یەکەکانی پاراستنی شنگال (یەپەشە) هەڵوەشایەوە کوردستانی

نوچە نێت:

دوای ئەوەی بڕیار درا دروستکردنی گرووپی چەکدار لە دەرەوەی چوارچێوەی هێزە چەکدارەکان لە عێراق قەدەغە بکرێت؛ فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان تێکەڵکردنی یەکەکانی پاراستنی شنگال (یەپەشە)ی بۆ ناو سوپای عێراق ڕاگەیاند و گووتیشی، حکومەت قەرەبووی تەواوی زیانلێکەوتووانی ئەو هێزە دەکاتەوە.

ڕۆژی دووشەممە (26/10/2026) سەباح نوعمان، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق ڕایگەیاند، لە چوارچێوەی بەرنامە و میتۆدی حکومەتی عێراق بۆ قۆرخکردنی چەک لە دەستی دەوڵەت و بە مەبەستی دامەزراندنی قۆناغێکی نوێ لە بەرپرسیارێتیی ئەمنی لە قەزای شنگال بڕیارە ئەمڕۆ مەراسیمی هەڵوەشاندنەوەی پەیوەندیی سەربازیی یەکەکانی پاراستنی شنگال (یەپەشە) و تێکەڵکردنیان بە دەزگا فەرمییەکانی عێراق بەڕێوەبچێت و بەرپرسیارێتیی ئەمنی لە چیای شنگالیش بە تەواوی بۆ دەسەڵاتە فیدراڵییەکان بگوازرێتەوە. 

هاوکات گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق دەشڵێت، حکومەتی عێراق پێزانینی بەرزی هەیە بۆ ئەو قوربانییدانە گەورەیەی ڕۆڵەکانی پێکهاتەی ئێزدی لە بەرگرییکردن لە عێراق بە گشتی و قەزای شنگال بە تایبەتی لە بەرەنگاربوونەوەی هێزەکانی تیرۆردا پێشکەشیان کردووە، بۆیە لێرەوە داوا لە یەپەشە دەکەین کە بە تەواوی پابەندی دەستووری عێراق بن، چونکە حکومەتی عێراق دروستکردنی گرووپی چەکدار لە دەرەوەی چوارچێوەی هێزە چەکدارەکان قەدەغە دەکات.

سەباح نوعمان سەبارەت بە قەرەبووکردنەوەی یەکەکانی پاراستنی شنگال ئاماژەی بەوە دا، کە حکومەتی فیدراڵی بەرپرسیارێتیی تەواوی پاراستنی مافەکانی بەشداربووانی ئێزدی لە شەڕی دژی تیرۆر دەگرێتە ئەستۆ و ئامادەیە بە هەموو شێوەیەک قەرەبووی کەسوکاری قوربانییان و زیانلێکەوتووان بکاتەوە و کاربکات بۆ ئاوەدانکردنەوەی قەزای شنگال. 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین