بەبێ هەڵكردنی ئاڵای كوردستان پرۆسەی خوێندن لە كەركووك دەستیپێكرد کوردستانی

نوچە نێت:

نۆژەننەکردنەوەی قوتابخانەکان و نەبوونی مامۆستا و پێشکەشنەکردنی هاوکاری دارایی لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بوونەتە بەربەستی گەورە لەبەردەم پرۆسەی خوێندنی کوردی ناوچە کوردستانییەکان و قایمقامی قەزای خورماتووش دەڵێت، حکومەت ڕێگری دەکات کە ئاڵای کوردستان هەڵبکەین.

ئەمڕۆ یەکشەممە (4/10/2026) ساڵی نوێی خوێندن لە سەرانسەری عێراق دەستی پێکرد و دەرگای زیاتر لە (124) هەزار قوتابخانە بەڕووی زیاتر لە (12) ملیۆن قوتابیدا کرایەوە، بە گوێرەی ئامارەکان تەنیا لە کەرکووک زیاتر لە (104) هەزار قوتابی لەناو (562) قوتابخانە و باخچەی ساوایاندا، لەلایەن (8) هەزار و (200) مامۆستاوە پێشوازییان لێ کرا. ئەم ئامادەباشییە فراوانەش دوای ئەوە هات کە حکومەتی هەرێمی کوردستان توانی بە دابینکردنی ملیۆنێک و (200) هەزار کتێب و پێداویستیی جۆراوجۆر، پرۆسەی خوێندن لەو ناوچانە بگەیەنێتە ئاستی ئامادەباشیی تەواو، هەروەها تۆمارکردنی ڕێژەی سەرکەوتنی (82%) و بەدەستهێنانی پلەکانی یەکەم لەسەر ئاستی عێراق لەلایەن قوتابیانی کوردی ئەو ناوچە جێناکۆکانە، بووە هۆی ئەوەی کە بە لێشاو قوتابییان لە قوتابخانە عەرەبییەکانەوە بەرەو پۆلە کوردییەکان بگەڕێنەوە.

سەرەڕای ئەو خواستە زۆرەی کە بۆ خوێندنی کوردی هەیە، بەڵام هێشتا پرۆسەکە لە بەردەم کۆمەڵێک ئاستەنگی گەورەی وەک کەمیی مامۆستا، بوونی قوتابخانەی سێ دەوامی و چوار دەوام، کۆنی باڵەخانەکان و نەگەیشتنی کتێب بە هەندێک لە ناوچەکان دەستپێدەکات، هەرچەندە خوێندنی کوردی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، لە رووی میلاک، چاپ و دابینکردنی کتێب و پێداویستییەکانەوە بە تەواوی لە سەر ئەستۆی وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستانە، بەڵام کێشەی میلاکی بەغدا و نەبوونی هاوکاریی حکومەتی فیدراڵ هێشتا بارگرانییەکی گەورەی لە سەر پرۆسەکە دروستکردووە.

 هەر لەم بارەیەوە کامەران عەلی، بەڕێوەبەری بەشی خوێندنی کوردی لە کەرکووک ڕایگەیاند، (100) باڵەخانەی قوتابخانەکانمان پێویستیان بە نۆژەنکردنەوە هەیە کە (40)یان زۆر کۆنن، هەروەها نزیکەی (30) تاوەکو (40) قوتابخانەمان سێ دەوامین، کەچی لە دوای ساڵی (2017)ەوە حکومەتی عێراق هیچ یارمەتییەکی خوێندنی کوردی نەداوە و تەنانەت یەک قوتابخانەشی بۆ نۆژەن نەکردوونەتەوە.

بەڕێوەبەری خوێندنی کەرکووک سەبارەت بە کێشەی میلاک، ئاشکرای کرد، کە ئێستا (8200) مامۆستا و فەرمانبەر لە کەرکووک خزمەت دەکەن، هەروەها لە قەزای خورماتوو ژمارەی قوتابییانی خوێندنی کوردی گەیشتووەتە نزیکەی پێنج هەزار قوتابی لە نێو (35) قوتابخانەدا، کەچی زولفەقار حەیدەر قایمقامی قەزای خورماتوو دەڵێت، بە بڕیاری حکومەتی عێراق نابێت لە مەراسیمی کردنەوەی قوتابخانەدا ئاڵای کوردستان هەڵبکرێ و ڕێنماییمان بۆ هاتووە کە دەبێت تەنیا ئاڵای عێراق هەڵبکرێ. لە قەزای شنگالیش، نزیکەی (15) هەزار قوتابی لە خوێندنی کوردی دەخوێنن، لەوێ دۆخەکە بەهۆی کەمیی بینای سەربەخۆ ئاڵۆزترە؛ لە کۆی (70) قوتابخانە تەنیا (26) باڵەخانە تایبەتن بە خوێندنی کوردی و ئەوانی دیکە لە نێو باڵەخانەی قوتابخانە عەرەبییەکاندا دەوام دەکەن.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین