سەرۆک نێچیرڤان بارزانى: هەندێکجار لە دیپلۆماسیەتدا دەکرێت لە رێگەی دیکەشەوە کارەکان بکرێن. کوردستانی

نوچە نێت

سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە کاتی بەشداریکردنی لە دیداری مێری لە هەولێر، تیشکی خستە سەر چەند پرسێکى پەیوەست بە دۆخی ئێستای رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، پرسی کورد لە پارچەکانی کوردستان، هەروەها پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا و هەوڵەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان.

ئێوارەى ئەمڕۆ دووشەممە (2026/10/12) سەرۆکى هەرێمى کوردستان لە پانێلێکدا تیشکى خستە پڕۆسەى ئاشتى و گوتى، بەپێی بەدواداچوون و کۆبوونەوەکانی لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، پرۆسەکە "جیدییە". هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە هەڵوێستی عەبدوڵڵا ئۆجەلان و دەم پارتیش لەم پرسەدا جیدی و ئەرێنییە. گوتیشی: "دوو ساڵە شەڕ راگیراوە و هیچ دایکێک جگەرسووتاو نەبووە، ئەمە دەستکەوتێکی گەورەیە و پێویستە هەموومان پشوودرێژ بین و پشتیوانیی سەرکەوتنی پرۆسەکە بین."

لە تەوەرێکی دیکەدا، سەرۆکى هەرێمى کوردستان دڵنیایی دا کە لەسەر پرسە ستراتیژییەکان، دیدگەی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە یەکترەوە نزیکن و کۆبوونەوەکان بۆ پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوامن. 

سەبارەت بە راپۆرتەکەی ماڵپەڕی ئاکسیۆسی پشتڕاستکردەوە سەبارەت بە نێوەندگیریی خۆی لە نێوان واشنتن و تاران و رایگەیاند کە پەیامەکان گەیێندراون و لەلایەن هەردوولاوە بە بایەخ و پێزانینەوە تەماشاکراوە.

دەقی گفتوگۆکە:

پرسیار: مانگی چوار شەڕ هەبوو، بەداخەوە هەولێر درۆنباران کرابوو، کەواتە دەبێت باسی ئەو بابەتە بکەین. بەڵام لە هەمان کاتدا دەمەوێت باسی عێراقیش بکەین، هەر وەکو چۆن میوانانی پێشتر، لەوانە سەرۆکوەزیران باسی عێراقی کرد. دواییش حەز دەکەم باسی کێشەی کورد، دۆزی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان و ناوچەکەدا بکەین. بەڵام بەراستی پرسیارێک هەیە وا دەزانم لای هەموومان دروست بووە؛ شتێکمان بیست پێش تۆزێک، بەڵام وا دەزانم زیاتر لە 80%ـی هۆڵەکە تێنەگەیشتن بابەتەکە چییە؛ بەسەرهاتی برنۆکە چییە؟ ئەو برنۆیە واتە چی کاک بافڵ باسی کرد؟

سەرۆک نێچیرڤان بارزانی: ئاساییە، کاک قوباد لێرەیە؟ نا زۆر، زۆر ئاساییە. پێموایە لە کۆتایی قسەکانی، کاک بافڵ گوتی: "برنۆکەشم هەر دەوێت"، وانییە؟ ئەو برنۆیە شتێکە لە نێوان کاک بافڵ و جەنابی سەرۆک بارزانی، بەڵێ، لە نێوان خۆیان. لە کۆبوونەوەیەکدا کە منیش هەر سێکمان بووین، کاک بافڵ داوای لە جەنابی سەرۆک کرد؛ دیارە برنۆ جەنابت دەزانیت هێمای دەستپێکردنی شۆڕشی کوردستانە، بەوە دەستی پێکرد لە ساڵی 1961دا، وانییە؟ بە جەنابی سەرۆکی گوت کە من دەمەوێت تۆ برنۆیەکم بە دیاری بدەیتێ، ئەویش گوتی: "باشە". پێموایە کاک بافڵ ئێستاش هەر ئەو باسەی کە کردوویەتی، داوا دەکات بە زووترین کات ئەو برنۆیەی پێ بدرێت. بێگومان ئێمە هەموومان ئەوە بە جەنابی سەرۆکیش دەڵێین و پێموایە جێبەجێش دەکرێت. بەسەرهاتی برنۆکە ئاوایە.

پرسیار: بەسەرهاتی بڕنۆکە؛ ئێستا نزیکەی هەموومان تێگەیشتین، روونی و ئاشکرایی بۆ شتی وا باشە. قوربان، جەنابت هەر وەکو چۆن ژیریی دەستکرد گوتی، ساڵێکت هەبوو کە پڕ بوو لە چالاکی؛ هەم وەکو سەرۆکی هەرێم، هەم وەکو سەرکردەیەکی سیاسیی کورد، هەم بەراستی وەکو خۆت و کەسایەتیی خۆت و پەیوەندییەکانی خۆت. بۆیە دەکرێت ئەم پرسیارانە لە هەر سێ رووەوە لە جەنابت بکەین. ئەم دۆخ و بارودۆخەی ئێستا رۆژهەڵاتی نێوەڕاست پێیدا تێپەڕ دەبێت؛ شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، پرسی هورمز، پرسی کێشەی ئابووریی نێودەوڵەتی کە باس کرا؛ ئەم دۆخ و تەنگژانە شتێکی کاتییە و شەڕێکی دیکەیە وەکو شەڕەکانی دیکە، یاخود جەنابت وای دەبینیت کە سەرەتای قۆناخێکی نوێیە لە سیاسەت و سەقامگیریی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا؟

سەرۆکى هەرێمى کوردستان: خۆی بە دڵنیاییەوە سەرەتای قۆناخێکی نوێیە لە ناوچەکەدا. ئەوەی کە دەستی پێکردووە ئەوە نییە شتێکی کاتی بێت و تەواو بێت، کە بە دڵنیاییەوە ئێمەش وەکو کورد لەمەدا، هەم دەرفەتمان هەیە و هەمیش رەنگە هەڕەشەش هەبێت، بەڵام من پێموایە ئێمە دەتوانین دەرفەتەکان زۆر زیاتر ببینین لەوەی کە هەڕەشە بن بۆ هەرێمی کوردستان و بۆ کورد بە شێوەیەکی گشتی. من خۆم وای دەبینم.

پرسیار: دەکرێت باسی هەڕەشەکانمان بۆ بکەیت؟ یەکەم، دووەم، سێیەم گەورەترین هەڕەشە هەم بۆ عێراق و هەم بۆ هەرێمی کوردستان چین؟

سەرۆک نێچیرڤان بارزانی: گەورەترین هەڕەشە ئێستا بۆ دۆخی عێراق ئەگەر سەیری بکەین، رەنگە زیاتر هەڕەشەیەکی ئابووری بێت؛ واتە پرسی ئابووری و پرسی ئەوەی کە دۆخی عێراق بەرەو کوێ دەڕوات لە رووی ئابوورییەوە. چونکە جەنابت دەزانیت عێراق پشتبەستنێکی زۆری بە هەناردەکردنی نەوتەوە هەیە و لەم شەڕانەدا عێراق لە 90% زیاتر پشتبەستنی بەسەر نەوتەوەیە، تەنیا رێگەی هەناردەکردنی نەوتی کرداریش ئێستا تەنگەی هورمزە. یەکێک لە ئاستەنگە گەورەکان بەردەم عێراق بە شێوەیەکی گشتی ئەم بابەتە ئابوورییەیە. ئەمە یەک.

پرسیار: بەڵێ، هەڕەشەی دیکە؟

سەرۆک نێچیرڤان بارزانی: بێگومان هەڕەشەی دیکە ئەوەیە کە بە شێوەیەکی گشتی لەسەر ئێمەیە، ئایا عێراق و هەرێمی کوردستانیش لەگەڵ عێراق، بەرەو چ سیاسەتێک دەڕوات؟ ئایا ئێمە لە عێراقدا وەکو وڵاتێکی خاوەن سەروەری هەڵسوکەوت دەکەین؟ وەکو وڵاتێکی ئاسایی کە پەیوەندیی هەبێت لەگەڵ دەوروبەری خۆی، پەیوەندییەکی باشی هەبێت لە نێوخۆی عێراقدا و لە دەرەوەی عێراقدا؟ من پێموایە ئەوە گەورەترین ئاستەنگە بە سەبارەت عێراق و هەرێمی کوردستانیش وەکو بەشێک لە عێراق. پێموایە عێراق دەبێت لەم بابەتەدا زۆر بە  جیددی هەوڵ بدات وەکو وڵاتێکی خاوەن سەروەری رەفتار بکات و باشترین پەیوەندیی لەگەڵ دراوسێکانی و لەگەڵ دەرەوەدا هەبێت.

پرسیار: ئەمە هەڕەشەکان، دەرفەتەکان چین؟

سەرۆکى هەرێمى کوردستان: دەرفەتەکان زۆرن. ئەگەر سەبارەت بە کورد هەژماری بکەیت، سرووشتییە دەرفەت هەیە بۆ کورد. بەڵام کورد لە هەر وڵاتێک کە تێیدا دەژی بەپێی تایبەتمەندی و ژیانی کورد لەو وڵاتانە؛ ئەمانە دەرفەتی باشن بۆ کورد هەم لە تورکیا و هەم لە سووریا و تەنانەت لە ئێرانیش دەرفەت هەیە. بەراستی ئەو دەرفەتانە کورد دەتوانێت بیانقۆزێتەوە و دەتوانێت کاریان لەسەر بکات بۆ ئەوەی ببنە دەرفەت بۆ چارەسەری ئەم کێشەیە بە شێوەیەکی گشتی.

پرسیار: من پێم باشە تۆزێک زیاتر قووڵ ببینەوە لە دەرفەتەکان و وڵات بە وڵات پێیدا بڕۆین، چونکە بەراستی کە هەواڵەکان دەخوێنینەوە، ئومێد و هیوا کەمە. تەنانەت کە شیکاری دەکرێت بۆ دۆخی هەرێمی کوردستان، رۆژئاوا بێت، پرۆسەی ئاشتی بێت لە باکوور یاخود رۆژهەڵات و ئێران، هەواڵەکان و شیکارییەکان بە ئەرێنی باسی ناکەن. بەڵام جەنابت دەڵێیت دەرفەت هەیە، پێتان چۆنە ئێمە بێین وڵات بە وڵات باسی بکەین؟ با لە باکوورەوە دەست پێبکەین؛ پرۆسەی ئاشتی لە باکوور لە نێوان پەکەکە و لە نێوان حکومەتی تورکیا، بە خوێندنەوەی جەنابت و بە هەڵسەنگاندنی جەنابت تا چەند رژدە، و تا چەند مەترسیی ئەوەی لەسەرە کە لە رێڕەوی خۆی لابدات؟

سەرۆک نێچیرڤان بارزانی: پێموایە سبەی برای بەڕێزم کاک تونجەل باکرهان پانێڵێکی هەیە و ئەو زیاتر دەتوانێت لەسەر ئەو بابەتە قسە بکات، بەڵام با من بۆچوونی خۆم باس بکەم. سەبارەت بە ئێمە لە هەرێمی کوردستان بەردەوام ئەو پرسیارە هەبووە کە ئایا ئەمە پرۆسەیەکی رژدە یاخود پرۆسەیەکی ناڕژدە؟ پێوەر بۆ ئەوەی رژدە یان رژد نییە زانراوە، واتە پێوەرەکانیش ئاشکران. من خۆم لە رووی کەسییەوە لە بینینەکانم لەگەڵ سەرۆک ئەردۆغان، تەنانەت ئەو کاتەی من لەگەڵ جەنابیان کۆبوونەوەم نەکردبوو، بە تەواوەتی تێنەدەگەیشتم لەوەی کە رژدە یان نا، بەڵام بە راستی لەم دوو ساڵەی رابردوودا ئەوەی من لە سەرۆک ئەردۆغانم دیوە، ئەم پرۆسەیە پرۆسەیەکی رژدە. ئەوەی من لە ئیمڕاڵیشم دیوە و ئەوەی کە بیزانم و ئاگادار بم لە لایەن سەرۆک عەبدوڵڵا ئۆجەلانیشەوە، ئەویش رژدە. برایانی ئێمەش لە دەم پارتی، ئەوان زۆر لە نێو بابەتەکەن و ئەوانیش بە  جیددی دەستیان داوەتە ئەم بابەتە. من پێموایە ئەم پرۆسەیە بە  جیددی بەرەو پێش دەچێت، بەڵام رەنگە گلەیی هەبێت لەوەی کە هەنگاوەکان خاون. بە رای من ئەوە زۆر ئاساییە؛ پرۆسەیەک چل ساڵ کێشە، چل ساڵ شەڕ، چل ساڵ یەکدی نەخوێندنەوە، چل ساڵ نکۆڵیکردن، چل ساڵ بە نەتەوەیەک بڵێیت نیت، واتە ئەم چل ساڵە تۆ ناتوانیت بە شەو و رۆژێک هەموو ئەم کێشانە، پێشبینی ئەوە بکەیت هەمووی بە شەو و رۆژێک چارەسەر ببێت. بەڵام با سەیری پرۆسەکە بکەین؛ لە دوو ساڵدا ئەگەر هیچ نەکرابێت، ئەمە دوو ساڵە دایکان لەوێ جگەرسووتاو نەبوون و کەس نەکوژراوە. ئەمە کەم نییە. دوو ساڵە پرۆسەیەک هەیە، بە خاوی بەڕێوە دەچێت بەڵام شەڕ نییە. کەواتە جەنابت یەک شت بزانە؛ هیچ دەستکەوتێک نەبووبێت، هەر خودی ئەوەی کە تاوەکو ئێستا شەڕ نەبووە، تاوەکو ئێستا کوشتار نییە، تاوەکو ئێستا کێشە نییە، ئەمە دەستکەوتێکی گەورەیە. من ئەمە بە پرۆسەیەکی رژد دەبینم. هەنگاوەکان رەنگە زۆر بەو جۆرە خێرا نەبن وەک ئەوەی ئێمە پێمان خۆشە، بەڵام لەسەر رێڕەوێکی راست و بە ئاراستەیەکی دروست دەڕوات. جا بۆ ئەوەی من ئەوەشتان بۆ باس بکەم، بۆ ئەوەی بە سەرۆک ئەردۆغان بڵێم پرۆسەکە لای ئێمە رژدە و پێمان خۆشە، لە کۆبوونەوەیەکدا گوتم: "جەنابی سەرۆک، جیهان زۆر گۆڕاوە." پرسیاری کرد: "چی گۆڕاوە؟" گوتم: "جەنابت بیری لێ دەکەیتەوە، ئێمەی کورد—ئەو کاتە باخچەلی لە نەخۆشخانە بوو، نەخۆش بوو—گوتم ئێمەی کورد ئێستا نزا دەکەین و دەڵێین با تەندروستیی باخچەلی باش بێت!" گوتم ئەمە نیشانەی گۆڕانە، نیشانەی ئەوەیە کە ئێمە زۆر بە  جیددی سەیری ئەم پرۆسەیە دەکەین و هیوامان وایە بگاتە ئەنجام.

پرسیار: رۆڵی هەرێمی کوردستان چۆنە؟ چۆن یارمەتی دەدات؟

سەرۆک نێچیرڤان بارزانی: رۆڵی هەرێمی کوردستان، کاتێک من دەڵێم هەرێمی کوردستان، باسی هەموو هەرێم دەکەم؛ واتە بە شێوەیەکی گشتی هەم لە هەولێر و هەم لە سلێمانی، رۆڵی ئێمە یارمەتیدەرە بۆ ئەو پرۆسەیە. ئێمە یارمەتیی ئەم پرۆسەیە دەدەین، ئەوەی کە لەسەر شانی ئێمە بێت، ئەوە نییە بڵێیت وەڵا ئێمە بچین نێوبژیوانی بکەین، بەڵام ئەوەی کە پێمان گوتراوە بە هەردوو لا، چ پێویستە لەسەر شانی ئێمە وەکو هەرێمی کوردستان، ئێمە ئامادەین بیکەین و کردووشمانە. نامەوێت بچمە نێو وردەکارییەکان چی کراوە، بەڵام باشترە نەچینە نێو وردەکارییەکانەوە؛ بەڵام ئەوەی پێویست بووە لەگەڵ ئەنقەرە و لەگەڵ قەندیل، ئەوەی کە پێویست بووە لەسەر شانی هەرێم و حکومەتی هەرێم بووە و لەسەر شانی ئێمە بووە، ئێمە کردوومانە و بەردەوامیش دەبین لە هەنگاوەکانی خۆمان. جەنابتان دەزانن لە پەرلەمانی تورکیا یاساکە دەرچوو، ئێستا ئەمڕۆ یان دوێنێ کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایش لە تورکیا لەسەر ئەم بابەتەیە. ئێمە دەبێت پشوودرێژ بین لەگەڵ ئەم پرۆسەیە، پشوودرێژییەکی زۆریشمان دەبێت هەبێت، بەڵام ئەوەی کە من دەمەوێت بیڵێم، پێموایە لە رێچکەیەکی راستی خۆیدا بەرەو ئەو ئاراستەیە دەڕوات کە کێشەکان چارەسەر بکرێن.

پرسیار: ئەگەر کێشەکان چارەسەر ببێت، چ دەستکەوتێکی بۆ هەرێمی کوردستان تێدایە؟

سەرۆک نێچیرڤان بارزانی: دەستکەوتی یەکجار زۆرە. سیاسەتی هەرێمی کوردستان وەکو بنەما ئەوەیە ئەم کێشانە دەبێت هەر وڵاتێک بەپێی تایبەتمەندیی خۆی، لە چوارچێوەی ئەو وڵاتە و جوگرافیای ئەو وڵاتەی کە کورد تێیدا دەژین چارەسەر بکرێت. بە دڵنیاییەوە ئەگەر ئەمە چارەسەر ببێت، بە رای من بۆ هەرێمی کوردستانیش قۆناخ و سەرەتایەکی نوێ دەست پێدەکات، هەم لە پەیوەندیی خۆی لەگەڵ تورکیا لە هەموو روویەکەوە و هەم سەبارەت بە هاوسۆزی و پشتیوانیش بۆ براکانمان لە تورکیا.

پرسیار: کەواتە رەهەندێکی بۆ هەرێمی کوردستانە و رەهەندێکی بۆ خودی تورکیایە؟

سەرۆک نێچیرڤان بارزانی: رەهەندێکی بۆ هەرێمی کوردستانە و رەهەندێکی بۆ خودی تورکیایە. —با ئەوەش زیاد بکەم— تورکیاش دەچێتە قۆناخێکی زۆر گرنگترەوە. واتە ئەوە نییە بڵێیت تەنیا کورد، تورکیاش ئەگەر ئەم کێشەیە چارەسەر ببێت، تورکیاش لەم قۆناخەی ئێستا دەچێتە قۆناخێکی زۆر جیاواز کە بتوانێت رۆڵی سرووشتیی خۆی لە ناوچەکەدا بگێڕێت. چونکە چارەسەری ئەم کێشەیە شتێکی کەم نییە، شتێکی زۆر گەورەیە و بە راستی شایستەی ئەوەیە ئەگەر کەسێک شایستەی ئەوە بێت خەڵاتی نۆبڵ وەربگرێت، دەبێت ئەو کەسە بێت کە ئەم کێشەیە چارەسەر دەکات. بە رای من یەکەم کەس جەنابی سەرۆک ئەردۆغانە.

پرسیار: ئەگەر ئەم پرۆسەی ئاشتییە بۆ هەرێمی کوردستان باش بێت، بۆ کورد لە تورکیا باش بێت، بۆ دۆزی کورد باش بێت و بۆ خودی تورکیاش باش بێت، لە بەرژەوەندیی کێدایە کە سەرنەکەوێت؟ بە لا رێیدا بیبات و کێ دەکرێت تێکی بدات؟

سەرۆک نێچیرڤان بارزانی: پرسیارێکی زۆر شەرمەزارکەرە! ئەگەر بوار هەبێت با وازی لێ بهێنین، بەڵام ئەوەی کە گرنگە، ئێمە هەموومان پابەندی ئەوە بین و یارمەتیدەر بین بۆ ئەوەی ئەم پرۆسەیە سەرکەوێت،و دەرفەت نەدەینە ئەو دەستانەی کە حەزیان لەوە نییە ئەم پرۆسەیە سەرکەوێت. ئەوانەی حەزیان لەو پرۆسەیە نییە سەرکەوێت ئەوانەن کە نەیاری کوردن، نەیاری خودی تورکیان، ئەوانەن کە حەز ناکەن.

پرسیار: لەم دوازدە مانگەی رابردوودا ئەگەر بچینە رۆژئاوا، رووداوی زۆر لە رۆژئاوا روویاندا. هەڵسەنگاندنی جەنابت بۆ هەموو ئەو رووداوانە چۆن بوو، بەڵام لەوەش گرنگتر دەرئەنجامەکەی کە ئێستا لەگەڵیدا دەژین و نوێنەرانی رۆژئاواش لێرە ئامادەن، هەڵسەنگاندنت بۆ ئەوەی کە ئێستا پێی گەیشتوون چۆنە؟

سەرۆک نێچیرڤان بارزانی: خۆی بە هەڵسەنگاندنی من ئەوەی تاوەکو ئێستا کراوە، ئەگەر مرۆڤ بە شێوەیەکی واقیعی سەیری بکات، من دەستخۆشی و پیرۆزبایی ئەو کارانە دەکەم کە لە رۆژئاوا بۆیان ئاسان نەبوو ئەوەی کە کردوویانە، بەڵام واقیعبین بوون. تێگەیشتنیان تێگەیشتنێکی واقیعی بوو لە دۆخەکە و رەنگە لەمە زیاتر نەدەکرا بە راستی لەوەی کە کردوویانە. سرووشتییە وەک عەرزم کردی، بۆ نموونە مۆدێلی هەرێمی کوردستانی عێراق تۆ ناتوانیت لە سووریا جێبەجێی بکەیت. زۆر جیاوازی هەیە؛ جوگرافیاکە جیاوازیی هەیە، تێکەڵاویی کۆمەڵایەتی جیاوازیی هەیە لە سووریا، تۆ ناتوانیت ئەم مۆدێلە لەوێ جێبەجێ بکەیت. من لە سەردانی خۆم بۆ سووریا، ئەوەی کە چوومە سووریا و ئەوەی من لە سەرۆکی سووریا سەرۆک ئەحمەد شەرع بینیم، ئەوە نییە دژایەتیی کوردیان هەبێت بە راستی؛ ئێمە زۆر لەسەر ئەم بابەتە قسەمان کرد. ئێمە ئێستا هەنگاوەکانی کە دەیبینین بۆ تێکەڵکردنەوەی هێزە ئەمنییەکان، دەبینین ئەم پرۆسەیە بە باشی بەڕێوە دەچێت. لەسەر پرسی خوێندن کە زۆر گرنگ بوو بۆ هاوڕێیان لەوێ و بۆ کورد گرنگە، لەوەشدا پێشکەوتن هەیە. بەڵام بە رای من، ئێمە ئەو کاتە دەتوانین بڵێین پێشکەوتنی تەواو هەیە کە ئەم مافانە لە دەستووری هەمیشەیی سووریادا جێگیر بکرێن؛ مافی کورد و مافی پێکهاتەکانی تر. سووریا تەنیا وڵاتێکی عەرەبی نییە؛ سووریا وڵاتێکە عەرەبی لێیە، کوردی لێیە، درووزی لێیە، عەلەوی لێیە. ئەوەی گرنگە، ئەوەیە مافی ئەم پێکهاتانە لە چوارچێوەی سووریایەکی یەکگرتوودا مسۆگەر بکرێت. کوردیش لەو چوارچێوەیەدایە. ئەوەی کە تاوەکو ئێستا کراوە لەوێ بە هەوڵی برایان لەوێ شتێکی باشە. دیسانەوە ئەوەی گرنگە، یەکگرتوویی گوتاری کوردە لەوێ بە هەموویانەوە، بە هەموو هێزە سیاسییەکانەوە لە دیمەشق زۆر گرنگە گوتارێکی یەکگرتوویان هەبێت بۆ ئەوەی بتوانن لە دەرئەنجامدا مافەکانی کورد لە دەستووری هەمیشەیی سووریادا جێگیر بکرێت. تێڕوانینی من لەسەر ئەم سیستەمەی ئێستا سووریا بەڕێوە دەبات و بە دیاریکراوی سەرۆک ئەحمەد شەرع ئەوەیە کە بە راستی دەیانەوێت کێشەکان چارەسەر بکەن.

پرسیار: ئەم خاڵەی باست کرد لام گرنگە، چونکە جەنابت بەوە ناسراویت کە کەسایەتییەکان دەناسیت، خەڵک دەخوێنیتەوە. کە دەڵێیت سەرۆکی سووریا گرێی لەگەڵ پرسی کورددا نییە، بە رای من ئەمە هەڵسەنگاندنێکی گرنگە.

سەرۆک نێچیرڤان بارزانی: کاکە، هەر لە رووی هێماییەوە ئەو پەیامەی ئەو ناردی، هەر خودی پرۆتۆکۆلی پێشوازیکردن لە ئێمە، دەیویست پێم بڵێت کە من هیچ گرێیەکم لەگەڵ کورددا نییە. ئێمە لە فڕۆکەخانەی دیمەشق دابەزین، بە نامەیەک کە خودی سەرۆک ناردبووی بە کوردی بەخێرهاتنی کردین. لە هەموو شوێنەکان ئاڵای کوردستان و عێراق هەبوو. دەیویست پەیامێک بدات، تەنانەت لیستی خواردنەکەش بە کوردی نووسرابوو؛ مەبەستی بوو بڵێت من گرێم نییە، دەمەوێت و پێشم وایە لێکتێگەیشتن هەیە. بەڵام بێگومان ئەوانیش کێشەکانی خۆیان کەم نییە؛ سووریایەکی ئاسان نییە، سووریایەکی زۆر سەختە، سووریایەکی وێرانە، بونیادنانی سووریا لە هەموو روویەکەوە کاتی دەوێت. من دڵخۆشم بەوەی برایانی ئێمە لە سووریا، کاک مەزڵووم و هاوڕێیانیان و ئەوانی تر، بە واقیعی سەیری بابەتەکەیان کرد. مرۆڤ هەندێکجار ئاوات دەخوازێت، بەڵام هەندێکجار واقیعێک هەیە دەبێت مامەڵەی لەگەڵدا بکەیت. ئەوان مامەڵەیان لەگەڵ واقیعی شتەکەدا کرد و ئەم واقیعبینییە لە کێشەکاندا بە رای من بۆ کورد زۆر زۆر گرنگە. با بە کەمی نەزانین، با بە بێ بایەخ سەیری نەکەین، با بزانین شتێکی گرنگ بوو ئەوەی کردیان لە وڵاتێکدا کە ناسنامەیان بە کورد نەدەدا و کوردیان بە هاووڵاتیی سووری لەقەڵەم نەدەدا. ئێستا تۆ بێیت نزیکەی 13 هەزار کەس لە نێو سوپای سووریادا جێگەیان بکەیتەوە، 17 هەزار کەس وردە وردە لە نێو دەزگا ئەمنییەکاندا بن، پرسی خوێندن تاوتوێ بکرێت کە چۆن دەتوانن بخوێنن، ئەمانە هەموویان شتی زۆر جیددی و پێشکەوتنن و دەبێت وەکو خۆیان بیبینین.

پرسیار: ئەم هەڵسەنگاندنە گرنگە، چونکە لە راگەیاندنی کوردیدا هەندێک جار گلەیی دەکرێت کە ئەم دەستکەوتانە کەمترن لە ئاستی قوربانیدان و خەبات و ئەو شەهیدانەی کە لە رۆژئاوا دراون. بەڵام ئەم هەڵسەنگاندنەی جەنابت جەخت لەسەر واقیعبینی دەکاتەوە. خاڵێکی  دیکە، گوتت دۆخی هەرێمی کوردستان لە عێراق جیاوازە لە دۆخی رۆژئاوا لە سووریا. دەمەوێت دوو پرسیار بکەم: یەکەم، رۆژئاوا چی لە ئەزموونی هەرێمی کوردستان فێر ببێت؟ دووەم، چین ئەو هەڵانەی کە ئێمە کردوومانە تاوەکو ئەوان دووبارەی نەکەنەوە؟

سەرۆک نێچیرڤان بارزانی: من پێشتریش لەگەڵ جەنەراڵ مەزڵووم ئەم قسانەم کردووە، پێم گوتووە لە هەندێک شت لە ئێمەوە فێر ببن. ئێمە هەندێک هەڵەمان کردووە، دەبێت دان بەوەدا بنێین کە هەڵە بووە، لە ئێمە فێر بن ئەو هەڵانە مەکەن. پێویست ناکات نموونە بهێنمەوە، بەڵام پێم گوتووە و لەگەڵیدا هاوڕا بووین کە دەبێت واقیعبین بن. من تەنیا یەک شت دەڵێم: کورد لە هەر شوێنێک کە دەژی، بە واقیعبینی سەیری دۆخی خۆی بکات لەو وڵاتانەی کە تێیدا دەژی؛ تا چەند پێی دەکرێت، ئەو سنوورە چەندە. لە ساڵی 2005، ئایا ئەو دەستوورەی عێراق شتێکی کەم بوو بۆ کورد؟ نەخێر. ئەگەر سەیری مێژووی عێراق بکەیت، ئەو دەستوورەی کە دانی بە مافەکانی کورددا نا، بە ماندووبوونی هەموو لایەک بەتایبەتی جەنابی رەوانشاد سەرۆک مام جەلال و بە تەمەندرێژی جەنابی سەرۆک بارزانی، ئەوەی کە کرا کەم نەبوو. هێزە سیاسییەکانیش هەموویان پشتیوان بوون. بەڵام کاتێک جەنابی سەرۆک گەڕایەوە و پرسیاریان لێ کرد، گوتی: "ئەمە هەموو خواستی ئێمە نییە، بەڵام ئەوەی دەستمان کەوتووە کەم نییە، گەورەیە." لە قۆناخێک ئێمەی بردە قۆناخێکی جیاواز و ئەم بەڵگەنامەیە هەیە و گەلی عێراق دەنگی بۆ داوە و لە دەستووری هەمیشەیی عێراقدا چەسپێنراوە. ئەمە ئەو واقیعیاتانەن کە کورد لە هەر شوێنێک کە دەژی دەبێت بەپێی بارودۆخی ئەو وڵاتە سەیری بکات.

پرسیار: بچینە سەر ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان؛ جەنگی ئەم بەهارە، ئەو شەڕەی لەم بەهارەدا روویدا دەنگوباسی رۆژهەڵاتی کردە بابەتێکی نێودەوڵەتی. هەندێک دەڵێن بەشدارینەکردنی لایەنە کوردییەکانی رۆژهەڵات لەم جەنگەدا دەرفەتێک بوو لە دەستیان چوو، هەندێکیش دەڵێن نەخێر، کارێکی باش بوو نەکرا، چونکە لەوانەیە هەم رۆژهەڵات زیانی بەربکەوتایە و هەم هەرێمی کوردستانیش ئاگری تێبەربووایە. جەنابت چۆن لەم دوو بۆچوونە دەڕوانیت؟

سەرۆک نێچیرڤان بارزانی: لەم بابەتەدا حەز دەکەم زۆر راشکاو و روون بم: هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی کوردی رۆژهەڵات زۆر بەداخەوە زۆر نابەرپرسانە رەفتاریان کرد. هەرێمیشیان خستە بەردەم دۆخێکی زۆر خراپەوە. ئەوەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەیانکرد و باسیان دەکرد، وەک بڵێیت ئەوا ئەم هێزانە بەڕێکەوتن بۆ نێو ئێران، هەرێمیان خستە بەردەم مەترسییەکی زۆر گەورە و زۆریش نابەرپرسانە رەفتاریان کرد بەرامبەر بە هەرێمی کوردستانی عێراق. ئێمە لە دەستپێکردنی شەڕەکەدا سیاسەتی خۆمان روون بوو؛ بەردەوام لەگەڵ سلێمانی، برام کاک قوباد لێرەیە و لەگەڵ کاک بافڵ، بەردەوام رۆژانە لەسەر هێڵ بووین. ئەوەی سیاسەتی ئێمە بوو ئەوە بوو کە نابێت هەرێم ببێتە بەشێک لەم شەڕە. شەڕەکە شەڕی ئێمە نەبوو، ئێران وڵاتێکی دراوسێیە و نزیکەی 600 کیلۆمەتر سنوورمان لەگەڵیدا هەیە. نەدەکرا و ناشکرێت هەرێمی کوردستان ببێتە شوێنێک بۆ ئەوەی هەڕەشە لە ئێران بکرێت. ناکرێت تۆ هێزێکی چەکدار بیت لە هەرێمی کوردستان و هەرێم وەکو شوێنێکی ئارام بۆ خۆت ببینی و لە هەرێمەوە هەڕەشە لە وڵاتی دراوسێ بکەیت. ئەمە نە بەپێی یاسای نێودەوڵەتی رێگەپێدراوە، نە بەپێی یاسا و دەستووری عێراق رێگەی پێدراوە، و تەنانەت ئەگەر لە بەرژەوەندیی کوردستانیش بووایە هەر نەدەبوو بکرێت. ئەوانە بەداخەوە خۆیان کردبووە پاڵەوانی جەنگ، بەڵام ئێمە هەر لە دەستپێکەوە دەمانزانی ناکرێت. دیدگای ئێمە لەسەر ئەم بابەتە روون بوو، وەک یەکێتی و پارتی لە رۆژی یەکەمەوە سنوورەکانمان کۆنترۆڵ کرد و هێزمان نارد و روونمان کردەوە کە رێگە نادەین لە هەرێمەوە هیچ هەنگاوێک بنرێت.

پرسیار: لە پەیامەکانی کاک بافڵیش پێشتر ئاماژە بە هەمان شت کرا، ئێستا دیارە لە پرسە ستراتیژییەکاندا هاوڕان لەسەر پاراستنی ئەم ئەزموونە.

سەرۆک نێچیرڤان بارزانی: لەسەر پرسە ستراتیژییەکان ئێمە لە بەغدا و لەم بابەتە ستراتیژییە، ئەم شەڕە ئەزموونێکی زۆر گرنگ بوو، بەڵام لەو ئەزموونەدا ئێمە زۆر بە سەرکەوتوویی لێی دەرچووین بەو هەماهەنگییەی کە لە نێوانماندا هەبوو. سەرەڕای ناکۆکییەکان و هەموو کێشەکان، بۆ پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان پێکەوە کارمان کرد.

پرسیار: دەرفەت بۆ رۆژهەڵات چییە؟

سەرۆک نێچیرڤان بارزانی: دەرفەت بۆ رۆژهەڵات بە رای من دێتە پێش. ئێمە پێشتریش هەوڵمان داوە و لەم بابەتە بێدەنگ نەبووین، بەڵام وەک گوتم لە هەر وڵاتێک بەپێی تایبەتمەندیی خۆی دەبێت بێت. ئێمە لە هەموو کۆبوونەوەکانمان لە تاران، بەشێک لە گفتوگۆکانمان لەسەر ئەم بابەتەیە.

پرسیار: چی دەڵێن دوای ئەم شەڕە؟ رای تاران دوای ئەم شەڕە گۆڕاوە لەسەر دۆخی کورد لە رۆژهەڵات؟

سەرۆک نێچیرڤان بارزانی: من وا دەزانم رەنگە هێشتا بە تەواوەتی پێ نەگەیشتبێت، بەڵام ئەگەر پرسیارەکە ئەوە بێت ئایا بیری لێ دەکرێتەوە، بە بڕوای من زۆر بە  جیددی بیری لێ دەکرێتەوە. پێشنیازی من ئەوەیە کە پرسی کورد پرسێکی جیددییە لەم وڵاتانە و بە فەرامۆشکردن و نکۆڵیکردن چارەسەر نابێت. دووەم، چارەسەری ئەم کێشەیە دەبێت بەپێی تایبەتمەندیی ئەو دەوڵەتانە بێت. ئێمە ناتوانین هیچ مۆدێلێک پێشنیاز بکەین و بڵێین بەپێی ئەم مۆدێلە لە ئێران یان لە تورکیا بیکەن، بەڵکو دەڵێین بەپێی تایبەتمەندیی خۆتان لە نێوخۆی وڵاتەکەتاندا دەبێت ئەم کێشەیە چارەسەر بکرێت. سیاسەتی نکۆڵیکردن ناتوانێت تاوەکو سەر بەردەوام بێت.

پرسیار: بچینە سەر عێراق؛ کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا تا چەند مەترسیدارە؟ خەڵک ترسێکیان لە دڵدایە کە ئەگەر ئەمریکا بکشێتەوە کێ هەرێمی کوردستان دەپارێزێت؟ هەڵوێستی جەنابت لەسەر کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا چییە؟

سەرۆک نێچیرڤان بارزانی: پێموایە جەنابی سوودانی ئەو بابەتەی بە تێروتەسەلی باس کرد، بەڵام با منیش رای خۆم بڵێم: یەکەم، هێزەکانی ئەمریکا و هێزەکانی تر لە ساڵی 2014دا کاتێک داعش هات، لەسەر داواکاریی فەرمیی دەوڵەتی عێراق هاتن، بە نووسراوێکی فەرمی هاتن و یەکێک لە مەرجەکانی عێراق ئەوە بوو کە ئەم هاوپەیمانییە ئەمریکا سەرکردایەتیی بکات. لە ساڵی 2014وە تاوەکو ئێستا گۆڕانکاریی زۆر روویانداوە. زۆر ئاساییە عێراق ئەمڕۆ دوای نزیکەی 10 بۆ 12 ساڵ پێویستی بە هاوپەیمانێتییەکی ئەوەندە گەورە نەمابێت، چونکە ئەم ناوە متمانە ناهێڵێت و وا دەکات خەڵک متمانەی بە عێراق نەبێت و نەیەن وەبەرهێنان لە عێراقدا بکەن. عێراق پێویستی بەوەیە سەروەریی خۆی هەبێت، بەڵام پێویستە وڵاتەکە پەیوەندیی دووقۆڵیی لەگەڵ ئەم وڵاتانەدا هەبێت بۆ هاوکاریی ئەمنی. ئێمە سوپاسی ئەو هێزانە دەکەین کە هاتن و هاوکارییان کردین، بەڵام ئەمڕۆ عێراق گەیشتووەتە قۆناخێک کە دەتوانێت رووبەڕووی ئاستەنگەکان ببێتەوە. سەبارەت بە پاراستنی وڵات: یەکەم، عێراق و هەرێمی کوردستان پێویستیان بە سیستەمی بەرگریی ئاسمانی هەیە. تا ئەو جێگەیەی من ئاگادارم، لە نێوان عێراق و ئەمریکا رێککەوتنێک هەیە و نزیکەی 52 خاڵ لە عێراقدا دەستنیشان کراون بۆ دانانی سیستەمی بەرگریی ئاسمانی، کە هەرێمی کوردستانیش لە نێو ئەو سیستەمە دایە؛ چونکە هەموو عێراق پێویستی پێیەتی. دووەم، دەبێت پرسی چەک تەنیا بە دەستی دەوڵەتەوە بێت. ناکرێت لە عێراقەوە هەڕەشە لە دەوڵەتانی دراوسێ و هەرێمی کوردستان بکرێت. ئەمە سەرەتای سەروەرییە: چۆن دەبێت چەکێک هەبێت لە دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت؟ لەسەر زەوی ئەوەی داعشی تێکشکاند سوپای عێراق، پێشمەرگە و حەشدی شەعبی بوون کە قوربانییان دا و خوێنیان بەخشی. ئێستاش پێشمەرگە و گەلی کوردستان ئامادەی بەرگریکردنن لە خاکەکەیان. بەڵام گرنگترین فاکتەر بۆ پاراستنی هەرێم، لە تەنیشت هێزی بەرگریی ئاسمانی، بریتییە لە دیپلۆماسیەت و دیالۆگی دروست و رێککەوتن لەگەڵ دەوروبەر.

پرسیار: زیاتر لە بیست ساڵە جەنابت دانوستاندن لەگەڵ بەغدا دەکەیت، چ شتێک لەم ئەزموونەدا فێر بوویت کە ساڵی 2005 نەتزانیبێت؟

سەرۆک نێچیرڤان بارزانی: لە ساڵی 2005دا ئێمە بە ئاوات و هیوایەکی زۆرەوە دەستوورمان نووسی بۆ عێراقێکی فیدراڵ و دیموکراسی کە بنەماکەی هاووڵاتیبوون بێت، نەک تەنیا بۆ هەرێمی کوردستان بەڵکو بۆ هەموو عێراق. دەستوورێکمان نووسی کە پێمان وابوو عێراق لە قۆناخێکەوە دەباتە قۆناخێکی زۆر جیاواز. ئەوەی لێی فێر بووین ئەوەیە کە کێشەی سەرەکی جێبەجێنەکردنی دەستوورە. کێشەی نێوان هەرێم و بەغدا کەسی نییە، بەڵکو سیستەمی بەڕێوەبردنی عێراقە. بە ناونیشان سیستەمێکی فیدراڵمان هەیە، بەڵام لە ناوەڕۆکدا سیستەمەکە فیدراڵی نییە، بەڵکو کۆمەڵێک یاسای کۆنی سەردەمی پێشوومان هەیە کە وەزیرەکانی عێراق ناچار دەکەن بەپێی ئەو یاسایانە مامەڵە لەگەڵ هەرێمدا بکەن. کلیلی کێشەکە بریتییە لە جێبەجێکردنی دەستوور؛ دەستوور بەو مانایەی کە هەم ئەرکمان هەیە و هەم مافمان هەیە. ئەولەوییەتەکانیش دیارن: پرسی یاسای نەوت و گاز، دابەشکردنی دادپەروەرانەی سامانی سرووشتی و داهاتەکان، و دادگای فیدراڵی. ئەگەر یاسای نەوت و گاز و دابەشکردنی داهات هەبێت، کێشەی ناوچە کێشە لەسەرەکان زۆر کەمتر دەبێتەوە.

پرسیار: لە هەرێمی کوردستان دوای هەڵبژاردنەکان، کەمێک بێئومێدی دروست بووە لەسەر پێکهێنانی کابینەی نوێ، دەستپێشخەریی جەنابت بۆ نزیکبوونەوەی پارتی و یەکێتی و پێکهێنانی حکومەت چییە؟

سەرۆک نێچیرڤان بارزانی: راستە ماوەیەکی زۆرە، پێموایە ژمارەی پێوانەییمان لە دوای بەلجیکاوە تۆمار کرد لە دواکەوتنی پێکهێنانی حکومەتدا، ئەمەش شتێکی خراپە. گەلی کوردستان متمانەیەکی گەورەی دا بە هێزە سیاسییەکان و بەشداریی هەڵبژاردن نزیکەی 72% بوو، ئەم دەنگانە ئەمانەتن. ئەم سیستەمە بە رەغبەتی خۆمان دامەزراوە و کەس بەسەریدا نەسەپاندووین. جێی دڵخۆشییە لەسەر ئەو پرسانەی پەیوەندییان بە پرسە ستراتیژییەکانەوە هەیە، تێڕوانینی هەردوو لایەنی پارتی و یەکێتی لێک دوور نین و لەیەکترەوە نزیکن. من لە رووی کەسییەوە بەردەوام بەم پرسەوە سەرقاڵم؛ هەفتەی پێشوو هەندێک کۆبوونەوەی باشمان کرد، چاوەڕوانین ئەم هەفتەیەش کۆبوونەوەی دیکەی بکەین بۆ ئەوەی بگەینە چارەسەرێک بۆ پێکهێنانی حکومەت.

پرسیار: لە راپۆرتێکی ماڵپەڕی ئاکسیۆسدا باس لەوە کرا کە جەنابت نێوەندگیریت لە نێوان تاران و واشنتندا کردووە. لەسەر ئەم باسە چیمان پێ دەڵێیت؟

سەرۆک نێچیرڤان بارزانی: هەندێکجار لە دیپلۆماسیەتدا دەکرێت لە رێگەی دیکەشەوە کارەکان بکرێن. ئەوەی لەو راپۆرتەدا باسی لێوە کرا تا رادەیەکی زۆر راست بوو. نامانەوێت زیاد لە قەبارەی خۆمان قسە بکەین، بەڵام ئەو رۆڵەمان بینی و ئەو ئەرکەمان جێبەجێ کرد. بابەتەکە لە واشنتن بە سوپاسەوە لێی رووانرا، و لە لایەن دەسەڵاتدارانی ئێرانیشەوە وەڵامدانەوەیەکی زۆر باشیان هەبوو بۆ دەستپێشخەرییەکە.

پرسیار: پەیامت بۆ گەنجان چییە بۆ دە بۆ بیست ساڵی داهاتوو، چییان پێ دەڵێیت تاوەکو دڵیان بەم خاک و نیشتمانە خۆش بێت؟

سەرۆک نێچیرڤان بارزانی: با سەیری مێژوو بکەین کە لە کوێوە هاتووین و گەیشتووینەتە کوێ. ئەم گەلە لە نەهامەتی، ماڵوێرانی، کیمیاباران و دەربەدەرییەوە هاتووەتە ئەمڕۆ. قسەی من بۆ گەنجان ئەوەیە: تکایە ئەم دەستکەوتانە بە کەم مەبینن، چونکە ئێوە لە سەردەمی ئەو ئازار و رۆژگارە سەختانەدا نەژیاون کە نەوەکانی پێشتر پێیدا تێپەڕین. ئەمە ئەمانەتێکی زۆر گەورەیە و گەنجان دەبێت لێرەوە ئەم ئەمانەتە وەربگرن و بەرەو باشتر بیبەن. مەرج نییە هەرچی ئێمە کردوومانە دروست بووبێت؛ لەم کاروانەی پەنجا و شەست ساڵەدا هەڵەش کراوە، بەڵام گرنگ پاراستنی ئەم ئەزموونەیە. خۆشەویستی و دڵسۆزی بۆ خاک و نیشتمان بنەمای هەموو شتێکە. لە هەر ماڵێکی ئەم نیشتمانەدا چیرۆکێکی پڕ لە ئازار و قوربانیدان هەیە. ئەوەی ئەمڕۆ هەمانە دەبێت بە هەموو کەموکوڕییەکانیەوە قەدری بزانین. داوا لە نەوەی نوێ دەکەم بە دیدگایەکی نوێوە ئەم کاروانە بەرەو پێش ببەن؛ ئەمڕۆ سەردەمی زانست، ژیریی دەستکرد و پێشکەوتنی تەکنەلۆجیایە، دەبێت گەنجانی ئێمە خۆیان بۆ ئەو قۆناخە ئامادە بکەن. من کاتێک ئەم گەنجانە دەبینم ئومێدێکی زۆرم لا دروست دەبێت کە بە بەرپرسیارێتییەوە مامەڵە دەکەن و دڵنیام زۆر لە ئێمە باشتر دەتوانن خزمەتی وڵاتەکەیان بکەن.

پرسیار: زۆر سوپاس جەنابی سەرۆک، دەستت خۆش بێت.

سەرۆک نێچیرڤان بارزانی: زۆر سوپاس، دەستی ئێوەش خۆش بێت.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین