پەیامی ئۆجەلان لەنەورۆزدا: پێداگریی لەسەر بەردەوامیی سیاسەتە کۆنەکان کارەساتێکی لەگەڵ خۆیدا هێناوە کوردستانی

نوچە نێت

ڕێبەری پارتی كرێكارانی کوردستان (پەکەکە) بەبۆنەی سەری ساڵی نوێی کوردی و جەژنی نەتەوەیی نەورۆز پەیامێکی بڵاوکردەوە، ڕایگەیاند، "نەورۆز ڕۆحی بەرخودان و زیندووبوونەوەی گەلانی ئێمەی ژیاندەوە".

ڕۆژی شەممە (2026/3/21) بە بەشداری هەزاران هاووڵاتی جەژنی نەورۆز لە ئامەدی باکووری کوردستان بەڕێوەچوو، لە ڕێوڕەسمەکەدا پەیامی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری  پارتی کرێکارانی کوردستان خوێندرایەوە، ئۆجەلان لە پەیامەکەیدا دەڵێت، "ئەمڕۆ لاپەڕەیەکی نوێ کراوەتەوە. ڕێگا بۆ گەلانی ئەم ناوچەیە کراوەتەوە کە بە شێوەیەکی ئازاد پێکەوە بژین. ئەو پڕۆسەیەی لە 27ی شوباتی 2025دا دەستیان پێکردووە، ئامانجی ئەوەیە بناغەکانی یەکێتییەک بەگوێرەی ڕۆحی نەورۆز زیندوو بکاتەوە".

ئۆجەلان دووپاتی دەکاتەوە، "با فەلسەفەی "ژن، ژیان، ئازادی" لە هەموو پەیوەندییەکانماندا بخەینە ناو بواری پراکتیکەوە و ژیانێکی ئازاد بەدەست بهێنین. با تێبگەین کە نەورۆز چیتر هیوا، خەون یان تیۆر نییە، بەڵکو ساتی جێبەجێکردنی پراکتیکییە. وەرن با بە هۆشیارییەکی لێهاتوو و قووڵاییەکی تەواوی ماناوە وەڵامی ئەم ساتەی جێبەجێکردنە پراکتیکییە بدەینەوە".

 

دەقی پەیامەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری باڵای پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە):

داستانی نەورۆز بە هەزاران ساڵە لە لایەن گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە وەک جەژنی زیندووبوونەوە، بەرخودان و بەهار پیرۆز دەکرێت. نەورۆز ڕۆحی بەرخودان و زیندووبوونەوەی گەلانی ئێمەی ژیاندەوە.

هێما و کەسایەتییەکانی نەورۆز گیانی ئەم ناوچەیە نیشان دەدەن. دەهاک نوێنەرایەتیی سیستەمی شارستانییەتی دەوڵەتی دەکات؛ ئەو مارانەی سەر شانەکانی کە هەموو ڕۆژێک مێشکی دوو گەنجیان دەخوارد، گوزارشت لە دڕندەیی دەوڵەتی ئاشووری دەکەن، کاوەی ئاسنگەریش ڕەمزی بەرخودانە لە دژی ستەم.

شەڕە ئایینی، مەزهەبی و کولتوورییەکانی کە هەزار ساڵە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەردەوامن، گەورەترین گورزن لە کولتووری ژیانی هاوبەشی نێوان گەلان. هەرچەندە هەر ناسنامە و هەر باوەڕێک هەوڵ بدات پاشەکشە بکاتە ناو قاوغی خۆی و ئەوی تر بکاتە دوژمن بۆ ئەوەی بوونی خۆی بەردەوام بکات، دوورکەوتنەوەی نێوان گەلانی ئێمە قووڵتر دەبێتەوە. بەها هاوبەشەکانمان و کولتووری هاوبەشمان پشتگوێ دەخرێن و جیاوازییەکانمان وەک هۆکاری شەڕ دەبینرێن.

پێداگریی ڕۆژانە لەسەر بەردەوامیی سیاسەتە کۆنەکان لە ناوچەکەدا، کارەساتێکی لەگەڵ خۆیدا هێناوە. ئەو پارچەپارچەبوونەی کە بەهۆی سیاسەتەکانی سەرکوتکردن، نکۆڵیکردن و دوژمنایەتییەوە (بەتایبەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست) دروست کراون، بەداخەوە ئەمڕۆ وەک پاساوێک بۆ دەستێوەردانە ئیمپریالییەکان بەکار دەهێنرێن.

هەرچەندە شەڕە ئایینی و مەزهەبییەکانی کە سێ سەدە لە وڵاتانی ئەوروپادا بەردەوام بوون، بە پەیمانی وێستفالیا لە ساڵی (1648)دا چارەسەر کران، بەڵام بەردەوامیی ئەم ململانێیانە تا ئەمڕۆ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بووەتە هۆی تراژیدیای قووڵ بۆ گەلانی ئێمە. بەڵام ئەمڕۆ دەرفەتمان هەیە کە کولتوور و باوەڕەکان جارێکی تر بتوانن پێکەوە بژین. لە دەستی خۆماندایە کە ژینگەی شەڕ و ئاژاوەیەک کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دروست دەکرێت، بگۆڕین بۆ باخچەی ئازادی بۆ هەموو گەلان. دەتوانین ئەو تراژیدیایانەی کە بەسەرماندا دەسەپێنرێن پێچەوانە بکەینەوە و ژینگەیەکی ئازادی بۆ گەلان بئافرینین.

ئێستا، لاپەڕە شاراوەکانی مێژوو دەردەکەون، ئەگەری ئاشتی لە نێوان گەلان و بنیاتنانی نەتەوەی دیموکراتیک زیاتر دەبێت. هەرچەندە نەریتەکانی دەوڵەتی سوننە و شیعە و نەریتە نەتەوەپەرستییەکان تێدەپەڕێنرێن، دەرفەتی ژیانی ئازاد لە نێوان گەلاندا بەهێزتر دەبێت.

ئەمڕۆ لاپەڕەیەکی نوێ کراوەتەوە. ڕێگا بۆ گەلانی ئەم ناوچەیە کراوەتەوە کە بە شێوەیەکی ئازاد پێکەوە بژین. ئەو پڕۆسەیەی لە 27ی شوباتی 2025دا دەستمان پێکردووە، ئامانجی ئەوەیە بناغەکانی یەکێتییەک بەگوێرەی ڕۆحی نەورۆز زیندوو بکاتەوە.

بۆ ئەم مەبەستەش، دەبێت باوەڕمان بەوە هەبێت کە کولتوور و باوەڕەکان دەتوانن پێکەوە بژین، دەتوانین لە ئایدۆلۆژیا تەسکە نەتەوەپەرستییەکان تێپەڕین و لەسەر بنەمای یەکگرتنی (ئینتەگراسیۆنی) دیموکراتیک ببینە یەک و پێکەوە بوونی خۆمان بنیات بنێین. دەبێت ئەو هۆشیارییە بخەینە ڕوو کە دەتوانین وەک ئەوەی لە مێژووماندا ڕوویداوە، ئەمڕۆش بەسەر هەموو جۆرە شەڕ، هەژاری و دڕندەییەکدا سەربکەوین.

نەورۆزی 2026 بە هەموو گەشیی خۆیەوە، نوێکردنەوەی ئەم مێژوویەیە. مێژوو ئێستا دەردەکەوێت و دەگاتە دەرفەتێکی گەورە بۆ هۆشیاری لەسەر بنەمای ناسنامەی کولتووری ڕاستەقینە. مانا و هێزی نەورۆز وەک "ئێستا" دەچێتە سەر شانۆی مێژوو. نەورۆزی ئەمساڵ و ساڵانی داهاتوو خاوەن گرنگییەکی مێژوویی ئاوەهاین.

نەورۆزی 2026 لە ڕەگەکانی خۆیەوە جارێکی تر زیندوو دەبێتەوە، لە کاتی ئێستاندا بە هەنگاوێکی گەورە بەرەو دیموکراسیبوون و یەکگرتنی دیموکراتیک دەبێتە مۆدێرن؛ ڕەنگی نەورۆز وەردەگرێت. جەژنی نەورۆز، وەک چۆن لە مێژوودا هەبووە، جارێکی تر زیندوو دەبێتەوە، کاریگەریی خۆی لە دڵی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەسەلمێنێت و جارێکی تر وەک هێمای یەکگرتنی دیموکراتیک لە سەرانسەری ناوچەکەدا ڕۆڵی خۆی دەگێڕێت. نوێبوونەوەیەکی گرنگ ڕوودەدات و بەردەوامیش دەبێت.

نەورۆز تا ئێستا بە بەها هێماییەکان پیرۆز دەکرا. ئێستا، نەورۆز نوێنەرایەتی خەونێک یان ئۆتۆپیایەک ناکات، بەڵکو نوێنەرایەتی ژیانێکی کۆمەڵایەتیی پێکهاتوو و پێشکەوتوو دەکات. نەورۆز ئەو ڕۆژەیە کە تێیدا خۆمان هەم لە ڕووی ماناوە و هەم لە ڕووی جەستەییەوە دەناسین.

با لە نەورۆزدا خۆمان لە هەموو ئەو پەیوەندی و مانا ناتەواوانەی کە بەردەوام بێزارمان دەکەن پاک بکەینەوە و با ژیان بە شێوازێکی پەیوەندیی لێهاتوو، بە قووڵایی ماناوە، بە ئەخلاقێکی نوێی ئازادی و بە تێگەیشتنێکی جوانییناسیی (ئەستەتیک) نوێوە لەباوەش بگرین.

با فەلسەفەی "ژن، ژیان، ئازادی" لە هەموو پەیوەندییەکانماندا بخەینە ناو بواری پراکتیکەوە و ژیانێکی ئازاد بەدەست بهێنین. با تێبگەین کە نەورۆز چیتر هیوا، خەون یان تیۆر نییە، بەڵکو ساتی جێبەجێکردنی پراکتیکییە. وەرن با بە هۆشیارییەکی لێهاتوو و قووڵاییەکی تەواوی ماناوە وەڵامی ئەم ساتەی جێبەجێکردنە پراکتیکییە بدەینەوە.

بە بۆنەی جەژنی نەورۆزەوە، لە دەستی خۆماندایە کە ئەم ساڵە بگۆڕین بۆ ساڵێکی ئازادیی ڕاستەقینە بۆ هەموو گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و نەریتی دۆستایەتی و هاوپشتی لە نێوان گەلاندا بنیات بنێین. دەتوانین بە کۆتاییهێنان بە دابەشبوونە نەتەوەیی و ئایینی-مەزهەبییەکان و ململانێی براکوژی، و بە مسۆگەرکردنی یەکێتیی هەموو کولتوور و باوەڕە ئایینییەکان لەسەر بنەمای ئازادی و برایەتی، ئەمە بەدی بهێنین.

لە بەرامبەر ئەو داڕمانە گەورە کۆمەڵایەتی و ژینگەییەی کە لەلایەن مۆدێرنیتەی سەرمایەدارییەوە دروست کراوە، ئێمە بە پشتبەستن بە ڕۆحی ئازادیی نەورۆز، چارەسەرییەکی مۆدێرنیتەی دیموکراتیکمان لەسەر بنەمای سیاسەتی دیموکراتیک، بنەما ژینگەییەکان و ئازادیی ژنان پێشخستووە.

با ڕێگە نەدەین ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە کولتوور دەخوڵقێنێت، لەلایەن هێزە هەژموونخوازەکانەوە بکرێتە گۆڕەپانی شەڕ. وەک چۆن لە مێژوودا ڕوویداوە، ئێمە دەتوانین ئەمڕۆش بەسەر ئەو بەربەستانەدا سەربکەوین کە لەبەردەم ئەم کولتوورە گەورەیەدا هەن، تا بتوانێت بە شێوەیەکی ئازاد گوزارشت لە خۆی بکات و لەسەر بنەمای ناسنامە ڕاستەقینەکانی خۆی یەک بگرێت. کاتێک نەخۆشییەکانی نەتەوەپەرستی و مەزهەبگەرایی لە دوای خۆمان جێدەهێڵین و کولتوورە مێژووییەکەی هاوپشتیی هەزاران ساڵەی نێوان گەلانمان بەهێز دەکەین، هیچ بەربەستێک نامێنێت کە نەتوانین تێیپەڕێنین.

مومکینە مرۆڤ بە ڕۆحی یەکێتییەوە سیاسەتی دیموکراتیک دیاری بکات. ئەگەر بمانەوێت تێکۆشانی هەزار ساڵەی چەوساوەکان تاجەگوڵینە بکەین، شوێنی ئەمە نە لە ڕۆژهەڵات و نە لە ڕۆژئاوا لە ناو ژینگەی کولتووری سەرمایەداریدا نییە، بەڵکو شوێنەکەی ژینگەی ئازادی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە. دەتوانین یەکگرتنی دیموکراتیک لەم خاکەدا لەسەر بنەمای دیدارێکی ڕاستەقینە و مرۆیی، یەکێتی، هاوپشتی و دۆستایەتییەکی نوێ، نوێ بکەینەوە.

جەژنی ڕەمەزان لە گەلەکەمان پیرۆز دەکەم و هیوادارم ڕۆحی جەژن، ئاشتی و یەکێتی گەشە پێ بدات.

نەورۆزی 2026یەکەمجارە لەلایەن گەلانی ئێمەوە بە ڕۆحی یەکگرتنی دیموکراتیک، ئاشتی و یەکێتی پیرۆز دەکرێت. من بە هەموو هێزی خۆمەوە پشتگیری لەم ڕۆح و ئیرادەیە دەکەم و هیوادارم نەورۆزی ئەمساڵ کە بە ڕاستی شایانی ئەوەیە وەک "ڕۆژێکی نوێ" پیرۆز بکرێت، لە ساڵانی داهاتوودا ببێتە هۆی مارشێکی شکۆدار؛ بۆ هەموو گەلانمان ئاواتی ئاشتی دەخوازم. هەمووتان بە خۆشەویستییەوە سڵاو دەکەم.

عەبدوڵڵا ئۆجەلان

زیندانی ئیمرالی

21-03-2026

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین