ئەمەریکا پیرۆزبایی لە یەکخستنی هێزی پێشمەرگەی كوردستان دەکات کوردستانی

نوچە نێت:

لە کۆبوونەوەی وەزیری پێشمەرگە و جێگری یاریدەدەری وەزیری جەنگی ئەمەریکا تاوتوێی دوایین لێکتێگەیشتنی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و پێنتاگۆن کرا و یاریدەدەری وەزیری جەنگی ئەمەریکاش پیرۆزبایی یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستانی لە وەزیری پێشمەرگە کرد.

ئەمڕۆ شەممە (31/10/2026) وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لە کۆڕبەندی "دیالۆگی مەنامە" لە وڵاتی بەحرەین، شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ مایکڵ دیمینۆ، جێگری یاریدەدەری وەزیری جەنگی ئەمریکا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کۆبووەوە، لە کۆبوونەوەکەدا “تاوتوێی دوایین ڕێککەوتنی نێوان هێزی پێشمەرگەی کوردستان و ئەمەریکا کرا". 

بە گوێرەی ڕاگەیێندراوی وەزارەتی پێشمەرگە، لە کۆبوونەوەکەدا، کە فەریق ڕوکن عیسا عوزێر، سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە تێیدا ئامادە بوو، ”گفتوگۆ لەبارەی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی نێوان وەزارەتی جەنگی ئەمەریکا (پێنتاگۆن) و وەزارەتی پێشمەرگە کرا، کە توانراوە بە سەرکەوتوویی سەرجەم خاڵە پەیوەندیدارەکانی جێبەجێ" بکرێت. 

هاوکات جێگری یاریدەدەری وەزیری جەنگی ئەمەریکا لەلایەن خۆیەوە "پیرۆزبایی و دەستخۆشی یەکخستنەوە و ڕێکخستنەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و جێبەجێکردنی کارنامەی لێکتێگەیشتنی نێوان هەردوولای ئاڕاستەی وەزیری پێشمەرگە کرد و یەکگرتنەوەی هێزی پێشمەرگەی بە هەنگاوێکی گرنگ وەسف کرد" هەر لەم کۆبوونەوەیەشدا "هەردوولا چەند بابەتێکی دیکەی گرنگ و پڕبایەخیان تاوتوێ کرد و هیوایان خواست کێشەکانی ناوچەکە بە دیالۆگ و ئاشتییانە چارەسەر بکرێن."

جێگای ئاماژە پێدانە کە ڕۆژی (21/9/2026) شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە کۆتاییهاتنی پڕۆسەی یەکگرتنەوەی یەکەی (70) و یەکەی (80)ی هێزی پێشمەرگەی ڕاگەیاند و بە دەرئەنجامی ئیرادەی سیاسی و هاوکاری نێوان دامودەزگا جۆربەجۆرەکانی ناوچەکە وەسفی کرد و لای خۆیەوە جەختیشی لە پێکهێنانی هێزێکی یەکگرتوو و پیشەیی و نیشتمانی بۆ هەرێمی کوردستان کردەوە. 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین