کاریگەریی بودجەی عێراق لەسەر کەرتی ئابووریی هەرێم و عێراق
نوچە نێت:
ئا: ژیوار سلێمان سەلکە...
ئەنجوومەنی وەزاری ئابووریی عێراق پڕۆژە یاسای بودجەی بۆ ساڵی (2027) لە ڕێکەوتی (2026/9/27) ڕەوانەی ئەنجومەنی وەزیران کرد بۆ پێداچوونەوە و تاوتووێکردن و پەسەند کردنی، سەبارەت بە سێکتەری نەوت لە مادەی (10)ی پرۆژە یاساکەدا هاتووە، عێراق داوای بڕی (400) هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە دەکات لە هەرێمی کوردستان کە لە ڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆ بفرۆشرێت، هاوکات مەرجی ڕادەستکردنی گازی هەرێمیش داندراوە، کە ئەو گازەی بەرهەمهدەهێنرێت لە پێویستی ناوخۆی هەرێم زیاتر بێت دەبێت ڕادەستی بەغدا بکرێت، هەروەها سەبارەت بە پشکی هەرێمی کوردستان لە بەشە بودجەدا ڕێژەی تەرخانکراو (12.67%) داندراوە، ئەمە لە کاتێكدا بە پێی ئامارەکانی سەرژمێری گشتی دانیشتوان هەرێمی کوردستان (14.14%) ڕێژەی دانیشتوانیی عێراق پێک دەهێنێت.
لێژنەی دانوستاندکاری هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق لە گفتووگۆ و کۆبوونەوەی بەردەوامدان بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی لە بودجەی نوێدا دروستبوون، تاوەکو مافی هەرێم و پارێزگاکان پارێزراو بێت.
کاریگەرییەکانی زیادبوونی هەناردەی نەوتی هەرێم لەسەر عێراق
زیادبوونی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوتی کوردستان یارمەتیدەرێکی باش دەبێت بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی بودجەی عێراق، هەروەها پاڵپشتییەکی دارایی بەهێزە بۆ دابینکردنی مووچە و شایستە داراییەکان بۆ هەرێم و عێراق، لەگەڵ ئەوەشدا دەبێتە هۆکارێک بۆ بەهێزبوونی بەهای دینار بەرامبەر دۆلار، چونکە زیادبوونی هەناردەکردن دەبێتە هۆی دەستکەوتنی دۆلارێکی زیاتر بۆ بانکی ناوەندی بە هۆکاری ئەوەی فرۆشتنی نەوت بە دۆلارە، بەمەش بەهای دۆلار بەرامبەر دینار دەکرێت دابەزێت، بەڵام ئایا عێراق دەتوانێت هاوسەنگی ڕابگرێت لە نێوان بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی لەگەڵ پشکی دیاریکراوی وڵاتەکەی لە ئۆپێکدا؟، بە پێی سیستەمی ڕێکخراوی ئۆپێک پشکی عێراق لە بەرهەمهێنانی نەوت زیاتر لە چوار ملیۆن بەرمیل نەوتی ڕۆژانەیە، ئەگەر ئەم هەنگاوە بکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە عێراق دەبێت لەگەڵ هاوپەیمانیی ئۆپێک پڵەس هەماهەنگی بکات بۆ هاوسەنگکردنی پشکی بەرهەمهێنان و قەرەبووکردنەوەی ئەو بڕە نەوتەی کە لە مانگەکانی ڕابردوودا زیاتر لە پشکی دیاریکراوی خۆی بەرهەمیهێناوە، یاخود بەرهەمهێنان لە کێڵگەکانی باشوور کەمبکاتەوە، بەمەش لە ڕووی زاستییەوە تەمەنی یەدەگی نەوتی عێراق درێژتر دەبێتەوە، بە گوێرەی قسەکانی محەمەد شیعە سودانی سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق ساڵی ڕابردوو ڕایگەیاند عێراق خاوەنی (145) ملیار بەرمیل نەوتە کە دەتوانێت نزیکەی (100) ساڵ کار لە نەوتدا بکات، بە کەمکردنەوەی بەرهەمهێنان لە کێڵگەکانی باشوور دەکرێت لە (100) ساڵ زیاتر کار لە نەوتی عێراقدا بکرێت، بەڵام لە لایەکی دیکەوە ئەم زیادبوونە وا دەکات عێراق زیاتر وابەستەی کەرتی نەوت بێت وەک سەرچاوەیەکی سەرەکی داهاتی ئابووریی، فرەچەشنکردنی سەرچاوەکانی داهاتی ئابووریی لاواز دەبێت.
سەبارەت بە هەرێمی کوردستان کاریگەرییە ئەرێنییەکان لە بەرزبوونەوەی هەناردەکردنی نەوت ئەوەیە کە کوردستان بە هەناردەکردنی (400) هەزار بەرمیل بەنزیکەیی (12%)ی تەواوی هەناردەی نەوتی عێراق پێک دەهێنێت، بەمەش دەبێتە هاوبەشێکی سەرەکی لە زیادکردنی داهاتی عێراق، هەر وەک چۆن سەرۆک نێچیرڤان بارزانی لە سەردەمی کابینەی هەشتەمدا لە پرسی هەناردەکردنی نەوت بە بۆڕیی نەوتی کوردستان-تورکیا ڕایگەیاند، "کوردستان بە هەناردەکردنی نەوت بە ڕێگەی ئەم بۆڕییە دەبێتە هاوبەشێک لە زیادکردنی داهاتی عێراق"، ئەمەش کاریگەریی دەبێت لەسەر کەمبوونەوە گرژییە سیاسییەکان و پەیوەندییەکان لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەشی ئابووریی بەرەو پێش دەچن، هەروەها دەبێتە پاڵپشتییەک لە دابینکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم، بەڵام لە لایەکی دیکەوە کاریگەری نەرێنیشی هەیە، لە ڕووی زانستیەوە تەمەنی یەدەگی نەوتی کوردستان کەمتر دەبێتەوە بە پێی داتاکان هەرێمی کوردستان بە نزیکەیی خاوەنی زیاتر لە (45) ملیار بەرمیل نەوتە کە یەکسانە بە ماوەی (65 بۆ 70) ساڵ کارکردن ئەگەر بێت و ڕۆژانە (250) هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمبهێرێت، بەڵام بە زیادبوونی ڕێژەی بەرهەمهێنان ئەم ماوەیە کەم دەبێتەوە کە ڕەنگە کاریگەریی هەبێت بۆ نەوەکانی داهاتوو.
لە هەمان کاتدا زیادبوونی بەرهەمهێنانی نەوت و هەناردەکردنی لە هەرێـمی کوردستان پێویستی بە پاڵپشتی داراییە بۆ کۆمپانیا بیانییەکان، ئەحمەد موفتی بریکاری وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان لەم بارەیەوە دەڵێت، بە بێ پێدانی شایستە داراییەکانی کۆمپانیا بیانییەکان کارێکی قورسە ڕۆژانە (400) هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمبهێنرێت، لە ساڵی (2007)ەوە تاوەکو ئێستا عێراق هیچ بودجەیەکی وەبەرهێنانی بۆ هەرێمی کوردستان دابین نەکردووە ئەوەی کە کراوە بە پارەی کۆمپانیا بیانیەکان کراوە، دانانی مەرجی (400) هەزار بەرمیل پێویستی بە دۆخێکی تایبەت هەیە لە ئێستا هەرێم ئەو دۆخە تایبەتەی نییە.
لەلایەکی دیکەوە هەر لە بارەی کەرتی وزە لە بودجەی نوێی عێراقدا فەرها ئەتروشی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، یەکەمین جارە لە بودجەی عێراقدا ناردنی گاز لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە بۆ عێراق ببێتە مەرجی ناردنی بودجە، بە پێی بڕگەی مادەی (10) ئەو گازەی کە لە پێویستی ناوخۆی هەرێمی کوردستان زیاترە دەبێت بدرێتە بەغدا، ئەگەر نا بە قەبارەی ئەو بڕە لە بودجەی هەرێمی کوردستان کەم دەکرێتەوە.
لێکەوتەکانی کەمبوونەوەی بودجەی هەرێم
بە پێی ئاماری سەرژمێری دانیشتوان کە لە (2024/11/25) لەلایەن وەزراەتی پلاندانانی حکومەتی هەرێـمی کوردستانەوە ڕاگەیاندرا، هەرێمی کوردستان ڕێژەی (14.14%)ی دانیشتیوانی عێراق پێک دەهێنیت، بەڵام وەزارەتی پلاندانانی عێراق لە مانگی شوباتی ساڵی (2026)دا ڕێژەی دانیشتوانی هەرێمی بۆ (12.6%) کەمکردەوە، ئەمەش لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانەوە ڕەتکرایەوە، ئەم ڕێژەیە لە ئێستا کێشە و ململانێێ لە نێوان حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستاندا دروستکردووە، بە پێی بودجەی نوێی عێراق هەرێم ڕێژەی (12.67%) پشکی بودجەی بەردەکەوێت.
بە گوتەی ئامانج ڕەحیم سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، کەمکردنەوەی ڕێژەی دانیشتوان لێکەوتەی خراپی دەبێت بۆ کورد لە بەغدا، پرسەکە تەنها دارایی نیە بەڵکو سیاسیشە، ئەم کەمکردنەوەیە دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی پێنج کورسی نوێنەرانی هەرێمی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، بەمەش دەسەڵاتی کورد تا رادەیەک کەم دەبێتەوە، هاوکات ئامانج ڕەحیم ئەوەشی ڕوونکردنەوە، بە پێی ڕێژەی (14.14%) پشکی هەرێمی کوردستان لە پەرلەمان نزیکەی (47) کورسییە، بەڵام بە پێی ڕێژەی (12.7%) ژمارەی کورسییەکان کەم دەبێتەوە بۆ (42) کورسی.
لە ڕوانگە ئابوورییەکەوە کەمبوونەوەی ڕێژەی (2%) کاریگەریی لەسەر داهاتی ئابووریی هەرێم دروست دەکات، بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان، لە ماوەی 12 ساڵی رابردوودا (2014 تا 2025) تێکڕای ئەو پارەیەی بەغدا بۆ هەرێمی ناردووە تەنها(4.2%)ی بودجەی گشتی بووە ، لە کاتێکدا پشکی یاسایی هەرێم بە پێی دەستووری عێراق (17%)بووە ئەمەش کەلێنێکی دارایی لە هەرێمی کوردستان دروستکردووە، لە ئێستاعێراق بودجەی گشتی کەمکردۆتەوە و بودجەی سیادی زیاد کردووە بڕی (70) تریلیۆن دینار بۆ بودجەی حاکیمە و بودجەی سیادی دانراوە، دەکاتە (33%)ی کۆی بودجەی عێراق، کەچی پشکی کوردستان لەو دوو بودجەیە دیارینەکراوە ، کاتێک بەغدا ئەم بودجەیە زیاد دەکات لە بەرامبەردا بودجەی گشتی هەرێم وپارێزگاکان کەم دەکاتەوە، ئەوەش ناڕەزایەتی لایەنی کوردیی لێکەوتۆتەوە داوا دەکەن کە زیادکردنی بودجەی سیادی نابێت لەسەر حیسابی هیج لایەنێک بێت، کەمکردنەوەی بودجەی هەرێم دەبیتە هۆکارێک بۆ کورتهێنان لە داهاتی ئابووری هەرێم.
دەرئەنجام
ــ عێراق هیچ کات ئامادە نییە بە تەواوی پابەندی دەستوور بێت و پشکی هەرێمی کوردستان وەک خۆی بنێرێت.
ــ کەمکردنەوەی بودجەی هەرێم بە ڕێژەی (2%) کاریگەریی دەکاتە سەر داهاتی ئابووری هەرێمی کوردستان و کورتهێنان لە بودجەی ساڵانە ڕوودەدات.
ــ زیادبوونی هەناردەکردنی نەوتی کوردستان بەهێزکردنی ئابووریی عێراقە، چونکە نەوتی کوردستان خواستی زیاتری لەسەرە بازاڕەکانی جیهان بە بەروارد بە ەنوتی قورسی بەسڕە.
ــ عێراق دەبیت هاوسەنگی لە نێوان بەرهەمهێنان و پشکی یاسایی خۆی لە ئۆپێک ڕابگرێت.
0 لێدوانەکان
Karla Gleichauf
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
M Shyamalan
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
Liz Montano
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment