قوباد تاڵەبانی: جێبەجێنەکردنی دەستووری عێراق سەرچاوەی زۆربەی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدایە کوردستانی

نوچە نێت:

جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پانێڵیدا لە (دیداری مێری) باسی لە چەند پرسێکی گرنگ وەکو، پەیوەندییەکانی پارتی و یەکێتی، دۆخی حوکمڕانی و گرنگی دەستوور لە عێراق و هەرێمی کوردستان کرد و ڕایگەیاند، "ئێمە هەم دەبێ لە نەوەی پێشووی سیاسی کورد و کارەکانیان فێربین و هەمیش دەبێت گوێ لە سیاسییە نوێیەکان بگرین".

ئێوارە ڕۆژی سێشەممە (2026/10/13) لە دووەمین ڕۆژی دیداری مێری لە هەولێر، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە بارەی پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا، یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە و کۆبوونەوەی ئەم دواییەی نێوان یەکێتی و پارتی ڕایگەیاند، "کۆبوونەوەیەکی زۆر باشمان لەگەڵ سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەبوو و گفتوگۆی جدیمان کردووە".

قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوە کرد کە، فەلسەفەی حوکمڕانیمان پێویستی بە پێداچوونەوەیە و داوای شۆڕکردنەوەی دەسەڵاتەکانی کرد لە ئەنجومەنی وەزیرانەوە بۆ پارێزگاکان، شار و شارۆچکەکان، تاوەکو بەرپرسانی خۆجێی بەپێی یاسا دەسەڵاتی بڕیاردانی خێرایان هەبێت، نەوەک ئەوەی بۆ هەر پرسێک چاوەڕێی ڕەزامەندیی سەرەوە بن.

هەروەها سەبارەت بە نەبوونی دەستووریش، قوباد تاڵەبانی دەڵێت، "هۆکاری سەرەکیی کێشەکان بۆ جێبەجێنەکردنی دەستووری عێراق دەگەڕێتەوە و تەنانەت ئەگەر دەستووری عێراقیش بە تەواوی جێبەجێ بکرێت، کێشەکانی هەرێمی کوردستان بە تەواوی چارەسەر نابن تاوەکو خاوەنی دەستووری خۆی نەبێت، چونکە ئێمە بۆشاییەکی گەورەمان هەیە کە نەبوونی دەستوورە بۆ خۆمان، تاوەکو ماڵی خۆمان و دەسەڵاتەکانمان ڕێکبخەین".

هاوکات لەبارەی ململانێ ناوخۆییەکان و یەکخستنی هێزەکانی پێشمەرگە، جێگری سەرۆکی حکومەت ڕایگەیاند، هەرگیز بڕیار لەوە نادرێت ململانێ سیاسییەکان بگەنە ئاستی شەڕی چەکداری و گرەنتیی تەواو هەیە کە جارێکی دیکە هێزەکانی پێشمەرگە ڕووبەڕووی یەکدی نابنەوە و دۆخی توندوتیژی دووبارە نەبێتەوە.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین