بەداخەوە لە رابردوودا پەرلەمان ئەركی دیبلۆماسییەتی پەرلەمانی پیادە نەكردووە دیمانە

د. رێبوار بابكەیی :

د. رێبوار بابكەیی سەرۆكی لیژنەی پەیوەندییەكان و رەوەندی كوردستانی لە پەرلەمانی كوردستان، رەخنە لەكاری رابردووی خولەكانی پەرلەمان دەگرێ كە گرنگترین ئەركیان فەرامۆش كردبوو ئەویش وەك خۆی دەڵێ ” ئەركی دیبلۆماسییەتی پەرلەمانیان پیادە نەكردووە”.

ناوبراو لەو دیدارە تایبەتەی ماڵپەری (نوچەنێت)دا بە گرنگی دەزانێ كە پەرلەمانی كوردستانیش وەك حكوومەتی هەرێم، پەیوەندی فەرمی لەگەڵ وڵاتانی دەرەوە هەبێت بۆ پاڵپشتی كردنی هەرێمی كوردستان، دەشڵێ ” تێگەیشتنی ئەو پەرلەمانانەی من سەردانم كردوون، بۆ دۆزی كورد بەگشتی لەسەر ئاستی كوردستانی مەزن تێگەیشتنێكی زۆرباشە و لەگەڵ پەرلەمانانی ئەڵمانیاو بەریتانیاو سوید و نەرویج و دانیمارك و بەلجیكا گروپی هەڤاڵبەندی لەنێوانمان دروست دەكەین”.

ئەوەش دووپات دەكاتەوە كە وەك لیژنەكەیان هەڵوەستیەكی جدی لەسەر نوێنەرایەتییەكانی حكوومەتی هەرێم لە دەرەوە دەكەن و بەووردیش چاودێری سەر كارەكانیان دەبن.

(نوچەنێت) دیداری : فەرهاد حەسەن

نوچەنێت: دەربارەی كاری لیژنەكەتان و بەتایبەتیش پەیوەندیتان لەگەڵ پەرلەمانانی وڵاتان چۆنە و لە چ ئاستێكدایە؟

د.رێبوار بابكەیی: پەیوەندیمان لەگەڵ بەشێك لە پەرلەمانانی وڵاتان هەیە و سەردانمان كردوون و لەگەڵ هەندێكیشان لەنزیكەوە گفتوگۆ و راگۆڕینەوەشمان لەسەر تەواوی دۆخەكان هەبووە، دەتوانم بڵێم لەوەتەی ئەو لیژنەیەمان وەرگرتووە تەكانێكی باشمان بەكاری پەیوەندییەكانی دەرەوە و رەوەندی كوردی داوە كە پێشتر كاری ئەو لیژنەیە وەك پێویست نەكراوە.

بەداخەوە لە خوولەكانی رابردووی پەرلەمان تا پێش ئەوەی ئێمە دەست بەكاربین ، پەرلەمانی كوردستان یەكێك لە گرنگترین ئەركەكانی كە بریتیی بووە لە دیبلۆماسییەتی پەرلەمانی ئەو ئەركەی پیادە نەدەكرد، بەتایبەتیش لیژنەی پەیوەندییەكان لە خولەكانی رابردوو، ئێمە لەوەتەی ئەو لیژنەیەمان وەرگرتووە بەگرنگمان زانیوە كە پیادەی ئەركی دیبلۆماسیەتی پەرلەمانی بكەین و بەشێوەیەك كە پەرلەمانی كوردستانیش وەك حكوومەتی هەرێمی كوردستان پەیوەندی فەرمی لەگەڵ وڵاتانی دەرەوە هەبێت بۆ پاڵپشتی كردنی هەرێمی كوردستان.

نوچەنێت: وەك لایەنە كردارییەكەی لیژنەكەتان تا ئێستا چیتان كردووە؟

د.رێبوار بابكەیی: لەوەتەی لیژنەكەمان وەرگرتووە  كاری باشمان لەو ماوەیە كردووە، بۆ نموونە پەرلەمانی ئەڵمانیا پێش كۆڤید 19 كۆنگرەیەكی سازكرد لەسەر دۆزی كورد، ئێمەش وەك پەرلەمان بەشداریمان كرد بەسەرۆكایەتی جێگری سەرۆكی پەرلەمان داوامان كرد لە رێگەی دیبلۆماسیەتی پەرلەمانەوە هەوڵبدەین پەیوەندی پەرلەمانیش دروست بكەین، ئەو كۆنگرەیەی كە پەرلەمانی ئەڵمانیا سازی كردبوو دەستپێكێكی باش بوو بۆ پەیوەندی نێوان هەردوو پەرلەمان .

دەمەوێ ئەوەش بڵێم كە ئێمە وەك لیژنە نەك هەر لەگەڵ پەرلەمانی ئەڵمانیا بەڵكو ماوەیەك پێش ئێستاش لە گەڵ گروپی APPG لە پەرلەمانی بەریتانیا كە چەند پەلەمانتارێكی بەریتانیا پاڵپشتن بۆ هەرێمی كوردستان و دۆزی كورد لەرێگەی ڤیدیۆ كۆنفڕانسەوە میتینگێكمان هەبوو، گفتوگۆیەكی تێروتەسەلمان كرد لەسەر چۆنیەتی دروستكردنی پەیوەندی لەنێوان هەردوولادا، بەتایبەتیش لەگەڵ لیژنەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پەرلەمانی بەریتانیا، هەردوولاش جەختمان لەسەر پەرەپێدانی ئەو پەیوەندیانە كردەوە، و هەمانكاتیش هانی حكوومەتی بەریتانیا بدرێت بۆ هاریكاری كردنی هەرێمی كوردستان لەرووی كەرەستە تەندروستیی و لۆجستییەكانەوە.

پەرلەمانانی وڵاتانی ئەسكەندەنافیاش وەكو سوید و نەرویج و دانیمارك و ماوەیەك پێش قەیرانی كۆڕۆنا سەردانی ئەو وڵاتانەمان كرد بۆ دوو مەبەست یەكەمیان بۆ ئەنجامدانی هەندێ سیمینار و میتینگ لەگەڵ رەوەندی كوردی لەو وڵاتانە لەبارەی پڕۆژەیاسای رەوەندی كوردستانی، هەروەها بۆ پەیوەندی دروستكردنیش لەگەڵ ئەو پەرلەمانانە. لەپەرلەمانی سوید لەگەڵ سەرۆكی لیژنەی پەیوەندییەكانی دەرەوە (فریدریك پاڵم) گفتوگۆم هەبوو، مەبەستم بوو كە گروپی هەڤاڵبەندی لەنێوان هەردوولادا دروست بكەین، هەروەها لەگەڵ حزبی كریستیان دیموكرات كە هەشت پەرلەمانتاری هەیە و فراكسیۆنێكی كاریگەرن لە پەرلەمانی سوید ، ئەوەبوو لەگەڵ سەرۆك و جێگری سەرۆكی ئەو حزبە، كە هەمانكات سەرۆك و جێگری سەرۆكی فراكسیۆنیشن لە پەرلەمان قسەم كرد، بەهەمان شێوە لەسەر دروستكردنی گروپێكی هەڤاڵبەندی قسەمان كردووە، بۆ پشتیوانی كردنی هەرێمی كوردستان، بیرورامان ئاڵوگۆڕ كرد و ئەوانیش پشتیوانی خۆیان بۆ دروستكردنی ئەو گروپانە و پاڵپشتی كردنیان بۆ هەرێمی كوردستان  دەربڕی، ئامادەیی خۆشیان پیشاندا كە سەردانی هەرێمی كوردستان بكەن.

لەپەرلەمانی نەرویجیش بەهەمان شێوە لەگەڵ هەردوو حزبی دەسەڵاتدار و ئەوانەشی كە ئۆپۆزسیۆنن ، هەموویانم بینی و كۆبونەوەمان ئەنجامدا و بەتێروتەسەلی رەوشی سیاسی و ئابووری و پەیوەندی نێوان هەرێم و بەغدامان تاووتوێ كرد و ئەو گیروگرفتانەشمان باسكرد كە دێنە پێش باشكردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا و، ئەو خاڵانەشمان خستەڕوو كە حكوومەتی عێراق پێیەوە پابەند نابێت، دیارە ئەوانیش زۆر خۆشحاڵبون بەو گفتوگۆ و سەردانەم و بایەخێكی زۆریان بەسەردانەكەم دا، میدیاكانی ئەو ووڵاتەش باسیان لەو سەردانەم و كۆبوونەوەی نێوان من و ئەو پەرلەمانتارو حزبانە كرد، دەكرێ بڵێن ئەو هەواڵانە دەستپێكێكی گرنگن بۆ دروستكردنی رایەڵەو دروستكردنی پەیوەندی لەنێوان پەرلەمانی كوردستان و ئەو پەرلەنانەی ئەوڕوپا،

رۆژی 4ی ئەم مانگەش لەگەڵ شاندێكی پەرلەمانی بەلجیكا كە لە پەرلەمانی ئەوروپا رۆڵی گرنگی هەیە ، دیدارو چاوپێكەتنمان هەبوو، كە بریتی بوون لە سەرۆكی لیژنەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پەرلەمانی بەلجیكا و كە هەمانكات بەرپرسی دۆسییەی عێراق و هەرێمی كوردستانە لەگەڵ شاندێكی باڵا كە بەرپرسی دۆسییەی تیرۆر و منداڵان و چەند بابەتێكی ترو چەند رۆژنامەنووسێكی بەلجیكیشیان لەگەڵ بوو گفتوگۆیەكی تێروتەسەلمان ئەنجامدا لەسەر كۆمەڵێك تەوەر قسەمان كرد لەوانەش پابەندنەبوونی عێراق بە جێبەجێ نەكردنی دەستوور و ئەو رێككەوتنامانەی لەگەڵ حكوومەتی هەرێم بەتایبەتیش لەسەر شایستە داراییەكانی هەرێم و تاوتوێی قەیرانی دارایی حكوومەتی هەرێمی كوردستانمان كرد، هەروەها قسەمان لەسەر دروستكردنی پەیوەندی نێوان هەردوولا دا كرد، ئەوان زۆر بە گەرمی ئامادەیی خۆیان بۆ ئەو پەیوەندیانە لەگەڵ پەرلەمانی كوردستان دەبڕی و ئامادەیی خۆیان بۆ هەرجۆرە هاریكارییەك دەربڕی، وتیشیان حەزمان لێییە لە ئاییندەدا سەردانی بەلجیكا بكەن.

نوچەنێت: پەیوەندی لیژنەكەتان لەگكەڵ نوێنەرایەتی حكوومەت لەدەرەوە یان فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەتی هەرێم چۆنە؟

د. رێبوار بابكەیی: پەیوەندییەكانمان باش و ئاسایین، ماوەیەك لەمەوبەر نووسراومان كرد بۆ فەرماگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ ئەوەی بانگهێشتی لینەكەمانیان لەپەرلەمان بكەین و كۆبونەوەیەك لەنێوان لیژنەكەمان و فەرمانگەی ناوبراو ئەنجام بدەین، بەڵام هێشتا ئەو كۆبوونەویە نەكراوە، هۆكارەكەی دیار نیە، ئایا نووسراویان پێنەگەیشتووە یان نا ، بۆیە بەدواداچوون لەسەر ئەو بابەتە ئەكەین، بەنیازین لەو كۆبوونەوەیە لەگەڵ فەرمانگەی پەیوەندیەكانی دەرەوەی حكوومەت لەسەر رەوشی نوێنەرایەتییەكانی حكومەت لە دەرەوە قسە بكەین ، كە لەماوەی رابردوودا سەردانی چەند نوێنەرایەتییەكمان كردووە، لە وڵا‌تانی وەك سوید و لەندەن، بەمەبەستی ئاگاداربوون لە ئیشوكاری ئەو نوێنەرایەتیانەو هەمانكات تاچەند خەڵكی كورد و رەوەندی كوردی لە كارەكانی ئەو نوێنەرایەتیانە رازین، بۆیە بەگشتی هەڵوەستیەكی جدی دەكەین لەسەر نوێنەرایەتییەكانی حكوومەتی هەرێم لە دەرەوە، بەڵام جارێ چاوەڕێ ئەكەین تا ئەو كۆبوونەوەیە لەنێوان هەردوولاماندا ئەنجام دەدرێ، بۆیە دەمانەوێ‌ بۆ ئەو بابەتانە میوانداریان بكەین هەمانكاتیش پێشتر داوامان كردبوو كە فەرمانگەی ناوبراو بەشێوەی وەرزی كاروچالاكییەكانمان بۆبنێرن بۆ ئەوەی بتوانین چاودێری كارەكانیان بكەین ، جا ئەو كۆبونەوەیەمان بۆ تەواوی ئەو بابەتانەیە.

نوچەنێت: بەگشتی لە ئێستادا ئاستی تێگەیشتنی ئەو پەرلەمانانەی كە باست كردو سەردانت كردوون لەبەرانبەر هەرێمی كوردستان و دۆزی كورد چۆنە؟

رێبوار بابكەیی: راستیەكەی ئەوانەی تا ئێستا من سەردانم كردوون، تێگەیشتنیان بۆ دۆزی كورد بەگشتی لەسەر ئاستی كوردستانی مەزن و هەرچوار پارچە ی كوردستان تێگەیشتنێكی زۆرباشیان هەیە ، پێیان وایە كە ئەمە دۆزێكی رەوایە و هەقە گەلی كورد بە مافەكانی شاد بێت، پاڵپشتی خۆشیان بۆ تەواوی پارچەكانی كوردستان دەردەبڕن لە ئۆتۆنۆمی و جۆرێك لە سەربەخۆیی كارگێڕی بۆ هەرێمی كوردستان و رۆژئاوای كوردستان. لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستانیش بەتایبەت ئەوان دەزانن كە هەرێمی كوردستان بەرەوپێشەوەچوونێكی باشی لە رووی سیاسی و دیبلۆماسی و جڤاكی بەخۆوە بینیوە و خاوەنی جۆرێك ئۆتۆنۆمییە لەرووی سیاسیی و ئابووری و دیبلۆماسییشەوە، ئەوان پێیانوایە كە هەرێمی كوردستان بەشێكی گرنگی عێراقە، رۆڵی بەرچاوی هەبووە لەشەڕی دژ بە داعش، بەگشتی ئەوان ئەو سیاسەتەی هەرێمیان زۆر بەلاوە گرنگە لەبارەی گشت پرسەكان بەتایبەتیش لە بوونی پێكهاتەو مافەكانیان و و بەخۆگرتنی ئاوارەكان و ئەو پێكەوەژیانەی لەهەرێمی كوردستاندا هەیە،  بۆیە ئەوان پێداگرن لەوەی كە پێویستە هەرێمی كوردساتان مافەكانی دەستەبەر بكرێ، چونكە پێیان وایە بەلاوازبوونی هەرێمی كوردستان، عێراق ئەو پرانسیپانە لەدەست دەدات، بەوپێیەی بەلای ئەوانە هەرێمی كوردستان كارەكتەرێكی گرنگی پرۆسەی سیاسییە لە عێراقدا، بۆیە هەموویان بەچاوی رێزو پێزانیننەوە دەڕواننە هەرێمی كوردستان و ئەو سیاسەتەی كە حكوومەتی هەرێم گرتویەتیە بەر، هەمانكات رۆڵی سەرۆك بارزانیش بەرز دەنرخێنن، بۆیە گرنگە ئێمە بتوانین كار لەسەر ئەو روانین و بۆچوونەی ئەو وڵاتانە بكەین كە لەبەرانبەر هەرێمی كوردستان و و كوردستان بەگشتی هەیانە،  چۆن بتوانین ئەو هەڵوێستانەیان بۆ ئاییندەی بەرەوپێشچوونی دیبلۆماسییەتی كوردی لەرووی نێودەوڵەتییەوە بەكاربهێنین.

نوچەنێت: لەبارەی رەوەندی كوردی لە دەرەوەی هەرێمی كوردستان ، ئێوە وەك لیژنەكەتان پلان و بەرنامەیەكتان هەیە بۆ ئەوەی رەوەندەی كوردی لەچوارچێوەی لۆبییەك لەدەرەوە رێكبخەن و كۆیان بكەینەوە؟

رێبوار بابكەیی: ئێمە وەكو لیژنەكەمان پاڵپشتی خۆمان دەربڕیوە بۆ فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و ئامادەیی خۆشمان بۆ هەر هاریكارییەك دەربڕیوە، بەتایبەتیش ئەگەر پێویستیان بە دەرچواندنی یاسایەك بێت بۆ بابەتی كۆكردنەوەی ئەو هێزە مرۆییە گەورەیەی كەلە دەرەوە پێیدەڵێن رەوەندی كوردستانی لەچوارچێوەی چەترێكی نیشتمانیدا، چ بۆ مەسەلەی لۆبیی كردن بێت چ وەك ئەوەی هێزێكی فشار بن، بۆئەوەی هەركاتێك حكوومەتی هەرێم پێویستیان پێ بێت رۆڵی خۆیان بگێڕن، دیارە ئەركی رێكخستنیان پەیوەستە بەدەسەڵاتی جێبەجێكردنەوە كە ئەویش فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەیە ، بەڵام ئێمە وەكو لیژنەیەكی پەرلەمانی كوردستان ئامادەیی خۆمان دەربڕیوە لە دەرچوواندنی هەر یاسایەك، چونكە ئێمە زۆر بە گرنگی و بایەخەوە دەڕوانینە رەوەندی كوردستانی لە دەرەوە ، بەپێویستیشی دەزانین رێكبخرێن، هەمانكات پێویستە ئەوەش روونبكرێتەوە كە مافی ئەو رەوەندە كوردییە چی دەبێت لە هەرێمی كوردستاندا، چۆن بتوانین ببینە پردی پەیوەندی لەنێوان دامودەزگاكانی هەرێمی كوردستان رەوەندی كوردی لەدەرەوە .

نوچەنێت: تا ئێستا هیچ هاتنەپێشەوەیەك لەلایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەبووە بۆ كاركردنی لە رێكخستنی ئەو هێزە مرۆییەی كورد لەدەرەوەی هەرێمی كوردستان ؟

رێبوار بابكەیی: نەخێر تا ئێستا هیچ پرۆژەیەك لەلایەن حكوومەتەوە نیە كە كار لەسەر ئەو بابەتە بكرێت.

نوچەنێت: ئێوە وەك لیژنەكەتان ناتوانن بەتەنیا پرۆژەیەك بۆ ئەم مەبەستە ئامادە بكەن و حكوومەتی لێ ئاگادار بكەنەوە ؟

رێبوار بابكەیی: بەڵێ ئێمە ئەتوانین ئەوە بكەین بەڵام وەك ووتم لەبەر ئەوەی میكانیزمی جێبەجێكردن بریتییە لە حكومەتی هەرێم لەرێگەی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە، چونكە ئێمە دەسەڵاتی جێبەجێكار نین واباشە ئەو بابەتە بەهەماهەنگی بهێڵدرێتەوە، واباشترە ئەوان سەرەنج و تێبینی خۆیان لەسەر ئەو بابەتە بخەنەڕوو، چونكە دەبێ لەسەر تێڕوانین و توانای ماددی حكوومەت ئەو كارە بكرێ و یاسایەك دەربچوێندرێت، بۆیە ناكرێ ئێمە لە خۆمانەوە كار لەسەر ئەو پڕۆژەیاسایە بكەین.

لۆبیی كردن پێویستی بە پارە و ئیمكانیات هەیە، ئەو لۆبی كردنەش تەنها بە كوردانی ئێمە ناكرێ بەڵكو بە خەڵكی تریش دەكرێ كە كورد نین، بەڵام لەناوەندەكانی بڕیارەوە نزیكن، بۆنموونە هەرخۆی ئەو دیدارو چالاكیانەی ئێمە لەگەڵ پەرلەمانانی وڵاتانی ئەسكەندەنافی و بەریتانی كردوومانە، ئەمە خۆی لە خۆیدا میكاتنیزمێكە بۆ لۆبیی كردن، چا ئەگەر كۆمەڵێك دۆستایەتی لەگەڵ ئەو پەرلەمانانە دروەست بكرێن، بەدڵنیایی كە سیاسەتی وڵاتەكانیان دەرژێتە سەر هەرێمی كوردستان ، پاڵپشتی لەهەرێمی كوردستان دەكەن ، كەواتە ئەو جموجۆڵانە خۆی لەخۆیدا لۆبیی كردنە بەبێ ئەوەی پارەشی بۆ خەرجكرابێ، بەڵام زۆر كاری تر هەن كە پێویستە بۆ بە لۆبییكردن بكرێ و لایەنی ماددی پێویستە .

نوچەنێت: ئەی سەرۆكایەكایەتی پەرلەمانی كوردستان هەڵوێستی چۆنە لەسەر كاری لیژنەكەتان بەگشتی ؟

د. رێبوار بابكەیی: خۆی گرنگە پەرلەمانی كوردستان وەك دەستەی سەرۆكایەتی بایەخ بەو هەنگاوانەی ئێمە بدات كە لە لیژنەكەمان كردومانن، چونكە ئێمە لەكۆی 19 لیژنەی پەرلەمانی 18 لیژنەیان تەمسیلی سیاسەتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان دەكەن و تاكە لیژنە ئێمەین ئێمە وەك لیژنەی رەوەندی كوردی تەمسیلی سیاسەتی هەرێم لە دەرەوەی كوردستان دەكەین، بۆیە هەقە دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان بەتایەتیش سەرۆكی پەرلەمان بایەخی زیاتر بەو لیژنەیە بدات و هەرچیی لیژنەكەمان پێویستی بێت لەهەموو رووێكەوە بۆی دابین بكەن و هیچ ئاستەنگییەكیش لەبەردەم كارەكانمان دروست نەكرێ، چونكە ناكرێ ئەو سەردانانەی من كردم لەماوەی رابردوودا بۆ پەرلەمانانی وڵاتانی ئەوڕوپا لەسەر ئەركی پەرلەمانتار بێت، چونكە ئەوە كاری پەرلەمان و ئەو لیژنە پەرلەمانییەیە.

بەگشتی گرنگە ئێمە سەردانی نوێنەرایەتییەكانی هەرێم لەدەرەوە بكەین و لەنزیكەوە ئاگاداری ئیشوكارو بارودۆخەكانیان بین، یان سەردانی رەوەندی كوردی بكەین لەدەرەوە ، بێگومان ئەمانە بەشێكن لەكارەكانی لیژنەكەو كاری پەرلەمانیش، هەم بۆ چاودێری ئیشوكاری ئەو نوێنەرایەتیانەو هەمیش بۆ بەئاگابوون لە دۆخی رەوەندی كوردی لە دەرەوەی هەرێمی كوردستان.

ئەمانەش ببینە

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین