مەسرور بارزانى: ڕێکارەکانی بەپارێزگابوونی هەڵەبجە لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانەوە بەبیانووی جۆراوجۆرەوە تەواو ناکرێن کوردستانی

نوچەنێت:

سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە پارێزگاى هەلەبجە ڕایگەیاند، "مایەی سەرسوڕمانە، کە تەنانەت ڕێکارەکانی بەپارێزگابوونی هەڵەبجەش لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانەوە، بە بیانووی جۆراوجۆرەوە تەواو ناکرێن."

ئەمڕۆ پێنجشەممە (22/شوبات/2024) مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەردانی پارێزگەی هەڵەبجە کرد و چەند شوێنکى ئەو پارێزگایەى بەسەرکردەوە، دواتر لە ڕێورەسمێکی تایبەتدا بەردی بناخەی ڕێگەی هەڵەبجە - تووەقوت - قلیجە و پردی تووەقوتی دانا.

مەسرور بارزانى لە ڕێورەسمەکەدا وتارێکى پێشکەش کرد و ڕایگەیاند، "خەڵکی ئەم دەڤەرە، قوربانییەکی زۆریان داوە و ئازارێکی زۆریان چەشتووە. هەڵەبجە ئەمڕۆ بووەتە سیما و سیمبولی قوربانیدان و نەهامەتییەکانی خەڵکی کوردستان؛ بەڵام جێی داخە، کە هەڵەبجە وەکو پێویست خزمەتی نەکراوە و لەم ڕووەوە پێویستە بەرپرسانی ئەم دەڤەرە و هەموومان، خۆمان بە قەرزاری خەڵکی هەڵەبجە و کەسوکاری گشت شەهید و ئەنفالکراوانی کوردستان بزانین".

هاوکات سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان گوتیشى، "بەڵام ئەوەی جێی نیگەرانییەکی زۆرە ، چەندین ساڵە حکومەتی فیدراڵی عێراق، ئامادە نییە بە پێی دەستوور، قەرەبووی زیانلێکەوتووەکانی دەستی ڕژێمی پێشووی بەعس بکاتەوە، لە کاتێکدا هەڵەبجە نموونەیەکی هەرە دیاری تاوانە دڕندانەکانی ڕژێمی بەعسە و پێویست بوو بەرکەوتووانی چەکی کیمیاوی و قوربانییانی کیمیاباران و ئەنفالەکان، بە شێوەیەکی شایستە قەرەبوو بکرێنەوە".

 

 دەقی وتاری مەسرور بارزانى سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پارێزگاى هەڵەبجە:

بەناوی خوای گەورە و میهرەبان

ئامادەبووانی بەڕێز

زۆر بەخێر بێن

خۆشحاڵم كە توانیم جارێكی دیكە بێمەوە هەڵەبجە، هەر لە سەرەتای دەستبەکاربوونی ئەم کابینەیە هەر زوو هەوڵماندا بێین بۆ ئێرە. بەداخەوە پێشتر بە چەند هۆیەک سەردانەکەمان ڕێکنەخرا، بەڵام ئێستا خۆشحاڵم کە توانیمان بێین و لە خزمەتی ئێوەی بەڕێز و خۆشەویستدا بین.

خۆم زۆر بە خۆشحاڵ دەزانم ئەمڕۆ لەلە پارێزگای هەڵەبجە لە سنووری شاری شەهیدان، بەردی بناخەی ئەم پڕۆژە گرنگە دادەنێین. هەرچەندە بەداخەوە دەستکردن بە جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژەیە دواکەوت، بەڵام بە تەواوبوونی ئەم ڕێگە و پردە ، سوودێکی زۆر بە خەڵکی ئەم دەڤەرە دەگات، بە تایبەتیش کە پارێزگای هەڵەبجە و ناوچەکانی ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان بە یەکەوە دەبەستێتەوە و کاریگەرییەکی باشی لە بواری پەرەپێدانی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و هەروەها بووژانەوەی کەرتی گەشتوگوزاریش دەبێت.

دەڤەری هەڵەبجە و شارەزوور و هەورامان، پێگەیەکی گرنگ و تایبەتی لە کوردستان هەیە؛ چونکە مەڵبەندێکی دیاری ڕووناکبیریی و خوێندەواریی بووە لە کوردستان  و زێدی چەندین زانا و عارفی دانا و شاعیر و نووسەر و هونەرمەند و کەسایەتیی ئایینی و کۆمەڵایەتی نیشتمانپەروەری کوردستانە .

شانازی دەكەین كە هەڵەبجە دەبینین ڕێژەی توندوتیژی بەرامبەر بە ئافرەتان لە هەموو كوردستان كەمترە، ئەمەش ئاماژەیەكی ڕوونە بەوەی ئەم ناوچەیە تا چەند پێگەییوە و خاوەنی كولتوورێكی زۆر دەوڵەمەندە و جێی شانازیی هەموومانە.

ئەم ناوچەیە لە ڕووی کشتوکاڵییشەوە، ناوچەیەکی بە پیت و دەوڵەمەندی کوردستانە، هەر بۆ نموونە هەناری هەڵەبجە ناوبانگێکی زۆری پەیدا کردووە. جاران ڕەنگە تەنیا لەم دەڤەرە ناسراو بووبێت، بەڵام حکومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی کارنامەکەی بۆ گرنگیدان بە کەرتی کشتوکاڵ و بایەخدان بە بەرووبوومی ناوخۆیی و دۆزینەوەی بازاڕی دەرەکی بۆ بەرهەمەکانی کوردستان، خۆشبەختانە توانیمان ساڵی ڕابردوو هەناری کوردستان و بە تایبەتی هەناری هەڵەبجە هەناردە بکەین کە ئەمڕۆ لە بازاڕەکانی وڵاتانی کەنداو و دەرەوە ، وەکو بڕاندێکی بەرووبوومی کشتوکاڵی کوردستان دەناسرێت و ناوبانگێکی باشیشی پەیدا کردووە.

خەڵکی ئەم دەڤەرە، قوربانییەکی زۆریان داوە و ئازارێکی زۆریان چەشتووە. هەڵەبجە ئەمڕۆ بووەتە سیما و سیمبولی قوربانیدان و نەهامەتییەکانی خەڵکی کوردستان؛ بەڵام جێی داخە، کە هەڵەبجە وەکو پێویست خزمەتی نەکراوە و لەم ڕووەوە پێویستە بەرپرسانی ئەم دەڤەرە و هەموومان، خۆمان بە قەرزاری خەڵکی هەڵەبجە و کەسوکاری گشت شەهیدان و ئەنفالکراوانی کوردستان بزانین و دەبووایە بە شێوەیەکی شایستەتر خزمەتی خەڵکی ئەم ناوچەیە بکرێت .

ئەگەرچی زۆربەی ئەنجامدەرانی تاوانی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە، بە سزای خۆیان گەیشتن، کە بەم تاوانەیان، مێژووییەکی پڕ لە شەرمەزاری و ڕووڕەشییان بۆ خۆیان بەجێ هێشت. بەڵام ئەوەی جێی نیگەرانییەکی زۆرە ، چەندین ساڵە حکومەتی فیدراڵی عێراق، ئامادە نییە بە پێی دەستوور، قەرەبووی زیانلێکەوتووەکانی دەستی ڕژێمی پێشووی بەعس بکاتەوە، لە کاتێکدا هەڵەبجە نموونەیەکی هەرە دیاری تاوانە دڕندانەکانی ڕژێمی بەعسە و پێویست بوو بەرکەوتووانی چەکی کیمیاوی و قوربانییانی کیمیاباران و ئەنفالەکان، بە شێوەیەکی شایستە قەرەبوو بکرێنەوە.

هەوڵدان بۆ لەبیرکردنی تاوانی جینۆسایدی خەڵکی هەڵەبجە و بێ بایەخکردنی ئەم تاوانە بەردەوامە . بەڵام نابێت ڕێگە بدەین کە ئەم تاوانەمان لە بیر بچێتەوە . نابێت وابکەین کە بیری بەغداش بچێتەوە.

لە لایەکەوە تاوانمان بەرامبەر دەکرێت. لەلایەکی دیکەشەوە قوڕگمان دەگرن و هەناسەمان دەبڕن . لەولاشەوە دێن خۆیان وەکو فریادڕەس پێشانمان دەدەن و خەڵکێک بەلاڕێدا دەبەن و وا دەکەن کە ئێمە مەمنوونیشیان بین. ئەم جۆرە رەفتارە بەرامبەر بە خەڵکی کوردستان چیتر قبوڵکراو نییە و پێویستە هەموومان هەڵوێستی توندمان هەبێت بۆ ناچارکردنی حکومەتی فیدرال بۆ قەرەبووکردنی بنەماڵەی شەهیدانی هەڵەبجە و هەموو کوردستان .

ڕەخنەگرەكانمان لە جیاتی ئەوەی لە ئاستی تاوانەكەدا تاوانباران شەرمەزار بكەن، خەریكی شتی زۆر بێنرختر بوون لە كوردستان كە پێموایە پێویستە ئێمە ئێستا ڕووبەڕووی حكومەتی فیدڕاڵی ببینەوە و داوای ڕەوای خەڵكی كوردستان و بە تایبەتی خەڵكی شاری هەڵەبجەی خۆشەویست بەبیر ئەوان بێنینەوە كە پێویستە ئەوان لە ئاستی بەرپرسیارێتیدا بن و بەپیر دەنگ و هاواری خەڵكی هەڵەبجەوە بێن.

هەڵەبجە زامێكە بە جەستەی كوردستانەوە و ئەركی هەموومانە ئەو برینە ساڕێژ بكەین و خزمەتی ئەم دەڤەرە بكەین. هەوڵی زۆرماندا ئەو گرێ كوێرەیە بكەینەوە كە دەسەڵاتێكی سەرتاسەری لە كوردستان بنیاد بنێین، پێموایە هەر بەم شێوەیەش، دەتوانین باشترین خزمەت بە خەڵكی خۆشەویستی هەڵەبجە بكەین.

مایەی سەرسوڕمانە، کە تەنانەت ڕێکارەکانی بەپارێزگابوونی هەڵەبجەش لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانەوە، بە بیانووی جۆراوجۆرەوە تەواو ناکرێن و تا ئێستا دەنگی لەسەر نەدراوە، لە کاتێکدا چەندین ساڵە حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری بە پارێزگابوونی هەڵەبجەی داوە .

کێشە و ئاستەنگ دروستکردن بۆ تەواوکردنی ڕێکارەکانی بە پارێزگابوونی هەڵەبجە و بەستنەوەیان بە پارێزگاکردنی شوێنی تر لە عێراق، بیانوویەکی زۆر ناڕەوایە و ستەمێکە لە خەڵکی قوربانیدەر و تێکۆشەری ئەم دەڤەرە دەکرێت و بە کەم سەیرکردنی قوربانیدانەکانی خەڵکی هەڵەبجەیە. بۆیە داوا لە لایەنە سیاسیەکانی عێراق و حکومەتی فیدرال و ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران دەکەین کە ئەم بابەتە چیتر پشتگوێ نەخرێ و وەک گەمەیەکی سیاسی بەکارنەهێنرێت و پێویستە لە زووترین کاتدا، ڕێکارە کارگێڕییەکانی بەپارێزگابوونی هەڵەبجە تەواو بکرێن و لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانەوە دەنگی لە سەر بدرێت و پاشان بودجەیەکی تایبەت بۆ ئاوەدانکردنەوەی زیاتری هەڵەبجە و بنیاتنانی ژێرخانی ئەم شارە خۆشەویستە، تەرخان بکرێت.

هەروەها داوا دەکەین حکومەتی فیدرال، بەرپرسیایەتی ئەخلاقی و دەستووری خۆی جێبەجێ بکات و کەسوکاری شەهیدانی هەڵەبجە و ئەنفالکراوان و زیانلێکەوتووانی دەستی ڕژێمی پێشووی عێراق لە کوردستان، قەرەبوو بکاتەوە ، بۆ ئەوەی کەمێک لە ئازارەکانی خەڵکی هەڵەبجە و ناوچەکانی دیکەی کوردستان کەم بکرێتەوە.

ئێمە زۆرجار ئەم بابەتەمان لەگەڵ بەرپرسانی حكوومەتی فیدڕاڵی لە ساڵانی رابردوو باس كردووە، هەموو جار دەڵێن ئێمە جێگرەوەی رژێمی پێشوو نین و ئێمە بەرپرسیار نین بەرامبەر ئەو تاوانانەی كە لە ڕژێمەكانی پێشووتر دەرهەق بە خەڵكی كوردستان كراوە. لێرە پرسیارەكە ئەمەیە، حكومەت پێی خۆش بێت یان نا، جێگرەوەی دەسەڵاتە، هەر تاوانێك پێشتر لە لایەن دەسەڵاتەوە لەم وڵاتە كرابێت، ئێستا حكومەت بەرپرسیارە لەوەی كە چۆن مامەڵەی لەگەڵدا دەكات. بەڵام دەبینین لە هەمانكاتدا زۆر لەو یاسایانەی لە رژێمی پێشووتر دەرچوون و لە خزمەتی حكومڕانییەكی مەركەزیدان، ئێستاش پابەندن پێیانەوە و ئەو یاسایانەیان نەگۆڕیوە و ئێستاش حكومەت لەسەر ئەو یاسایانە كار دەكات. چۆن دەكرێ لە لایەكەوە پابەندی یاسا بن، بەڵام لە لایەكی ترەوە بەرپرسیار نەبن بەرامبەر بەو تاوانانەی دەرهەق بە خەڵكی ستەمدیدەی كوردستان كراوە؟ یان دەبێت بە یەكجاری خۆیانی بێبەری بكەن لە هەموو یاسایەك كە لە رژێمی پێشووتر دەركراوە، یانیش دەبێ تەحەمولی بەرپرسیارێتی بكەن و ئێستا دان بەوەدا بنێن كە غەدرێكی زۆر لە خەڵكی كوردستان كراوە و پێویستە قەرەبوو بكرێنەوە.

لە کۆتاییدا سڵاو و ڕێز و پێزانینی زۆرم بۆ خۆڕاگری خەڵکی هەڵەبجە هەیە. دڵنیابن ئێمە هەمیشە دڵمان لەگەڵ ئێوەیە و پشتیوانی داوا ڕەواکانتانین و هەموو هەوڵێک دەخەینەگەڕ لە پێناو زیاتر خزمەتکردنی ئێوەی خۆشەویست.

ئێمە پێش ئەوەی بێینە ئێرە، كۆبوونەوەیەكمان لەگەڵ بەرپرسانی ئیداریی پارێزگای هەڵەبجە هەبووە، داواكارییەكانیان لەگەڵ ئێمە باسكردووە، ئێمەش بەپێی توانا و ئەگەر بە شێوەیەكی تایبەتیش بێت، گوتوومانە كە ئەوەی لە دەست و توانای حكومەتی هەرێمدا بێت، بەپیر داواكارییەكانتان دێین و ئەوەی پێمان بكرێ بۆتان جێبەجێ دەكەین. دەزانین كە هەڵەبجە پێداویستیی زۆرە و هەموومان قەرزاری هەڵەبجەین، بۆیە هیوادارم بتوانین لە ماوەی داهاتوو قەرەبووی ئەو كەمتەرخەمییانەش بكەینەوە یان ئەو خزمەتگوزارییانەی كە پێویست بوون زووتر بكرێن.

دروود بۆ گیانی پاکی شەهیدانی هەڵەبجە و سەرجەم شەهیدانی کوردستان.

هەر شاد و سەرکەوتووبن و کوردستانیش هەر  ئاوەدان بێت.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین