لە سنووری هەولێر بە درۆن هێرش کرایە سەر بارەگای سوپای میللی کوردستان کوردستانی

نوچە نێت:

لە ئەنجامی هێرشێکی درۆنی تاراندا بۆ سەر بارەگای سوپای میللی کوردستان، پێنج پێشمەرگە بریندار دەبن و زیانی زۆر بە بینای بارەگاکە دەکەوێت.

ئەمڕۆ چوارشەممە (22/4/2026) پارتی ئازادیی کوردستان (PAK) سەبارەت بە هێرشێکی درۆنی تاران ڕاگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا دەڵێت، بەرەبەیانیی ئەمڕۆ "تەنیا دوو سەعات پاش ئەوەی دۆناڵد ترامپ سەرکۆماری ئەمریکا، درێژکردنەوەی ئاگربەسی ڕاگەیاند؛ تاران لە سەعات (1:24)دا بە (4) درۆن، هێرشی کردە سەر یەکێ لە بارەگاکانی سوپای میللیی کوردستان. لە ئاکامی ئەم هێرشەدا پێنج کەس لەو لەشکرە، بریندار بوون" و گەیێندراونەتە نەخۆشخانە.

بە گوێرەی ڕاگەیێندراوەکە، (PAK) گووتیشی، "ناکرێ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە کاتی جەنگ و ئۆپەراسیۆنەکانیدا دژی تێرۆریستان، کورد بە دۆست و هاوبەشی خۆی دابنێ" بەڵام لەکاتی ئاگربەستدا "تەنیا تەمەشاکەری ئەو پەلامارانە بن کە تاران و گرووپە عێراقییەکانی بەرفەرمانی، دەیکەنە سەریان."

 

دەقی ڕاگەیێندراوەکەی پارتی ئازادیی کوردستان (PAK):

بەرەبەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە، تەنیا دوو سەعات پاش ئەوەی دۆناڵد ترامپ سەرکۆماری ئەمریکا،درێژکردنەوەی ئاگربەسی ڕاگەیاند؛ تاران لە سەعات ١:٢٤ دا بە ٤ درۆن، هێرشی کردە سەر یەکێ لە بارەگاکانی سپای میللیی کوردستان.لە ئاکامی ئەم هێرشەدا پێنج کەس لەو لەشکرە نەبەزەی داخی لەسەر دڵی تاران سەوزە، بریندار بوون.

ئەم هێرشە هاوکات لە گەڵ ئەوەی بۆ پارتی ئازادیی کوردستان و سپای میللیی کوردستان جێی شانازیین کە لە بن ئاسمانێکی بێ قەڵغاندا کۆڵ نادەن و نابەزن و بوونەتە مۆتەکەی سەر دڵی بەڕێوەبەرانی دەوڵەتی ئێران؛ پێویستیی هەبوونی هەڵوێست و دەستەبەرکردنی پاراستنی هەرێمی کوردستان و هەموو هێزەکانی پێشمەرگە لە کاتی ئاگربەسدا چ وەک بەرپرسایەتیی هاوپەیمانیی و چ وەک ئەرکێکی ئەخلاقیی، دەخاتە ئەستۆی سەرۆک دۆناڵد ترامپ.ناشێ و ناکرێ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە کاتی جەنگ و ئۆپەراسیۆنەکانیدا دژی تێرۆریستان، کورد بە دۆست و هاوبەشی خۆی دابنێ و سەرکۆمار دۆناڵد ترامپ خۆشەویستیی بۆ کورد و پێشمەرگە دەرببڕێ؛ بەڵام لە ئاشتیی و ئاگربەسدا، تەنیا تەمەشاکەری ئەو پەلامارانە بن کە تاران و گرووپە عێراقییەکانی بەرفەرمانی، دەیکەنە سەریان. لە ماوەی ئاگربەس دا،تەنیا خاک و قەوارەیەک کە هەتا ئێستا ئێران ئاگری لە دژ نەبەستووەو  بەردەوام بووە لە هێرشە هاژەکی و درۆنییەکانی بۆ سەری، هەرێمی کوردستان بووە.

ئەوانەش کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ بە درۆنی ئێرانیی پێکراون، لە قارەمانەکانی جەنگی3 ساڵەی داعش و تێکشکێنەرەکانی پەلامارەکەی هێزی قودس و حەشدی شەعبی لە 20ی ئۆکتۆبری 2017دا بۆ داگیرکردنی هەولێرن.

 

پارتی ئازادیی کوردستانPAK

2 گوڵانی2726کوردیی

22ی ئاپریلی 2026زاینیی

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین