بافڵ جەلال تاڵەبانی: دەتوانین بە (24) کاتژمێر حکومەت پێکبێنین کوردستانی

نوچە نێت:

لە هەشتەمین کۆڕبەندی دیداری مێریدا سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان باسی لە دوایین گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە کرد و سەبارەت بە ڕێککەوتنیشیان لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستاندا ئاماژەی بەوە کرد، کە یەکێتیی نە دەیەوێت بێ ئێوە حوکم بکات، نە پێی دەکرێت.

ڕۆژی دووشەممە (13/10/2026) بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دیداری مێری سەبارەت بە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، دەتوانین بە (24) کاتژمێر حکومەت پێکبێنین. کێشەکە دانانی کات نییە، کات نییە کێشەکە. چەند کێشەیەک هەیە چارەسەر بکرێن، زۆر دەچینە پێشەوە. چەند پرەنسیپ هەیە رێککەوین لەسەری، زۆر خێرا دەچێتە پێشەوە پرۆسەکە، چونکە لەم ماوەیەدا دانیشتنی باش بووە لەم چەند رۆژانە، کاک قوباد جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ جەنابی کاک مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دانیشتنێکی کرد، دانیشتنێکی زۆر زۆر باشی کرد، بۆیە گەشبینم بەوەی لە ماوەیەکی زوودا حکومەت پێکبهێنین.

بافڵ جەلال تاڵەبانی لەبارەی ڕۆڵی بەرپرسانی هەرێمی کوردستان لە پڕۆسەی گفتوگۆکانی نێوان ئەمەریکا و ئێراندا بە ناڕاستەوخۆ ئاماژەی بە ڕۆڵی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان کرد و گووتی، کەسی وا هەیە لەم کوردستانەدا، کەس نییە لەم دونیایەدا ڕێزی نەگرێت، ئێمە دەمانەوێت ئەمانە لەسەر بابەتەکە بن، ئەمانە با یارمەتیدەری پرۆسەکە بن. 

هەر لەم دیدارەشدا سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە پەیامێکی تایبەت بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان ئاشکرای کرد، کە چەند کەسێک هەیە لەنێو پارتی دیموکراتی کوردستان بە هاوڕێی خۆمی دەزانم. چەند کەسێک هەیە لەنێو پارتی دیموکراتی کوردستان هاوڕێی باوکم بوونە، هاوڕێی دایکم بوونە، هاوڕێی کاک کۆسرەت ڕەسوڵ بوونە، هاوڕێی بەڕێزەکانی نێو یەکێتی بوونە کە ئێمە شانازییان پێوە دەکەین. دڵنیا بن لەوە، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، نە دەیەوێت بێ ئێوە حوکم بکات، نە پێی دەکرێت. 

هەروەها سەبارەت بە ڕێککەوتنی یەکێتی لەگەڵ پارتیشدا گووتی، ئێمە ئامادەین بۆ هەموو جۆرە ڕێککەوتنێک لەگەڵ پارتی دەرفەتە بۆ ئێمە، باوەڕم پێبکەن دەرفەتە. هەموو دونیا ئاڵۆزە، سەیری پەیوەندیی ئێمە بکەن لە بەغدا، سەیری پەیوەندیی خۆتان بکەن لە بەغدا، با ئەو دوو گرووپە بکەین بە یەک، عێراق بەڕێوەدەبەین، ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەتوانین بگۆڕین. کێشەکانمان بچووکن، هیچی وا نییە. وەرن با دانیشتنەکان دەستپێبکەینەوە، بە فەرمی، بە نییەتێکی باش، دڵی ئێمە پاکە و هاوبەشیمان دەوێت.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین