جورف سەخر کلیلە شاراوەکەی گرووپە میلیشیاکان راپۆرت و شیکاری

نوچە نێت: تایبەت

ئا: ژیوار سلێمان سەلکە

جورف سەخر ناوچەیەکی ستراتیژی عێراقە دەکەوێتە باکووری پارێزگای بابل، ئەم ناوچەیە خاڵی بەیەکگەیشتی پارێزگاکانی (بەغدا و ئەنبا و بابل و کەربەلا)یە، هەر ئەمەش وایکردووە پێگەکەیەکی جوگرافی گرنگی هەبێت و ببێتە ناوچەیەکی هەستیار لە ڕووی ئەمنییەوە، بەر لە ساڵی (2014) دانیشتوانی ناوچەکە عەرەبی سوونە بوون، بەڵام لە ساڵی (2014) ئەو ناوچەیە کەوتە بەر لێشاوی چەکدارانی داعش و داگیرکرا، هاوکات هێزەکانی سوپای عێراق بە هاوبەشی لەگەڵ گرووپەکانی حەشدی شەعبی کە کەتائیبی حیزبوڵڵا یەکێک لەپێکهێنەرانی حەشدی شەعبی  بوو بە پاڵپشتیی هاوپەیمانان، هێرشێکی بەرفراوانیان بە ناوی ئۆپەراسیۆنی عاشوورا بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی ناوچەکە ئەنجام دا، دوای کۆنترۆڵکردنەوەی ناوچەکە لە دەستی داعش، زۆرینەی هەرە زۆری دانیشتووانە ڕەسەنەکەی ئاوارە بوون و تا ئێستاش بە شێوەیەکی بەرفراوان نەگەڕاونەتەوە سەر ماڵ و حاڵ و زەوییە کشتوکاڵییەکانیان.لە ئێستادا ناوچەکە زیاتر وەک ناوچەیەکی سەربازی و داخراو دەردەکەوێت و ژمارەی دانیشتووانە ئاساییەکەی زۆر کەمە و بە تەواوی لە ژێر چاودێریی ئەمنیدایە، لە ڕووی مەیدانی و ئەمنییەوە، ناوچەکە بە شێوەیەکی کرداری لە ژێر کۆنترۆڵ و هەژموونی کەتیبەکانی حیزبوڵڵای عێراقدایە.

چی لە جورف سەخر دەگوزەرێت؟

جورف سەخر ناوچەیەکی دەوڵەمەن نیە بە نەوت، بەڵام ناوچەکە دەکەوێتە سەر ڕێڕەو و دەوروبەری هێڵەکانی گواستنەوەی وزە و کارەبا و بۆڕییەکانی نەوت بەتایبەت بۆڕییە سەرەکییەکانی گواستنەوەی نەوت کە لە پاڵاوگەکانی دۆرە و بێجییەوە دەردەچن بەو ناوچەیەدا تێدەپەڕن، هەروەها بەرهەمە نەوتییەکان لە نێوان باشوور و ناوەڕاست و بەغدادا دەگوازرێتەوە، هاوکات چەندین پاڵاوگەی نایاسایی لە ناوچەکە دروستکراوە کە تەنها لە دوو پاڵاوگە نزیکەی (6000) بەرمیل نەوت بەرهەمهێندراوە، بە گوێرەی بڵاوبوونەوەی ڕاپۆرتە میدیاییەکان کە جەخت لەوە دەکەنەوە کە ئۆپەراسیۆنی بەقاچاخبردنی نەوت لە ناوچەکەدا بەڕێوە دەچێت و گرووپە چەکدارەکان تێیدا تێوەگلاون لە ئێستادا ناوچەکە وەک مەیدانی قاچاخچێتی و گواستنەوەی نەوت بە تانکەر دەردەکەوێت.

بە پشت بەستن بە لێکۆڵینەوە ئەمنینەکان و بەڵکەگەکانی حکومەتی عێراق، قاچاخچییەکانی ناوچەکە بۆڕیی گواستنەوەی نەوتیان کونکردووە، نەوتییان لێڕاکێشاوە کە درێژکی بۆڕییەکە (26) ئینجە، نەوتەکەیان لە چالێکدا کۆیان کردۆتەوە، ڕۆژانە (200) هەزار بەرمیل نەوتی خاو دەگوازێتەوە.

هاوکات ناوچەکە شوێنی کۆگای تەقەمەنی و مووشەک و درۆنە بۆ گروپە میلیشیاکان، هەروەها بە گوێرەی میدییاکان نزیکەی (40) هەزار سەرباز لە ناوچەکە جێگیرکراون. 

دوایین پێشهاتەكانی جورف سەخر

ڕۆژی شەممە (2026/11/14) لێژنەیەکی باڵی لێکۆڵینەوەی حکومەتی عێراق، ڕاپۆرتی خۆی سەبارەت بە بوونی دیاردەی بەقاچاخبردنی نەوت لە ناوچەی جورفی سەخر پێشکەش بە عەلی زەیدی سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد،دوای بینینی ڕاپۆرتەکە سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیاری دا بە دوورخستنەوەی چەندین بەرپرسی ئەمنی و ڕەوانەکردنی تۆمەتباران بۆ دادگا.

هاوکات ڕۆژی دووشەممە (2026/11/16) سەرۆک وەزیرانی عێراق فەرمانی بە هێزە چەکدارەکانی کرد بچنە ناو ناوچەی جورف سەخر و مۆڵەتی بە گروپە چەکدارەکانی ناوچەکەدا تاوەکو ڕۆژی هەینی شوێنەکەیان چۆڵ بکەن و لە ناوچەکە بکشێنەوە، ئەمەش کاردانەوەی هێزەکانی حیزبوڵای ڵێکەوتییان هەڵوێستی خۆیان پیشاندا، ئەبو تالیب سەعیدی سەرکردە و وتەبێژی کەتائیبی حیزبوڵڵا، بە توندی کشانەوەی ڕەتکردەوە و ڕایگەیاند، کە بە هیچ شێوەیەک جورف سەخر جێناهێڵن تەنانەت ئەگەر لەسەر جەستە و خوێنیشیان بێت، چونکە بە گوتەی خۆیان ئەوان قوربانییان بۆ ئەو خاکە داوە.

هەر سەبارەت بەم دۆخە شەوی دووشەممە (2026/11/16) ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران لەگەڵ عەلی زەیدی کۆبوونەوە، ئەنجامی گفتوگۆکان بریتیی بوو لە جێگیرکردنی هێزە هاوبەشەکانی حکومەت (سوپا، پۆلیسی فیدراڵی، حەشدی شەعبی) لە ناوچەکە بۆ کۆتایهێنان بە گرژییەکان.

لە بارەی جێبەجێکردنی بڕیارەکان لە ڕۆژی سێشەممە (2026/11/17) نووسینگەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق گۆڕانکاریی لە بەرپرسیارێتیی ئەمنیی ناحیەی جورف سەخر کرد، کە دیارترینیان ئەوەبوو فەوجێک لە پۆلیسی وزە ئەرکی پاراستنی بۆرییەکانی گواستنەوەی نەوت لە ناوچەکە دەگرنە دەست.

هاوکات هۆزە عێراقییەکانی نەجەف لە بەیاننامەیەکدا نیگەرانی خۆیان سەبارەت بە دۆخی ئەمنی جورف سەخر دەربڕی و ئاماژەیان بەوەدا، باشتر وایە حکومەت بەدواداچوون بۆ دۆخی ئابووری و خزمەتگوزاری بکات، لەبری ئەوەی بچێتە ناو بابەتی ئاڵۆزەوە کە هەڕەشە لەو ئاسایشە دەکەن کە بە خوێن و قوربانییەکی زۆر بەدەستمان هێناوە.

 لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا ڕۆژی پێنجشەممە (2026/11/19) عەلی زەیدی فەرمانی ئامادەیی تەواوی بۆ سەرجەم هێزە ئەمنییەکان دەرکردووە، کە لە کاژێر (12:00)ـی نیوەڕۆی ڕۆژی  پێنجشەممە دەستیپێکردووە و تاوەکو کاتێکی نادیار بەردەوام دەبێت.

شایەنی باسە ڕۆژی هەینی (2026/11/20) هێزەکانی عێراق بە فەرماندەیی فەریق ئەحمەد بارەگای کۆنترۆڵ لە جورف سەخر کرایەوە کە بە تەواوی بەستراوەتەوە بە فەرماندەیی پۆلیسی فیدراڵی، کە ئەرکی بارەگاکە، پاراستنی ناوچەکەیە بە هاوبەشی هەریەک لە لیوایەک لە سوپای عێراق، لیوایەک لە پۆلیسی فیدراڵی، دوو لیوا لە حەشدی شەعبی و فەوجێکی کۆماندۆی پۆلیسی وزە بۆ پاراستنی بۆرییە نەوتییەکان، هاوکات عەلی زەیدی کە لە ژووری ئۆپراسیۆنەکانەوە چاودێری دۆخەکەی دەکرد یەیامێکی ئاراستەی هێزە ئەمنییەکان کرد کە چوونەتە ناو ناوچەکە، داوای لێکردن دانبەخۆیاندا بگرن و بە دانایی مامەڵە بکەن، هەروەها جەختی لەوە کردووە، کە شەڕ ناکەن و هەموو ئەوانەی لەوێن برایانن، سەرۆکوەزیران دووپاتیکردەوە کە بڕیاریان جێگیرە کە چەک لە دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت نییە و هیچ چەکێک نییە تەنیا چەکی عێراق نەبێت.

هەروەها لەلایەکی دیکەوە فەریق روکن حامید حوسێنی فەرماندەی پۆلیسی وزە ئاشکرای کرد، پۆلیسی وزە بەرپرسیارێتی پاراستنی (100) کیلۆ مەتر لە هێڵی گواستنەوەی وزە هەیە، تا ئێستا (95) کیلۆمەترمان پاراستووە، پێنج کیلۆ مەترەکەی تر دەکەوێتە ناو جەرگەی جورف سەخرەوە کە ناوچەیەکەی سەخت و کشتوکاڵییە،  تیمەکانمان بە ئامێری پێشکەوتوو شوێنی بۆرییەکان هەڵدەگرن و خاڵی ئەمنی بۆ پاراستنیان دادەنێین، هەروەها فەرماندەی پۆلیسی وزە ئاماژەی بەوەشداوە لەهەر (500) مەترێک خاڵێکی ئەمنی دادەنرێت و دەبەسترێنەوە بە بنکە سەرەکییەکانەوە.

 

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین