كامیان له‌ ره‌مه‌زان زیاتر تووڕه‌ ده‌بێ ژن یان پیاو؟ تەندرووستی و ستایل

لاڤین عومەر، نوچەنێت

هه‌رچه‌نده‌ له‌ مانگى ره‌مه‌زان ئه‌ركى ژنان له‌ پیاوان زیاتره‌، به‌ڵام وه‌ك تێبینى ده‌كرێت ژنان كه‌متر تووڕه‌ ده‌بن و شاره‌زایان ده‌ڵێن ئه‌مه‌ دوو هۆكارى هه‌یه‌.

ماڵپه‌ڕى كه‌ناڵى جه‌زیره‌ به‌ راپۆرتێك هه‌وڵ ده‌دات وه‌ڵامى ئه‌و پرسیاره‌ بداته‌وه‌ "ئایا له‌ ره‌مه‌زاندا پیاوان یان ژنان زیاتر توڕه‌ ده‌بن؟. له‌ راپۆرته‌كه‌ چه‌ندان كه‌س قسه‌یان له‌سه‌ر  ئه‌و دیارده‌كه‌ كردووه‌.

لە ره‌مەزاندا هه‌ر چه‌نده‌ پیاوان ئه‌ركیان له‌ ژنان كه‌متره‌، چونكه‌ ئافرەتان له‌ مانگى ره‌مه‌زان کەمتر خەویان هەیە زووتر هەڵدەستن بەهۆی ئامادەکردنی نانی بەیانی بۆ منداڵەکانیان و وانه‌گوته‌نه‌وه‌ به‌ منداڵه‌كان، جگە لەمانەش بازاڕکردن وخواردن ئامادەکردن بۆ بەربانگ، چه‌ندان ئه‌ركى تر کە ئەمانە له‌گه‌ڵ به‌رۆژووبوون هۆکارن بۆ  ماندووبوون و تووڕەبوون، كه‌چى تێبینى ده‌كرێت پیاوان زۆرتر تووڕه‌ ده‌بن و بە بچووکترین هۆکار هه‌ڵده‌چن.

دکتۆرە دالیا عوسمان دەڵێت، "زه‌حمه‌ته‌ پیاوێک بدۆزیتەوە لەمانگی رەمەزاندا كێشه‌ نه‌نێته‌وه‌، زۆرێک لە ژنان چاوەڕوانی ئەوە له‌ هاوسه‌ره‌كانیان وخۆیان بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان ئاما ده‌كه‌ن، ئەوە ماناى ئه‌وه‌ نییه‌ كه‌ ئافره‌تان توڕه‌ نابن، به‌ڵكو ئه‌وانیش تووڕه‌ ده‌بن به‌ڵام تواناى تێپه‌ڕاندنى بارودۆخه‌كه‌یان هه‌یه"‌.

له‌ راپۆرته‌كه‌ باس له‌ دوو هۆكار كراوه‌، یه‌كه‌میان ئه‌وه‌یه‌ پیاوان زیاتر مه‌یلیان به‌لاى جگه‌ره‌ و قاوه‌ هه‌یه‌، كاتێك له‌ ره‌مه‌زاندا له‌مانه‌ داده‌بڕێن ئه‌وا هۆكارێكى تووڕه‌بوونه‌. به‌ڵام شاره‌زایان باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن هۆكارێكى تریش هه‌یه‌، ئه‌ویش په‌یوه‌ندى به‌ سروشتى تووڕه‌بوونى ژنانه‌وه‌ هه‌یه‌.

جون تانگنی مامۆستای دەروونزانی لە زانکۆی جورج میسۆن لە وتارێكدا لە ماڵپەری (APA)دا پێیوایه‌ جیاوازییه‌كى زۆر له‌ نێوان شێوازى توڕه‌بوونى پیاو و ژن هه‌یه‌، پیاوان زیاتر حه‌زیان له‌وه‌یه‌ به‌ توندی تووڕه‌بوونیان ده‌ربڕن، به‌ڵام ژنان حه‌زده‌كه‌ن به‌ قسه‌كردن و ده‌رده‌دڵ ئه‌و كاره‌ بكه‌ن.
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین