سەرۆکى هەرێمى کوردستان: پەیوەندییکانمان لەگەڵ وڵاتانى دراوسێ ئەرێنییە
نوچەنێت
ئێوارەى ئەمڕۆ چوارشەممە (2025/10/8) سەرۆک نێچیرڤان بارزانى لەدیدارى میرى سەبارەت بە هێرشەکانی ئەم دواییانەی سەر هەرێمی کوردستان کە فڕۆکەخانە و کێڵگە نەوتییەکانیان دەکردنە ئامانج، گوتى، " لەگەڵ تورکیا پەیوەندییەکی زۆر دۆستانەمان لەگەڵ تورکیا هەیە، سەبارەت بە پارتى کرێکارتن، ئاماژەى بەوە کرد، دەبێت پەکەکە هەندێ هەنگاو بنێت بۆ ئەوەی پرۆسەی چارەسەری بگاتە ئەنجام."
دەقی قسەکانی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان:
پرسیار: دید و ستراتیژی سەرکردایەتیی کورد بۆ عێراق و ناوچەکە چییە؟
سەرۆکى هەرێمى کوردستان: سوپاس بۆ جەنابت و ئامادەبووانی بەڕێز، ئێمە لە هەرێمی کوردستان پێش ساڵی 2003، تەقریبەن دۆخی ئێستامان هەبوو، لە رووی ئابوورییەوە وەکو ئێستا باش نەبووین، بەڵام بە نزیکەیی وەکو ئێستا بووین، ئەمریکییەکان هاتن بە ئێمەیان گوت و رازییان کردین کە عێراقێکی نوێمان لەپێشە کە ئەساسەکەی دیموکراسییەت و فیدراڵییە، ئێمە وەکو کورد، بەتایبەتی سەرکردایەتیی کورد، بە رەحمەتبێ مام جەلال و تەمەن درێژبێت جەنابی سەرۆک بارزانی، ئەوەی کە پێویستبوو بۆ عێراقی نوێ، هیچ قسووریمان نەکرد.
ئێمە بەو هیوایە بووین کە عێراقێک دابمەزرێ کە کۆتایی بەو نەهامەتی و ماڵوێرانییە بێنێت کە بەسەر کورددا هاتووە. ئەگەر پرسیارەکە ئەوەیە کە دوای 22 ساڵ چ دەستکەوتێکمان بەدەستهێناوە؟ بە رای من خودی دەستووری عێراق وەکو وەرەقەیەک دەستکەوتێکی گەورە بوو بۆ هەرێمی کوردستان، نابێ ئێمە بە کەم سەیری بکەین.
ئەو بەڵگەیەی کە دان بە هەندێک لە مافەکانی کورد و هەموو پێکهاتەکاندا دەنێت نەک تەنیا کورد، نابێ ئەوە بە کەم بزانین، دەبێ بە دەستکەوتێکی گەورەی بزانین، بەڵام کێشەی گەورە ئەوەیە کە ئایا ئەم دەستوورە جێبەجێ کراوە؟ دەتوانم بە نەخێر وەڵامی ئەو پرسیارە بدەمەوە.
هەموو ئەم کێشانەی کە ئەمڕۆ ئێمە لە کوردستان دەیانبینین.. لەگەڵ بەغدا لەسەر نەوت، بودجە و مادەی 140 و پێشمەرگە، هەمووی سەرچاوەی یەک شتە، ئەویش ئەوەیە کە تاوەکو ئێستا دەستووری عێراق وەکو خۆی جێبەجێ نەکراوە. وەزعی عێراق بەو شێوەیە؛ ئەگەر تۆ پرسیار لە شیعەکانی عێراق بکەیت، هەمیشە مەترسییان لە رابردوو هەبووە، رابردوو وابوو و وایان بەسەرهێناین. پرسیار لە سوننە بکەیت دەڵێن، داهاتوو روون نییە. پرسیار لە کوردیش بکەیت دەڵێ: نە رابردوو، نە ئێستا و نە داهاتووش.. ترسی هەیە، ترسی هەیە ئەمە بەرەو کوێ دەڕوات.
پێموایە ئەگەر بمانەوێ عێڕاقێکی خۆشگوزەران لە رووی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابوورییەوە ببینین، مەرجی یەکەم پابەندبوونە بە دەستووری عێراق. 80٪ی گەلی عێراق دەنگیان بە دەستوور داوە، ئێمەش دەنگمان بۆی داوە. زۆر باش بە بیرم دێ ئەوکاتەی کە دەستوور نووسرا، جەنابی سەرۆک بارزانی لە بەغدا گەڕایەوە، گوتی: "هەموو مافەکانی ئێمەی تێدا نییە، بەڵام دەستکەوتی گەورەشی تێدایە".
گەورەترین کێشەی عێراق ئەوەیە کە تاوەکو ئێستا کەس نازانێت سیستمی عێراق فیدراڵییە یان ناوەندییە. لە رووی پراکتیزەکردنی رۆژانە زۆر زۆر مەرکەزییە، لە سەرەوە پێی دەگوترێ عێراقی فیدراڵی، بەڵام لە ناوەڕۆکدا عێراق هەموو شتێکە بەس فیدراڵیی نییە.
ئەوەی لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەیکەن، لە هیچ سیستمێکی فیدراڵی نابینرێت، ئەوەی کە عێراق لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەیکات، مەرکەزییەتێکی زۆر بەهێزە.
جارێکیان لە کۆبوونەوەیەک لەگەڵ ئیتاری تەنسیقی (چوارچێوەی هاوئاهەنگی) کە لە هێزە شیعییەکان پێکهاتووە، گوتم: براینە با من راشکاوبم لەگەڵتان، ئێوە کە سەیری هەرێمی کوردستان دەکەن، نەک پێتان وایە کە تەسەڕوفاتی هەرێمی کوردستان هی وڵاتێکی فیدراڵ نییە، بەڵکو خۆتان بە دەوڵەتێکی خاوەن سەروەریی دەزانن، بەڵام ئەوەی کە ئێمەش لە هەولێرەوە سەیری ئێوە دەکەین، رەفتاری ئێوە لەگەڵ هەرێمی کوردستان ئەوەندە مەرکەزییە، هەموو شتێکە بەس فیدراڵی نییە. با دابنیشین پێکەوە بزانین لەکوێ ئێمە یەکدی دەگرینەوە. هەرێمی کوردستان ئێستاش خوازیاری ئەوەیە (من ئەو قسەیەم چەندین جار گوتووە و ئێستاش دووبارەی دەکەمەوە) بە باوەڕ بەخۆبوونەوە ئەو قسەیە دەکەم کە هەرێمی کوردستان پێیوایە عومقی ستراتیژی هەرێمی کوردستان؛ بەغدایە.
ئەمە نە بۆ سیاسەتە و نە بۆ موجامەلەشە، دەبێ ئێمە لەگەڵ بەغدا بگەینە نەتیجە. جەنابت باسی هەڵبژاردنەکانت کرد، ساڵی 2005 قۆناخێک بوو لە عێراق کە سیستمی دیموکراسی لەم وڵاتە تەبەنی کرا، دیموکراسی هەر ئەوە نییە کە چوار ساڵ جارێک بچیت لە هەڵبژاردندا بەشداربیت، لەگەڵ ئەوەشدا پرۆسەیەکی کەم نییە. ئەمڕۆ سەرۆکوەزیرانی پێشوو ئەمڕۆ وەکو کەسێکی ئاسایی بینیم، ئەمە گۆڕانێکی زۆر گەورەیە لە عێراق، عێراقییەکان ئەمەیان نەدیوە، هەر بینیویانە یەک کەس حوکمیانی کردووە.
پرۆسەیەکی دیموکراتی لە عێراقدا هەیە، بەڕاستی دەبێ ئێمە دەستخۆشی بکەین بۆ ئەمە، بەس ئەمە کافییە یان کافیی نییە، بابەتێکی دیکەیە.
دیموکراسییەت پاکێجێک نییە بە دیاری بیبەیت بۆ وڵاتێک، غەڵەتی گەورە کە لە 2003 کرا، پێیان وابوو کە دیموکراسییەت هەدیەیە، دیموکراسییەت ژیانی رۆژانەیە، ئایا دیموکراسییەتی کوردستان تەواوە و هیچ کێشەی نییە؟ بەرێوەڵڵا هەیەتی. بەڵام ئێمە پێمانوایە لەسەر رێچکەیەکی دروستین، لەگەڵ هەموو ئەو کەموکوڕییانەی کە هەمانە.
دیموکراسییەک هەدییە نییە بە میللەتێکی بدەیت، پراکتیزەکردنی ژیانی رۆژانەیە، بۆ گەیشتنی میللەتان بەو قۆناخە کاتێکی یەکجار زۆری دەوێ.
پێموایە ئەم هەڵبژاردنەی کە لەپێشـمانە یەکجار زۆر گرنگە، دوای 2005 ئەمە گرنگترین هەڵبژاردنە لە عێراقدا، ئەمە بانگەشەی هەڵبژاردن نییە، دەمەوێ گرنگیی هەڵبژاردنەکە باس بکەم، هەڵبژاردنی 2005 چەند گرنگ بوو بۆ دیموکراسییەتی عێراق، ئەم هەڵبژاردنەش قۆناخێکی نوێیە لەم وڵاتە کە دەبێ هەموو عێراقییەکان ئەم پرسە زۆر زۆر بە گرنگ بزانن و هەست بەو بەرپرسیارێتییەس بکەن.
زۆرجار لە کوردستان دەڵێن، بۆ لە هەڵبژاردن بەشداربین. کاکە دەبێ بیسەلمێنین سەنگی کورد و پێکەوەبوونی کورد لە بەغدا سەرچاوەی هێزە بۆ هەرێمی کوردستان. دەبێ لە هەرێمی کوردستان چەند گرنگی بە هەڵبژاردنەکانی نێوخۆیی دەدرێت، دەبێ ئەوەندەش بە گرنگییەوە سەیری هەڵبژاردنەکانی عێراق بکات.
دەستوور جێبەجێ نەکراوە.. ئەم قۆناخانەی لەدوای 2005 بەسەر عێراقدا هات، شەڕی نێوخۆ، پرسی داعش و کێشەکانی دیکە.. عێراق بە قۆناخێکی راگوزەردا دەڕوات، راستە ئەو ماوەیە زۆرە و 22 ساڵە، بەڵام بۆ دەوڵەتسازی، پرۆسەیەکی زۆر زۆر نوێیە. دەوڵەتسازی بە رۆژ و دووان یان بڵێی دەبێ لەم کاتەدا جێبەجێ بکرێت، وانییە.. ئەمە دەخایێنێت.
ئەم هەڵبژاردنەی ئێستای عێراق ئێمە دەباتە قۆناخێکی نوێ، ئەو قۆناخە چییە؟ قۆناخی جێبەجێکردنی دەستووری عێراقە. لەبەرئەوەیە ئەم قۆناخە بۆ هەرێمی کوردستان گرنگە. من پێموایە ئێستا بەغدا بە هەموو پێکهاتەکانییەوە درک بەوە دەکات کە دەبێ ئەم قۆناخە دەستپێبکات و بۆ سەقامگیری سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابووریی لە عێراق؛ جێبەجێکردنی ئەو دەستوورە زۆر موهیمە.
پرسیار: بۆچی پەرلەمانی کوردستان کۆنابێتەوە، بۆچی حکومەت پێکناهێنرێت، بۆچی کوردستان ئەم گرفتەی هەیە؟
سەرۆکى هەرێمى کوردستان: پرسیارێکی زۆر بەجێیە.. یەکەم، با من بێمە سەر ئەو هەڵبژاردنەی کە کرا. ئێمە لە هەرێمی کوردستان هەڵبژاردنێکی زۆر سەرکەوتووانەمان ئەنجامدا، بەشداریی خەڵک نزیکەی 72٪ بوو، ئەگەر سەیری ئەوکاتە بکەین کە هەڵبژاردن کرا، هەر لەم شاری هەولێرە لە رۆژێکدا دوو گردبوونەوەی زۆر گەورە روویدا، یەکێکیان پارتی، ئەوی دیکەیان یەکێتی، بەڵام یەک کێشە لە بەینی ئەم دووانە رووینەدا، من ئەمەش بە دەستکەوتێکی گەورە دەزانم بۆ چۆنێتی بیرکردنەوەی خەڵکی ئێمە لەسەر هەڵبژاردن و دیموکراسییەت، لە یەک شاردا ئەم دوو حیزبە گەورەیە بانگەشەی هەڵبژاردن بکەن و یەک موشکیلەش لە نێوانیان روونەدا.
پرۆسەی دروستکردنی حکومەت زۆری خایاند، بەڵام ئەوەی کە موهیمە ئێمە لەگەڵ برایانی خۆمان لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ئێستا پەیوەندیی نێوان ئەم دوو هێزە زۆر باشترە لە جاران، راستە نەگەیشتووینەتە قۆناخی پێکهێنانی حکومەت، بەڵام ئێمە قۆناخی زۆر گرنگمان بڕیوە لەگەڵ یەکدی.
ئێمە روئیای سیاسیی خۆمان بۆ داهاتووی ئەم وڵاتە و چۆنێتی ئیدارەدانی لەگەڵ بەغدا، وەرەقەیەکی هاوبەشمان دروستکردووە. ئەوەی کە ماوەتەوە ئەوەیە؛ چ پۆستێک بۆ کێ؟ من نامەوێ هیچ موبەڕیڕێک بۆ ئەوە بێنمەوە، بەڵام لەسەر ئەوە زۆری خایاند و نامەوێ دیفاع لەمە بکەم.
پێموایە دەبوو زووتر حکومەت پێکبهێنین، بەڵام هەندێ واقیع هەیە دەبێ ئەوانەش ببینین، من هیوام دەخواست هەر مانگی دووەم و سێیەم حکومەت پێکهێنرابا، بەڵام هەندێک ئاستەنگ و بێ متمانەیی هەیە دەبێ ئەمانە عیلاج بکرێن، بەڵام لەگەڵ ئەمە هەر هەموویاندا، لە زۆر شت کە پەیوەندیی بە دەستکەوتی هەرێمی کوردستانەوە هەیە ئێمە کۆدەنگین لە بەغدا.
ئەوەی کە کاک بافڵ گوتوویەتی، کاکە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هاوبەشی سەرەکیی ئەم حکومەتەیە، چاودێر نییە، بۆ چاودێرە؟ بەم قسەیە یەکێتی ناتوانێت لە مەسئولییەت رابکات. یەکێتیش بەشدارە لەم حکومەتە، ئەم حکومەتە کە پێشتریش پێکهاتووە، یەکێتی و پارتی و ئەوانەی بەشداربوون مەسئولییەتیان هەیە. پێشموایە پارتی هەست بەوە دەکات کە یەکێتی هاوبەشی سەرەکیی خۆیەتی.
پرسیار: کەواتە ئەوەی من تێگەیشتم ستراتیژیی کورد بۆ قۆناخی داهاتووی عێراق ئەوەیە کە دەستووری عێراق پێویستی بە جێبەجێکردنە.
سەرۆکى هەرێمى کوردستان: ئێمە لەو دەستوورە زیاتر هیچ بەڵگەیەکی یاسایی دیکەمان بە دەستەوە نییە. ئێمە ئەو دەستوورەمان بە دەستەوەیە و ئەوەی ئێستا هەرێمی کوردستان دەیەوێت، جێبەجێکردنی ئەو دەستوورەیە، ئێمە گوتمان قۆناخی 2005 تێدەگەین، عێراق تاوەکو ئێستا لە قۆناخێکی راگوزەردا بووە، کێشەی زۆر بووە، بەڵام دڵنیات دەکەمەوە دوای ئەم هەڵبژاردنانە هیچ پاساوێک نییە بۆ جێبەجێنەکردنی دەستوور. کاری ئێمە بووەتە ئەوەی کە ئەرێ کەی مووچە لە بەغدا دێت، بە راستی نابێ ئەوە ببێتە کێشەی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەغدا. ئەگەر هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستانیش بەشێکن لە هاووڵاتییانی عێراق و مووچەخۆرانی عێراق بە هیچ شێوەیەک نابێت ئەم بابەتە ببێتە کێشە لەنێوان ئێمە. بەڵێ ئێمە دەڵێین دوای ئەم قۆناخە، دوای ئەم هەڵبژاردنە هەرێمی کوردستان بە هەموو پێکهاتەکانییەوە داوای جێبەجێکردنی دەستوور دەکات. دەیەوێت ئەو دەستوورەی هەیە [جێبەجێ بکرێت]. هەستیش بەوە دەکات ئەو دەستوورە ئێمە مافمان هەیە و ئەرکیشمان لەسەرە. هەردووکیمان هەیە، ئەمە لەوە تێدەگەین. من پێموایە ئەم قۆناخە ئێمە بەو شێوەیە دەمانەوێت.
پرسیار: لە ئاستی هەرێمی کوردستان پێکهێنانی حکومەت دەبینین بەر لە هەڵبژاردنی عێراق؟
سەرۆکى هەرێمى کوردستان: باوەڕ ناکەم.
پرسیار: گۆڕانکاری دەبینین لە ئەنجامی ئەو هەڵبژاردنەی کە بەڕێوەیە؟
سەرۆکى هەرێمى کوردستان: پڕۆسەی هەڵبژاردن و دیموکراسی لە عێراق، لە قۆناخێکی راگوزەردایە، بەڵام ئەگەر دۆخی عێراق بەراورد بکەین و ئێمە واقیعبین بین، بۆ نموونە ئایا دۆخی ئێستای عێراق وەکو شەش ساڵ لەمەوپێشە؟ ئەگەر سەیری بکەین لە هەموو روویەکەوە بەرەو باشتربوون رۆیشتووە. ئێستا لەنێو شاری بەغدا، وەکو نموونە بەغدا کێشەی ئەمنی نییە. شەش ساڵ لەمەوپێش زۆر زەحمەت بوو ئێمە باسی ئەوە بکەین. ئێستا گەورەترین کێشەی بەغدا ترافیکە. کەواتە لەوانەیە پێشکەوتنەکان زۆر هێمن و لەسەرخۆ بن، بەڵام ئێمە دەبینین، نابێ ئەو شتانەی کە بەدی هاتوون و بەدی دێن، بە کەمیان ببینین. خەڵک مافی خۆیەتی داوای شتی زیاتر بکەن، گەنجان مافی خۆیانە داوای شت بکەن. ئەمە شتێکی زۆر ئاساییە، بەڵام من پێموایە پڕۆسەی عێراق کە پڕۆسەیەکی زۆر ئاڵۆز بووە، ئێستا ئەگەر بەراورد بکرێت بە چەند ساڵ لەمەوپێش، دەبینین کە بەرەو باشتربوونە. سەرۆکوەزیرانی ئێستای عێراق زۆر جەختی لەوە کردەوە کە دەبێ خزمەتگوزاری پێشکێش بکرێت و ئێستا دەبینین لە هەموو شوێنەکانی عێراق پرسی خزمەتگوزاری زۆر باشترە لە چەند ساڵ لەمەوپێش.
لەڕووی سیاسییەوە باوەڕ ناکەم گۆڕانکارییەکی زۆر گەورە بکرێت، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە ئەگەر هەڵبژاردن نەکەین، جێگرەوەی چی دەبێت؟ عێراق تازە ناگەڕێتەوە بۆ حوکمی دیکتاتۆرییەت و بگەڕێتەوە بۆ حوکمی تاکەکەسی، ئەمە تەواو بووە لە عێراق. ئەوەی کە هەیە میکانیزمی گۆڕان لە عێراق ئێستا لە عێراق هەڵبژاردنە. هەڵبژاردنیش ماف بە هەموو کەسێک دەدات کە بەشدار بێت بۆ ئەو گۆڕینەی کە خۆی مەبەستیەتی. بە رای من، پڕۆسەی هەڵبژاردنیش لە عێراق بۆ دیموکراسییەتی ئەم وڵاتە و جێگیربوونی زیاتری دیموکراسی زۆر گرنگە بکرێت. لەنێو عێراقیشدا دووبارە دەبێت ئێمە شتەکان بڵێین ئێستا و بەر لە ئێستا.
من پێموایە گەورەترین کێشە ئەوەیە کە ئێمە دامەزراوەی زۆر رێکوپێکمان نییە. لە عێراق دامەزراوە نییە. لە نەبوونی دامەزراوەکان ئەوەی هەیە و نییە ئەو میدیا سەقەتەیە. بۆ نموونە بێهوایی بڵاودەکەەنوە، خەڵک بێئومێد دەکەن لە داهاتوو و عێراقیش بە شێوەیەکی گشتیی هەر هەموو دامەزراوەی نییە کە بتوانن وەڵامدەرەوە بن. من پێموایە تەرکیزی گەورە لە عێراق دەبێت لەسەر بە دامەزراوەییکردنی ئەم وڵاتە بکرێت، نەوەک بە شەخسیکردن. واتا ئێستا هەموو تەرکیزەکە لەسەر ئەوەیە لە هەیبەت و شکڵی فڵان کەس و کاریزمای فڵان کەس، ئەمانە دەبێت کۆتاییان پێ بێت. عێراقیش کە بەرەو دیموکراسی دەڕوات لە بەغدا و هەولێر و تاوەکو دەگاتە هەموو شوێنەکانی عێراق، دەبێ دامەزراوەی دەوڵەت بەهێز بن. لە نەبوونی دامەزراوەکانی دەوڵەت، ئەو بێ هیواییانە دروست دەبن، ئەوانەی کە ئێستا جەنابت ئاماژەت پێدان. لە هەموو روویەکەوە پڕۆسەی عێراق پڕۆسەیەکی ئاڵۆزە، هەموو کات دەبێت بەراورد بکرێت لەگەڵ پێشتر کە بەراوردی دەکەیت، رێچکەی چوون بەرەو چارەسەری کێشەکان باشترە لە پاشەکشە.
پرسیار: نەوەی نوێی سەرکردایەتیی عێراق کێ دەبێ؟
سەرۆکى هەرێمى کوردستان: خۆی مەرج نییە ئێمە باسی ناو بکەین. فڵان دەبێ یان فڵان دەبێ. ئێمە دەبێ باسی رەوتێک بکەین. جەنابت نموونەیەکت هێنایەوە لەوەی چییە ئەو تشرین و ئەوانە، بەڵام ئەوانە قسە و دروشمەکانیان ناواقیعی بوو. واتا ئەو دروشمانەی کە هەڵیان گرتبوو بۆ گۆڕان لە عێراقدا واقیعی نەبوون، لەبەر ئەوە شکستیان هێنا. دەیڕووخێنین! چی دەڕووخێنیت؟ ئەو رووخاندنە کێشە دروست دەکات، چونکە کاتێک بوو بە حیزبایەتی، هەر حیزبێک بەشی خۆی لایەنگری هەیە کە رێگە نەدات ئەو رووخانە رووبدات، بەڵام ئەگەر بە کردەوە ئاراستەی قسەکان بۆ ئەوەیە کە دەیانەوێت عێراق بەرەو باشتر ببەن، من پێموایە ئەوان هەر لە دەستپێکردندا بە هەڵە رەفتاریان کرد لەگەڵ هێزەکانی دیکە.
لەم پڕۆسەیەدا بێگومان ئەوەی کە مەترسییە بۆ عێراق، نەوەی نوێ نییە کە دێن و وردە وردە دێنە پێشەوە و سیاسەت دەکەن. ئەوەی کە مەترسییە لەسەر عێراق ئەو هێزانەن کە لە دەرەوەی یاسا چەکیان هەیە. ئەوانە مەترسین لەسەر عێراق و داهاتووی عێراق. نە تشرین مەترسین و نە کەسی دیکە متەرسین، بەڵکو ئەو هێزانە مەترسین و دەبنە بەڵایەکی گەورەش بۆ داهاتووی عێراق.
پرسیار: چۆن دەکرێت دەرگە بۆ گەنج بکرێتەوە کە بێتە نێو پڕۆسەی ئابووری و سیاسیی وڵات؟
سەرۆکى هەرێمى کوردستان: ئەوە ئەو ریفۆرمانەن کە هەر کەسێک کە ببێتە سەرۆکوەزیران دوور لەوەی کە حیسابی ئەوە بکات کە جارێکی دیکە هەڵدەبژێردرێتەوە یان نا دەبێ هەندێک بڕیاری زۆر قورس بدات. عێراق وڵاتێکە زۆر سەیرە، بۆ نموونە وڵاتێکە تەنیا بۆ دابینکردنی مووچەی مانگانە، نزیکەی شەش ملیار دۆلار پێویستە. لە کوێی جیهان ئەمە هەیە. حکومەتی داهاتووی عێراق پێویستە زۆر بە جدی هەوڵ بدات چاکسازیی جدی لەنێو دامەزراوەکانی حکومەت بکات. داینەمۆی پێشکەوتنی هەر وڵاتێک کەرتی تایبەتی ئەو وڵاتەیە. ئێمە لە ساڵی 2002 یان 2003 کەرتی تایبەتمان زۆر لاواز بوو، ئێستا باشترین. ئێستا حکومەتی هەرێمی کوردستان بیر لەوە دەکاتەوە کە یاسا دەربکات بۆ ئەوانەی کە لە کەرتی تایبەتیشن چۆن خانەنشین بکرێن. واتا ئێمە گەیشتووینەتە ئەو قۆناخە کە ئێستا باس لەوە دەکەین.
هێزی گەنجانی عێراق هێزێکی گەورەیە و ساڵانەش یەک ملیۆن کەس زیاد دەکات، ئەو حکومەتەی کە من باسم کرد کە ئەم هەڵبژاردنە بۆچی گرنگە، ئەم هەڵبژاردنە گرنگە، چونکە ئەگەر 10 ساڵ یان 15 ساڵ لەمەوپێش لەنێو خەڵک پرسیارت کردبووایە چی لە هەموو شتێک گرنگترە، دەیانگوت، ئاسایش، ئێستا ئەوەیان لەبیر چووە. ئێستا قۆناخەکە وایە کە خەڵک دەڵێت، هەلی کار. خەڵک دەڵێت چۆنێتیی بەشدارکردنی گەنجان لەوە. عێراق ئەو قۆناخەی جێهێشت.
ئەم قۆناخەی ئێستای عێراقی دوای ئەم هەڵبژاردنە، رێک گرنگییەکەی بۆ ئەوەیە کە دەبێت قۆناخێکی سەرەتایەکی نوێ لە عێراق دەستپێبکرێت بۆ چاکسازیی جدی. ناکرێ وڵاتێک مانگانە شەش ملیار دۆلار تەنیا بدات بۆ مووچە. نییە شتی وا لە جیهاندا نییە. زوو یان درەنگ ئەم وڵاتە تووشی کێشەیەکی گەورە دەبێت.
کێشەیەکی گەورە. واتا ئێستا بۆ نموونە جەنابت تەنیا بیر لەوە بکەوە سبەی بە هەر هۆکارێک، نرخی نەوت دابەزێت لە 50 دۆلار بۆ خوارەوە، چی روودادەت لەم وڵاتە؟ کارەساتێکی گەورە روودەدات، ئینجا ئەوەی کە دەبێتە سەرۆکوەزیران و ئەو حکومەتەی کە پێکدەهێنرێت دوای ئەوە، یەکەم شت دەبێ چاکسازیی گەورە لەنێو دامەزراوەکان بکرێت. ئێستا لە عێراقدا بۆ نموونە باسی کارەبا دەکەیت، پاڵپشتیکراوە، باسی نەوت و گاز و نازانم فڵان شت دەکەیت، پاڵپشتکراوە.
وڵات بەو شێوەیە بەڕێوەناچێت. دەبێت ئەوانە بیر لەوە بکەنەوە دوای ئەمە ئێمە چۆن عێراق بەرەو کەرتی تایبەت و دەرفەت بدرێتە کەرتی تایبەت یاسای بۆ دابنرێت. سیستەمی بانکیی عێراق رێکوپێک بکرێتەوە. ئێستا عێراق بۆ هەر شوێنێک دەڕۆیت دەڵێن، داوا دەکەین بێن وەبەرهێنان بکەن لە وڵات. وەڵڵا کەس نایەت، چونکە قەناعەتیان نییە، چۆن بێت؟ خەڵک لە دەرەوە کە دێت وەبەرهێنان لە وڵاتێک بکات، یەکەم شت دەبێت بزانێت ژینگە یاساییەکەی چۆنە.
یاسای وەبەرهێنانی عێراق یاسایەک نییە خەڵک هان بدات بۆ ئەوەی بێن لەم وڵاتە وەبەرهێنان بکەن. پرسیاری دووەم، ئەگەر کێشەیەکی یاسایی هەبوو ئەرێ ئەو متمانەیە بە دادگەی عێراقی [هەیە؟]؛ بێگومان من باسی هەمووی دەکەم، باسی هەموو لایەک و باسی خۆشمان دەکەم. دادگای عێراق ئەوەندە جێگەی متمانەیە کە خەڵک بتوانێت سکاڵای خۆی بباتە دادگە؟
سیستمی بانکیی عێراق ئەوەندە رێکوپێکە؟ خۆ عێراق تەنیا وڵاتێک نییە، خەڵک دەتوانێت لە هەر شوێنێک وەبەرهێنان بکات.
پرسیار: هەموو ئەو خاڵانەی کە جەنابت فەرمووت بەجێن، بەڵام گەندەڵیش یەکێکە لەو کێشانەی کە وەبەرهێنەرانی ئەمریکا و ئەوروپا لە هەرێمی کوردستان و عێراق بە کێشەی دەزانن. جەنابت چارەسەری گەندەڵی لە چیدا دەبینیت؟
سەرۆکى هەرێمى کوردستان: ناتوانم بڵێم گەندەڵی نییە. ناتوانم ئەوە بڵێم بە هیچ شێوەیەک گەندەڵی نییە، بەڵام وەکو گەندەڵی شتێک نییە تۆ بە شەو و رۆژێک چارەسەری بکەیت.
پرسیار: هەوڵ هەیە؟
سەرۆکى هەرێمى کوردستان: هەوڵ هەیە بۆ گۆڕینی یاسا. هەوڵ بۆ شەفافییەتی زیاتر هەیە. بەڵێ ئەوەی لە هەرێمی کوردستان هەیە، دەبینین هەوڵێکی زۆر هەیە بۆ ئەوە. لە عێراقیش ئێستا هەوڵی زۆر هەیە بۆ ئەوە، بەڵام ئایا بە شەو و رۆژێک دەتوانن ئەم شتانە چارەسەر بکەن؟ بە رای من نا، ئەمە بابەتێکە پەیوەندی بە کولتوور هەیە، پەیوەندی بە زۆر شتی کۆمەڵایەتی هەیە، دەبێت لەسەرخۆ لە چوارچێوەی پرۆسەیەکدا چارەسەر بکرێت.
پرسیار: ئێمە دەچینە قۆناخێکەوە لە ناوچەکە و لە جیهاندا کە درۆن و هێرشە درۆنییەکان خەریکە دیپلۆماسیەت ئاسایش و ئابووری دەگۆڕن، خەریکە ئابووری دەگۆڕێت. هەرێمی کوردستان چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم مەترسییە دەکات؟
سەرۆکى هەرێمى کوردستان: کاکە ئەوانەی ئەورووپا هیچ نەبێت، تەقەمەنییان پێ نییە، ئەوانەی کە لە هەرێمی کوردستان دەدەن هەموویان تەقەمەنی (قومبەلە)یان پێیە، مووشەکییان پێیە.
سەیرکە ئەمە ئێمە دەباتە سەر بابەتێکی دیکە. بۆردوومانکردنی هەرێمی کوردستانیان کرد بە درۆن. لە کۆمپانیاکانی نەوتیان دا. لە فڕۆکەخانەی هەولێر هەوڵ درا. من تەنیا پرسیارەکەم ئەوەیە عێراق چ قازانجێک دەکات لەو شتە؟ قازانجی عێراق چییە؟ ئێمە کە باسی ئەوە دەکەین مەترسیی گەورە لەسەر عێراق ئەو هێزانەن کە لە دەرەوەی یاسان و داواکاریی ئێمە ئەوەیە کە دەبێت ئەوانە بێنە ژێر یاسا و ژێر فەرماندەیی سەرۆکوەزیران کە فەرماندەی گشتیی هێزی چەکدارەکانە. ئەوەیە داواکاریی ئێمە وەکو هەرێمی کوردستان.
ئەوەی کە لە هەرێمی کوردستان کردیان بەڕای من زەبرێک بوو بۆ هەموو عێراق و کەمتەرخەمییەکی زۆریش کرا لەلایەن بەغداوە بۆ وەڵامدانەوەی ئەو هێزانە. بەغدا زۆر باشتر لە ئێمە دەزانێت کێ ئەو کارەی کردووە، بەڵام دەبووایە هەڵوێستێكی جددیان هەبێت لەسەر ئەو بابەتە، چونکە ئەوە تەنیا هەڕەشە نییە بۆ هەرێمی کوردستان، بەڕاستی ئەوە شکاندنی شکۆی هەموو دامەزراوەکانی عێراقە. ئەوە دژی هەموو دەسەڵاتی عێراقە کە خۆی بە وڵاتێکی [سەربەخۆ دەزانێت]. دژی سەروەریی عێراقە.
با من بەو شێوەیە قسە بکەم، ئێمە کە دەچینە بەغدا سەعاتێک وانەمان پێدەڵێن لەسەر سەروەریی عێراق و فڵان، بەڵام کە دێتە سەر ئەو شتانە زۆر بە ئاسایی وەردەگیرێت هێزێکی چەکدار بێت و بە درۆن هێرش بکاتە سەر هەرێمێک، کە بەشێکە لە عێراق و وەڵامدەریش نەبێت و کەسیش پرسیار نەکا. پرسی درۆن بە شێوەیەکی گشتی ئێستا بووەتە کێشەیەکی گەورە، بەڵام ئەو کێشەیە لە عێراقدا ئەوە نییە کە خەڵکێک بەکاری دەهێنن، بەڵکو هێزێکی چەکدار ئەمانە بەکاردێنن کە مووچەی خۆی لە حکومەتی عێراق وەردەگرێت. مەترسییەکە لەوەدایە. لە خودی دامەزراوەکانی حکومەتی عێراق پارە وەردەگرن، هەر ئەو هێزانەن کە درۆن دژی هەرێمی کوردستان بەکاردێنن. ئەمە دەبێت رابوەستێت کە رانەوەستا بێگومان هەرێمی کوردستانیش دژکردەوەی دەبێت.
پرسیار: بە چی راوەستێت؟
سەرۆکى هەرێمى کوردستان: راوەستانەکە ئەوەیە دەبێ بێنە ژێر چەتری یاسا، بێنە ژێر رکێفی یاسا، بێنە ژێر فەرماندەیی سەرۆکوەزیران کە فەرماندەیی گشتی هێزی چەکدارەکانە. بەوە رادەوەستن. ئەگەر نا وەکو گوتم ئەوەنییە هەرێمی کوردستانیش هەر دەستەوەستان بێت، ئەمە بەو شێوەیە ناچێتەسەر.
پرسیار: ئەگەر بچمە سەر ئاستی هەرێمی کاک نێچیرڤان، ئێمە باسی 2005ـمان کرد کە ئەمریکا و ناوچەکە لە ئاستێکدا بوو، ئێستا دووبارە باسی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستی نوێ دەکرێتەوە. ئەم رۆژهەڵاتی نێوەڕاستی نوێیە، لەوانەیە بەرزترین دەنگ تیایدا قسەی لەسەر دەکات، ئیسرائیلە لەدوای جەنگی غەززەوە؛ بەڵام ئێران، تورکیا، سعودیە، ئیمارات، قەتەر، هەریەکەو دیدی خۆی هەیە بۆ ئەم رۆژهەڵاتی نێوەڕاستی نوێیە. لەم نێوەندا، هەرێمی کوردستان کۆمەڵێک پەیوەندی هەیە و دۆخی خۆی راگرتووە. لە ئێرانەوە دەست پێدەکەین، ساڵی 2005 وەکو باسمکرد پێشتر، لەوە دەچوو کە پەیوەندیی ئێران و هەرێمی کوردستان نزیکتر بێت وەک لە پەیوەندیی هەرێمی کوردستان و تورکیا، ئێستا هەست دەکەی ئەم دۆخە پێچەوانە بووەتەوە، ئەم شارە درۆنی بەرکەوت، مووشەکی بالیستیی ئێرانی بەرکەوت؛ پەیوەندیی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئێران لە کوێدایە و چی دەکەن بۆ ئەوەی ئەو جۆرە مەترسییانە کەمببنەوە؟
سەرۆکى هەرێمى کوردستان: لەگەڵ ئێران دوو شت هەن، یەکەمیان ئێران دراوسێیەکی گرنگی ئێمەیە. ئێمە سنوورێکی دوور و درێژمان لەگەڵ ئێراندا هەیە، هەرگیز ئێمە خوازیاری ئەوە نەبووین و نین کە پەیوەندیمان لەگەڵ ئێران تێکبچێت. لە هەمان کاتدا، ئێمە سەرچاوەی هەڕەشەش نین بۆ ئێران. نامانەوێت لە خاکی هەرێمی کوردستانەوە هیچ دژایەتییەکی هیچ دراوسێیەکی ئێمە بکرێت، بە هیچ شێوەیەک. ئێرانیش لە چوارچێوەی ئەو وڵاتانەیە کە نامانەوێت هەرگیز ببینە سەرچاوەی هەڕەشە بۆ ئەو وڵاتە. ئەمە سیاسەتی هەرێمی کوردستانە، ئێمە دەمانەوێت هۆکاری ئاسایش بین لە ناوچەکە نەک هۆکاری تێکدان، ئەمە سیاسەتی هەرێمی کوردستانە. هەر لەو چوارچێوەیە، ئاماژەت بە پەیوەندیی ئێمە دا لەگەڵ ئێران؛ لەڕووی ئابوورییەوە، پەیوەندیی نزیکەی 11 ملیار دۆلاری بازرگانیمان لەگەڵ ئێران هەیە. پێموایە ساڵی رابردوو بوو کە سەردانی ئێرانم کرد، لەدوای ئەو سەردانە لاپەڕەیەکی نوێ لە پەیوەندیی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستاندا کرایەوە. سەرۆککۆماری ئێران هاتە هەولێر، پێموایە ئەوانە گۆڕانکاریی زۆر ئەرێنی بوون لە پەیوەندیی نێوان ئێمە و ئێراندا. دیسانەوە دەیڵێم، ئێران وڵاتێکی گرنگە، ئێمە دەمانەوێت ئەو پەیوەندییەی ئێستا هەیە، زیاتر پەرەی پێ بدەین و بە هیچ شێوەیەکیش هەرێمی کوردستان نابێتە سەرچاوەی هەڕەشە بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران. ئێران لە رۆژە ناخۆشەکاندا هاوکاریی هەرێمی کوردستانی کردووە، ئێمە سوپاسیان دەکەین. دراوسێیەکی گرنگە، دەمانەوێت پەیوەندیی باشمان لەگەڵیان هەبێت. پێموایە، دوای سەردانەکانم بۆ ئێران و لەگەڵ ئایەتوڵڵا خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران دانیشتین، دوای ئەوە من پێموایە جۆری پەیوەندییەکان و سیمای پەیوەندییەکان گۆڕانی باشتری بەسەردا هاتووە.
پرسیار: ئێستا ناوچەکە لە دۆخێکی نائاساییدایە، وڵاتێکی وەکو قەتەر، پەیوەندیی لەگەڵ ئێران باشبوو، ئێران ئەم ساڵ هێرشی کردە سەر خاکی قەتەر، بەرامبەر بە قەتەر نا، بەڵام لەسەر خاکی قەتەر. قەتەر هەروەها رۆڵی نێوەندگیر لە نێوان ئیسرائیل و حەماسدا دەبینێت، قەتەر سەرمایەگوزاری بایی زیاتر لە دوو تریلیۆن دۆلار لە ئەمریکا دەکات. قەتەر هیوای ئەوەی هەبوو، ئەمە ببێتە هۆی پاراستنی، بەڵام ئێستا ئێمە لە جیهانێکدا دەژین کە سەرەڕای ئەو هەموو وەبەرهێنانە، هێشتا مەترسی بنبڕ نابێت. هیوای سەرکەوتن دەخوازم بۆ ئەو پەیوەندییانە. بێینە سەر تورکیا، ئێستا پرۆسەیەکی ئاشتی لە نێوان تورکیا و پەکەکەدا هەیە. ئەمڕۆ قسەکەرمان لەسەر ئەم بابەتە هەبوو، دوێنێ لە پانێڵی جیاوازدا باسیکرا. هەیە بە چاوی هیواوە دەڕوانێتە ئەو پرۆسەیە و دەڵێت، هەرچەندە هێواشیش بێت، دەبێت دەرفەتی پێبدرێت. هەشە رەشبینە و دەڵێت، نەخێر هێواش بووەتەوە و چەقی بەستووە و وەکو ئەوانیدیکە شکست دەهێنێت. هەڵسەنگاندنی جەنابت بۆ ئەم پرۆسەیە چییە؟ هەرێمی کوردستان چ رۆڵێکی دەبێت تیایدا؟
سەرۆکى هەرێمى کوردستان: ئەگەر باسی پەیوەندی بکەم، ئێمە پەیوەندییەکی زۆر دۆستانەمان لەگەڵ تورکیا هەیە. هەم لە رووی ئابوورییەوە، هەم لە رووی سیاسیشەوە، پەیوەندییەکی زۆر جیاوازمان هەیە. هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت لەوەی کە ئەو پەیوەندییە لەگەڵ تورکیا بپارێزێت. سەبارەت بەو پرۆسەیەی لە تورکیا دەستی پێکردووە، ئینجا ناوی هەر چییەک بێت، بە بڕوای من، دوای ئەوەی کە سەرۆکی تورکیام بینی، هەست دەکەم تورکیا زۆر جیدییە لەسەر ئەم پرۆسەیە. پرۆسەکە ئەگەر خاویش بێت، ئەگەر لەسەرخۆش بێت، بەڵام بڕیارێکی جیدی لە تورکیا هەیە کە ئەم پرۆسەیە بە ئەنجام بگات. بەڵام دەبێت پشووی ئێمەش ئەوەندە کورت نەبێت، هەندێک شت هەیە تەنانەت ئەگەر جێی مەترسیش بێت، لایەنی بەرامبەر پێویستە لایەنی بەرامبەر بیکات. ناکرێت کێشەیەک کە ئەوە چەندین ساڵە هەیە، بە شەو و رۆژێک کۆتایی پێبهێنیت. هەندێک جار، هەندێک مەترسیش هەیە دەبێت بیکەیت. قسەی من بۆ برایانی خۆمان ئەوەیە، با ئەوە بکرێت چونکە باشترە، تەنانەت ئەگەر لەسەرخۆش بێت پرۆسەکە. ئێستا وای لێهاتووە، ئەم چاوەڕێی ئەوە شتێکە بکات، لایەنی بەرامبەریش چاوەڕێی ئەوی دیکەیە شتێک بکات. ئەم کێشەیە بەم رێگەیە چارەسەر نابێت. ئێستا هەندێک هەنگاو هەیە، دەبێت پەکەکە ئەو هەنگاوانە بنێت، بۆ ئەوەی پرۆسەکە بگاتە ئەنجام. من نامەوێت بچمە نێو وردەکارییەکانەوە، بەڵام ناکرێت بڵێی ئێمە رادەوەستین بزانین تورکیا چی دەکات، دوایی دێین ئێمە ئەو کارە دەکەین. ئەم بۆچوونە بۆچوونێکی زۆر زۆر هەڵەیە وناگاتە ئەنجام. رۆڵی ئێمە یارمەتیدەرە، لە ئەنقەرە گوتوومانە و لەگەڵ ئەو جەماعەتەش قسەمان کردووە کە دەتوانین چ رۆڵێک ببینین، کە پرۆسەی چەکدانان دەستیپێکرد، داوایان لە ئێمە کرد یارمەتی ئەو پرۆسەیە بدەین، ئەوەی پێویست بوو ئێمە جێبەجێمان کرد. من وای دەبینم ئەم دەرفەتە مێژووییە و نابێت کورد لەدەستی بدات، نابێت بۆ هیچ شتێک لەدەستی بدات. پەیامەکانی سەرۆک ئۆجەلان زۆر زۆر روونن، قەندیلیش رێک دەزانێت دەبێت چی بکات، کە نایکات، ئەمە بێهیوایی دروست دەکات، تەنانەت بۆ سەرۆک ئۆجەلانیش، کە دروست نییە. لە رواڵەت و لە قسە دەڵێن، ئێمە بەقسەی سەرۆک ئۆجەلان دەکەین، بەڵام کە دێتەسەر جێبەجێکردن و پراکتیزەکردنی شت، رێک پێچەوانەکەی دەکەن. ئەمە زیانێکی گەورە بە کورد و بە پرۆسەکەش دەگەیێنێت. کاتی ئەم یارییانە نییە، ئەم یارییانە یارییەکن بەرچاو و دیارن. قسەی من ئەوەیە، برایانمان دەبێت بە جیدی ئەم پرۆسەیە وەرگرن، هەوڵێکی جیدیش بدەن بۆ ئەوەی ئەم پرۆسەیە نەشکێت و بگاتە چارەسەر.
پرسیار: سووریا، سەرکردایەتیی عێراق بە گشتی بە ترسەوە تەماشای سووریا دەکەن، هەست دەکەن تووندڕەویی زیاتر باڵادەست دەبێت، بەڵام جیهانی دەرەوە و ناوچەکە بە دەرفەتی دەبینن و قۆڵیان لێ هەڵماڵیوە بۆ ئەوەی نەهێڵن سووریا بکەوێت و یارمەتی دەدەن. پرسیارێکی دوو بەشەم لە جەنابت هەیە. لە چاوی بەڕێزتەوە، لە چاوی هەرێمی کوردستانەوە، ئێوە ئەوە بە هەل دەبینن، یان بە چاوی ترسەوە تەماشای دەکەن؟ دوو سەبارەت بە رۆژئاڤا، رێککەوتنێک لە نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات و حکومەتی دیمەشقدا هەیە، کە هەردوولا گلەیی دەکەن و دەڵێن، ئەو جێبەجێی ناکات. مەترسییەک هەیە کە تورکیا ئۆپەراسیۆنی چەکداری بکات لەو ناوچەیە. هەڵسەنگاندنی جەنابت چییە؟ چی بکرێت بۆ ئەوەی رۆژئاڤا لەگەڵ دیمەشقدا ئاراستەیەکی ئەرێنی بدۆزنەوە؟
سەرۆکى هەرێمى کوردستان: لەڕووی واقیعییەوە، ئەوەی ئێستا لە سووریا هەیە، من وای دەبینم و دەڵێم، ئەمە دوایین دەرفەتە بۆ سووریا. لەبەر ئەوە من پێموایە، رۆڵی ئێمەش وەکو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئەوەیە، کە چۆن یارمەتی بدەین، ئەم هێزە بتوانێت سووریا بەرەو ئاراستەیەکی دیکە ببات. ئێمە بە چاوی مەترسی سەیری ناکەین. ئێمە دەڵێین خەڵکی سووریا، بەهەموو پێکهاتەکانیەوە شایستەی ژیانێکی باشترە. تووشی نەهامەتی و ناخۆشیی زۆر بوون. ئەو میللەتە بە هەموو پێکهاتەکانیەوە، شایستەی ئەوەیە ژیانێکی باشتریان هەبێت. یەک خاڵ گرنگە، کە ئێمە پێمانوایە خاڵێکی ناکۆکییە تەنانەت لە بۆچوونی ئێمە لەگەڵ دیمەشق، ئەویش ئەوەیە ئێمە پێمانوانییە سووریا بە شێوەیەکی مەرکەزی دەکرێت بەڕێوەببرێت. ئەمە خاڵی ناکۆکە، تەنانەت من خۆم لە کۆبوونەم لەگەڵ سەرۆک ئەحمەد شەرع باسم کردووە و پێم گوتووە.
سووریا بەو پێکهاتانەی کە لە سووریا دەژین، سووریا تەنیا یەک پێکهاتە نییە، بەڵکو کۆمەڵێک پێکهاتەن؛ کورد، درووز، عەلەوی، کریستیان ئەمانە هەموو پێکهاتەی سووریان. کەواتە تۆ بڵێی من ئەو سووریایە بە مەرکەزییەت بەڕێوەدەبەم، بەشار ئەسەد چوو، یەکێکی دیکە هاتە شوێنی و مەرکەزییەتەکە وەکو خۆی دەمێنێتەوە، ئێمە لە هەرێمی کوردستان پشتگیریی ئەم بۆچوونە ناکەین. ئێمە ئەمەشمان بە سەرۆک شەرع گوتووە؛ بەڵام لە هەمان کاتیشدا، خۆ دەبێت دەرفەتێکیش بەمانە بدرێت لە سووریا بزانین سووریا بەرەو کوێ دەبەن. رێی تێناچێت سووریا بە ئاراستەی مەرکەزییەتێکی بەهێز بەڕێوەبچێت. سەبارەت بەوەی کێ گلەیی لە کێ دەکات، من پێموایە هەردوولا لەسەر حەقن. قسەی ئێمە چۆن بووە بۆ برایانی خۆمان لە سووریا، قسەی ئێمە بۆ ئەوان ئەوەبوو، بەزووترین کات بڕۆن بۆ دیمەشق. پەرچەمی نوێی سووریای نوێ هەڵگرن، خۆتان بە خاوەن پرۆسەی سیاسی بزانن، ئۆفیسێک لە دیمەشق بکەنەوە، خۆتان بە خاوەن ماڵ بزانن، با لەناو پرۆسەی سیاسیی سووریادا بەشدارییەکی کاراتان هەبێت. ئێمە ساڵی 2002 و 2003 کاریگەریی زۆر گرنگمان هەبوو وەکو کورد لە بەغدا، زۆریش بە گرنگییەوە چووینە بەغدا. لە هەندێک حاڵەتدا، هێزی پێشمەرگەمان نارد بۆ ئەوەی ببنە هێڵێک لە نێوان سوننە و شیعە بۆ ئەوەی کێشە نەکەوێتە نێوانیان. قسەکەی ئێمە بۆ برایانمان لە سووریا رێک ئەوەیە، بڕۆن بۆ دیمەشق، دیمەشق پایتەختی خۆتانە، وڵاتی خۆتانە، نابێت چاوەڕێی هیچ شتێک بکەن. من نازانم ئێستا ئەوان چاوەڕێی چ دەکەن، چاوەڕێی چ گۆڕینێک دەکەن، پێیانوایە چ گۆڕینێک دەبێت. هەر گۆڕینێک رووبدات، بەرژەوەندیی ئەوان لەوەدایە لەگەڵ دیمەشق رێگەیەک بدۆزنەوە. رێگەی چارەسەر لەگەڵ دیمەشق بدۆزنەوە. ئینجا کێ زووتر دەستپێشخەریی دەکات و کێ چی دەکات. بۆ نموونە، من پێموایە، ئەوەی کە پێیانگوترابوو دەبێت بێن خۆتان لەنێو سوپای سووریادا بتوێننەوە، ئەوە دروست نییە، ئەوە بۆچوونێکی هەڵەیە، هەمووتان یەک یەک وەرن، ئەوە ناکرێت و قبووڵ ناکرێت. دەکرێ لە نێوان ئەوە، شتی دیکە بدۆزنەوە. من بەبیرم دێت ساڵی 2002-2003 گەورەترین کێشەی ئێمە لەگەڵ ئەمریکییەکان ئەوەبوو، ئێوە دەبێت ناوی پێشمەرگە بگۆڕن. باشە گوتیان چی لێبکەین، گوتیان ناویان دەنێین (ماونتن رەینجەرز)، ئینجا دوای سێ رۆژ گفتوگۆ، گوتیان ئەگەر ئێمە وەرگێڕان بۆ ئەو ناوە بکەین، بە کوردی دەبێتە چی؟ جەماعەتی ئێمەش، ئەو کاتە کاک مەسرور بوو، گوتی دەبێتە پێشمەرگە. روویان لە کاک مەسرور کرد، گوتیان تۆ ئینگلیزییەکەت باشە، ئەوە دەبێتە چی ئەگەر بکرێتە کوردی، گوتی وەڵڵا دەبێتە پێشمەرگە. سووریاش ناکرێت، ئێستا ئەم جەماعەتە، لە شەڕی داعشدا شەهیدی زۆریان دا، کارەساتی گەورەیان بەسەردا هات. 10 هەزار چەکداری داعش لە زیندانەکانی هۆلن، تۆ بێیت ئەمانە نادیدە بگری، بڵێی وەرن و مافی ئێمە بدەن و مافی ئێوەش خوا کەریمە، کەس وا ناڕوا. دەبێت سووریایەک بەڕێوەبچێت، نەک مەرکەزی بێت، دەبێت هەموو کەسێکی سووریا خۆیان بە خاوەنی ئەو وڵاتە بزانن، ئەگەرنا مەحاڵە بەڕێوەبچێت.
پرسیار: باشە مۆڵەتم بدە بێمەوە سەر بابەتی دەرزی و سووژنەکە، پەیوەندیی نێوان هەرێمی کوردستان و رۆژئاوا، هەندێک کات گەرم دەیبینین، هەندێک سارد دەیبینین، کێشە چییە؟
سەرۆکى هەرێمى کوردستان: ئەوە ئاساییە، هەندێک جار سارد دەبێت، هەندێک جار گەرم دەبێت، بەڵام لە بنەمادا هیچ ناگۆڕێت. وەکو ئێمە و یەکێتی، هەندێک جار گەرمە و هەندێک جار ساردە، هەندێک جار خەڵک دەترسێن دەڵێن، چ دەقەومێ، بەڵام هیچ ناقەومێ. بە جیدی هیچ ناقەومێ، سەردەمێک دەیانگوت دەبێتە شەڕ، کاکە ئێمە ئەو قۆناخەمان بەجێهێشتووە، ئێمە شەڕی یەکدی ناکەینەوە، سوپاس بۆخوا ئەو قۆناخە لە کولتووری کورد دەرچووە. بەڵام ئایا کێشە نییە؟ ئەرێ وەڵڵا کێشە هەیە، هەندێکجار کێشە زۆرن، بەڵام لە ئەنجامدا رۆڵی ئێمە رۆڵی یارمەتیدەر بووە. داوای ئێمە چییە لە رۆژئاڤا، ئێمە دەڵێین، خۆتان دەتوانن ئیشی خۆتان بەڕێوەببەن. ناکرێت پەکەکە دەستوەردان لە ئیشی رۆژانەی ئێوە بکات، ئەمە گەورەترین کێشەیانە، ناکرێت. دەبێت پەکەکە وازیان لێبهێنێت، پەکەکە وازیان لێنەهێنێت، ئەوان ناگەنە هیچ. دەبێت پەکەکە بەتەواوەتی وازیان لێبهێنێت و ناکرێت دەستوەردان لە شێوەی بەڕێوەبردنی کاروباری رۆژئاڤا بکات.
پرسیار: ئیدارەی ترەمپ بۆ هەندێک وڵات دەرفەتی هێناوە و بۆ هەندێکی دیکەش ئاڵنگاری. پەیوەندی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەمریکا لە کوێدایە، لە کوێ ئاڵنگاری هەیە و لەکوێ دەرفەت هەیە؟
سەرۆکى هەرێمى کوردستان: ئەگەر بتوانم زۆر ئاشکرا وەڵامت بدەمەوە، زیاتر دەرفەتە بۆ هەرێمی کوردستان و بۆ عێراقیش، دەرفەتە. ئێمەش هەروا دەبینین. ئێمە پشتگیری لە سیاسەتی سەرۆک ترەمپ دەکەین بۆ ئاشتی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، پشتگیری لە سیاسەتی دەکەین بۆ ئەوەی ئاشتی بەرقەرار بێت لە غەززە، هەرچی زووە. ئێمە پێمانوایە، وەکو کورد، وەکو ئەمریکا و وەکو عێراقیش، پەیوەندییەکی باشمان لەگەڵ ئەمریکا هەیە، پەیوەندییەک کە شتێکی نوێ نییە، شتێکی کۆنە. لە قۆناخی زۆر ناخۆشدا ئەمریکا یارمەتیی هەرێمی کوردستانی داوە، ئێمە سوپاسیان دەکەین. بەڕاستی، ئێمە بەبێ یارمەتیدانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، لەسەرووی هەموویانەوە ئەمریکا، نەماندەتوانی داعش رابگرین. ئەمە واقیعێکە، ئێمە نەماندەتوانی. بەخوێنی پێشمەرگەبوو، بەڵام بە یارمەتی ئەوان بوو. ئێمە توانیمان داعش راگرین، ئێمە سوپاسیان دەکەین، رۆڵیشیان رۆڵی یارمەتیدەرە بۆ هەرێمی کوردستان. ئەم ئیدارەیە بە سەرۆکایەتیی سەرۆک ترەمپ، وەکو دەرفەت سەیری دەکەین، نەک وەکو ئاڵنگاری.
پرسیار: بێینەوە ناوخۆ، دوا پەیامی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی بۆ میللەتی کوردستان، بۆ سەرکردەی حیزبەکانی کورد و عێراق، هەڵبژاردن لە رێگەیە، بانگەشەی هەڵبژاردن لە رێگەیە، پەیامی کاک نێچیرڤان چییە؟
سەرۆکى هەرێمى کوردستان: ئەگەر بەڕاستی بڵێم، هەروەک لە قسەکانی دەستپێک باسم کرد، دوای ساڵی 2005 گرنگترین هەڵبژاردنی عێراق ئەم هەڵبژاردنەیە، بۆ هەرێمی کوردستانیش وەکو بەشێک لە عێراق، باسم کرد. قووڵایی ستراتیژیی هەرێمی کوردستان بەغدایە، لەگەڵ هەموو ئەو کێشانەی کە لەگەڵ بەغدا هەمانە، هەموو ئەو گلەییانەی کە ئێمە لەگەڵ بەغدا هەمانە، هەموو ئەو گلەییانەی کە بەغداش لە ئێمە هەیەتی لە ئەنجامدا، پاراستنی ئەو قووڵاییە ستراتیژییە لەگەڵ بەغدا گرنگە، سەبارەت بە داهاتووی عێراق ئەم هەڵبژاردنە هەڵبژاردنێکی زۆر گرنگە، بۆ ئایندەی هەرێمی کوردستانیش گرنگە. ئەوەی کە داوا دەکەم ئەوەیە، دەبێت هەموو تاکێکی کورد هەست بە بەرپرسیارێتیی خۆی بکات و نەڵێ بۆ بچمە هەڵبژاردن! دەبێت هەموومان پێکەوە بچینە ئەم هەڵبژاردنە و ئەوەی پێمان بکرێت بۆ سەرخستنی ئەم پرۆسەیە لە کوردستان، بیکەین. ئەوەی کە گرنگە بۆ ئێمە، کۆدەنگییە. شێوازێک بدۆزینەوە چۆن پێکەوە کاربکەین، تەنانەت ئەگەر نەشڵێین کۆدەنگی، مۆدێلێک بدۆزینەوە چۆن هێزە کوردستانییەکان پێکەوە کاربکەین. بە ئۆپۆزیسیۆنەوە، بە دەسەڵاتەوە، بە هەر هەموومانەوە بۆ ئەو شتە گەورانەی کە ئێمە هەمانە لە بەغدا. هیوادارم پشت بەخوا هەڵبژاردنەکان بەباشی بەڕێوەبچن. هیواداریشم عێراق بکەوێتە قۆناخێکی نوێ و سەرەتایەکی نوێ، لە ئاوەدانکردن و لە بە دامەزراوەییکردن و لە چارەسەری ئەو کێش هەڵواسراوانەی کە ئێستا لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەیەتی.
.jpg)
0 لێدوانەکان
Karla Gleichauf
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
M Shyamalan
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
Liz Montano
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment