شێرپەنجەی مەمک زۆرترین جۆری شێرپەنجەیە لە هەرێمی کوردستان تەندرووستی و ستایل

نوچەنێت-ئافرەتان

بە پێی ئاماری نەخۆشخانەکانی شێرپەنجە لە هەرێمی کوردستان، لە ساڵی 2023زیاتر لە نۆ هەزار حاڵەتی نوێی شێرپەنجە تۆمارکراون. لەم رێژەیە %35یان خەڵکی دەرەوەی هەرێمی کوردستانن، زۆرترین ژمارەی تووشبوانی شێرپەنجە لە ناو رەگەزی مێدایەوە زۆرترین جۆری شێرپەنجە، شێرپەنجەی مەمکە.

هەر بە پێی ئەم ئامارە زۆرترین جۆری شێرپەنجەی مەمک لەناو رەگەزی مێدایە، زۆرترین جۆری شێرپەنجەی خوێن لە ناو منداڵاندایە.

هاوکات رێکخراوی تەندروستی جیهانی، بەردەوام هۆشداری لە مەترسییەکانی شێرپەنجەی مەمک لە ناو ئافرەتاندا دەدات و بە نەخۆشییەکی جیهانی دەخاتەروو.

دکتۆرە لانە تەها، پزیشکی پسپۆڕی ئافرەتان، سەبارەت بە زیادبوونی شێرپەنجەی مەمک لە ناو ئافرەتان دەڵێت" بەداخەوە شێرپەنجەی مەمک تا دێت روو لە زیادبوونە. پێوستە ئافرەتان بە تایبەت کاتێک تەمەنیان دەبێتە سەرووی سیوپێنج ساڵ پشکنینی مەمک ئەنجام بدەن".

هاوکات ئەم پزیشکە "پاک و خاوێنی، رێگریکردن لە قەڵەوی و وەرزشکردن لە هەوای پاکدا، لەبەرنەکردنی جلی تەسک لە ژێرەوە، نەخواردنی خواردنە خێراکان و خواردنی سەرەوەکراوە و نەخواردنەوەی خواردنەوە گازییەکان، بە هۆکاری رێگری کردن دەزانێت".

شێرپەنجەی مەمک چییە؟

زیادبوونی نائاسایی خانە شێرپەنجەییەکانە لە مەمکدا، یەکێکە لە شێرپەنجە باوەکان لەناو خانماندا، لەناو پیاوانیشدا هەیە بەڵام بە ڕێژەیەکی کەم.

ئەگەر زوو دەستنیشان بکرێت و پێی بزانرێت، ئەوا ئەگەری چارەسەرکردنی زۆرە، چونکە خانەکانی شێرپەنجە لەکاتی بڵاوبوونەوەیاندا، بەگشتی لە لیمفە خانەکانی نزیکی مەمکدا دەردەکەون، شێرپەنجەی مەمکیش بە نزیکەیی دەگوازرێتەوە بۆ تەواوی بەشەکانی تری جەستە و باوترین شوێنەکانیش بریتین، لە (ئێسکەکان، جگەر، سییەکان، مێشک) گرێ نوێیەکانیش هەمان خانە نائاساییەکانی پێشوو و هەمان ناوی پێشووشیان هەیە، بۆ نمونە ئەگەر شێرپەنجەی مەمک بگاتە ئێسکەکان خانە شێرپەنجەیەکانی ناو ئێسکەکە، لە ڕاستیدا خانە شێرپەنجەییەکانی مەمکن. 

نیشانەکانی چین؟

١. هەستکردن بە دروستبوونی گرێ لە مەمک یان ژێرباڵ.

٢. ئەستووربوون یان ئاوسانی بەشێک لە مەمک.

٣.خوران و سووربوونەوەی پێستی مەمک.

٤.تێکچوونی رەنگی گۆی مەمک یان دروستبوونی ئازار تێیدا.

٥.لە سەرەتاکانی دروستبوونی شێرپەنجەی مەمکدا، لەوانەیە هیچ ئازارێکت نەبێت، بە پشکنین و مەمۆگرافی و هەروەها پشکنین بە دەستی خۆت دەتوانیت ئاگاداری توشبوون بیت.

٦.مەرج نییە هەموو هەڵئاوسان و گرێیەک شێرپەنجە بێت، زۆرێک لە گرێکان و هەڵئاوسانەکانی مەمک پاک دەردەچن و خانەی شێرپەنجەی نین و چارەسەرکردنیان ئاسانە.

پێویستە هەرکاتێک هەستت بەم نیشانانە کردن بە زووترین کات سەردانی پزیشکی پسپۆڕبکرێت، بەمەبەستی وەرگرتنی چارەسەرو رێنمایی پێویست.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین