شاندی باڵای حکومەتی هەرێم و وەزارەتی دارایی عێراق لەسەر پشكی هەرێم کۆبوونەوە کوردستانی

نوچە نێت:

لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ ڕێکخستنەوەی پەیوەندییە داراییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، شاندێکی باڵای دانوستانکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدایان کرد و ئامانج لە سەردانەکە، گەیشتنە بە ڕێککەوتنێکی کۆتایی لەسەر پشکی هەرێم لە یاسای بودجەی فیدراڵیی ساڵی (2027)دا.

ڕۆژی چوارشەممە (2026/10/07) بەگوێرەی سەرچاوەکان، کۆبوونەوەی شاندی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی دارایی عێراق بە سەرپەرشتی فالح ساری، بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پشکی هەرێم دەستیپێکرد، کە شاندەکەی هەرێم فرەلایەنە و نوێنەرایەتیی سەرجەم جومگە گرنگەکان دەکات، لەوانە، (سەرۆکی دیوان و سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون، بریکاری وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، بەڕێوەبەرانی گشتیی بودجە، ژمێریاری لە وەزارەتی دارایی هەرێم و نوێنەری وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە).

بە گوێرەی زانیارییەكان شاندی هەرێمی کوردستان بە هەماهەنگی لەگەڵ نوێنەرە کوردستانییەکان لە بە‌غدا، چەند داواکاری و ئامانجێکی ستراتیژییان پێیە بۆ جێگیرکردن لە بودجەی (2027) گرنگترینیان، لەوانە:

جیاکردنەوەی مووچە لە خەرجییە فیعلییەکان، گرنگی سەردانەکە، هەوڵدانە بۆ دابڕاندنی مووچە و بژێویی بنەڕەتی خەڵک لە پێوەری "خەرجییە ڕاستەقینەکان" هەرێم داوا دەکات مووچە بەدوور بێت لە هەر کۆتوبەندێک کە ببێتە هۆی دواخستن یان کەمکردنەوەی، هەروەها شاندەکە بە داتاوە دەخاتە ڕوو کە هەولێر سەرجەم پابەندییە دارایی و نەوتییەکانی جێبەجێ کردووە، بۆیە بۆ ساڵی (2027) نابێت بەغدا هیچ بەهانەیەک بهێنێتەوە بۆ ڕاگرتنی شایستەکانی هەرێم.

هاوکات هاوتاکردنی مافەکان بەگوێرەی دەستوور، بە پشتبەستن بە بڕیارەکانی دادگەی باڵای فیدراڵی، هەرێم پێداگری دەکات کە دەبێت، فەرمانبەران، پێشمەرگە، هێزەکانی ناوخۆ، خانەنشین، زیندانییانی سیاسی و سوودمەندانی چاودێرانی کۆمەڵایەتی لە هەرێمی کوردستان، بە تەواوی مافەکانیان هاوتای ناوچەکانی دیکەی عێراق بێت، جگە لە مووچە، میلاکات و پڕۆژەکانی وەبەرهێنان، کە گفتوگۆیەکی وردی لەبارەوە دەکرێت لەسەر پەسەندکردنی خشتەی میلاکات، پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران خەرجییە بەکاربەرەکان و پشکی هەرێم لە پڕۆژەکانی وەبەرهێنان و خەرجییە حاکیمە و سەروەرییەکان.

جێگەی ئاماژەپێدانە، ئەم سەردانە تەنها بۆ چارەسەرکردنی کێشەیەکی کاتی نییە، بەڵکو حکومەتی هەرێم دەیەوێت، میکانیزمێکی ڕوون، یاسای و هەمیشەیی، لە نێو دەقی یاسای بودجەی (2027) دا جێگیر بکات، کە ئامانجەکە ئەوەیە پڕۆسەی ناردنی پارە و شایستە داراییەکانی هەرێم ئۆتۆماتیکی بێت و ساڵانە پێویستی بە شاندی نوێ و گفتوگۆی دوورودرێژ نەبێت.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین