گۆڕینی سستمی پەروردە، داخستنی پەیمانگاکانی مامۆستایان و کردنیان بە کۆلێژ، ئەو دەستکەوتانەن کە من شانازیان پێوە دەکەم دیمانە

مامۆستا بورهان محەمەد فەرەج :

نوچەنێت: تایبەت

مامۆستا بورهان محەمەد فەرەج، ئەندامی خولی دووەمی پەڕلەمانی عێراق، پێشتر بەڕێوەبەری گشتی بووە لە وەزارەتی پەروەردەی سلێمانی، دواتریش لەیەکگرتتنەوەی هەردوو ئیدارەکەی کوردستان و دامەزراندی کابینەی پێنجەمی حکومەتی هەرێم، پۆستی بەڕێوەبەری گشتی لەوەزارەتی پەروەردە پێ دەسپێردرێت، یەکێک بووە لەو بەرپرسانەی وەزارەتی پەروەردە، کە بەشداربووە لە هێنانە ئارای گۆڕانییەکارییەکانی بواری پەوەردە و  فێرکردن، بۆخۆی دەڵێت: لەوکاتەی کە لەوەزارەتی پەوەردەکاری کردووە، وەزارەتەکەی چەند دەستکەوتێکی زۆر گرنگی بەدەستهێناوە شانازیان پێوەدەکات.

پڕنەکردنەوەی پۆستەکانی حکومەت، لەسەر بنەمای شیاوێتی و پسپۆڕی، تا ئەمرۆش کێشەی هەرە گەورەی بەردەم بەرەوپێشچوونی عێراق و کوردستانە، لەو بارەیەوە لەسەر بنەمای کەسی شیاو بۆ جێی شیاو کار نەکراوە، بەڵام لەکابینەی پێنجەمی حکومەتی کوردستاندا، هەوڵ درا ئەزمونێکی نوێ تاقیبکرێتەوە، تا ئاستێک هەوڵەکەش سەرکەوت و ئەنجامی باشی بەدەستەوەدا، ئەو هەوڵە لە پڕکردنەوەی پۆستی بەڕێوەبەرێتی سێ کۆلیژی وەزارەتی پەروەردە پەیڕەوکرا، کە بەگوتەی مامۆستا بورهان محەمەد فەرج کە ئەوکات بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەبووە، ئەوەی کرا هەوڵێکی سەرکەوتووبووە، بۆ سەرکەوتنیشی پشتیوانی سەرۆکی حکومەتی کوردستان و جێگرەکەی هاوکاربووە.

کابینەی پێنجەم کاتێک دەستبەکاربوو، بواری پەروەردەش وەک هەموو بوارەکانی دیکەی ژیان، زەربەی شەڕ، گەمارۆی ئابوری، ململانێی حزبی و بەحزبی بوونی ژیانی خەڵکی بەر کەوتبوو، بۆیە وێڕای ماندبوون و هەوڵ و کۆششەکانی پەروەردەکاران و مامۆستایان، لە ئاسۆکانی پەروەردەوە هیوایەک بۆ گۆڕانکاری و داهاتوویەکی گەشتر بەدی نەدەکرا، بەڵام لەگەڵ دەستبەکاربونیدا کابینەی پێنجەم، رێژەی کەمی دەرچوونی قوتابیانی کردە دەرفەتی بەخۆدا چوونەوە، وەک وەزیری پەروەردەی ئەوکات د. دڵشاد عەبدولرەحمان لە لێدوانێکی پێشتری بۆ نوچەنێت دەڵێت، بەپشتیوانی سەرۆکی کابینەی پێنجەمی حکومەت و جێگرەکەی سیستەمی پەروەردەی گۆڕدرا، و بنەماکانی پێشخستنی پەروەردە دانران. بەڵام وەزارەتی پەروەردە لەگەڵ گۆڕینی سیستەمی پەروەردەدا لەوەش تێگەیشت کە بەبێ بەرزکردنەوەی ئاستی مامۆستایان، ناتوانێت خەونەکانی لەپێشخستنی بوارەکەدا بەدیبهێنێت، بۆیە بڕیاری داخستنی پەیمانگاکانی مامۆستایانی دا، لەجێی ئەوان کۆلیژی پەروەردەیی دامەزراند.

لە دامەزراندنی ئەو کۆلیژانەشدا، کە بریتی بوون لە کۆلیژی (كۆلێژى قه‌ڵاى نموونه‌یی له‌ هه‌ولێر)و (ئه‌زمه‌ڕى نموونه‌یی له‌ سلێمانى) و (دهۆكی نموونه‌یی له‌ دهۆك) وەزارەتی پەروەردە لەکابینەی پێنجەم، شێوازێکی نوێ و پیادە نەکراوی لە عێراق و کوردستان پەیڕەوکرد، کە بریتی بوو لە پڕکردنەوەی بەڕێوەبەرایەتییەکانیان بە خەڵکی پسپۆڕو لەسەر بنەمای لێهاتوویی نەک لەسەر بنەمای پشتیوانی و پێگەی حزبی.

لە بارەی چۆنیەتی پەیڕەوکردنی ئەو شێوازە دروستەش لە پڕکردنەوەی پۆستەکاندا، مامۆستا بورهان محەمەد فەرەج، بەڕێوەبەری گشتی لەوەزارەتی پەروەردە لە کابینەی پێنجەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دەڵێت” سەرەتا لە وەزارەتی پەروەردە یاسایەکمان داڕشت، ئەو یاسایەمان نارد بۆ پەرلەمان لەوێ تەسدیق کرا، لەم پڕۆژە یاسایەدا پێوەرمان بۆ وەرگرتنی کەس لە هەموو پۆستەکان دانا، وەکو: ئەوکەسەی دەبێتە بەڕێوەبەری گشتی، دەبێت خزمەتی لە ١٥ساڵ کەمتر نەبێت، بڕوانامەی بەکالۆریۆسی هەبێت و پسپۆڕبێ لە کارەکەیدا، دەبێت بەڕێوەبەری گشتی پارێزگاکان ١٧ ساڵ خزمەتی هەبێت، ناوناوبانگی لە بواری پرۆسەی پەروەردە باش بێت، تواناو لێهاتووی باش بێت،  ئەمانەمان کردە سەرەتا وەکو یاسا، پاشان رێنماییمان بۆ بەشەکان دەرکرد کە دەبێ سەرۆکی بەش دەرچووی کۆلێژبن و خزمەتیان لە دەساڵ کەمتر نەبێت، دواتر ستانداردمان بۆ بەڕێوەبەری قوتابخانەکان، راوێژکار، پەروەردەی قەزاکان و قوتابخانە نمونەییەکانیش دانا، بۆئەوەی ببێتە پێشبڕکێیەکی ئەکادیمی مەعریفی پەروەردەیی لەم بوارە. هەروەها ببێتە بنەمایەک بۆ ئایندە کە بۆ دابەشکردنی پۆستەکان دەسەڵاتی حزبی تێپەڕێنرێت، کاتێک بۆ پۆستێک کۆمەڵێک سیڤی پێشکەش دەکرا، بۆ نمونە سێ کەسمان هەڵدەبژارد، مقابەلەو تاقیکردنەوەو هەڵسەنگاندمان بۆ دەکردن تابتوانین کەسی شیاو هەڵبژێرین “. 

کابینەی پێجەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، یەکەم کابینەی یەکگرتووی دوای هەڵایسانەوەی شەڕی ناوخۆبوو، ئەو شەڕەی دەسەڵاتی حزبی بەسەر هەموو کایەکانی ژیاندا زاڵکردبوو، هەموو بوارێکی بەحزبی کردبوو، بۆیە لە بەردەم ئەو هەوڵەی وەزارەتی پەروەردەی کابینەی پێنجەمیشدا، وەک مامۆستا بورهان دەڵێت، هێشتاش حزب گرفت بوو، چونکە ”  تاراددەیەک حزب دەسەڵاتی باڵادەست بوو، بەڵام ئێمە هەوڵمان دەدا کە حزبەکان تێبگەیەنین، کە ئەمە لە بەرژەوەندی کۆمەڵگە و حزبەکانیشدایە، لە بەرژەوەندی پرۆسەی پەروەردەدایە، چونکە لە هەموو دنیا پرۆسەی پەروەردە پرۆسەیەکی گرنگە و کۆمەڵگەی لەسەر دادەمەزرێ، بۆ نمونە من وەکو سەرۆکی وەفدی وەزارەتی پەروەردە، چوومە کۆریای باشور، لەوێ وەزارەتی پەروەردە هەموو دروشمەکانیان ئەوەبوو، کە سێجار دەیانگوت، پەروەردە. پەروەردە. پەروەردە، دروشمەکەی ئەوان لەجێی خۆیدا بوو، چونکە پەروەردە دەکرێتە بنەما بۆ پێشکەوتنی کۆمەڵگە لە هەموو بوارەکان دا، پەروەردەیە وادەکات کە بتوانی مرۆڤی بەتوانا بەرهەم بێنیت، لەسەر بنەمای ئەم تێگەیشتنەش ئێمە هەوڵمان دەدا تێگەیشتنێک بۆ هەوڵەکان دروستبکەین، خوێندکارو پرۆسەی پەروەردە پێشبخەین، هەمیشە گفتوگۆمان دەکرد کە بۆ رۆژگاری ئەمڕۆ چی ئەشێت ؟ فەلسەفەی حوکمڕانی لە کوردستان چۆنە عەلمانی یان دیموکراسییە؟ بۆئەوەی سیاسەتی پەروەردە لەسەر ئەم بنەمایە دابڕێژین، هەرچۆن بێت توانیمان تەجاوزی هەندێ قۆناغی پێشوو بکەین و تاراددەیەک باشبوو”.

بورهان محەمەد فەرەج ئەوەش بەبیردێنێتەوە کە “  ئەوکاتەی حکومەتمان رێکخستەوە و کابینەی پێنجەم دامەزرا، من بەڕێوەبەری گشتی بووم لە وەزارەتی پەروەردە، یاسایەکمان نوسییەوە یاسای پەروەردەی هەولێرو سلێمانیمان لەیەکدا، رێککەوتین لەسەر ئەوەی کە ئەمە پەروەردەیە پێویستی بەوەهەیە کە لە هەندێ بابەتدا قۆناغی حزبی تێپەڕێنین، ناکرێ بە هەندێ ململانێ و کێشەی حزبییەوە، بێینە ناو حکومەت و دەبێت وەکو دامودەزگای حکومەت کاربکەین، ئەوکاتە سەرۆکایەتی حکومەت پشتیوانمان بوون چونکە قۆناغەکە وای دەویست، دەبێ بزانین کە بەیاسا دەتوانین دەسەڵاتی حزبی تێپەڕێنین، بەڵام وەنەبێ بێ کێشە بووبێتین، ئەوکاتیش تەدەخولی حزبی زۆربوو، لە هەندێ شوێن ئیشمان باش دەڕۆیشت و لە هەندێ شوێن تەدەخول زیاتربوو”. 

بەڵام وەک ئەو بەڕێوەبەرە گشتییە لە وەزارەتی پەروەردە، باسیدەکات، جگە لەوەی ” قۆناغێکی نوێ لە عێراق هاتبووە ئارا، سەدام روخا، دەوڵەتێکی نوێ لە عیراق دامەزرا، رۆڵی رەوانشاد جەنابی مام جەلال و کاک مەسعود زۆر گرنگ بوو. توانییان هەندێ قۆناغ تێبپەڕێنن بەیەک دەنگ بڕۆنە بەغدا، و پێویستی دەکرد کورد یەک دەنگ و یەک هەڵوێست بێ، و بودجەیەکی زۆر لە بەغداوە دەهات. پێویستمان پێی بوو لەکوردستانیش یەکهەڵوێستی پێویست بوو، ئەوانە هۆکاری یارمەتیدەربوون بۆ تا ئاستێک زاڵ بوون بەسەر گرفتەکاندا، رۆڵی بەڕێزان نێچیرڤان بارزانی و عومەر فەتاحیش لەسەرۆکایەتی حکومەتی هەرێم گرنگ بوو و هاوڕای یەکبوون، ئەوانە هەموو هۆکاری یارمەتدەربوون و پشتیوانی وەزارەتی پەروەردە بوون و لەگەڵمان بوون، تەنانەت سستمی پەروەردەشمان گۆڕی، پشتیوانیان کردین و دەست خۆشییان لێکردین، لەیەکترگەیشتنێکی باش و زەمینەیەکی باش هەبوو، هەلومەرجەکەش باشبوو لە چاوپێشتر، بۆیە هەنگاوەکانی ئێمەش باش دەچوونە پێش “. هەر بەو هۆیانەوە بوو، کە وەزارەتی پەروەردە توانی زۆر دەستکەوتی باشی هەبێت لەوانە ” پەیمانگای مامۆستایانمان داخست، کۆلێژی بنەڕەتیمان کردەوە، لەدوای ئەوکاتەوە دەبوایە مامۆستا کۆلێژ تەواوبکات، سیستەممان گۆڕی و سستمی بنەڕەتیمان هێنایە کایەوە، هەرچەندە ئاسان نەبوو، بەڕاستی گۆڕینی سستمی پەروردەو داخستنی پەیمانگای مامۆستایان زۆر زۆر گرنگ بوو، هەروەها گرنگیدان بە سێ کۆلێژ واتە سێ کۆلێژمان کردەوە لە سلێمانی و هەولێرو دهۆک، کە بەزمانی ئینگلیزی بخوێنن بۆ بلیمەتەکانی کوردستان بە تاقیکردنەوەیەکی تایبەت، ئەمانە چەند دەستکەوتێکی زۆر گرنگن کە من شانازی پێوەدەکەم”. 

مامۆستا بورهان محەمەد فەرەج لە قسەکانیدا، دیسان دەگەڕێتەوە بۆ خستنەڕووی ویستی سەرکەوتن بەسەر ئاسەوارەکانی شەڕی ناوخۆدا لەسەردەمی کابینەی پێنجەم و دەڵێت “ئەگەر مێژووی ئەوروپا بخوێنیتەوە، دەبینی کە میللەتانی دنیا بەم قۆناغەدا تێپەڕیون کە قۆناغی شەڕی ناوخۆیی بووە، بێگومان شەڕی ناوخۆ کارەسات و هەڵەی گەورەی لێدەکەو‌ێتەوە، کە ئەمانە هەمووی کاریگەرییان هەیە لەسەر سایکۆلۆژیەتی کۆمەڵگە، بەڵام میللەتی زیندوو ئەوەیە بەرنامە دانێت و ئەم قۆناغانە تێپەڕێنێ، ئەم پێشکەوتنەی لە ئەوروپا هەیە هەمووی دوای شەڕی ناوخۆبووە، ئێمەش میللەتێکین کە دەبێ ئەو قۆناغەی کە شایستە نییە بۆ میللەتەکەمان تێیپەڕێنین، لەوکاتەدا هەر یەک لە ئێمەش ئەرکێکی گرتۆتە ئەستۆی خۆی، خۆمان بە نوخبە دەزانی بەتایبەت لە بواری پەروەردە هەروەها حکومەتەکەش هەڵبژێردراوی خەڵک بوو، ویستمان ئەو قۆناغەی کە کاریگەری لەسەر سایکۆلۆژیەتی کۆمەڵگە هەبوو تێیپەڕێنین، هەوڵەکان هەنگاوێکی باش و دڵخۆشکار بوو، سەرەتا یەکخستنەوەکە و کارکردن زۆر ناخۆش بوو، بەڵام ئیرادە هەبوو کە ئیرادەش هەبوو دەتوانرێت سەختترین قۆناغ تێدەپەڕێنرێت، بۆیە گرنگەو ئێستاش دەتوانن بەبەرنامەو ئیرادەیەکی تۆکمە سەختییەکان تێیپەڕێنین”.

لەبارەی رۆڵی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی کابینەی پێجەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە تێپەڕاندنی قۆناغی شەڕی ناوخۆ و پشتیوانی لەهەوڵەکانی وەزارەتی پەروەردە، مامۆستا بورهان محەمەد فەرەج، بەڕێوەبەری گشتی لە کابینەی پێنجەمی حکومەت، دەڵێت “سەرۆکی حکومەت مەسئولە لە قیادە کردن، ئەو دەینزانی کە دەبێ ئەم قۆناغە تێپەڕێنن، لەوە تێدەگەیشت کە تێپەڕاندنی حەساسیەتی حزبی واقیعێکە دەبێ مامەڵەی لەگەڵ بکرێت، و دەبێت وڵاتی خۆمان بینا بکەینەوە، بۆیە رۆڵی باشی هەبوو و هەنگاوی باشی نا، حەتمەن سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی و وەزیرەکان هەمووی رۆڵیان دەبینی، سەرەنجام سەرۆکی حکومەت دەسەڵات و شەخسەیەت و سیاسەتی هەیە، عەقڵ و ئیمکانیەتی و توانای لەو کابینەیەدا دەردەکەوێ، ئەگەر کابینەو حکومەتەکە سەرکەوتووبێ، کەواتە سەرۆکی حکومەت سەرکەوتووبووە، واقیعەکە وایە، هەموو سەرۆکی حکومەتەکان شانازی ئەوەیان بەردەکەوێ کە بارودۆخی کوردستان بەرەوپێشچووە، کابینەی پێنجەمیش توانی لە ئەرکەکانیدا هەنگاوی باش بچێتە پێشەوە”.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین