ئابووریی وزەی سووریا دوای ڕووخانی بەشار ئەسەد
نوچە نێت: تایبەت
ئا: ژیوار سلێمان سەلكە
یەکێک لە گرنگترین کەرتەکانی ئابووری لە سووریا کەرتی نەوت و گازە، هەڵکەوتەی جوگرافی وایکردووە سووریا ببێتە شوێنێکی ستراتیژی گرنگ لە گواستنەوەی بازرگانی وزە، بەڵام سەرهەڵدانی جەنگ و تێكچوونی دۆخی سەقامگیری ناوچەکە بوونە بەربەست لە بەردەم پێشخستنی ئەم کەرتە.
بە گوێرەی داتا جیهانیەکان یەدەگی نەوتی سووریا بە بڕی (2.5) ملیار بەرمیل نەوت دەخەمڵێندرێت، کە کێڵگە نەوتییەکانی کەوتۆتە ناوچەکانی ڕۆژهەڵات و باکووری ڕۆژهەڵاتی ناوچەکە، گرنگترین کێڵگەکان بریتین لە (ئەلعومەر، ڕومێلان، سوەیدە، ئەلتەمیم، ئەلثەورە، جەبیسە) هەروەها سەبارەت بە سێکتەری گاز یەدەگی گازی سەلمێنراوی سووریا بە نزیکەی (240) ملیار مەترپێ سێجا دەخەمڵێنرێت، زۆرینەی گازی سەربەخۆی سووریا لەم کێلگانەن لەوانە (شاعیر، جەحار، مەهر، حەیان) کە حکومەتی سووریا بە هاوبەشی لەگەڵ کۆمپانیا بیانییەکان پەرەپێدانیان تیایدا دەکات.
لە (2024)دا حکومەتی بەشار ئەسەد دوای (53) ساڵ لە حکومرانی بنەماڵەیی ڕووخێنرا، دەسەڵاتێکی نوێ بە سەرۆکایەتیی ئەحمەد شەرع لە سووریا دامەزرایەوە، دروستبوونی ئەم دەسەڵاتە وەچەرخانێکی نوێ بوو بۆ کەرتی وزەی سووریا، کە دەکرێت سووریا جارێکی دیکە بگەرێتەوە بازاڕەکانی وزەی جیهان.
یەدەگی نەوت و گازی ناوچە کوردییەکان
کێڵگە نەوتییەکانی سووریا دەکەونە پارێزگاکانی حەسەکە و دێرەزوور، کۆی یەدەگی نەوتی سەملێنراو لە ناوچە کوردییەکان بە نزیکەیی بە(1.2) ملیار بەرمیل نەوت دەخەمڵێنرێت کە ئەمەش ڕێژەی (60%) یەدەگی نەوتی سووریا پێک دەهێنێت، کێڵگەکانی رمێلان و سوەیدە کەوتونەتە ئەم ناوچەیە، ئەم دوو کێڵگەیە یەکێکن لە گەورەترین کێڵگەکانی نەوتی سووریا لە ڕووی ڕووبەر و ژمارەی بیرەکانەوە، جۆری نەوتەکەی لە جۆری قورسە کە بۆ دابینکردنی وزە و کارەبای سووریا سوودی لێوەردەگیرێت، هەروەها سەبارەت بە گازی سروشتی یەدەگی ناوچە کوردییەکان بە نزیکەی (40 بۆ 50) ملیار مەترپێ سێجاگازی سروشتی دەخەمڵێندرێت، کە دەکاتە نزیکەی (20%)ـی کۆی یەدەگی گازی سووریا.
نەوت و گازی سووریا لە بەرهەمهێنانەوە بەرەو قەیران
بەر لە سەرهەڵدانی شەڕی ناوخۆیی سووریا لە ساڵی (2011)، نەوت یەکێک بوو لە سەرچاوەکانی داهاتی حکومەت، بە گوێرەی داتاکانی ئاژانسی وزەی نێودەوڵەتی لە ساڵی (2010) بەرهەمهێنان لە کێلگە نەوتییەکانی سووریا ڕۆژانە (380بۆ 400) هەزار بەرمیل نەوت بوو، بڕی هەناردەکردنی نەوت بۆ دەرەوە (150) هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە بوو کە ئەمەش بە نزیکەیی (25%) داهاتی گشتی حکومەتی سووریای پێک دەهێنا، حکومەت داهاتی نەوتی بەکاردەهێنا بۆ دابینکردنی مووچەی فەرمانبەران و خزمەتگوزاری گشتی و دابینکردنی سووتەمەنی بۆ ناوخۆ بە نرخێکی گونجاو، بەڵام لەگەڵ سەرهەڵدانی شەڕی ناوخۆ حکومەتی سووریا کۆنترۆڵی بەسەر بەشێک لە کێڵگە نەوتییەکانی ڕۆژهەڵات و باکووری ڕۆژهەڵات لەدەستدا ، کۆنترۆڵکردنی بەشێک لەو کێڵگانە کەوتە داعش و گروپە چەکدارەکانەوە، بەهۆی تێکچوونی ژێرخانی وزە و بۆردومانکردنی دامەزراوە و پاڵاوگە و کێڵگە نەوتییەکان بەرهەمهێنان دابەزی بۆ (50) هەزار بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا، بەمەش قەیرانی وزە لە سووریا سەریهەڵدا، بۆ دابینکردنی سووتەمەنی حکومەتی سووریا نەوتی لە ئێرانەوە هاوردە کرد، هاوکات لە لایەکی دیکەوە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و یەکێتی ئەوروپا کۆمەڵێک سزایان بەسەر کەرتی وزەی سووریادا سەپاند، لەوانە یاسای قەیسەر، کە بوو بە هۆکارێک بۆ وەستاندنی هەناردە کردن و هاوردەکردنی نەوت بۆ وڵاتەکە.
سەبارەت بەسێکتەری گاز و بەرهەمهێنانی گازی سروشتی بەر لە ساڵی (2011)، بەرهەمهێنانی ڕۆژانە نزیکەی (9) ملیۆن مەتر پێ سێجا بوو، لە (2005)دا حکومەتی سووریا ستراتیژییەتی وێستگەکانی کارەبای گۆڕی بۆ کارکردن بە گاز لەبری سووتەمەنییە قورسەکان، بۆیە نزیکەی (90%)ـی گازی بەرهەمهێنراو بۆ ناوخۆ و بە تایبەتی وێستگەکانی کارەبا و پیشەسازی بەکاردەهات، بەهۆکاری سەپاندنی سزاکان لەسەر کەرتی وزەی سووریا، کۆمپانیا بیانییەکانی کە کاریان لە گازدا دەکردلە کێڵگە گازییەکان کشانەوە، بەمەش بەرهەمهێنانی گاز لە سووریا وەستا، ئەمەش وایکرد قەیرانی کارەبا لە سووریا سەرهەڵبدات.
دروستبوونی سووریایەکی نوێ و بوژانەوەی ژێرخانی وزە
لە دوای ڕوخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد لە (2024)، گۆڕانکارییە سیاسییەکان و پێکهێنانی حکومەتی نوێی سووریا، وەرچەرخانێکی گەورەی لە کەرتی وزەی ئەو وڵاتەدا دروستکرد، لە ئێستادا ئیدارەی نوێی سووریا ستراتیژیەتێکی گرنگی بۆ ئاوەدانکردنەوە و بوژاندنەوەی ژێرخانی وزە دەستیپێکردووە، لە (2026/5/30) ئەحمەد شەرع سەرۆکی سووریا ڕایگەیاند، چەندین گۆڕانکارییان لە یاسای وەبەرهێناندا ئەنجامداوە، کە ئەمەش ئاسانکاریی دەکات بۆ وەبەرهێنان و هاندانێک دەبێت بۆ وەبەرهێنەران.
هاوکات لەلایەکی دیکەوە یەکێک لە گەورەترین ئاڵنگارییەکانی بەردەم بووژاندنەوەی کەرتی وزەی سووریا، چۆنیەتی مامەڵەکردن بوو لەگەڵ دۆخی ئیداری و ئەمنی ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، کە زیاتر لە (70%)ـی کێڵگە نەوتییەکانی وڵاتەکەی تێدا هەڵکەوتووە و لە ماوەی ساڵانی جەنگدا لەژێر کۆنترۆڵی چەکدارانی داعش دابوون، دواتریش کەوتە ژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و ئیدارەی خۆسەر. حکومەتی نوێی دیمەشق بۆ تێپەڕاندنی ئەم دابەشبوونە جوگرافییە و دڵنیاییدان بە کۆمپانیا بیانییەکان، دەستیکرد بە ئەنجامدانی لێکتێگەیشتن و ڕێککەوتنی ناوخۆیی لەگەڵ ئیدارەی خۆسەر سەبارەت بە چۆنیەتی بەڕێوەبردنی هاوبەشی کێڵگەکان و دابەشکردنی داهاتی وزە لە چوارچێوەی دەستوور و بودجەی گشتیدا، هەروەها بۆ یەکخستنەوەی کۆنترۆڵکردنی کێڵگە نەوتییەکان، حکومەتی سووریا ریفۆرمی کۆمپانیای نەوتی سووریای کرد، سەرجەم دامەزراوە و کۆمپانیا نەوتییەکانی لە ژێر یەک چەتردا کۆکردەوە.
ئەم هەنگاوە نەک هەر ڕێگەی خۆش کرد بۆ گەڕانەوەی کۆمپانیا ئەمریکییەکان بۆ ناوچەکانی حەسەکە و دێرەزوور، بەڵکو گەرەنتییەکی ئەمنی بۆ پاراستنی بۆڕییەکان و ژێرخانی گواستنەوەی نەوت بەرەو بەندەرەکانی دەریای ناوەڕاست دابین کرد.
لە ساڵی (2025) ئەمریکا سزا ئابوورییەکانی لەسەر سووریا هەڵگرت و یاسای قەیسەر هەڵوەشێندرایەوە، ئەمەش ڕێگا خۆشکەربوو بۆ دووبارە دەستپێکردنەوەی پەیوەندییە بازرگانییەکان و گەڕانەوەی کۆمپانیا بیانییەکان بۆ ناو سووریا، هەر ئەمەش وایکرد گەورە کۆمپانیاکانی ئەمریکا وەک (chevron، ConocoPhillips) یاداشتێکی لێک تێگەیشتن لەگەڵ کۆمپانیای نەوتی سووریا واژۆ بکەن بەمەبەستی پەرەپێدان لە کێلگەکانی نەوت و گاز.
شایەنی باسە لە مانگی ئابی ئەمساڵدا کۆمپانیای (HKN)ی ئەمریکی گرێبەستێکی (25) ساڵەی لەگەڵ حکومەتی سووریا واژۆکرد، بە مەبەستی پەرەپێدان و بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگەکانی ڕومێلان لە پارێزگای حەسەکە،گرێبەستەکە تایبەتە بە نۆژەنکردنەوەی بیرە نەوتییەکان، نوێکردنەوەی دامەزراوە وێرانبووەکان، هەڵکەندنی بیری نوێ، و بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنان، هەروەها ئاستی بەرهەمهێنان لەم کێڵگەیەدا قۆناغ بە قۆناغ بەرزدەکرێتەوە بۆ نزیکەی (200) هەزار بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا، ئەمەش یارمەتیدەر دەبێت جارێکی دیکە ژێرخانی وزەی سووریا ببوژێتەوە.
سەبارەت بە سێکتەری گاز، لە ئێستادا قۆناغێکی خێرای بووژانەوە و دووبارە ڕێکخستنەوە بەخۆیەوە دەبینێت بە گوێرەی داتاکانی وەزارەتی نەوتی سووریا لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا بەرهەمهێنانی گازی سروشتی گەیشتۆتە (1.5) ملیار مەتر پێ سێجا، هەروەها وەزارەت لە پلانیدایە تا کۆتایی ئەمساڵ بەرهەمهێنان بگەیەنێتە (7) ملیار مەتر پێ سێجا، هاوکات حکومەتی سووریا بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی گاز گرێبەستی لەگەڵ کۆمپانیاکانی (Dana gas, ADES, ConocoPhillips & Novaterra) واژۆکردووە، ئەمەش لە چوارچێوەی هەوڵەکانی بۆ بووژاندنەوەی ئەم کەرتە و پڕکردنەوەی کورتهێنان لە پێداویستییەکانی کارەبا.
سووریا دەبێتەوە ناوەندێکی هەناردەکاری نەوت؟
بەر لە هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆ، سووریا لە رێگەی بەندەراکانی بانیاس و تەرتوس نەوتەکەی لە ڕێگەی دەریا ناوەڕاستەوە هەناردەی بازاڕەکانی ئەوروپا دەکرد، بەڵام دوای دەستپێکردنی شەڕ و سەپاندنی سزاکانی ئەمریکا ئەوروپا هەناردەی نەوتی سووریا ڕاوەستا، بە گوێرەی داتاکانی وزەی نێودەوڵەتی زیانەکانی ئەوکاتەی کەرتی وزە بە زیاتر لە (100) ملیار دۆلار خەمڵێنران، تاوەکو ساڵی (2025) سزاکان هەڵگیران و لە ئەیلولی هەمان ساڵدا حکومەتی سووریا بە فەرمی ڕایگەیاند، دوای نزیکەی (14) ساڵ لە وەستانی هەناردەکردنی نەوت، بڕی (600) هەزار بەرمیل نەوت لە بەندەری تەرتوسەوە هەناردەی بازاڕەکانی ئەوروپا کراوە، بەمەش نەوتی سووریا جارێکی دیکە گەیشتەوە بازاڕەکانی جیهان.
سەرهەڵدانی جەنگی ئەمریکا و ئێران لە مانگی شوباتی ئەمساڵدا بوو بەهۆی داخرانی گەرووی هورمز ، ئەم داخرانە کاریگەری کردەسەر جیهان بە گشتی و عێراق بە تایبەتی، لە چوارچێوەی پلانەکانی عێراق بۆ دابینکردنی جێگرەوەی گەرووی هورمز دەستیکرد بە هەناردەکردنی نەوت بە تانکەر بۆ سووریا و لەوێوەشەوە بۆ دەریا ناوەڕاست، ئەم هەنگاوەی عێراق ڕۆڵی سووریا وەک ناوەندێکی ترانزێتی وزە دەبووژێنێتەوە و سەرچاوەیەکی نوێی داهات بۆ ئابووریی وڵاتەکە دابین دەکات.
هەروەها لە لایەکی دیکەوە سەبارەت بە پرسی بۆڕیی نەوتی (کەرکووک-بانیاس)، لە ڕێکەوتی (2026/7/19) لە واشنتۆن یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتنیان واژۆ کرد سەبارەت بە نۆژەنکردنەوە و بەکارخستنەوەی بۆڕیی (کەرکووک-بانیاس)، عێراق هەوڵ دەدات لە ڕێگەی کاراکردنەوەی ئەم بۆڕییە زۆرترین بڕە نەوت هەناردەی بازاڕەکانی جیهان بکات، هاوکات لە مانگی تشرینی یەکەمی (2026) حەیدەر عەبودی گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق ڕایگەیاند، بەم نزیکانە لەگەڵ چەند کۆمپانیایەکی ئەمریکی ڕێککەوتنی کۆتایی دەکرێت بۆ دەستپێکردنی کارەکانی نۆژەنکردنەوەی بۆڕییەکە.
0 لێدوانەکان
Karla Gleichauf
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
M Shyamalan
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
Liz Montano
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment