گرنگی ڕۆڵی کورد لە دەورەدانی هەژموونی ئێران لە ناوچەکەدا وەرگێڕان

سنور یاسين: تایبەت بەنوچەنێت

پێشەکی

وەک دەگوترێت ڕووخانی ڕژێمی بەعس لە عێراق و بەهاری عەرەبی کاریگەرییان کردە سەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ئێران لەگەڵ ژینگە گەشەسەندووەکە گونجا بۆ ئەوەی سوودە ستراتیژییە گەورەکان بەدەست بهێنێت. ئێران کاریگەریی سیاسی و هێزی زیاتری بەدەست هێنا، و هێزی سەربازی ئێرانی لە دەرەوەی ئێران بڵاو بوونەوە. ئەنجامە سەرەتاییەکە ئەوەیە کە ئێران بەشێوەیەکی کاریگەر کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا و  لاوازی ناوخۆیی وڵاتانی ناوچەکە، کە لە بەهاری عەرەبیدا سەری هەڵدا لە بەرژەوەندی خۆی قۆزتۆتەوە بۆ ئەوەی پێگەی سیاسی، و سەربازی خۆی لە عێراق و سوریا و لوبنان و یەمەن بەهێز بکات. بە گوێرەی ماڵپەڕى (www.csis.org)، "ئێران ڕۆڵێکی چالاکی بینیوە لە پێکهێنانی هەڵومەرجی سیاسی عێراق". ئەمەش بە ئاشکرا بوونی ئێران و ویستی ئێران بۆ فراوانکردنی هەژموونی دیاردەخات لە عێراق کە بێگومان دواتر ناڕەزایی لە لایەن بەشێک لە عێراقییەکان و وڵاتانی دژبەری ئێرانی لێکەوتەوە.

 

پەیوەندییەکانی ئێران

ئێران دروست کردن و بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی خۆی بە گرنگ زانیوە و ویستوویەتی لە ڕێگەی پەیوەندییەکانییەوە هەماهەنگییەکی باشی هەبێت. بە گوێرەی شیکارییەکی کورتی (The Washington Institution)، "حەماس دوای دەرکەوتنی لە ساڵانی 1980 دا وەک جیهادییەکی سوننەی ئیخوان موسلیمینی میسر، کە ئامانجی بریتی بوو لە لەناوبردنی ئیسرائیل و شەڕی جوولەکەی خستە ڕوو. گروپەکە دواتر دەستی کرد بە پەرەپێدانی پەیوەندیە ئاست بەرزەکان لەگەڵ ئێران کاتێک کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ساڵی 1990-1991 دوو کۆنگرەی لەسەر فەلەستین ساز کرد، کە نوێنەرانی حەماس ئامادەیبوون ئەم کۆڕە بووە کاریگەر بوو بۆ پرۆسەی ئاشتی عەرەبی ئیسرائیلی بەردەوام و کۆنفرانسی مەدریدی 1991.

دواتر گرووپەکە بەشدارییان کرد لە راپەڕینی فەلەستینی دژ بەئیسرائیل و وای لەحکومەت کرد، کە چەندان کەسایەتی لە سەرکردایەتی حەماس لە ساڵی 1992 دیپۆرتی لوبنان بکات. حیزبوڵڵا (کە لە دەیەی ڕابردوودا لە لایەن ئێرانەوە بۆ بەرەنگاربوونەوە لە داگیرکارییەکانی ئیسرائیل لە باشووری لوبنان دروستکرابوو) میوانداریی دیپۆرتکراوەکانی حەماسیان کرد و فێریان کردن، کە چۆن بۆمبی خۆکوژی دروست بکەن و بەکاریان بهێنن و ئێران یارمەتی ماددی پێشکەش کردن.

حیزبوڵڵا و حەماس بەردەوام بوون لە هاوکاریکردن لە ڕێگەی ڕاپەڕینی دووەمەوە، حزبوڵڵا لەو ماوەیەدا سێ هەوڵی گەورەی دا بۆ بە قاچاخ بردنی چەک و بۆمب دروستکەران بۆ غەززە، هەروەها یارمەتی حەماسی دا ئەو چەکە زۆر بەهێزە دروست بکات کە لە مانگی ئازاری 2002دا لە تەقینەوەی خۆکوژیدا بەکارهات، کە سی هاوڵاتی ئیسرائیلی کوشت بەم شێوەیە حەماس نەک وەک نوێنەرێکی تەواوی ئێرانی، بەڵکو وەک هاوبەشێکی کردەیی بۆ دژە ئیسرائیلی تاران پەرەی سەند.

پەیوەندیەکە زیاتر بەهێز بوو بەهۆی هەوڵەکانی ئێران بۆ بەهێزکردنی بەرنامەی موشەکی. لە ساڵی 2014 دا هێزەکانی حەماس لە لایەن حزبوڵڵاوە چەکدار کران و مەشقیان پێکرا. هەندێکیان تەنانەت بۆ ڕاهێنانیش چوون بۆ ئێران، هەروەها مووشەکی پێشکەوتووتری لەئێران و سوریاوە پێگەیشت، چەندین چەکی ئێرانی لە شەڕی 2008-2009  ی غەززەدا دەرکەوتن، لە کاتی ململانێی ساڵی 2012 دا، حەماس مووشەکی دوورهاوێژی ئێرانی لە تەلئەبیب و ئۆرشەلیم دەست پێکرد هەروەها کاریگەری ئێران لە پەرەسەندنە هاوتەریبەکانی حەماس و کرداری حزبوڵڵا بە دوای کشانەوەی ئیسرائیل لە ناوچە تایبەتەکانیان ئاشکرا بوو، بۆ گواستنەوەی ئەو جۆرە ماددانە بۆ حەماس ئێران ڕێگای جۆراوجۆری قاچاخی پێشخست، لە هەندێک حاڵەتدا قاچاخچییەکان لە ڕێگەی سوودانەوە کەلوپەلیان هێناوەتە غەززە. هەڵگیرسانی شەڕی سوریا لە ساڵی 2011 دا پەیوەندییەکانی حەماس و ئێرانی لاواز کرد، چونکە تاران پشتگیری ڕژێمی ئەسەدی کرد و حەماسیش پشتگیری ئۆپۆزسیۆنی عەرەبی سوننەی کرد. لەبەر ئەو هۆکارەش ئێران یارمەتییەکانی خۆی بۆ حەماس کەمکردەوە". ئەو هۆکارەش بێگومان وا لە حەماس دەکات کە سەرچاوەی تری هاوکاری بۆ خۆی بدۆزێتەوە.

 

کاریگەریى ڕێککەوتنی ئەتۆمی لەسەر ئێران 

مشتومڕ زۆرە لەسەر ڕێککەوتنی ئەتۆمی ئێران و کاریگەری ئەو ڕێککەوتنە لەسەر ئەو وڵاتە و یارمەتیدانی لە بەهێزکردن یان بەهێزنەکردنی ئێران. ئەگەر سەرنج بخەینە سەر ڕاپۆرتێکی  (Council on Foreign Relations) ئاماژە بەوە دەکات، "ڕێککەوتننامەی ئەتۆمی ئێران کە بە فەرمی بە پلانی هاوبەشی گشتگیری چالاکی (JCPOA) ناسراوە، لە مانگی تەمووزی 2015 دا لە نێوان ئێران و چەند وڵاتێکی زلهێزی جیهانیدا کراوە. بەپێی مەرجەکان ئێران ڕازی بوو کە بەشێکی زۆری بەرنامە ناوەکییەکەی هەڵبوەشێنێتەوە، وە ئاسانکارییەکانی بکاتەوە بۆ پشکنینی نێودەوڵەتی بەرفراوانتر لە بەرامبەر بەهای ملیارەها دۆلار بۆ حەسانەوەی سزاکان. لایەنگرانی ئەو ڕێککەوتنە گوتیان کە یارمەتیدەر دەبێت بۆ ڕێگرتن لە بوژاندنەوەی بەرنامەی چەکی ناوەکی ئێران و بەمەش دیمەنی ناکۆکی نێوان ئێران و ڕکابەرە هەرێمییەکانی کەم دەکاتەوە بە ئیسرائیل و سعودیەشەوە. ڕێککەوتنەکە لە مەترسیدایە لەوەتەی سەرۆک دۆناڵد ترامپ لە ساڵی 2018 ئەمریکای لێ کشاندەوە لە تۆڵەسەندنەوەی ڕۆیشتنی ئەمریکا و هێرشی کوشندە بۆ سەر ئێرانییە دیارەکان، ئێران دەستی بە هەندێک لە چالاکییە ناوەکییەکانی کردووەتەوە". ئێران توانیویەتی دەستکەوتی دارایی لە بەرامبەر ڕێککەوتنەکەدا بە دەست بهێنێت، بەڵام لەبەرامبەردا خاڵە لاوازەکانیش بۆی کەم نین.

پێگە و هەژموونی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

لە کاتی باسکردن لە هەژموونی سیاسی پێویستە تیشک بخەینە سەر چەمکی هەژموونی سیاسی بە گشتی بە گوێرەی توێژینەوەیەکی گۆڤاری قەڵای زانست کە زانکۆی لوبنانی_فەڕەنسی لە هەولێر دەریدەکات، "جۆزێف نای مشتومڕی چەمکی هەژموون دەکات بەوەی کە دەستەواژەی هەژموون بەسەر چەند بارێکدا پیادە دەکرێت کە تێیدا وا دەردەکەوێت یەک دەوڵەت بە شێوەیەکی زۆرتر لەوانی تر دەسەڵاتی هەبێت". ئەمەش دەگەرێتەوە بۆ هەبوونی دەسەڵاتی زیاتری دەوڵەتێک بەسەر ئەوانی تردا.

 هەژموونی سیاسی ئێران بە گوێرەی سایتی جەستۆر (www.jstor.org) بریتی یە لە، "ئاواتی ئێران بۆ بەدەستهێنانی دەسەڵاتی ئابووری و سەربازی و سیاسی، کە ئەمەش ئێران بە توانا دەکات بۆ بەدەست هێنانی مسۆگەر کردنی سەقامگیری ڕژێمی ئێران، بەرگری کردن لە یەکپارچەیی خاکی ئێران، وا لە ئێران دەکات کە زیاتر سوود لە سەرچاوە سروشتییەکانی خۆی وەربگرێت، و ناسینەوە و بینینی خۆی وەک دەوڵەتێکی پێشەنگ لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست". کە ئەمەش بە ڕوونی ئاماژەیە بەسەر فراوانکردن و سەپاندنی دەسەڵاتی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس و لەگەڵ کەم بوونەوەی بەرژەوەندی و پابەندبوونی ئەمریکا لە عێراق بارودۆخ زیاتر بۆ ئێران لەبار بوو و ئێران توانی کاریگەری زیاتری هەبێت لەسەر دانیشتوانی شیعە لەو وڵاتەدا. بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی (United States Institute of Peace)، "سەرکردەکانی ئێران لەگەڵ کەسایەتییە کاریگەرەکانی شیعە لە عێراقدا کۆدەبنەوە، سەرکردە شیعەکانی عێراق سەردانی تاران دەکەن و گفتوگۆ دەکەن لەسەر کێشە و بابەتەکان لەوانە ئاسایشی سنوورەکان و هاوبەشی بازرگانی. ئێرانییەکان بە چڕی سەرمایەگوزاری دەکەن، لە ناوچەکانی باشووری شیعەی عێراق و دەزگا هەواڵگرییەکانی ئێران بە قووڵی بوونیان هەیە، لەناو میلیشیا شیعەکاندا، کە دەسەڵاتی شەقامی گەورەیان هەیە لە باشوور بە تایبەتی لە شاری بەسرە". ڕاستییەکی ئاشکرایە کە ئێران بوونی هەیە لە ناوچە شیعییەکانی عێراقدا. بە گوێرەی توێژینەوەیەکی (Iranian Studies Journal) "ئێران هەوڵی فراوانکردنی بەرژەوەندی و کاریگەری خۆی داوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بە پاساوی بوونی هێزی چەکداری و زۆرجاریش هێزە ئێرانیەکان بۆ بەرەوپێشبردنی بەرژەوەندیەکانی تاران لە یەمەن و لوبنان و سوریا و عێراق". ئەگەر ئەم سەرچاوەیە ئێرانییە وەک یەکێک لەو سەرچاوانە وەربگرین کە باس لە ویستی ئێران بۆ فراوانخوازی و سەپاندنی هەژموونی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەکەن، لێرەوە ئاوڕدانەوەیەکی تەواو لەو ویستە گرنگەی خۆی دەسەلمێنێت.

 

دژبەرەکانی هەژموونی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کێن؟

بێگومان لەگەڵ هەر جوڵانەوە و هەنگاوە بەردەوامەکانی ئێران بۆ پەلهاوێشتنی بەرەو وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەو وڵاتانەش تەنها تەماشاکەر نەبوون و بەرپەرچدانەوەیان بۆی هەبووە، بەرەو پێش چوون و فراوان کردنی هەژموونی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بووەتە هۆی سەرنجی نەک تەنیا وڵاتانی تری ناوچەکە بەتایبەتی ئیسرائیل، وڵاتانی عەرەبی و لە نێویشیاندا سعودیە کە بەردەوامن لەهەڵمەتی دیپلۆماسی بۆ بەرپەرچدانەوەی ئاواتی ئێران، بەڵکو وڵاتێکی وەک ئەمریکاش بێبەش نییە لە نیگەرانییەکی زۆر کە هەیەتی بەرامبەر هەژموونی ئێران کە لەسەر وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و وڵاتانی دیکەی هاوپەیمان دەبینرێن، بەگوێرەی توێژینەوەیەک، کە لە ماڵپەڕى (Academia) بڵاو کراوەتەوە، "بەرنامە ناوەکییەکەی ئێران هەڕەشەیەکی بەهێزە بۆ ئاسایشی ئیسرائیل، ئیسرائیل پشتگیرییەکان بۆ حەماس و حزبوڵا بە دژی خۆی دەبینێت. هەروەها ئیسرائیل دژی هەر ئاساییبوونەوەیەکانی پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و دژەکەیەتی". هەروەها هەر بە گوێرەی هەمان توێژینەوە وڵاتە عەرەبییەکانیش بە نموونە، "سعودیە دژی هەر هەژموونێکی بەرەو پێش چوون، پەیوەندییەکانی ئێرانە و بە زیانی پێگەی هەرێمایەتی خۆی دەزانێت". ئاشکرایە لە سیاسەتدا هەر جۆڵانەوە و هەوڵدانێک بۆ بەرەو پێشچوون پێویستە لەبەرچاو بگیرێت و بە گرنگییەوە سەیر بکرێت چونکە لەوانەیە لە کۆتایی دا ببێتە هۆی سەپاندنی دەسەڵات و دەستێوەردانی زۆر و کاریگەری نەرێنی دروست ببێت. 

 

پێگەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون لە پەیوەندییە مێژوویی و تازەکانی نێوان کورد و ئێرانیەکان گرنگە بۆ شیکردنەوەی ڕۆڵی کورد لە دەورەدانی هەژموونی ئێران و نیازی ئەگەری سەرکەوتنی ئەم جۆرە هەوڵانە لەم پێناوەدا و ئەو سوودە شاراوەیەی کە تاران دەیبینێت لەو هەوڵە دا. ئەگەر تیشک بخەینە سەر ڕاپۆرتێکی Carnegie endowment for international Peace) ئاماژە بەوە دەکات، "کورد لە ڕاستیدا دەتوانێت وەک ئاشتیخواز و دروستکەری ئاشتی بێت لە سوریا و عێراقدا. لەو دەوڵەتانەی کە کورد ناتوانێت وەک کورد ئازاد بێت، ئەگەری ئەوە نییە کە هیچ کەسێک ئازادییەکی ئەوتۆی هەبێت بەتایبەتی کەمینەکانی تر و ئەوانەی ناڕەزایی دەردەبڕن بەرامبەر بە حزبە دەسەڵاتدارەکان". لە لایەکی ترەوە بە گوێرەی

(The New York Review for Books)، "بە حوکمی کۆنتڕۆڵکردنی ١/٣ی خاکی سوریا لە لایەن هێزەکانی سوریای دیموکراتەوە وا دەکات ئەو ناوچەیە (ئیدارەی خۆسەری باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا) یارمەتیدەر دەبێت لە سنوردارکردنی هەژموونی ئێران لە ناوچەکەدا، بەمەش ئامانجی واشنتن دێتەدی لە سوریا، کە مەبەستی واشنتن سنوردارکردنی هەژموون و خواستە هەرێمییەکانی ئێرانە لە عێراق و سوریا و تەنانەت حزبوڵای لوبنانی". لێرەدا گرنگی و پێگەی کورد دیاردەکەوێ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و گرنگیدانی کوردەکان بە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ جیهانی دەرەوەدا و لە ناوخۆشدا. هەرێمی کوردستانیش بەدەر نییە لە دروست کردنی پەیوەندییەکی بەهێز و ئامانجی لە پێناو ئاشتیدا و هەروەها پێویستە ڕۆڵی شۆڕشگێڕانەی کورد لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا بە گرنگ و کاریگەر وەسف بکرێت. 

 

هاوکاری دژبەرەکانی ئێران لە دەورەدانی هەژموونی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

دژبەرەکانی ئێران لە دوور و نزیکەوە بە بەکارهێنانی سیاسەتی جیاوازی خۆیان هاوکار بوونە لە دەورەدانی هەژموونی ئێران. کوردەکان و عێراقیش بێبەش نەبوون لە بەدەست هێنانی ئەو هاوکارییانە و بەردەوام بوونی هەماهەنگی نێوانیان دژی هەژموونی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. ئەگەر سەرنج بخەینە سەر تویژینەوەیەکی وێب سایتی (Academia) "ئەمریکا پشتیوانی لۆجستی و ماددی کورد و هێزە عێراقییەکانی کردووە لە شەڕی ڕووبەڕوو بوونەوەیان دژ بە داعش". وڵاتانی تریش بێبەش نەبوون لە هاوکاریی و هەماهەنگییە بەردەوامەکانیان بۆ کورد و ئەمەش کاریگەری هەبووە لە سنوردارکردنی هەژموونی ئێرانی لە یەکلاکردنەوەی شەڕی داعشدا.

 

ئایا کورد سەرکەوتوو بووە لە دەورەدانی هەژموونی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست؟

بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی سایتی (Arab News)، "ڕژێمی ئێران لەبری ئەوەی هەوڵەکانی خۆی تەرخان بکات بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بۆ کێشەکان و گرنگیدانی بەگەشەپێدانە ناوخۆییەکانی بەدوای سەرکەوتنی خەیاڵی دەرەکیدا دەگەڕێت بۆ شاردنەوەی توانای خۆی لەمامەڵەکردن لەگەڵ خراپتربوونی واقیعەکەیدا لە ناوخۆدا". بەڵام ڕەنگە ئێران بیرکردنەوەیەکی تری هەبێت و پێی وابێت کە ئەگەر بتوانێت سەرکەوتوو بێت لە هەژموونی خۆی کێشە ناوخۆییەکان دەکرێت بە ئاسانی چارەسەر بکرێن. بۆ وەڵام دانەوەی ئەو پرسیارەی ئایا کورد سەرکەوتوو بووە لە دەورەدانی هەژموونی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەتوانین ئاماژە بەوە بکەین، کە بە گوێرەی زۆربەی توێژینەوەکان ئەگەر کوردەکان سەرپشك بن و ڕێگەیان گونجاو و لەبار بێت بێگومان سەرکەوتنیان زیاترە لە سەرنەکەوتنیان لە دەورەدانی هەژموونی ئێران لە ناوچەکەدا و هەنگاوی کاریگەر و جدی بەردەوام دەنێنن لەو پێناوەدا و دەتوانرێت هەماهەنگی و پەیوەندییە بەهێزەکانیان لەگەڵ وڵاتانی جیهان و لە نێویشیاندا وڵاتانی زلهێز شاهێدی ئەوە بن بۆیان.

 

دەرئەنجام

دەتوانین بڵێین ڕۆڵی کورد لە دەورەدانی هەژموونی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ڕۆڵێکی سەرەتاییە، چونکە لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس و بەهاری عەرەبیدا دەستی پێکردووە کاتێک ئێران هەوڵیدا هەژموونی خۆی  فراوان بکات و بیسەپێنێت بەسەر وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بەڵام لە بەرامبەردا دەتوانرێت دەستکەوتە گرنگەکانی کورد بۆ بواری بەرەو پێشچوون، بەدەست هێنانی دەستکەوتی گرنگ، هەوڵ و هەماهەنگی بەردەوامی کوردەکان و چەندین گەشەسەندنی تر بە ئاسانی ببینرێت لە پێناو دەوردەدانی هەژموونی ئێران لە ناوچەکەدا لە ڕێگەی تێکۆشانی کورد، گرنگی دانیان بە پەیوەندییەکانیان لە ناوخۆ و لەگەڵ وڵاتانی جیهانیشدا، و هەروەها هەبوونی پەیوەندییەکی سیاسی پتەو و بەهێز دەتوانێت یارمەتیدەری زیاتری کورد بێت بۆ بەردەوام بوونی کورد لە سەرکەوتنیان لە دەورەدانی هەژموونی ئێران لە ناوچەکەدا. 

 

لیستی سەرچاوەکان:

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین