٪٩٠ی ئەو کەسانەی خۆیان دەکوژن نەخۆشی دەروونییان هەیە دیمانە

دکتۆر رێدار محەمەد ئەمین:

نوچەنێت

هۆکارەکانی خۆکوشتن چین؟ ئایا ئەوکەسانەی خۆیان دەکوژن نەخۆشی دەروونییان هەیە؟ چۆن بتوانین هەست بەو کەسانە بکەین کە دەیانەوێ خۆیان بکوژن و یارمەتییان بدەین؟

پسپۆڕی دەرونی رێدار محەمەد ئەمین، لە گفتوگۆیەکی تایبەت بە نوچەنێت، وەڵامی ئەم پرسیارانە دەداتەوە.

نوچەنێت: خۆکوشتن لە زانستی دەرونناسیدا چۆن پێناسەدەکرێت؟

د.رێدار: خۆکوشتن لە سادەترین پێناسەیدا بریتییە لەو کردارەی، کە مرۆڤ بەهۆیەوە کۆتایی بە ژیان خۆی دەهێنێت.

نوچەنێت: ئایا ئەوانەی خۆیان دەکوژن نەخۆشی دەرونییان هەیە؟ کام نەخۆشییە دەرونییە مرۆڤ دەگەیەنێتە حاڵەتی خۆکوشتن؟

د.رێدار: توێژینەوەکان باس لەوەدەکەن، کە (٪٩٠)ی ئەوکەسانەی خۆیان دەکوژن نەخۆشی دەروونییان هەیەو زۆربەی ئەو نەخۆشییانە قابیلی چارەسەرکردنن. لە گرنگترین ئەو نەخۆشییانەی کە دەبنە هۆکاری خۆکوشتن بریتین لە/ (خەمۆکی ٪١٥) (دووجەمسەرە٪١٥) وەسوەسەو نۆرەی تۆقین (٪٧-٨)، (شیزۆفرینیا ٪٦). (کەسایەتی سایکۆپاس٪١٠)، رێژەی خۆکوشتن لە هەموو نەخۆشییە دەرونییەکان زیاترە وەک لە خەڵک بەگشتی.

نوچەنێت: هۆکارەکانی خۆکوشتن چین؟

د.رێدار: بەپێی ئامارەکان رۆژ بەرۆژ رێژەی خۆکوشتن لە زیادبووندایە. هۆکارەکان زۆرن، لەوانە نەمانی ئینتیما و زاڵبوونی هەستی نامۆیی لەسەر مرۆڤ، زیادبوونی نەخۆشییە دەرونییەکان بەتایبەت خەمۆکی، لێک هەڵوەشانەوەی خێزان، نەبوونی خۆشەویستی و گرنگی پێدان، زیادبوونی فشارەکانی ژیان و چەندین هۆکاری دیکە.

نوچەنێت: ئایا ئەوکەسانەی منداڵی خۆیان دەکوژن، نەخۆشی دەروونییان هەیە؟

د.رێدار: کوشتنی منداڵی خۆت دەچێتە خانەی کوشتنی کەسێکی دیکە، لێرەدا کەسەکە بکوژە نەک خۆکوژ، بێگومان پاڵەنەری بکوژ لێرەدا جیایە، حاڵەتێک هەیە پێیدەڵێن، کوشتنی بەزەیی، واتە مەبەستی کەسی بکوژ ئەوەیە کەسانی نزیکی خۆی لە میحنەت و ناخۆشی ژیان رزگاربکات، ئەگەر ویستی خۆیی و ئەو بکوژێ ئەوا دووهۆکار هەیە، یەکیان ئەوەی سەرەوەیە، کە باسمان کرد، دووەمیان خۆپەرستییە کە نایەوێ دوای ئەو بۆ کەسیتر بێت. بۆ وەڵامی ئەوەی کە ئایا کەسی بکوژ نەخۆشە یان نا هەردوو حاڵەت هەیە. 

نوچەنێت: چۆن بتوانین خۆکوشتن کەم بکەینەوە؟ یان یارمەتی ئەو کەسانە بدەین کە باسی خۆکوشتن دەکەن؟

د.رێدار: خۆکوشتن بابەتێکی ئاڵۆزەو بە چەندین شێواز پۆلێن کراوە. لەوانە: خۆکوشتنی هەڵچون، خۆکوشتنی بە پلان، لە حاڵەتی یەکەمدا کەسەکە بەبێ بوونی هیچ ئاماژەیەک یان پێشینەیەک کۆتایی بە ژیانی خۆی دەهێنێت. زۆرجار دەبێتە هۆی شۆک بۆ کەسانی دەورووبەری، زۆر ئەستەم بڕوا دەکرێت. ڕەنگە ئەم کەسە چەندین شتی پەنهانی هەبێت، بەڵام لای کەس ئاشکرا نییە، زۆر ئەستەمە بتوانین ڕێگری لەم جۆرەی خۆکوشتن بکەین. 

جۆری دووەم بەپلانە، لێرەدا هەندێک ئاماژە هەن وەک ئەوەی کەسەکە خەمۆکی بەرووخسارییەوە دیارە. باس لە مایەپوچی ژیان دەکات، زیاتر گۆشەگیر دەبێت، داوای گەردن ئازایی لە کەسانی نزیکی دەکات، شتە بە بەهاکانی خۆی دەداتە خۆشەویستانی و دەڵێت: وەک یادگاری لاتبێ، ڕەنگە سەردانی پزیشکی دەروونی بکات و باسی خۆکوشتن بکات.

پێویستە هەر هەوڵێکی خۆکوشتن، بە جددی وەربگیرێت داوای لێبکرێت سەردانی پزیشکی دەروونی یان دەروونناس بکات، تا بتوانێ ئەو هۆکارانە چارەسەرباک کە دەبنە هۆی خۆکوشتن.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین