قوباد تاڵەبانى: ئەرکە لەسەرمان بە یەکڕیزی و هاوبیری کاربکەین بۆ بەهێزکردنی دامەزراوەکان کوردستانی

نوچە نێت:

جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەبۆنەی کۆتاییهاتنی ئەرکی هاوپەیمانان، لە پەیامێکدا ڕایگەیاند، بە سوپاس و پێزانینەوە لە هەموو هاوکارییەکانی هاوپەیمانان بۆ پێشمەرگە و سوپای عێراق دەڕوانین، هەروەها دەشڵێت، "هێزی پێشمەرگەی کوردستان لەوپەڕی ئامادەیی خۆیدایە".

ڕۆژی چوارشەممە (2026/09/30) قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، "لە ڕۆژی کۆتاییهاتنی ئەرکی هاوپەیمانان و کشانەوەی هێزەکانیان لە عێراق و هەرێمی کوردستان، بە سوپاس و پێزانینەوە لە هەموو هاوکارییەکانیان دەڕوانین بۆ هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق لە شەڕی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی عێراق و کوردستان. هەروەها لەم رۆژەدا یادی هەموو شەهیدانی پێشمەرگە و سوپای عێراق و هاوپەیمانان دەکەینەوە و سڵاو بۆ گیانی پاکیان دەنێرین".

جێگری سەرۆکی حکومەت، ئاماژە بەوەش دەکات و دەڵێت، "ئێمە لە هەرێمی کوردستان هاوکارییەکانی هاوپەیمانان لە سێ قۆناغی گرنگ و چارەنووسسازی وەک ڕاگەیاندنی ناوچەی دژەفڕین لە ساڵی (1991) بە تایبەت لەلایەن ئەمریکا و بەریتانیا و فەڕەنسا، ڕووخاندنی ڕژێمی دیکتاتۆری بەعس لە ساڵی (2003) و شەڕی تیرۆیستانی داعش لە دوای ساڵی (2014) هەرگیز لەبیر ناکەین".

قوباد تاڵەبانی ئەم دۆخە بە ساتەوەختێکی مێژوویی گرنگ ناوزەند دەکات و دەڵێت، "کشانەوەی هاوپەیمانان و گەڕانەوەی سەروەریی تەواو بۆ عێراق ساتەوەختێکی مێژوویی گرنگە بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان و هەردوو حکومەتی فیدڕاڵ و هەرێم و هەموو هێزە سیاسییەکانی عێراق و کوردستان و هەموومان لەبەردەم بەرپرسیارێتیی گەورەداین".

هەروەها جەختیش لەوە دەکاتەوە و گوتی، "پێویستە بۆ هاوڵاتییانی عێراق و بۆ کۆمەڵگای نێودەوڵەتیشی بسەلمێنین کە دەتوانین پارێزگاری لە سەروەریی و ئاسایش و سەقامگیری وڵاتەکەمان بکەین، ئەم ئەرکەش بەبێ هاوکاری و پێکەوەکارکردن لەپێناو بەرژەوەندیی گشتی و بەبێ جێبەجێکردنی تەواوەتی دەستوور بەدی نایەت".

جێگری سەرۆکی حکومەت ڕوو لە هێزە سیاسییەکانی کوردستان دەکات و ڕایگەیاند، " لەبەردەم بەرپرسیارێتییەکی مێژووییداین. ئەرکە لەسەرمان بە یەکڕیزی و هاوبیری کاربکەین بۆ بەهێزکردنی دامەزراوە شەرعییەکان و هەنگاونان بەرەو حکومڕانییەکی باشتر و خزمەتگوزار و دادپەروەر، چونکە دواجار دەستکەوتە مێژووییەکانی گەلەکەمان تەنها بە پشتیوانی و بە متمانەی هاوڵاتییانمان دەپارێزرێت".

هاوکات قوباد تاڵەبانی دڵنیایی بە هاوڵاتییان دەدات و ئاشکرای کرد کە، "هاوکاری و هەماهەنگییەکی زۆرباش هەیە لەنێوان هەردوو حکومەتی فیدڕاڵ و هەرێم، هێزی پێشمەرگەی کوردستانیش لەوپەڕی ئامادەیی خۆیدایە و وەک هەمیشە ئامادەیە بۆ پاراستنی خاکی کوردستان و سەروماڵی هاوڵاتییان لە هەرچەشنە هەڕەشە و مەترسییەک گیانفیدایی بکات".

جێگەی ئاماژەپێدانە، ئەمڕۆ (30)ـی ئەیلوولی (2026)، عەلی فالح زەیدی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، کۆتاییهاتنی فەرمی ئەرکی هاوپەیمانانی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی مەترسی تیرۆرستانی داعش لە عێراق ڕاگەیاند.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین