ئاگری نەوت وڵاتان دەسوتێنێت
نوچە نێت: تایبەت
ئا: ژیوار سلێمان
نەوت وەك سەرچاوەیەکی سروشتی لە خاکی هەندێ وڵاتان بوونی هەیە، ئەم سەرچاوە سروشتییە لە سەدەی (21)دا وەك پیشەسازییەك سەریهەڵدا. بە گوێرەی داتا جیهانییەکان، یەدەگی نەوت لە جیهاندا (1.333) تریلۆن بەرمیل دەبێت.
جیهانی ئەمڕۆ بۆ زۆربەی سێکتەرەکانی ژیان پشت بە نەوت دەبەستێت لەوانە، کشتوکاڵ، گەشتوگوزار، پیشەسازی، تەکنەلۆژیا، جگە لەوانەش نەوت دەکرێت وەک سەرچاوەیەک بۆ داهاتی ئابووری سوودی لێوەربگرێت ئەگەر بەڕێوەبردنێکی شارەزایانەی هەبێت، نەوت جگە لە ڕەهەندی ئابووری ڕەهەندی سیاسیشی هەیە، ئامرازێکە کە لە زۆربەی یارییە سیاسسیەکاندا وەک کارتی فشار بەکاردەهێنرێت، نەوت دەتوانێت وڵاتانێک لەسەر مێزی گفتگۆ کۆبکاتەو کە لە ڕووی ئایدۆلۆژیاوە دژ بەیەکیش بن، بەڵام زۆرجار نەوت بە شێوەیەکی ڕاستەخۆ یان ناراستەوخۆ هۆكاری سەرهەڵدانی جەنگەکانە، لە ئێستادا بە نزیکەیی لە (56) وڵاتدا جەنگ و گرژیی سیاسیبوونی هەیە، دیارترین ئەو وڵاتانەی جەنگیان تێدایە و خاوەن یەدەگی نەوتین (ئێران، ڕووسیا، سووریا، یەمەن، لیبیا، سعوودییە). هەروەها بەشێكیان لەو وڵاتانە خاوەن یەدەگی نەوتن لە ڕابردوودا بەهۆی نەوتەوە جەنگیان تێدا هەڵگیرسا لەوانە (ئێران، عێراق، کوەیت، سودان، نایجیریا،...)، كە بەشێک لە جەنگی نێوان وڵاتان بەهۆی کۆنترۆڵی سەرچاوەکانی نەوت و گازەوە بووە، لە کاتی ململانێکاندا کێڵگە نەوتییەکان، بۆیە لە كاتی هەڵگیرسانی جەنگ، زیاتر پاڵاوگەکان و بۆرییەکانی گواستنەوە دەبنە ئامانجی سەرەکی لایەنە شەڕکەرەکان بۆ لاوازکردنی لایەنی بەرامبەر.
نەوت و جەنگەكان
ڤەنزوێلا
ڤەنزوێلا بە پلەی یەکەم دێت لە ریزبەندی گەورە وڵاتانی خاوەن نەوت کە یەدەگەکەی بە (303) ملیار بەرمیل نەوت دەخەمڵێنرێت، کە یەکسانە بە ڕێژەی (21%)ی کۆی وزەی جیهانی، لە ڕۆژی (2026/1/3) هێزی دەلتای ئەمریکا هێرشی کردە سەر كۆشكی سەرۆكایەتییی ڤەنزوێلا و مادۆرۆی گرت، بە گوتەی بەرپرسانی ئەمەریكا، سەرۆكی ئەو وڵاتە لە دۆسیەی بازرگانی نایاسایی بە ماددەی هۆشبەر و تیرۆر تێوەگلاوە، بەڵام لە ڕاستیدا دۆناڵد ترەمپ ئامانجی دەست بەسەرداگرتنی نەوتی ئەو وڵاتە بوو، لە پێناو گەڕاندنەوەی کۆمپانیا ئەمریکییەکان بۆ کێڵگە نەوتییەکانی ڤەنزوێلا، هەر زووش ئەمریکا کۆنترۆڵکردنی کەرتی نەوتی ڤەنزوێلای ڕاگەیاند، تاوەکو پێکهێنانی حکومەتی نوێ، ئەم کۆنترۆڵکردنە بووە هۆی پچڕانی (900) هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە لە بازارەکانی جیهاندا. ئەگەرچی ئەمە بە جەنگێکی قورس هەژمار ناکرێت، بەڵام ئەگەر ڤەنزوێلا خاوەنی ئەم بڕە زۆرەی نەوت نەبایە، ڕەنگە ئەمریکا دانوستاندن و گفتوگۆی هەڵدەبژارد نەك هێرشكردن.
سعوودیە
سعوودیە لە ڕیزبەندی دووەم دێت لە دوای ڤەنزوێلاوە، كە یەدەگی نەوتی بە (267) ملیار بەرمیل نەوت دەخەمڵێنرێت، ئەمەیش یەکسابە بە ڕێژەی (15%) یەدەگی نەوتی جیهانی، گەورەترین هەناردەکاریی نەوتە لە جیهاندا کە نزیکەیی زیاتر لە (12) ملیۆن بەرمیل نەوتە لە ڕۆژێکدا هەناردە دەکات، بەڵام هەڵگیرسانی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، وایکرد ئێران لە کاردانەوەی بۆ جەنگەکە هێرش بکاتەسەر وڵاتانی کەنداو و دامەزراوە نەوتییەکان بە ئامانج بگرێت، بەمەش سعودییە بوو بە ئامانجی سەرەكی و زیانێکی زۆر بەر دامەزراوەکانی کەوت، هاوكات ەهۆی داخرانی گەرووی هورمز هەناردەی نەوتی سعودییە نزیک بوویەوە لە سفر، وەك ڕێگەی جێگرەوە بۆ هەناردەکردنی نەوتەکەی، ڕێگەی بۆڕیی ڕۆژهەڵات-ڕۆژئاوا و جارێكی دیكە بەكارهێنایەوە.
لە سەرەتای مانگی ئۆکتەبەردا ناکۆکییەکانی نێوان سعودییە و حووسییەکان سەریهەڵدایەوە، حووسییەکان هێرشێکی چڕیان بۆ سەر ڕیاز دەستپێکرد، كە دامەزراوە نەوتییەکانی وەک ئارامکۆ و کۆگاکانی نەوت و بەندەری راس تەنوورە بە ئامانج گیران، لە بەرامبەردا سعوودییە زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانی کردەسەر بنکە و بارەگاكانی مووشەکی حووسییەکان لە سەنعا و دەوروبەری.
ئەم هێرشانە سعوودییەی ناچار کرد بەرهەمهێنان لە کەرتی وزەدا بە شێوەیەکی کاتی ڕابگرێت، هاوکات کۆمپانیا ئارامکۆ بەشێک لە گرێبەستەکانی هەناردەکردنی نەوتی لەگەڵ کڕیارە ئەوروپپیەکان هەڵوەشاندنەوە هەناردەکردنی نەوت بە بۆڕیی ڕۆژهەڵات-ڕۆژئاوا وەستێنرا، هاوکات سعودییە هەوڵیدا بڕێکی زۆر لە نەوتی خاو هەناردە بکات لە دەریای سوورەوە بۆ کەنداوی عەرەبی لە ڕێگەی گواستنەوەی کەشتی بۆکەشتی (Ship-to-ship) لە عومانەوە ڕەوانە بکات، تاوەکو ڕێگری بکات لە وەستانی تەواوەتی هەناردەکردن.
ئێران
ئێران خاوەن گەورەترین یەدەگی نەوتی سەلمێنراوی جیهانە، کە لە ڕیزبەندی سێیەم دێت، یەدەگەکەی دەگاتە (208.6) ملیار بەرمیل نەوت. لە (2026/2/28) ئیسرائیل و ئەمریکا هێرشیان کردە سەر ئێران، ئەم جەنگە کە تاوەکو ئێستاش بەردەوامە و نەگەیشتونەتە رێککەوتن، کاریگەریی گەورەی لەسەر جیهان دروستكرد. گەرووی هورمز شادەماری هەناردەکردنی نەوتی ئێران و تەواوی نەوتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، کە ڕێژەی (20%) نەوت و گازی جیهانی پێدا تێپەردەبێت، لەلایەن ئێرانەوە کۆنترۆڵکرا بوو، بەهۆی پەککەوتنی هەناردەی نەوتی جیهان، هەرچەندە هۆکاری سەرهەڵدانی ئەم جەنگە ناکۆکی چەندین ساڵەی نێوان ئێران و ئیسرائیل بوو، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دوناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، ئامانجمان کۆنترۆڵکردن و بەرێوەبردنی نەوتی ئێرانە.
لەم جەنگەدا، ئێران زەرەرمەندی سەرەکی بووە، بەرهەمهێنان و هەناردەی نەوت کەمبۆتەوە بەهۆی هێرشە بەردەوامەکان بۆ سەر دامەزراوە نەوت و گازییەکان، کە ئەمەش ڕاستەخۆ کاریگەری کردە سەر ئابووریی ئێران، گەمارۆ دەریاییەکان و سزا ئابوورییەکان و هێرشە بەردەوامەکان وایکرد هەناردەی نەوتی ئێران دابەزێت بۆ خوار (200) هەزار بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا، کە ئەمەش یەکسان بوو بە دابەزین بە ڕێژەی (89%)ـی هەناردەکردن بەر لە جەنگ، چونکە بەر لە جەنگ ئێران نزیکەی دوو ملیۆن بەرمیل نەوتی هەناردە دەکرد کە بەشێکی زۆری بە وڵاتی چین دەفرۆشت.
ڕووسیا
لە شوباتی (2022)دا جەنگ لەنێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا هەڵگیرسا، کە ئێستاش بەردەوامە، ئەم جەنگە کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر بازاڕی وزە لە جیهاندا دروستکرد، ڕووسیا بەر هەڵگیرسانی جەنگ ڕۆژانە زیاتر لە هەشت ملیۆن بەرمیل نەوتی هەناردەی بازارەکانی ئەوروپا دەکرد، هەروەها بە ڕێژەی (40%) گازی سروشتی بۆ ئەورپای دابین دەکرد، دوای سەرهەڵدانی جەنگ هەناردەی گازی سروشتی ڕووسیا بۆ بازاڕەکانی ئەوروپا وەستێنرا، بەهۆی پەککەوتنی هێلەکانی گواستنەوە، هەروەها سەپاندنی سزا ئابوورییەکان لەلایەن ئەمریکاوە بۆ سەر کەرتی وزەی رووسیا، لەلایەكی تری وڵاتانی (G7) نرخی نەوتی ڕووسیایان سنووردارکرد، تاوەكو كاریگەریی لەسەر داهاتی ڕووسیا بۆ دارایی جەنگ دروست بكات، ئەمەش رووسیای ناچارکرد کە نەوتەکەی بە هیندستان و چین بفرۆشێت بە داشکاندێكی گەورە، ئەمەش زیانی بە ئابووریی ڕووسیا گەیاند.
لە جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران بەهۆی پچرانی گازی قەتەر بۆ بازاڕەکانی ئەوروپا، دۆنالد ترەمپ گەمارۆ و سزا ئابوورییەکانی بۆ ماوەیەکی کاتی لەسەر ڕووسیا هەڵگرت، بە ئامانجی دابەزاندنی نرخی سووتەمەنی لە جیهاندا، ئەمەش دەکرێت ببێت بە پاڵپشتییەکی بەهێز بۆ دابینکردنی تێجووی جەنگ بۆ ڕووسیا.
عێراق
لە ساڵی (2003) هێزەکانی ئەمریکا ڕژێمی سەدام حسێنیان ڕووخاند، لە ژێر ناوی هەبوونی چەکی قورس و تێوەگلانی سەدام لە جەنگی تیرۆر، بەڵام بەشێک لە شرۆڤەکاران و پسپۆرانی بواری وزە پێیانوابوو کە تیرۆر وەک پاساوێک بەکارهێنرا بۆ دەست بەسەرداگرتنی کەرتی وزەی عێراق لەلایەن ئەمریکاوە، هەرچەندە دوای جەنگ ئەمریکا ڕاستەوخۆ نەیتوانی دەست بەسەر نەوتی عێراقدا بگرێت، بەڵام کۆنترۆڵی داهاتی نەوتی عێراق کەوتەژێر چاودێریی ئەمریکاوە بە دانانی سەندوقی گەشەپێدانی عێراق (DFI) لە بانکی فیدراڵی نیورۆک، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەمریکا دەسەڵاتی تەواوی هەیە لەسەر بلۆککردنی ئەم پارانە لە ئەگەری بوونی هەر کێشە و ناکۆکییەک لە نێوان ئەمریکا و عێراقدا.
هاوکات ئەمریکا لە ناوخۆیی عێراقدا دووچاری بەرگریی هێزەکانی گرووپە تیرۆریستییەكان، سوونە و میلشیاکانی شیعە بوویەوە، بەمەش حکومەتی عێراق لە ساڵانی (2009 بۆ 2010) بەسەرکردایەتیی نوری مالیکی بۆ کەرتی وزەی عێراق دەرگای بەرووی کۆمپانیا چیینیەکان و ڕووسیەکاندا کردەوە، بەمەش کارکردنی کۆمپانیا ئەمریکییەکان لە کێڵگە نەوتییەکان كەمبووەوە.
بەڵام لە سەردەمی ئێستادا و هەبوونی جەنگی ئێران و ئەمریکا و داخرانی گەرووی هورمز بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ کاریگەریی کردەسەر عێراق، بەو پێیەی عێراق بۆ هەناردەکردنی نەوتەکەی پشتی بە گەرووی هورمز دەبەستێت، ئەمەش عێراقی ناچارکرد بە کەمکردنەوە و بەرهەمهێنانی نەوت، هەروەها هەناردەکردنی نەوتی عێراقیش بۆ ماوەیەک وەستا دواتر حکومەتی عێراق بە هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان بەشێک لە نەوتی کەرکووک بە ڕێگەی بۆریی نەوتی کوردستان-تورکیا هەناردەی بازاڕەکانی جیهان کرا، تاوەكو عەلی زەیدی سەردانی ئەمریکای کرد و لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکانی بواری وزە چەندین گرێبەستی نوێێ واژۆکرد بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوتی عێراق، بەمەش ئەمریکا جارێکی دیکە دەسەڵاتی بۆ گەڕایەوە بۆ کارکردن لە نەوتی عێراق.
لیبیا
لیبیا خاوەنی گەورەترین یەدەگی نەوتە لە کیشوەری ئەفریقیا، بە پشت بەستن بە داتا جیهانییەکان یەدەگی نەوتی لیبیا بە نزیکەیی دەگاتە (48) ملیار بەرمیل نەوت، بەرهەمهێنانی ڕۆژانەی نەوت دەگاتە (1.2) ملیۆن بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا، ئابووریی لیبیا (90%) پشت بە داهاتی نەوت دەبەستێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لەدوای ڕووخانی ڕژێمی قەزافی لە ساڵی (2011) لیبیا بەسەر دوو دەسەڵاتدا دابەشبوون، ئەوانیش (حکومەتی یەکێتیی نیشتیمانی و سوپای نیشتیمانی)، نەوت خاڵی ناکۆکیی نێوان ئەم دوو دەسەڵاتەیە، چونکە حکومەتی یەکێتی نیشتیمانی دەسەڵاتی بەسەر کۆمپانیای نەوتی نیشتیمانی و بانکی ناوەندی لیبیادا هەیە، سوپای نیشتیمانی دەسەڵاتی بەسەر کێڵگە نەوتییەکاندا هەیە، دابەشبوونی دەسەڵات لە نێوان حکومەتەکانی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای لیبیا، وایکردووە کەرتی وزە بەردەوام ڕووبەڕووی مەترسی بێتەوە. چەندین جار کێڵگە نەوتییەکان یان بۆرییەکانی گواستنەوە لەلایەن گرووپە چەکدارەکان یان خۆپیشاندەرانەوە داخراون، کە ئەمەش بووەتە هۆی زیانی دارایی گەورە و ناجێگیری لە بازاڕی وزەدا.
کەرتی نەوتی لیبیا هەمیشە وەک کارتێکی فشار بەکاردێت لە دەستی ئەم دوو دەسەڵاتە هەرکاتێک لێک تێگەیشتن و نزیک بوونەوە هەبیت ئەوا بەرهەمهینانی نەوت بەرز دەبیتەوە، بە پێجەوانەوە ئەگەر گرژیی ناکۆکییەکان دروست بن بەرهەمهێنانی نەوت دەبیتە خوار (100) هەزار بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا، ئەمەش کاریگەریی دەکاتە سەر ئابووریی وڵات و تێکجوونی دۆخی ژیانی هاوڵاتیان.
سووریا
کەرتی وزەی سووریا یەکێکە لەو وڵاتانەی کە زۆرترین زیانی بەرکەوتووە بەهۆی جەنگ و ململانێ ناوخۆیی و دەرەکییەکان، یەدەگی نەوتی وڵاتەکەی بە نزیکەی سێ ملیار بەرمیل نەوت دەخەمڵێنرێت، سووریا پێش سەرهەڵدانی جەنگ لە (2011)دا، بەرهەمهینانی نەوتی ڕۆژانەی (480) هەزار بەرمیل نەوت بوو، لە دوای دەستپێکردنی شەڕ و ململانێکان ئەم بڕە دابەزی بۆ (40) هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا، وێڕای ئەوەی سەرهەڵدانی جەنگی لە (2011)دا، ناڕەزایەتی جەماوەری بوو، بەڵام نەوت هۆکارێک بوو بۆ پەرەسەندیی گرژییەکان.
لەو کاتەی ناوچەکانی ڕۆژهەڵات و باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا، کە زۆرینەی کێڵگە نەوتییەکانی تێدایە کەوتنە دەرەوەی کۆنترۆڵی دەوڵەت،کێڵگە نەوتییە سەرەکییەکانی وەک کێڵگەی عومەر و تەنەک لە دێرەزوور، و ڕمێلان لە حەسەکە، بە درێژایی جەنگ چەندینجار دەستیان بەسەردا گیراوە لەلایەن هێزەکانی بەشار ئەسەد، ڕێکخراوی داعش، هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بە پاڵپشتی ئەمریکا، گرووپە جیاوازەکان کێڵگەکانی نەوتیان وەک سەرچاوەیەکی سەرەکی بۆ دابینکردنی دارایی چەک و جەنگەکانیان بەکاردەهێنا، تەنانەت لە ڕێگەی بازرگانیی نایاسایی و پاڵاوتنی سەرەتاییەوە،كەواتە لە سووریا نەوت بەر لەوەی ببێت بە هۆکاری داهات و پێشکەوتنی ئابووریی وڵات، هۆکارێک بووە بۆ پەرەسەندی جەنگ و ململانێکان.
کوەیت
بە پێی داتا جیهانییەکان یەدەگی نەوتی کوەیت بە نزیکەیی (104) ملیار بەرمیل نەوت دەخەمڵێنرێت، لە ڕیزبەندی حەوتەم دێت لە ڕیزی وڵاتانی خاوەن نەوت. بەرهەمهێنانی ڕۆژانەی دەگاتە (2.1) ملیۆن بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا، جەنگی عێراق-کوەیت کە بە جەنگی کەنداو ناسراوە لە ساڵانی (1990-1991) سەریهەڵدا، دیارترین نموونەی جەنگە لە ناوچەکە، كە پەیوەندی بە نەوتەوە هەبوو بێت، دوای کۆتایی هاتنی شەڕی ئێران-عێراق وڵاتی کوەیت پشکی بەرهەمهێنانی خۆی لە ڕێکخراوی ئۆپێک بەرزکردەوە بەمەش نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهان دابەزی، ئەمەش زیانێکی زۆری بە عێراق گەیاند، چونکە عێراق بەهۆی جەنگی ئێران-عێراقەوە کەوتە ژێر قەرزێکی زۆر، بۆیە سەدام حسێن کوەیتی بە بەدزینی نەوتی عێراق لە کێلگەکانی ڕومێلە تۆمەتبار کرد و هێرشی کردە سەر کوەیت و داگیری کرد.
بەڵام کاتێک هاوپەیمانان لە شوباتی (1991)دا سوپای عێراقیان لە کوەیت دەرکرد، سوپای عێراق لە کاتی کشانەوەیدا نزیکەی (700) بیری نەوتی کوەیتی سوتاند. ئەمە بووە هۆی یەکێک لە گەورەترین کارەساتی ژینگەیی و ئابووری لە مێژووی جیهاندا، کە کوژاندنەوەی ئاگرەکان چەندین مانگی خایاند، هەروەها زیانێکی گەورەی ئابووریی بەو وڵاتە گەیاند.
سەبارەت بە کاریگەرییەکانی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، کوەیت وەک هەر وڵاتێکی دیکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەراست بێببەش نەبوو لە زیانەکانی ئەم جەنگە، گەورەترین نیگەرانی کوەیت لەم جەنگەدا، ئەگەری فراوانبوونی ئاڵۆزییەکانە لە نێوان ئیسرائیل، ئەمریکا و ئێران. لەبەر ئەوەی کوەیت کەوتووەتە جەرگەی کەنداو، هەر پێکدادانێک لە دەوروبەری گەرووی هورمز یان کێڵگە نەوتییەکان، ڕاستەوخۆ ئاسایشی نەتەوەیی و ئابووری کوەیت دەخاتە مەترسییەوە، هەروەها بەهۆی داخرانی گەرووی هورمز کوەیت ناچار بووە ڕێرەوی گواستنەی نەوت بگۆرێت بۆ دەرەوەی کیشوەری ئەفریقیا ئەمەش تێچوویەکی زۆری هەیە لەسە ئەو وڵاتە کە کاریگەری لەسەر بەها و قازانجی هەناردەکردنی نەوتی کوەیت دروست کردووە.
کەواتە نەوت لە کوەیتیش هۆکارێک بوو بۆ دەستپێکردنی ململانێکان و سەرهەڵدانی جەنگ، ئەگەر کوەیت نەوتی نەبوایە، ڕەنگە هەوڵی داگیرکردنی نەدرابوایە
کاریگەریی جەنگ لەسەر نرخی نەوت
هەموو کاتێک جەنگەکان دەبنە بەهۆی دروستکردنی ناسەقامگیریی و کەمبوونەوەی خستنەڕووی نەوت لە بازارەکاندا، بەمەش ڕاستەوخۆ کاریگەریی دەکەنە سەر نرخی نەوت و هەڵاوسانی بازاڕەکانی وزە، بە تایبەتی کاتێک هێلەکانی هەناردەکردنی نەوت لە کار دەکەون یاخود کێڵگە و دامەزراوە نەوتییەکان بە ئامانج دەگیرێن ئەمە دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی نەوت و پچڕانی خستنەڕووی نەوت لە جیهاندا، لەو کاتەشدا خواستی بەرز لەسەر دابینکردنی نەوت و کەمبوونەوەی بڕی نەوت وا دەکات نرخی نەوت لە جیهاندا بەرزبیتەوە.
لە ئێستادا بەهۆی جەنگی ئەمریکا و ئێرانەوە نرخی نەوت زیاتر لە (100) دۆلاری تێپەراندووە، بەهۆی ئەو زیانانەی کە بەر دامەزراوە نەوتییەکان کەوتووە، هەروەها ترسی پەرەسەندنی ئاڵۆزییەکان نرخی نەوتی لە جیهاندا گەیاندە ئەو ئاستە.
0 لێدوانەکان
Karla Gleichauf
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
M Shyamalan
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
Liz Montano
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment