ئه‌گه‌ر یه‌كگرتووبین چۆن فیدڕاڵییه‌ت فه‌رزكرا، ده‌توانرێت سه‌ربه‌خۆییش فه‌رڕ بكرێت دیمانە

كه‌ریم ئه‌حمه‌د :

داوا له‌لایه‌نه‌كان ده‌كه‌م، له‌سه‌ر چاره‌نووسی كوردستان‌ یه‌كگرتووبن، واز له‌كێشه‌ حزبییه‌كانیان بهێنن

بۆ دژایه‌تی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان، عێراق ئیستیفاده‌ له‌وانه‌ ده‌كات كه‌دژی پارتین و دژی سه‌ربه‌خۆیین

باوه‌ڕناكه‌م گۆڕان و كۆمه‌ڵی ئیسلامی له‌گه‌ڵ سه‌ربه‌خۆیی بن

له‌سه‌روبه‌ندی شه‌ڕی داعشدا، له‌ماڵی خۆیان له‌كۆیه‌، سه‌ردانی مامۆستا كه‌ریم ئه‌حمه‌د، سكرتێری پێشووی حزبی شیوعی عێراق و كوردستانم كرد، مه‌به‌ستی سه‌ردانه‌كه‌ بۆ وه‌رگرتنی رای به‌ڕێزیان بوو، له‌سه‌ر پرسێكی مێژوویی، كه‌ ئه‌وان له‌نزیكه‌وه‌ ئاگاداری ئه‌و پرسه‌ن، دواتریش وه‌ك كاری رۆژنامه‌وانی، ئه‌م كورته‌ دیمانه‌مان له‌گه‌ڵ به‌ڕێزیان سازكرد.

دواكه‌وتنی جێبه‌جێكردنی ئه‌و پرۆژه‌ مێژوویه‌ی كه‌به‌هۆیه‌وه‌ سه‌ردانی مامۆستا كه‌ریم ئه‌حمه‌دمان كردبوو، بڵاوكردنه‌وه‌ی ئه‌م دیمانه‌شی دواخست، به‌ڵام وته‌كانی به‌ڕێزی بۆ ئه‌م قۆناغه‌ی كوردستانیش پێویسته‌و په‌یامی تێدایه‌ بۆ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان، بۆیه‌ وه‌ك خۆی دیمانه‌كه‌ بڵاوده‌كه‌ینه‌وه‌.

مامۆستا كه‌ریم ئه‌حمه‌د، ئه‌وكات رووداوه‌كانی ئێستای كوردستانی پێشبینی كرد و گوتی، له‌دوای پرسی داعش، له‌كوردستان ریفراندۆم ده‌كرێت، به‌ڵام چه‌ند لایه‌نێك دژی ده‌وه‌ستنه‌وه‌، پێی وابوو ئه‌گه‌ر كورد یه‌كگرتووبێت ده‌توانێت سه‌ربه‌خۆیی فه‌ڕزبكات، به‌ڵام ترسیشی هه‌بوو له‌وه‌ی كورد بۆ ئه‌و پرسه‌ یه‌كگرتوو نه‌بن.

رزگار ره‌زا چوچانی: مامۆستا كه‌ریم ئه‌حمه‌د، ئه‌گه‌ر بۆ بیرهێنانه‌وه‌ش، پێمان بڵێی كه‌ی و چۆن ده‌ستت به‌كاری حزبی كرد، حزبی شیوعی كوردستان چۆن دامه‌زرا، سوپاستان ده‌كه‌ین؟

كه‌ریم ئه‌حمه‌د : له‌ساڵی ١٩٤٤ بووم به‌ ئه‌ندامی حزبی شیوعی عێراق، له‌و كاته‌وه‌ من ئه‌ندامی ئه‌و حزبه‌م، له‌و مێژووه‌ دورودرێژه‌دا، قۆناغی زۆر تێپه‌ڕی به‌سه‌ر ژیانی حزبایه‌تیماندا و زۆرمان به‌سه‌ر هات به‌ڵام به‌رگه‌مانگرت، ‌زیندان و گرتن و ئه‌شكه‌نجه‌مان بینی، خه‌باتی شارو شاخیشمان بینی، قۆناغی سه‌خت له‌خه‌باتدا، قۆناغی خه‌باتی نهێنییه‌، خه‌باتی نهێنی وه‌كو خه‌باتی ئاشكرا نییه‌، ده‌بێت به‌رده‌وام حه‌زه‌رت هه‌بێت و وریابیت، ئاگات له‌خۆت بێ كه‌توشی گیران و ئاشكرابوون نه‌بیت، بمێنیته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی خزمه‌تی وڵات و بڕواكه‌ت بكه‌یت، نه‌ك دوژمن بێت بتگرێت و له‌زنیدانت توند بكات، كه‌چویته‌ زیندانیش، ده‌بێ خۆڕاگربیت.

حزبی شیوعی له‌كوردستان ده‌مێكه‌ دامه‌زراوه‌، مێژووی ئه‌و له‌وكاته‌وه‌ ده‌ست پێناكات كه‌به‌ناوی شیوعی كوردستان خۆی ڕاگه‌یاند، به‌ڵكو مێژووه‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌وكاته‌ی كه‌له‌ساڵی ١٩٤٥ لقی حزبی شیوعی عێراق له‌كوردستان دامه‌زرا، له‌وكاته‌وه‌ شیوعی له‌كوردستان خه‌بات ده‌كات‌، دواتریش بووه‌ حزبی شیوعی كوردستان، ئه‌و مێژووه‌یه‌ واده‌كات حزبی شیوعی كوردستان حزبێكی ناسراوبێت، وه‌ك حزبه‌كانی تر نه‌بێت‌، كه‌ زۆر له‌وان دوای دروستبونیشیان‌ نه‌ده‌ناسران، نه‌ده‌زانرا ئه‌وانه‌ كێن چ كارن، به‌رنامه‌و بڕوایان چییه‌، هه‌ڵوێستان له‌باره‌ی دۆخی سیاسی و دۆخی كوردستان چییه‌، شیوعی كوردستان كاتێك دامه‌زرا، خه‌ڵك ده‌یزانی به‌رنامه‌ی چییه‌، سه‌ركرده‌كانی چۆن بیر ده‌كه‌نه‌وه‌، بۆیه‌ له‌وكاته‌وه‌ تا ئێستا ته‌نزیمی حزبی شیوعی كوردستان به‌رده‌وامه‌ و له‌هه‌موو جێگه‌یه‌كی ئه‌م وڵاته‌دا بوونی هه‌یه‌.

رزگار ره‌زا چوچانی: حزبی شیوعی كوردستان دوای دامه‌زرانی، له‌چه‌ند به‌ره‌یه‌كی سیاسیدا كاری كرد، كاتێك له‌شاخ بوون به‌ره‌ی جه‌وقه‌د و دواتر جودتان دامه‌زراند، ئه‌و هاوپه‌یمانێتیانه‌‌ چۆن دامه‌زرێنران؟

كه‌ریم ئه‌حمه‌د : له‌سه‌ره‌تای هه‌شتاكان، هیچ مه‌جالێك نه‌ما حزبه‌ كوردستانی و عێراقییه‌كان، به‌ئازادیی كاری سیاسی خۆیان بكه‌ن، بۆیه‌ به‌شی هه‌ره‌ زۆری سه‌ركرده‌كانیان له‌ده‌ره‌وه‌ بوون، ته‌نها رێكخستن و خواره‌وه‌ی حزب له‌ناوه‌وه‌ی وڵات مابونه‌وه‌ و به‌شێوه‌ی نهێنی كاریان ده‌كرد، له‌سوریا له‌نێوان لایه‌نه‌ عێراقییه‌كان، له‌وانه‌ ئه‌و به‌عسییانه‌ی كه‌ له‌به‌غدا جیابوونه‌وه‌، یه‌كێتی نیشتیمانی و حزبی شیوعی و حزبی سۆسیالست، به‌ره‌ی جه‌وقه‌د دامه‌زرێنرا.

پارتی دیموكراتی كوردستان له‌و به‌ره‌یه به‌شدار‌ نه‌بوو، چونكه‌ یه‌كێتی و حزبی به‌عس رازی نه‌بوون پارتی له‌و به‌ره‌یه‌دا بێت، بۆیه‌ پارتی دیموكراتی كوردستان، له‌گه‌ڵ براده‌رانی ئێمه‌ له‌كوردستان، واته‌ له‌گه‌ڵ حزبی شیوعی،  و حزبی سۆسیالستی كوردستان، به‌ره‌یه‌كیان پێكهێنا، به‌ناوی به‌ره‌ی جود.

له‌جه‌وقه‌د ره‌خنه‌یان له‌ ئێمه‌ گرت، كه‌نابێ له‌دوو به‌ره‌دا بین، ئێمه‌ وتمان ئه‌وه‌ ئازادیی كاری سیاسی خۆمانه‌، كه‌س نییه‌ سیاسه‌تی ئێمه‌ ره‌سم بكات، وامان پێ باشه‌ له‌هه‌ردوو به‌ره‌كه‌دا ‌بین، ئه‌و به‌ره‌ی له‌گه‌ڵ ئێوه‌ نییه‌ زروفی تایبه‌تی خۆیی هه‌یه‌و ئه‌و به‌ره‌یه‌شی كه‌لێره‌ له‌سوریایه‌ زورفی تایبه‌تی خۆیی هه‌یه‌، هه‌ر لایه‌نه‌و ئیش ده‌كه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ عێراق ئازادبێت له‌حوكمی دیكتاتۆری فاشی، ئه‌وان قبوڵیان نه‌كرد و ئێمه‌یان له‌جه‌وقه‌د ته‌جمید كرد، دواتر ورده‌ ورده‌ به‌ره‌ی جه‌وقه‌د نه‌ما، حزبه‌كانی تر هه‌موو هاتن بۆ ناو به‌ره‌ی جود، ئه‌وانه‌شی كه‌ حزبی عه‌ره‌بی بوون هاتنه‌ ناو به‌ره‌ی جود و له‌ جه‌وقه‌د ده‌رچوون و ئه‌و به‌ره‌یه‌ نه‌ما.

رزگار ره‌زا چوچانی : به‌ڵام یه‌كێتی نه‌هاته‌ ناو به‌ره‌ی جود، تادواتر به‌ره‌ی كوردستان دامه‌زرا، به‌ره‌ی كوردستانی چۆن دامه‌زرا ؟

كه‌ریم ئه‌حمه‌د : ئێمه‌ له‌به‌ره‌ی جود ئه‌و پێشنیاره‌مان هه‌بوو كه‌ پێویسته‌ به‌ره‌یه‌كی كوردستانی دابمه‌زرێت، چونكه‌ به‌ره‌ی جود ئه‌وه‌نده‌ی په‌یوه‌ندی به‌ پرسی عێراقه‌وه‌ هه‌بوو، ئه‌وه‌نده‌ په‌یوه‌ندی به‌ پرسی كوردستانه‌وه‌ نه‌بوو، پرسی كورد پرسێكی تایبه‌ت بو‌و، ده‌بوو هێزه‌ كوردستانییه‌كان له‌به‌ره‌یه‌كی موعه‌یه‌ن كۆببنه‌وه‌، ئێمه‌ پێشنیاری ئه‌و به‌ره‌یه‌مان كرد و به‌رنامه‌ی كاری به‌ره‌كه‌شمان پێشنیاركرد.

له‌پارتی دیموكراتی كوردستان، ئیدریس بارزانی هه‌ڵوێستی زۆر باش بوو، كاتێك پرسی به‌ره‌ی كوردستانی هاته‌ پێش، ئێمه‌ مافی ئه‌وه‌مان هه‌بوو یه‌كێتی له‌و به‌ره‌یه‌ ره‌فز بكه‌ین، چونكه‌ ئه‌وان شه‌ڕی پشت ئاشانیان كردبوو، غه‌دریان له‌شیوعی كردبوو، به‌و هۆیه‌وه‌ زۆر له‌یه‌كتر دووركه‌وتبوینه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌مان نه‌كرد.

ئیدریس بارزانی پێشنیاری ئه‌وه‌ی هه‌بوو كه‌ ئه‌بێ یه‌كێتیش به‌شداربێت له‌و به‌ره‌یه‌دا، ئه‌و كێشانه‌ی ڕوویداوه‌ رێگر نه‌بێت له‌كۆبونه‌وه‌ی لایه‌نه‌ كوردییه‌كان له‌ده‌وری یه‌كتر، ئێمه‌ش وه‌ك حزبی شیوعی ئه‌نجام وێڕای مه‌سه‌له‌ی پشت ئاشان، مانع نه‌بووین له‌وه‌ی یه‌كێتی بێته‌ ناو ئه‌و به‌ره‌ كوردستانیه‌ی كه‌پێشنیارمان كردبوو، به‌ڵام پێمان وابوو، یه‌كێتی نایه‌ته‌ ناو ئه‌و به‌ره‌یه‌، كه‌پێشثر شه‌ڕی هه‌بووه‌ له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كانیدا، قسه‌مان ئه‌وه‌ بوو ئایا ئه‌وان دێنه‌ ناو ئه‌و به‌ره‌یه‌ ؟ یان نایه‌ن ؟ دواتر ده‌ركه‌وت كه‌ئه‌وانیش پێیان خۆش بوو ، ئه‌و كێشه‌یه‌ حه‌ل ببێ له‌نێوان ئێمه‌و ئه‌واندا.

راسته‌ ئێمه‌ پێشتر توشی شه‌ڕێكی نه‌گریس بووبووین له‌گه‌ڵ ئه‌واندا، به‌ڵام ئه‌وان ده‌یانزانی هه‌ڵه‌یه‌كی زۆر گه‌وره‌یان كردووه‌ له‌ تاریخی خۆیان، كه‌ شه‌ڕی پشت ئاشانیان كرد، له‌وكاته‌دا ئیدریس بارزانی پێی وتین، ئێوه‌ له‌سه‌ر به‌ره‌ی كوردستانی رێكبكه‌ون، له‌یه‌كێتی گه‌ڕێن بۆ من، من ده‌چم له‌گه‌ڵ یه‌كێتیدا چاره‌سه‌ری ئه‌و پرسه‌ ده‌كه‌م، ده‌یانهێنم، بڕوایان پێ ده‌هێنم كه‌ پێویسته‌ بێنه‌ ناو ئه‌و به‌ره‌یه‌ و به‌ته‌نها نه‌مێننه‌وه‌، چونكه‌ به‌ته‌نها مانه‌وه‌یان توشی هه‌ڵه‌یان ده‌كات، وتیشی ئه‌گه‌ر به‌ره‌یه‌كمان هه‌بێت، كێشه‌و خیلافێكیشمان هه‌بێ، له‌ناو به‌ره‌ چاره‌سه‌ری ده‌كه‌ین، ناكه‌وینه‌ ناو شه‌ڕ و كێشه‌وه‌.

ئیدریس بارزانی چووه‌ لای مام جه‌لال و یه‌كێتی، بڕوای پێهێنان كه‌بێنه‌ ناو ئه‌و به‌ره‌یه‌و به‌ته‌نها نه‌مێننه‌وه‌، ئیدریس بارزانی و مام جه‌لال رێككه‌وتن، یه‌كێتیش‌ نوێنه‌ری خۆیان بۆ ئه‌و به‌ره‌یه‌ نارده‌ راژان، له‌وێوه‌ ده‌ستكرا به‌كۆبونه‌وه‌ی به‌ره‌و بڕیار له‌سه‌ر به‌رنامه‌ی به‌ره‌ دراو راگه‌یه‌نرا، دواتر له‌باره‌گای ئێمه‌ له‌خواكوڕك، لایه‌نه‌كان واژۆیان له‌سه‌ر به‌رنامه‌ی به‌ره‌ی كوردستانی كرد.

رزگار ره‌زا چوچانی: كێشه‌ی یه‌كێتی و شیوعی چۆن باسكرا؟ چۆن چاره‌سه‌ركرا له‌به‌ره‌دا ؟

كه‌ریم ئه‌حمه‌د : به‌و شێوه‌یه‌ باسكرا، كه‌ ئێمه‌و ئه‌وان هه‌ردوولا به‌هه‌ڵه‌داچووین، شه‌ڕی پشت ئاشان حكومه‌ت دروستیكرد نه‌ك یه‌كێتی، فه‌ڕزكرا له‌سه‌ر یه‌كێتی كه‌ئه‌و رێگه‌ بگرێته‌ به‌ر و شه‌ڕی ئێمه‌ بكات، خۆشی كردی هه‌تا، وه‌كو هێزی یه‌كه‌م بمێنێته‌وه‌، له‌بیره‌وه‌رییه‌كانی خۆم ئه‌وه‌م باسكردووه‌.

رزگار ره‌زا چوچانی: دوای دامه‌زراندنی به‌ره‌ی كوردستان، ڕاپه‌ڕین كرا، دواتر هه‌ڵبژاردن به‌ڕێوه‌چوو، به‌ڵام حزبی شیوعی ده‌نگێكی ئه‌وتۆی نه‌هێنا، هه‌رچه‌ند ئه‌گه‌ر به‌راورد بكه‌ی، ره‌نگه‌ ده‌نگه‌كه‌ی ئه‌وكاتی له‌ده‌نگه‌كانی ئێستایان زۆرتربووبێت، بۆچی ئه‌و پاشه‌كشه‌ به‌ده‌نگه‌كانی شیوعییه‌وه‌ دیاره‌ ؟

كه‌ریم ئه‌حمه‌د : له‌هه‌ڵبژاردنی ساڵی ١٩٩٢ ته‌زوویر زۆر كرا، هه‌موو هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ ته‌زوویر بوو، به‌ ئاشكرا ته‌زوویر ده‌كرا، ئه‌وه‌ هه‌ڵبژاردن نه‌بوو، له‌دونیادا  هیج هه‌ڵبژاردنێكی وا خراپ نه‌كراوه‌، به‌ئاشكرا ئۆتۆمبێل پڕ ده‌كراو ده‌چوون بۆ دهۆك ده‌نگ بده‌ن، له‌وێوه‌ ده‌هاتنه‌ هه‌ولێر بۆ ده‌نگدان، له‌سلێمانی پڕ ده‌كرا ده‌هاتن بۆ هه‌ولێر، به‌ئاشكرا خه‌ڵكیان ده‌هێنا و ده‌نگیان ده‌دا و ته‌زوویریان ده‌كرد، ته‌نانه‌ت له‌به‌ره‌ی كوردستانیش بڕیاری ئه‌وه‌درا كه‌ له‌هه‌ڵبژاردندا ته‌زویرێكی زۆر كراوه‌.

بۆچی ئێستا حزبی شیوعی پاشه‌كشه‌ی كردووه‌ له‌ڕووی ده‌نگه‌وه‌، ئه‌وه‌ په‌یوه‌ندی به‌سیاسه‌تی حزبه‌وه‌ هه‌یه‌، نه‌ك دۆخه‌كه خراپ بێت، بارودۆخه‌كه‌ له‌به‌رژوه‌ندی دیموكراتییه‌، له‌به‌رژوه‌ندی حزبی شیوعییه‌، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ حزبی شیوعی دووره‌ له‌جه‌ماوه‌ره‌وه‌،‌ ده‌بێت حزب خۆی ئه‌و گرفته‌ چاره‌سه‌ر بكات.

خه‌ڵك ده‌ڵێن هه‌ڵبژاردنه‌كان پاك به‌ڕێوه‌ ناچن، به‌ڵام به‌بڕوای من ئه‌وه‌ هێنده‌ كاریگه‌ریی نییه‌، كه‌به‌هۆیه‌وه‌ حزبی شیوعی ئه‌و ده‌نگانه‌ بدۆڕێنێت، دۆڕاندنی ده‌نگه‌كان په‌یوه‌ندی به‌هه‌ڵه‌ی سیاسه‌تی حزبی شیوعییه‌وه‌ هه‌یه‌، كه‌دوورن له‌جه‌ماوه‌ره‌ و هچی تر.

رزگار ره‌زا چوچانی : كه‌وایه جه‌نابت،‌ پێشنیارت بۆ حزبی شیوعی چییه‌؟

كه‌ریم ئه‌حمه‌د : پێشنیارم ئه‌وه‌یه‌، چاره‌سه‌ری دۆخی خۆی بكات، هه‌ڵه‌كانیان چاره‌سه‌ر بكه‌ن، نزیك ببه‌نه‌وه‌ له‌جه‌ماوه‌ر و بچنه‌وه‌ ناو جه‌ماوه‌ر، ئێستا گرفتی حزبی شیوعی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ دووره‌ له‌خه‌ڵك، شه‌قام شه‌قامی حزبی شیوعی نییه‌، ده‌بێت چاره‌سه‌ری ئه‌وه‌ بكه‌ن و ببنه‌ خاوه‌نی شه‌قام، یان ده‌بێت شیوعی ئه‌و گرفته‌ی خۆی چاره‌سه‌ربكات، یان نامێنێت.

رزگار ره‌زا چوچانی: واته‌ پێت وایه‌ دۆخه‌كه‌ له‌باره‌،‌ بۆ به‌جه‌ماوه‌ریی بونی حزبی شیوعی.

كه‌ریم ئه‌حمه‌د : به‌ڵێ دۆخه‌كه‌ زۆر له‌باره‌، بۆ نمونه‌ ته‌نها قسه‌كردن له‌سه‌ر بێزاریی خه‌ڵك له‌كێشه‌ی نێوان لایه‌نه‌كان، دژایه‌تی دوو به‌ره‌كی و كێشه‌ سیاسییه‌كانی نێوان لایه‌نه‌كان، داوای یه‌كگرتووی نێوان لایه‌نه‌كان بۆ چاره‌سه‌ری پرسی كورد، وا ده‌كات له‌گه‌ڵ خه‌ڵك بیت و خه‌ڵك له‌گه‌ڵت بێت، چونكه‌ خه‌ڵك بێزاره‌ له‌و هه‌موو كێشه‌ سیاسییه‌ی كه‌هه‌یه‌.

رزگار ره‌زا چوچانی : واته‌ دۆخی سیاسی كوردستان زۆر خراپ ده‌بینی، وا ده‌ڵێن خه‌ڵك بێزاره‌ ؟

كه‌ریم ئه‌حمه‌د : به‌ڵێ دۆخی سیاسی كوردستان باش نییه‌، ئێستا یه‌كێتی و گۆڕان و ئیسلامییه‌كان، له‌دژی پارتی به‌ره‌یه‌كیان كردۆته‌وه‌، پارتیش به‌ته‌نها باسی سه‌ربه‌خۆیی ده‌كات، به‌ڵام چ حزبێك به‌ته‌نها ده‌توانێت پرسی سه‌ربه‌خۆیی بگه‌یه‌نێته‌ جێ، چۆن جێبه‌جێده‌كرێت؟ بێگومان ئاسان نابێت.

پێموایه‌ بۆ دژایه‌تی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان، عێراق ئیستیفاده‌ له‌وانه‌ ده‌كات كه‌دژی پارتین و دژی سه‌ربه‌خۆیین، چونكه‌ ئه‌وان ده‌ڵێن ئێمه‌ له‌گه‌ڵ سه‌ربه‌خۆیی نین، حكومه‌تی عێراقیش ده‌توانێت پشت به‌ده‌نگی ناڕازیی ئه‌وان و دژایه‌تییان بۆ سه‌ربه‌خۆیی كوردستان ببه‌ستێت، بڵێن ئه‌و حزبانه‌ هه‌موو له‌دژی سه‌ربه‌خۆیین و جه‌ماوه‌ریشیان هه‌یه‌، و ده‌بێ گوێییان لێبگیردرێت، ئه‌وكات پرسی سه‌ربه‌خۆیی به‌حزبی ده‌كرێت و كورد زه‌ره‌ر ده‌كات، حزبه‌كانیش تاوانبار ده‌بن.

رزگار ره‌زا چوچانی : به‌ڵام له‌كه‌س نابیسترێت بڵێ دژی سه‌ربه‌خۆییم، كه‌س ناڵێ له‌گه‌ڵ سه‌ربه‌خۆیی نیم ؟

كه‌ریم ئه‌حمه‌د : له‌كه‌س نابیسترێت بڵێ دژی سه‌ربه‌خۆییم، مانای چییه‌؟ ئه‌وه‌نییه‌ ده‌بینین ئه‌وان خه‌ریكی ئه‌وه‌ن په‌یوه‌ندییان له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عێراق چاك بكه‌نه‌وه‌، به‌تایبه‌ت گۆڕان كه‌رۆڵی خراپی هه‌یه‌، ئه‌ی ئه‌وه‌ چییه‌ ؟ هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ ئێوه‌ نایبیستن به‌ئاشكرا بڵێن دژی سه‌ربه‌خۆیین، ئه‌وه‌یه‌ كه‌جارێ ئاڵۆزییه‌كان توند نه‌بووه‌، هه‌رچه‌ند به‌ره‌یه‌كیشیان بۆ دژایه‌تی پارتی هه‌بێت، به‌ڵام كێشه‌كانیان توندتر نه‌بووه‌، هێشتا ماویه‌تی توندترببێت، ئێستا پارتی سه‌رقاڵی شه‌ڕی داعشه‌، ده‌یه‌وێ وه‌زعی ناوخۆ ئارام بێت، تا بتوانێت ئه‌و ئه‌ركه‌ جێبه‌جێ بكات، له‌ئێستاشدا پارتی له‌هه‌موویان باشتره‌ له‌پرسی كورددا.

به‌ڵام ئه‌گه‌ر پرسی داعش كۆتایی هات، پرسی ریفراندۆم دێته‌ پێشه‌وه‌، ئه‌وكات ناكۆكییه‌كان توندتر ده‌بێت، دوای داعش داواكاریی بۆ مافی چاره‌نوس ته‌رح ده‌كرێت، داوا ده‌كرێت راپرسی بكرێت، له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كوردستان سه‌ربه‌خۆیی ده‌وێت؟ كۆنفیدڕاڵی ده‌وێت ؟ یان ده‌یه‌وێت بمێنێته‌وه‌ له‌گه‌ڵ عێراقدا ؟ ، هه‌ركامیان بێت ده‌بێت، ئه‌و پرسه‌ چاره‌سه‌ر بكرێت، ئه‌وكات ئه‌و حزبانه‌ یان ده‌بێت له‌گه‌ڵ بن یان ده‌بێت له‌دژی بن، ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ نه‌بن ترس هه‌یه‌ له‌ڕیفراندۆمدا ده‌نگی جیابوونه‌وه له‌عێراق‌ زۆرینه‌‌ به‌ده‌ستنه‌هێنێت.

رزگار ره‌زا چوچانی : واته‌ مه‌ترسی ئه‌وه‌ هه‌یه‌، ئه‌و حزبانه‌ له‌گه‌ڵ سه‌ربه‌خۆیی نه‌بن ؟

كه‌ریم ئه‌حمه‌د : به‌ڵێ ترس هه‌یه‌، باوه‌ڕ ناكه‌م ئه‌و حزبانه‌ له‌گه‌ڵ سه‌ربه‌خۆیی بن، ئه‌وان سیاسه‌تیان له‌گه‌ڵ ئه‌و پرسه‌ نییه‌، به‌تایبه‌ت گۆڕان و كۆمه‌ڵی ئیسلامی رۆڵێكی زۆر خراپیان هه‌یه‌، كه‌پرسی ریفراندۆمیش هاته‌ پێش ئه‌گه‌ر هه‌یه‌ هه‌روا بمێننه‌وه‌.

 رزگار ره‌زا چوچانی : وه‌ك خۆت گوتت، كوردستان‌ خه‌ریكه‌ دیسان دابه‌شده‌بێته‌وه‌‌، چی بكرێت بۆ ئه‌وه‌ی وه‌كو سه‌رده‌می به‌ره‌ی كوردستانی، هاوڕایی سیاسی دروستبكرێت بۆ سود وه‌رگرتن له‌و ده‌رفه‌ته‌ی له‌به‌رده‌م كوردستاندا دروست بووه‌ ؟

كه‌ریم ئه‌حمه‌د : له‌ئێستادا پێویسته‌ هه‌موو حزبه‌ كوردستانییه‌كان یه‌ك ستراتیژییان هه‌بێت، ئامانجێكی هاوبه‌شیان هه‌بێت، به‌داخه‌وه‌ ئێستا ئامانجێكی هاوبه‌ش له‌نێوان حزبه‌ كوردستانییه‌كان بوونی نییه‌، هه‌ر لایه‌نه‌و ئامانجێكی هه‌یه‌.

مافی چاره‌نوس ده‌بێت ئامانجی بنه‌ڕه‌تی بێت بۆ چاره‌سه‌ركردنی پرسی كورد، به‌ڵام لایه‌نه‌ كوردستانییه‌كان كۆك نین له‌سه‌ری، نه‌یه‌كێتی و گۆڕان له‌گه‌ڵ پارتی كۆكن، نه‌ پارتی پارتی له‌گه‌ڵ ئه‌وان كۆكه‌، هۆكاریش به‌رژه‌وه‌ندیی تایبه‌تیی خۆیانه‌، لایه‌كیان ده‌ڵێت له‌ئێستادا ئه‌و ئامانجه‌ به‌دی نایه‌ت، لایه‌نێكیشان ده‌ڵێت نه‌خێر به‌دی دێت، به‌ڵام مه‌سه‌له‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌ تایبه‌ته‌كانی خۆیانه‌، نه‌ك ئامانجه‌كه‌، ئه‌گه‌رنا ئێستا كاتی بڕیاری چاره‌نوسسازه‌.

رزگار ره‌زا چوچانی : بڕوای جه‌نابت چییه‌، له‌ناو ئه‌و هه‌موو هه‌ڕه‌شه‌و رێگرییه‌دا سه‌ربه‌خۆیی به‌دی دێت ؟

كه‌ریم ئه‌حمه‌د : به‌ڵێ ئه‌گه‌ر یه‌كگرتووبین سه‌ربه‌خۆیی كوردستان به‌دیدێت، و فه‌ڕز ده‌كرێت، چۆن فیدڕاڵییه‌ت فه‌رزكرا، ده‌توانرێت سه‌ربه‌خۆییش فه‌رڕ بكرێت، خۆ فیدڕاڵیه‌ت له‌لایه‌ن عێراق و ده‌وروبه‌ره‌وه‌ په‌سه‌ند نه‌بوو بۆ كوردستان، یه‌كگرتوویی به‌ره‌ی كوردستانی فه‌ڕزی كرد.

 ئه‌گه‌ر هێزه‌ كوردستانییه‌كان یه‌كگرتوو بن، به‌هه‌مانشێوه‌ سه‌ربه‌خۆییش فه‌رڕز ده‌كرێت، ئه‌گه‌ر یه‌كگرتووش نه‌بن ره‌نگه‌ نه‌توانین بگه‌ینه‌ ئه‌و ئامانجه‌، بۆیه‌ داوای من له‌حزبه‌ كوردستانییه‌كان ئه‌وه‌یه‌، له‌ئێستادا كه‌ده‌رفه‌ت له‌باره‌، له‌سه‌ر ئامانجی بنه‌ڕه‌تی كه‌مافی چاره‌نووسی كوردستانه‌ یه‌كگرتووبن، واز له‌كێشه‌ حزبییه‌كانیان بهێنن.

ئەمانەش ببینە

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین