سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەدواداچوون بۆ لێکەوتەکانی لافاوەکەی هەولێر دەکات کوردستانی

نووچە نێت

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ پارێزگاری هەولێر هاوخەمیی خۆی بۆ قوربانییانی لافاوەکەی دوێنێ شەوی شاری هەولێر دەربڕی. هاوکات پارێزگاری هەولێر و لایەنە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد بۆ پێشکەشکردنی هەموو هاوکاری و یارمەتییەکی پێویست بۆ لێقەوماوان و زیانلێکەوتووان.

ئەمڕۆ یەکشەممە (2026/11/8) سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر، بەدواداچوونی بۆ لێکەوتەکانی لافاوەکه‌ی شەوی ڕابردوو لە هەولێر کرد، هەروەها زیانەکانی لافاوەکەی، به‌تایبه‌تی زیانه‌کانی هاووڵاتییانی، تاوتوێ کرد.

 

بەگوێرەی ڕاگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێم لەو پەیوەندییەدا سەرۆکی هەرێمی کوردستان، "وێڕای هاوخه‌می و پێشکه‌شکردنی پرسه‌ و سه‌ره‌خۆشی بۆ خێزان و که‌سوکاری قوربانییانی لافاوه‌که‌، پارێزگاری هەولێر و لایەنە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد بۆ پێشکەشکردنی هەموو هاوکاری و یارمەتییەکی پێویست بۆ لێقەوماوان و زیانلێکەوتووان، هاوکات گرتنەبەری هەنگاوی پێویست بۆ چارەسەرکردنی شوێنەوارەکانی لافاوەکە."

 

لە کۆتایی ڕاگەیێندراوەکەی سەرۆکایەتیی هەرێم هاتووە پارێزگاری هەولێر، "ڕوونکردنەوەیەکی دەربارەی دۆخەکە، قەبارەی زیانەکان و ئه‌و ڕێکارانه‌ی گیراونه‌ته‌ به‌ر پێشکەش کرد، هەروەها سوپاس و پێزانینی بۆ بەڕێز سەرۆکی هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە بۆ بەدواداچوون و بایەخدانی بەردەوامی بە ڕەوشی هاووڵاتییان و زیانلێکەوتووان."

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین