سەرۆکایەتیی هەرێمی كوردستان: کەیسی گیراوانی لالەزار پیویستە دوور لە دەستوەردان و فشاربێت کوردستانی

نوچە نێت:

گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە بارەی پڕۆسەی دادگاییکردنی گیراوانی لالەزاری شاری سلێمانی ڕایگەیاند، "پێویستە کەیسەکە دوور لە هەموو دەستوەردان و فشارێک و بە ڕێڕەوی یاسایی خۆی بەڕێوە بچێت". هاوکات جەختیشی کردەوە، "سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان وەک هەمیشە پارێزەری یاسا و دامەزراوەکان دەبێت."

ڕۆژی سێشەممە (2026/4/21) دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکدا لەبارەی پڕۆسەی دادگاییکردنی گیراوانی لالەزاری شاری سلێمانی دا ڕایگەیاند، "پێویستە کەیسەکە دوور لە هەموو دەستوەردان و فشارێک و هەروەها بە ڕێڕەوی یاسایی خۆی بەڕێوە بچێت".

دڵشاد شەهاب لە لێدوانەکەیدا ئاماژەشی پێکرد و گوتی، "سەبارەت بە گواستنەوەی كەیسی ئەم گیراوانە لە دادگایەكەوە بۆ دادگایەكی دیكە، پرسێکی تەواو دادوه‌رییه‌ و لە تایبەتمەندییەکانی دەسەڵاتی دادوەرییە و دادگا پەیوەندیدارەکان یەکلایی دەکەنەوە".

گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، لە کۆتایدا جەختیشی لەوە کردۆتەوە، "سه‌رۆکایه‌تیی هه‌رێمی کوردستان وه‌ک هه‌میشه‌ پارێزه‌ری یاسا و دامه‌زراوه‌کان دەبێت و پابەندە بە ڕێزگرتن لە بنەمای جیاکردنەوەى دەسەڵاتەکان و سه‌ربه‌خۆییی ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری".

 

دەقی ڕاگەیێندراوەكەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان:

ماوەیەکە لە دەزگاکانی ڕاگەیاندنەوە دەربارەی ڕووداوەکانی مانگی ئابی ساڵی ڕابردوو کە لە لاله‌زارى شاری سلێمانی ڕوویان دا، هەندێک بابەت سەبارەت بە هەڵوێستی جه‌نابى سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پرۆسەی دادگاییکردن و یەکلاکردنەوەی چارەنووسی ئەو تۆمه‌تبار و گیراوانەی لە دەرەنجامی ڕووداوەکان دەستگیر کراون، ورووژێندراون.

لێرەوە دەمانەوێت بۆ هەموو لایه‌ك ڕوونی بکەینەوە، دوای ئەوەی ئەم بابەتە لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن باسکرا، ئێمە لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لەگەڵ دەسەڵاتی دادوەری پرسوڕا و بەدواداچوونی پێویستمان کرد. دیاره‌ که‌ به‌پێی یاسا بڕیاردان لە داوای گواستنەوەی کەیسێک لە دادگایەکەوە بۆ دادگایەکی تر، پرسێکی تەواو دادوه‌رییه‌ و لە تایبەتمەندییەکانی دەسەڵاتی دادوەرییە و دادگا پەیوەندیدارەکان یەکلای دەکەنەوە.

ئەوەی پەیوەستە بە هەڵوێستی بەڕێز سەرۆکی هەرێمی کوردستانه‌وه‌، دووپاتکردنەوەی ئەوەیە کە دوور لە هەموو دەستتێوەردان و فشارێک، پێویستە هه‌موو کەیسێك بە ڕێڕەوی یاساییی خۆی و لەسەر بنەما دروستەکانی دادگاییکردن بەڕێوە بچێت و پێویستە دەرفەتی بەرگریکردن و پاراستنی مافی تۆمه‌تباران و گیراوان بەپێی یاسا پارێزراو بێت. هەروەها دووپاتی دەکەینەوە کە ده‌بێ لە كاتى یاساییى خۆیدا و بەپێی ڕێکارە یاسایییەکان، دادگاکان بڕیاری خۆیان لەبارەی ئەم پرسەوە یەکلایی بکەنەوە.

له‌ کۆتاییدا دووپاتی ده‌که‌ینه‌وه‌ که‌ سه‌رۆکایه‌تیی هه‌رێمی کوردستان وه‌ک هه‌میشه‌ پارێزه‌ری یاسا و دامه‌زراوه‌کان دەبێت و پابەندە بە ڕێزگرتن لە بنەمای جیاکردنەوەى دەسەڵاتەکان و سه‌ربه‌خۆییی ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین