ئەنجومەنی وەزیران: دەبێت پێداچوونەوەی ورد بۆ ڕەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجەی فیدڕاڵ بکرێت کوردستانی

نوچەنێت

ئەنجومەنی وەزیران جەخت لەوە دەکاتەوە کە نابێت ڕەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجەی فیدراڵ بە شێوەی ئێستای بخرێتە دەنگدان، بەڵکوو دەبێت پێداچوونەوەی وردی بۆ بکرێت و مافە دەستووری و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستانی تێدا دەستەبەر بکرێت.

ڕۆژی چوارشەممە (2026/10/28) بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەنجومەنی وەزیران کۆبووەوە و لە تەوەری یەکەمی کۆبوونەوەکەدا، شاندی دانوستانکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەنجامی دوا کۆبوونەوە و گفتوگۆکانی لەگەڵ وەزارەتی دارایی فیدڕال، سەبارەت بە ماددەی (10)ـی ڕەشنووسی پڕۆژە یاسای بودجەی گشتیی فیدڕال بۆ ساڵی (2027) خستەڕوو.

بەگوێرەی ڕاگەیێندراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان، گفتوگۆ لەبارەی سەردانی شاندی باڵای حکومەتی فیدڕال، بە سەرۆکایەتی جێگری سەرۆک وەزیرانی فیدڕال بۆ کاروباری وزە و بەشداری وەزیرانی نەوت و کارەبا بۆ هەرێمی کوردستان و ئەنجامی گفتوگۆکانیان سەبارەت بە دۆسییەکانی نەوت و وزە لە چوارچێوەی ڕەشنووسی پڕۆژە یاسای بودجەی فیدڕال کرا.

دوای گفتوگۆ و تاوتوێکردنی ئەنجامی کۆبوونەوەکان، ئەنجوومەنی وەزیران دووپاتی کردەوە، هەرێمی کوردستان، قەوارەیەکی دەستووری و فیدراڵییە و ماف و دەسەڵات و شایستە داراییەکانی بە دەستوور پارێزراون، بۆیە پێویستە بودجەی گشتی فیدراڵ لەسەر بنەمای دەستوور، دادپەروەری و هاوبەشیی ڕاستەقینە ئامادە بکرێت، نەک بە بڕیار و ڕێکاری تاکلایەنەی حکومەتی فیدراڵی.

لە ڕاگەیێندراوەکەدا هاتووە، ئەنجومەنی وەزیران جەختی لەوە کردەوە کە، بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان، دەبێت لەسەر بنەمای ڕێژەی (%14.14)ـی دانیشتووان و بەپێی ئەنجامی دوا سەرژمێری گشتی، دیاری بکرێت و هەموو ماف و شایستە داراییەکانی هەرێم مسۆگەر بکرێن.

هاوکات ئەنجومەنی وەزیران، شاندی دانوستانکاری حکومەتی هەرێمی کوردستانی ڕاسپارد، نادەستووریبوون و نادروستیی ئەو بڕگە و خشتانەی ڕەشنووسی بودجەی ساڵی (2027) کە لەلایەن وەزارەتی دارایی فیدڕالییەوە، ئامادە کراوە و ماف و شایستەکانی هەرێمی کوردستان پێشێل دەکەن، ڕوونبکاتەوە و لەگەڵ پێشنیارە جێگرەوەکانی هەرێم و هەموو بەڵگە دەستووری، یاسایی و داراییەکان، ئاڕاستەی دەسەڵاتە فیدڕالییەکان و لایەنە سیاسییە پێکهێنەرەکانی کابینەی فیدڕالی بکات، بۆ پێداچوونەوە و ڕاستکردنەوەی ڕەشنووسەکە.

هەر لەو بارەیەوە، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، داوا لە ئەنجومەنی وەزیرانی فیدڕال دەکات، ڕێگە نەدات رەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی فیدڕال، بە شێوەی ئێستای بخرێتە بەر گفتوگۆ و دەنگدان، پێش ئەوەی پێداچوونەوەی ورد و پێویستی بۆ بکرێت و ماف و شایستە دەستووری و داراییەکانی هەرێم تێیدا مسۆگەر بکرێن.

ئەنجومەنی وەزیران جەخت لەوە دەکاتەوە کە، هەرێمی کوردستان چاوەڕوانە پڕۆژە یاسای بودجەی ساڵی (2027) لە سەردەمی کابینەی حکومەتی فیدڕالی بە سەرۆکایەتی عەلی زەیدی، ببێتە دەرفەتێک بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی ڕیشەیی و دەستووری بۆ کێشە داراییە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەردوو حکومەت، نەک ئەوەی لە جیاتی چارەسەرکردنی کێشەکانی ساڵانی ڕابردوو، هەمان کێشە و ناکۆکییەکان لە ساڵی داهاتووش دووبارە ببنەوە و دووپاتی کردەوە کە پابەندە بە جێبەجێکردنی هەموو ئەرکە دەستووری و یاساییەکانی، بەڵام لە هەمان کاتدا پێداگرە لەسەر زامنکردنی ماف و شایستەکانی هەرێم و هاووڵاتیانی و دەستبەرداری ئەو مافانە نابێت.

لە ڕاگەیێندراوەکەدا جەختیش لەوە کراوەتەوە کە، حکومەتی هەرێم بە ڕوونی و شەفافی هەموو زانیاری و داتا پەیوەندیدارەکانی، خستووەتە بەردەستی حکومەتی فیدڕال و بەردەوام لە ڕێگەی دامەزراوە دەستوورییەکانی هەردوو حکومەتەوە، وردبینی و پێداچوونەوەی هاوبەشی مانگانە و وەرزی ئەنجام دەدرێت. بۆیە ناکرێت پشت بە زانیاری و بانگەشەی بێ بنەما و بێ بەڵگە ببەسترێت و بڕیار و مەرجی تاکلایەنە، لە بودجەدا بسەپێنرێت.

حکومەتی هەرێمی کوردستان، پشتیوانی خۆی بۆ شاندی دانوستانکاری دووپاتکردەوە و جەختی لە بەردەوامبوونی گفتوگۆ لەگەڵ حکومەتی فیدڕالی کردەوە، بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی دادپەروەرانە کە مافە دەستووری و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بپارێزێت و بنەماکانی شەراکەتی فیدڕالیی پتەوتر بکات.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین