆماڵ.

دۆسيەى فەڵەستين دۆخى ئێستاى غەزە تەوەرەى سەرەكى گفتوگۆكانى نێوان سەرۆكى توركيا و ميسر بووە، كە بەهۆى ئەو هێرشە سەربازيەى ماوەى پێنج مانگە سوپاى ئيسرائيل دەستى پێكردووە و قەيرانێكى گەورەى مرۆيى درووستكردووە، هەروەك چاوەڕوانيش دەكرێت لە هەر چركەساتێك بێت ئيسرائيل هێرش بكاتە سەر رەفەح كە سنوورەكانى لەگەڵ ميسرە.سەرەڕاى ئەوەش ئەو دۆخەى غەزە بۆتە هۆى درووستكردنى ئاڵۆزى لە هەموو ناوچەكە، بۆيە گێڕانەوەى سەقامگيريى و چەسپاندنى ئاشتى نێوان فەڵەستين و ئيسرائيل لە دۆسيە سەرەكييەكانى نێوان ئەردۆغان و سيسى بوو.

لێكتێگەيشتنە هاوبەشەكان

گفتوگۆكانى نێوان سەرۆكى توركيا و ميسر دەرفەتى ئەوەى رەخساند كە سەبارەت بە ململانێ بەردەوامەكانى ليبيا بگەن بە لێكتێگەيشتنى هاوبەش، كە ماوەى (10) ساڵە بەردەوامە، هەروەها بۆتە هۆى ئەوەش ئەگەرى هەڵبژاردن نزيك بێت و گرووپە چەكدارەكان هەڵوەشێنەوە، كە رێگە لەبەردەم سوودى ئابوورى بۆ كۆمپانياكانى ميسر و توركيا لە پرۆسەى ئاوەدان كردنەوە خۆش دەكات.

گفتوگۆى ستراتيژيى قاهيرە و ئەنقەرە كاريگەرى لەسەر چارەسەركردنى ململانێ بەردەوامەكان لە ئەفريقيا دەبێت، بەتايبەت لە سوودان، كە نزيكەى ساڵێكە جەنگى ناوخۆيى بەردەوامە.

ئەوەى گرنگە ئاماژەى بۆ بكرێت توركيا بەرژەوەندى گەورەى لە بونيادنانى بنكەيەكى سەربازيى لەسەر دەرياى سوور هەيە، ئەوەش هەنگاوێك بوو ميسر پێى وابوو لەگەڵ ئاسايشى نەتەوەيى ناكۆكە، بە هەمان شێوە ئەنقەرە لە سۆماڵ كارى لەسەر فراوانكردنى هەژموونى دەكرد، بەڵام هەڕەشەى ئەسيوبيا كە بريتى بوو لە رێككەوتن لەسەر درووستكردنى بنكەيەكى سەربازيى و بە كرێدانى بەشێكى بەندەرى بەربەرە، كە زەويى كۆمارى سۆماڵى جيابۆوە بوو، بەڵام توركيا و ميسر دژى وەستانەوە.

ئەگەر سەيرى ئەو دۆخەى ئێستا بكەين، ئەوا هەڵوێستى ستراتيژيى توركيا و ميسر دەبێتە هۆى بەهێزبوونى رێگرى لە هەڕەشەكانى ئەسيوبيا بەتايبەت سۆماڵ گەورەترين بنكەى سەربازيى توركياى لێيە.

كۆڕبەندى ناوەندى گاز

هەماهەنگى لە كەرتى و وزە و ئامادەبوونى هاوبەش لە ناوچەى رۆژهەڵاتى دەرياى ناوەند دەرفەتى گەورە بۆ بەهێزكردنى پەيوەندييەكانى نێوان توركيا و ميسر دەرەخسێنێت، ئەوەش بەهۆى ئەوەى ئەنقەرە پشت بە واردەى وزە دەبەستێت، ئەگەرى هەماهەنگى ستراتيژيى لەگەڵ ميسر لە رێگەى كۆڕبەندى گازى رۆژهەڵاتى ناوەند هەيە.

سەرەڕاى ئەوەش دەكرێت ببێتە مينبەرێك بۆ زيادكردنى سوودەكان و كەمكردنەوەى ئاڵۆزييە سياسييەكانى نێوان توركيا و يۆنان و قوبرس، ئەگەر سەيرى ئەو دۆخە بكەين دەردەكەوێت ئەنقەرە ئامانجى درووستكردنى پەيوەندى بەهێزترە لەگەڵ قاهيرە، بۆ هاوبەشى لە هەماهەنگى ناوچەيى كە چەند هاوبەشى جۆراوجۆر لەخۆ دەگرێت، كە دژايەتى سياسەتى توركيا لەناو كۆڕبەندەكە ئەو هەنگاوەى پەكخست بوو.

ئاشتەوايى نێوان توركيا و ميسر دەرفەتێكى گرنگە بۆ وڵاتانى رۆژهەڵاتى دەرياى ناوەند بۆ بەشدارى لە دانوستاندنە بە كۆمەڵەكان لە پێناوچارەسەرى كێشەكانيان، بەتايبەت لە نێوان توركيا و يۆنان و قوبرس.

لە كاتێكدا ئەنقەرە هەوڵى بەدەستهێنانى پاڵپشتى قاهيرە دەدات بۆ ئەوەى بچێتە كۆڕبەندى گازى رۆژهەڵاتى ناوەند، خواستى خۆشى نيشانداوە بۆ واژۆكردنى پەيماننامەى دووقۆڵى بۆ دياريكردنى سنوورە ئاوييەكان لەگەڵ ميسر.

دواتريش عەبدولفەتاح سيسى جەختى لەسەر دەستپێكردنى قۆناغێكى نوێ لەگەڵ توركيا كردەوە، كە بڕيارە لە مانگى نيسانى ئەمساڵ سەردانى ئەنقەرە بكات، ئەوەى ماوەتەوە بزانين سەردانى ئەردۆغان چۆن كاريگەرى لەسەر بەرژەوەندييەكانى نێوان توركيا و ميسر دەبێت، جگە لەوەش لێكەوتەكانى لە ئەگەرى ناسەقامگيرى ناوچەيى چى دەبێت.

سەرچاوە: ماڵپەڕى خەليج جەديد

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین