سبەی پەرلەمانی كوردستان كارا دەكرێتەوە؟
نوچە نێت: تایبەت
ئا: هیوا جاسم
دوای تێپەڕبوونی دووساڵ بەسەر ئەنجامەكانی هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان، جگە لە كۆبوونەوەی یەكەم بۆ دیاریكردنی سەرۆكی تەمەن، هێشتا پەرلەمان بە ناكارایی ماوەتەوە و هەرێمی كوردستان لە بۆشایی دەسەڵاتی یاسایی و جێبەجێكردندایە، سەرەڕای هەوڵە بۆ گەیشتنە ڕێككەوتن لەسەر دەست بەكاربوونەوەی پەرلەمان، لەلایەن پارتە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان بە تایبەتی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان و یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان.
ئەمڕۆ سێشەممە (2026/11/3) سەرۆكایەتیی دیوانی پەرلەمانی كوردستان لە بانگهێشتنامەیەكدا، بانگهێشتی گشت ئەندامانی پەرلەمانی كوردستانی كرد بۆ تەواوكردنی بڕگەكانی دانیشتنی یەكەمی خولی پایزەی ساڵی یەكەم لەخولی هەڵبژاردنی شەشەمی پەرلەمان. هەروەها داواشی لە ئەندامانی پەرلەمانی كوردستان كردوە، ڕۆژی چوارشەممە (4)ـی تشرینی یەكەمی 2026/ كاتژمێر (11)ـی پێشنیوەڕۆ لە شوێنی دیاریكراو ئامادەبن بەمەبەستی كۆبونەوە.
هەر سەبارەت بە كاراكردنەوەی پەرلەمان، ئەمڕۆ لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانییدا ڤالا فەرید سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان ڕایگەیاند، بەگوێرەی ماددەكانی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمان و ماددەكانی پەیڕەوی ناوخۆ، هەروەها بەپێی داواكارییە فەرمییەكەی سەرۆكی تەمەن لە ڕێكەوتی (1/12/2024) پێویستە كاتژمێر (11)ـی پێشنیوەڕۆ زەنگی كۆبوونەوەی تەواوكاریی دانیشتنی یەكەمی پەرلەمان لێبدرێت.
پارتی: سبەی پەرلەمان كۆدەبێتەوە
ڤالا فەرید گوتیشی، دوای تێپەڕبونی زیاتر لە دوو ساڵ بەسەر هەڵبژاردنی خولی شەشەم، پەرلەمان كارا نییە و نەیتوانیوە ئەركە یاساییەكانی جێبەجێ بكات، ئەوەش بەهۆی تەواونەكردنی رێكارەكانی دانیشتنی یەكەمە، پەكخستنی پەرلەمان پێچەوانەی بنەماكانی دیموكراسیی و بەرژەوەندییە باڵاكانی هەرێمی كوردستانە، بۆیە داوا لە گشت پەرلەمانتاران دەكەین رۆژی چوارشەممە لەهۆڵی پەرلەمان ئامادەبن بۆ جێبەجێكردنی ئەركەكان بەرامبەر بە ئیرادەی دەنگدەران.
لە بەرامبەریشدا، چەند لایەنێكی سیاسیی لەدوای كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان و بانگهێشتنامەكەی دیوانی سەرۆكایەتیی پەرلەمان، بڕیاری خۆیان لەبارەی كۆبونەوەكەی سبەی ڕاگەیاند.
لای خۆیەوە ئەردەڵان محەممەد سەرسپی، سەرۆكی دیوانی پەرلەمانی كوردستان دەڵێت، هەركاتێك ڕێژەی (50 +1) واتا ڕێژەی یاسایی بەردەست بوو دەرگای پەرلەمان بۆ كۆبوونەوەی سبە دەكرێتەوە.
نەوەی نوێ: ئێمە ئۆپۆزسیۆنین
سەرۆكی بە تەمەن كە لە نەوەی نوێیە و سەرۆكایەتیی یەكەم دانیشتنی پەرلەمانی كرد، ڕایگەیاند، كە بەشداریی كۆبوونەوەكەی سبەی ناكات.
هاوكات رەوتی هەڵوێست لە راگەیێندراوێكدا ئاشكرایكردووە، بەشداری دانیشتنی سبەی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان ناكەن، چونكە لە سەرەتاوە بڕیاریان داوە ئۆپۆزسیۆن بن.
لەلایەن خۆشیانەوە جێمس حەزدۆ و رامی نوری نوێنەرانی پێكهاتەی كلدان، سریان، ئاشوری و ئەرمەن لە هەولێر و دهۆك داوایانكردوە سەرجەم فراكسیۆنەكان لە هۆڵی پەرلەمان ئامادەبن بۆ تەواوكردنی دانیشتنی یەكەمی پەرلەمان.
هەروەها مونا قەهوەچی سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی چاكسازیی توركمان لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ئاشكرایكرد كە یاداشتیان پێشكەشی سەرۆكایەتی دیوانی پەرلەمان كردوە تاوەكو ئەم بۆشایی یاسایی نەمێنێت و پەرلەمان كۆبێتەوە.
هەرچی یەكگرتووی ئیسلامییشە، تا ئێستا خۆیان یەكلایی نەكردووەتەوە كە ئایا بەشداریی كۆبوونەوەكەی سبەی دەبن یاخود نا.
یەكگرتوو یەكلایی نەبۆتەوە
مستەفا عەبدوڵڵا سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی لە پەرلەمانی كوردستان، ڕایدەگەیێنێت، هەنگاوەكان كتوپڕ بوون و تا ئێستا بە فەرمی هیچ بانگهێشتنامەیەكمان بە دەست نەگەیشتووە، ئاماژەی بەوەشدا، كە لە چەند كاتژمێری داهاتوو هەڵوێستی خۆیان لە بارەی كۆبوونەوەكەی سبەی پەرلەمانی كوردستان ڕادەگەیەنن.
كۆمەڵ بەشدار نابێت
لەدرێژەی كاردانەوەكانی كۆبوونەكەی بەیانی، لە نوێترین هەڵوێستیدا، كۆمەڵی دادگەرییش لە ڕێگەی عومەر گوڵپییەوە هەڵوێستی فەرمیی خۆی ڕاگەیاند و بەشداریی دانیشتنەكەی سبەی پەرلەمانی كوردستان ناكەن.
یەكێتی: كۆبوونەوەكەی سبەی دوورە لە شەراكەتی ڕاستەقینە
هەر ئێوارەی ئەمڕۆ یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان لە بەیاننامەیەكدا هەڵوێستی خۆی لە بارەی كردنەوەی پەرلەمان ڕاگەیاند و دەڵێت، پێمانوایە ئەم کۆبوونەوەیە، نا یاساییە، دوورە لە بنەماکانی شەراکەتی ڕاستەقینە و هەوڵێکە بۆ سەپاندنی فەرزی ئیرادەی لایەنێک.داواش لە لایەنەكان دەكات بەشداریی دانیشتنەكەی سبەی نەكەن.
ئەم بانگهێشتنامەیەی سەرۆكایەتیی دیوانی پەرلەمانی كوردستان بۆ كاراكردنەوەی پەرلەمان لەكاتێكدایە تائێستا هەردو حزبی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان نەگەیشتونەتە رێككەوتن بەمەبەستی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت.
جێی وەبیرهێنانەوەیە، یەكەم دانیشتنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان لە ڕۆژی دووشەممە (2)ـی كانوونی یەكەمی (2024) لە كاتژمێر (11)ـی پێشنیوەڕۆ بە سەرۆكایەتیی بە تەمەنترین پەرلەمانتار محەممەد سلێمان (سەر بە لیستی نەوەی نوێ) دەستیپێكرد و پەرلەمانتاران سوێندی یاساییان خوارد.
0 لێدوانەکان
Karla Gleichauf
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
M Shyamalan
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
Liz Montano
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment