حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەرکۆنەی هێرشەکەی سەر کونسوڵخانەی ئیمارات لە هەولێر دەکات کوردستانی

نوچەنێت

حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە توندترین شێوە سەرکۆنەی هێرشکردنە سەر کونسوڵخانەی گشتیی دەوڵەتی ئیمارات لە هەولێر دەکات و دەڵێت، "ئەم پەلامارانە پێشێلکردنی ئاشکرای سەروەریی خاکی کوردستان و عێراقە".

ڕۆژی شەممە (2026/3/14) حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیێندراوێکی فەرمیدا ڕایگەیاند، "بە توندترین شێوە سەرکۆنەی هێرشکردنە سەر کونسوڵخانەی گشتیی دەوڵەتی ئیمارات لە هەولێر و تەواوی ئەو پەلامارانە دەکات کە دەکرێنە سەر خاک، دامەزراوەکان و نێردە دیپلۆماتییەکانی هەرێمی کوردستان".

هەروەها حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیێندراوەکەدا ئاماژەی بەوە کرد، "ئەم هێرشە تیرۆریستی و تێکدەرانە، پێشێلکردنی ئاشکرای یاسای نێودەوڵەتی و سەروەریی خاکی هەرێمی کوردستان و عێراقە و هیچ پاساوێک هەڵناگرێت". هاوکات حکوومەت جەختی لەوەش کردەوە، "پێویستە حکوومەتی فیدراڵ بەرپرسیارییەتی یاسایی خۆی هەڵبگرێت و سنوورێک بۆ ئەو هێز و گرووپ و میلیشیا لەیاسادەرچووانە دابنێت کە بوونەتە هەڕەشەیەکی ڕاستەقینە بۆ سەر ئاسایشی خەڵکی کوردستان و عێراق".

لە کۆتایی ڕاگەیێندراوەکەدا هاتووە، لە ئەنجامی ئەم پەلامارە ناڕەوایانەدا، دەیان کەس بوونەتە قوربانی و زیانێکی زۆری ماددی بە هەرێمی کوردستان و عێراق بە گشتی کەوتووە.

 

دەقی ڕاگەیێندراوەکەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان:

حکومەتی هەرێمی كوردستان، بە توندترین شێوە، هێرشکردنە سەر کونسوڵخانەی گشتیی دەوڵەتی ئیمارات لە هەولێر و هەموو هێرشێک بۆ سەر خاک و دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان و کونسوڵخانە و نێردە دیپلۆماتییەکان شەرمەزار دەکات.

ئەم هێرشە تیرۆریستی و تێکدەرانەیەی کە دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان، پێشێلکردنی ئاشکرای یاسای نێودەڵەتی و سەروەریی خاکی هەرێمی کوردستان و عێراقە و هیچ پاساوێک هەڵناگرێت و پێویستە حکومەتی فیدراڵ، بەرپرسیاریەتی یاسایی خۆی هەڵبگرێت و سنوورێک بۆ ئەو هێز و گرووپ و میلیشیا لەیاسادەرچووانە دابنێت کە بوونەتە هەڕەشەیەکی ڕاستەقینە بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان و عێراق بە گشتی و لە ئەنجامی پەلامار و هێرشە ناڕەواکانیان، دەیان کەس بوونەتە قوربانی و زیانێکی زۆر بە هەرێمی کوردستان و عێراق بە گشتی کەوتووە.

 

حکومەتی هەرێمی کوردستان

2026/3/14

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین