فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان: كاراكردنەوەی پەرلەمان مانەوەی قەوارەی هەرێمی كوردستانە کوردستانی

نوچە نێت:

فراکسیۆنی پارتی لە ڕاگەیێندراوێکدا بەهۆی تێپەڕینی دووساڵ بەسەر کارانەکردنەوەی پەرلەمان نیگەرانی خۆی دەربڕی و گووتیشی، كاراكردنەوەی پەرلەمان نابێت ببەسترێتەوە بە هیچ بەرژەوەندییەک و ململانێیەكی سیاسیی و حیزبی، بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمانیش بانگهێشتی سەرجەم فراكسیۆنە بەڕێزەكانی پەرلەمانی كوردستان دەكەین.

ئەمڕۆ سێشەممە (20/10/2026) فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان بە بۆنەی تێپەڕینی دوو ساڵ بەسەر هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند، "ئەمڕۆ دووساڵ تێدەپەڕێت بەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستاندا. ئەو رۆژەی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان بە ئاستێکی بەرزی بەشداریکردن و بە بەرپرسیارێتییەوە دەنگیان دا و ئیرادەی خۆیان بۆ پاراستن و پاشەرۆژێكی پڕشنگدار بۆ هەرێمی كوردستان دەربڕی، بەڵام بەداخەوە تا ئێستا پەرلەمانی كوردستان كارا نییە و نەیتوانیوە بەئەركە یاساییە چاوەڕوان لێكراوەكانی لەسیستەمی حوكمڕانی هەرێمی كوردستاندا هەڵبستێت."

بە گوێرەی ڕاگەیێندراوی فراکسیۆنەکە، پارتی دیموکراتی کوردستان هەمیشە ئامادەی كاراكردنەوەی پەرلەمان و گرێدانی كۆبوونەوەكانی بووە و هەمیشەش خاوەن و پشتگیریكاری هەموو هەنگاو و دەستپێشخەرییەك بووە كە بۆ ئەم مەبەستە پێشكەشكراون "بۆیە بانگهێشتی سەرجەم فراكسیۆنە بەڕێزەكانی پەرلەمانی كوردستان دەكەین، تا هەرچی زووە پێكەوە بە ئەركە مێژوویی و یاساییەكەی خۆمان هەڵبستين و هەنگاو بنێین بۆ تەواوكردنی رێكار و ئەركەكانی دانیشتنی یەكەمی پەرلەمان و هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتیەكەی."

 

دەقی ڕاگەیێندراوی فراكسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان:

ئەمڕۆ دووساڵ تێدەپەڕێت بەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستاندا. ئەو رۆژەی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان بە ئاستێکی بەرزی بەشداریکردن و بە بەرپرسیارێتییەوە دەنگیان دا و ئیرادەی خۆیان بۆ پاراستن و پاشەرۆژێكی پڕشنگدار بۆ هەرێمی كوردستان دەربڕی، بەڵام بەداخەوە تا ئێستا پەرلەمانی كوردستان كارا نییە و نەیتوانیوە بەئەركە یاساییە چاوەڕوان لێكراوەكانی لەسیستەمی حوكمڕانی هەرێمی كوردستاندا هەڵبستێت.

لەو سۆنگەیەوە، ئێمە لە فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان، لە كاتێكدا جەخت لەسەر هەڵوێستی نەگۆڕمان لە رێزگرتنی بنەماكانی دیموكراسی و كارایی دامەزراوەكانی هەرێم دەكەینەوە، دووپاتی دەكەینەوە كە هەمیشە ئامادەی كاراكردنەوەی پەرلەمان و گرێدانی كۆبوونەوەكانی بووین. هەمیشەش خاوەن و پشتگیریكاری هەموو هەنگاو و دەستپێشخەرییەك بووین كە بۆ ئەم مەبەستە پێشكەشكراون، بۆیە بانگهێشتی سەرجەم فراكسیۆنە بەڕێزەكانی پەرلەمانی كوردستان دەكەین، تا هەرچی زووە پێكەوە بە ئەركە مێژوویی و یاساییەكەی خۆمان هەڵبستين و هەنگاو بنێین بۆ تەواوكردنی رێكار و ئەركەكانی دانیشتنی یەكەمی پەرلەمان و هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتیەكەی، وەك سەرەتایەكی گرنگ بۆ كاراكردنەوەی پەرلەمانی كوردستان، و لەپێناو رێزگرتن و بەدەنگەوەهاتنی داخوازیی سەرجەم چین و توێژەكانی هەرێمی كوردستان لە پەلەكردن لە كاراكردنەوەی پەرلەماندا.

هەروەها فراكسیۆنەكەمان، پابەندبوونی خۆى بەرامبەر بە دەنگدەرانی پارتی و جەماوەری كوردستان دووپات دەكاتەوە و پێمان وایە، ئەركی پاراستنی قەوارەی هەرێمی كوردستان و بەرژەوەندییە باڵاكانی، لە ئەستۆی سەرجەم فراكسیۆن و ئەندامانى پەرلەمانە. هەر بۆیەش كاراكردنەوەی پەرلەمان نابێت ببەسترێتەوە بە هیچ بەرژەوەندی و ململانێیەكی سیاسیی و حیزبییەوە، چونكە ئەمە شەرعییەتی دەنگی خەڵك و شەرعییەتی مانەوەی قەوارەی هەرێمی كوردستانە.

لە كۆتاییدا، هیوادارین ئەم دۆخە نالەبارە تێپەڕێت و بە دیدێكی هاوبەش و بۆ پێشخستنی بەرژەوەندیەكانی هەرێمی كوردستان، هەموومان پێكەوە بە كاراكردنەوەی پەرلەمان ڕێز لە ماف و ئیرادەی خەڵكی كوردستان بگرین، و پێكەوە هەنگاو بنێین بۆ قۆناخێكی نوێی كاری پەرلەمانیی و بەرەوپێشبردنی پرۆسەی یاسایی و حوكمڕانی هەرێمی كوردستان لە سەرجەم رووەكانەوە.

فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لەپەرلەمانی كوردستان

20/ 10/ 2026

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین