مەزڵوم عەبدی: سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە قۆناغە سەختەکاندا شەو و ڕۆژ لەسەر خەت بوو بۆ وەستاندنی شەڕەکان کوردستانی

نوچە نێت:

ڕاوێژکاری سەرۆکایەتیی سووریا لە پانێڵیدا لە (دیداری مێری) باسی لە چەند پرسێکی گرنگی وەک، قۆناغی نوێی سووریا و ڕۆژئاوای کوردستان و پەیوەندییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان و دەستپێکردنەوەی پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیا کرد، هەروەها ئاماژەی بە ڕۆڵی سەرۆکی هەرێم دا و گوتی، نێچیرڤان بارزانی، لە هەموو قۆناغە سەختەکاندا شەو و ڕۆژ لەسەر خەت بوو بۆ وەستاندنی شەڕەکان و ئارامکردنەوەی دۆخەکە.

ڕۆژی سێشەممە (2026/10/14) لە دووەمین ڕۆژی دیداری مێری لە هەولێر، مەزڵوم عەبدی، ڕاوێژکاری سەرۆکایەتیی سووریا ڕایگەیاند، تێکەڵبوونی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری پێشوو بە مانای یەکخستنەوەی دامەزراوە سەربازی، ئەمنی، خزمەتگوزاری و کارگێڕییەکانی تەواوی سووریایە و نزیکەی نۆ مانگە ئەم پڕۆسەیە لەسەر بنەمای ڕێککەوتن بەردەوامە و گەیشتووەتە قۆناغێک کە گەڕانەوەی بۆ دواوە نییە، چونکە ویستی ئێمە و دەوڵەتیش هەیە و پشتیوانیی نێودەوڵەتیشی لەپشتە.

مەزڵوم عەبدی ئاماژەی بەوە کرد کە، بەراورد بە سەردەمی دەسەڵاتی بەعس پێشکەوتنی گەورە بەدەستهاتووە و لە کەرتی پەروەردەدا زمانی کوردی وەک زمانێکی فەرمی دانی پێداندراوە، لە قۆناغی سەرەتاییەوە تاوەکو ئامادەیی و بڕوانامەی دواناوەندی بە زمانی کوردییە و لە زانکۆکانی قامشلۆ و کۆبانێش خوێندن بە زمانی کوردی بەردەوامە.

هەروەها لەبواری سەربازیدا دەڵێت، هێزەکایان دەبنە بەشێكی سەرەکی لە سوپای سووریا بە ناسنامەی تایبەتی خۆیان و هێزەکانی ئاسایشیش دەبنە بەشێک لە وەزارەتی ناوخۆ و لە ڕووی کارگێڕیشەوە هەنگاوی باش لە پارێزگاکانی حەسەکە و حەلەب نراون.

سەبارەت بە هێرش و پەلامارەکان بۆ سەر ڕۆژئاوا و هاوکاریی هەرێمی کوردستان بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە، مەزڵوم عەبدی ڕایگەیاند، "چ لە بواری شەڕ و چ لە بواری دیپلۆماسیدا، هەرێمی کوردستان هیچ کەمتەرخەمییەکی نەکرد و زۆر سوپاسگوزاری ئەو هەڵوێستەین و کاتێک ئێمە بانگەوازمان کرد، بەبێ جیاوازی پارت و بیروباوەڕ پشتیوانییان لێکردین، لەکاتی شەڕی کۆبانێدا، لەگەڵ بەڕێز سەرۆک مەسعود بارزانی بووین و بە فەرمانی بەڕێزیان هێزی پێشمەرگە هاتنە کۆبانێ، هەروەها مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەت ئامادە بوو و پشتیوانی کرد، هاوکات سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە هەموو قۆناغە سەختەکاندا شەو و ڕۆژ لەسەر خەت بوو بۆ وەستاندنی شەڕەکان و ئارامکردنەوەی دۆخەکە. لە سلێمانیش لەگەڵ کاک بافڵ و کاک قوباد تاڵەبانی لە پەیوەندیدا بووین و بە هەمان شێوە پشتیوانییان کردین".

سەبارەت بە پڕۆسەی نوێی تورکیا و باکووری کوردستان، عەبدی گوتی، "ئەم پڕۆسەیە ڕاستەوخۆ کاریگەری ئەرێنی لەسەر ڕۆژئاوای کوردستان دەبێت، نزیکەی ساڵیکە هێرشە ئاسمانی و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیا لەسەر ڕۆژئاوا ڕاگیراون و ئەمەش ئەنجامی ئەو ئاڕاستە نوێیەی ئاشتییە".

لەبارەی دروستبوونی متمانە لەگەڵ سەرکردایەتیی نوێی سووریا، ڕاوێژکاری سەرۆکایەتیی سووریا ڕایگەیاند، "پەیوەندیی نێوان من و سەرۆک شەرع لەسەر بنەمای ڕێزگرتن و متمانەی هاوبەش بنیاتنراوە، هەروەها لەگەڵ وەزیرەکان و فەرماندە سەربازییەکان کۆبوونەوەی باشمان کردووە، بەڵام بۆ ئەوەی متمانەکە بە تەواوی بچەسپێت، پێویستە لەسەر زەوی بە هەنگاوە کردەیی بەڵێنەکان جێبەجێ بکرێن".

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین