شاندی دارایی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا دەکات کوردستانی

نوچە نێت:

دانوستاندنەکانی دەستپێدەکاتەوە و شاندێکی باڵای هەرێمی کوردستان بۆ گفتوگۆ لەبارەی پشکی هەرێم لە بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی (2027) سەردانی بەغدا دەکات و ئەندامێکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراقیش دەڵێت، ئەوەی تا ئێستا مسۆگەر کراوە تەنیا مووچەی فەرمانبەرانی کەرتی گشتیی هەرێمی کوردستانە.

ئەمڕۆ دووشەممە (12/10/2026) دیلان غەفوور، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، گفتوگۆمان لەگەڵ شاندی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەنجامداوە، کە بڕیارە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا لەبارەی پشکی هەرێمی کوردستان، سەردانی بەغدا بکات، بۆیە ئەوەی تا ئێستا مسۆگەر کراوە تەنیا مووچەی فەرمانبەرانی کەرتی گشتیی هەرێمی کوردستانە و تەواوی دۆسیەکانی دیکەی پەیوەست بە پشکی بودجەی هەرێمی کوردستان بە نادیاری ماونەتەوە، هەرچەندە هەرێمی کوردستان داوا دەکات لەسەر بنەمای ئەنجامی سەرژمێری و دەستوور پشکی هەرێمی کوردستان لە سەدا (14.14) بێت، بەڵام حکومەتی فیدڕاڵ پشکی هەرێمی کوردستانی بە سەدا (12.7) دیاریکردووە.

هاوکات ئامانج ڕەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد، کە ئەو گفتوگۆیانەی لە کۆتایی هەفتەی ڕابردوودا لەگەڵ وەزارەتی دارایی فیدراڵ ئەنجامدران جدی و دروستکەر بوون. بەڵام هێشتا پشکی بودجەی هەرێمی کوردستان لە بەغدا ڕووبەڕووی چەندین ئاستەنگ بووەتەوە؛ سەرەڕای ئەوەی شاندی تەکنیکی و دارایی هەرێم داتایەکی وردی پێکهاتوو لە (١٥) لاپەڕەی پێشکەش بە لیژنەی باڵای ئامادەکردنی بودجە کردبوو بەڵام بەغدا داوای داتای نوێی لە شاندە باڵاکەی هەرێم کردووە.

بۆ چارەسەرکردنی ئەم گرفتە شاندێکی باڵا کە پێکهاتووە لە: ئومێد سەباح، ئامانج ڕەحیم، و عەبدولحەکیم خەسرۆ، بەڕێوەبەری گشتیی بودجە و بریکاری وەزارەتەکانی سامانە سروشتییەکان و پلاندانانیش، بۆ دوایین گۆڕانکارییەکان سەردانی بەغدا دەکەن. 

یەکێکی تر لە مەرجەکان ئەوەیە، کە بەغد داوا دەکات ڕۆژانە (400) بۆ (500) هەزار بەرمیل نەوت رادەست بکات و لە بەرامبەردا هەرێمی کوردستان داوا دەکات بڕی نەوتی رادەستکراو لە نێوان (250) بۆ (280) هەزار بەرمیل بێت. یەکێکی دیکە لە خاڵە ناکۆکەکان پرسی داهاتی نانەوتییە، حکومەتی عێراق داوای ڕادەستکردنی تەواوی داهاتە نانەوتییەکان دەکات و هەرێمی کوردستان پێداگیری لەسەر پاراستنی مافە یاساییەکانی دەکات. بڕیاریشە لەم مانگەدا پڕۆژەیاسای بودجەی گشتی ڕەوانەی پەرلەمان بکرێت.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین