دەبێت لە (30) ڕۆژدا سەرۆکی هەرێمی کوردستان  لەپەرلەمان هەڵبژێردرێت کوردستانی

نوچە نێت:

دوای دوو ساڵ لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن و دانیشتنەکەی ئەمڕۆی پەرلەمان، پسپۆڕێکی یاسایی دەستووری ئاماژەی بەوە دا، دەبێت لە ماوەی (30) ڕۆژدا سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەڵبژێردرێت، دوای ئەوەش ئینجا دەتوانن کابینەی نوێ پێکبهێنن، سەرۆک وەزیران و وەزیرەکانیش هەڵبژرێردرێن.

ڕۆژی چوارشەممە (2026/11/04) سەبارەت بە هەنگاوە دەستوورییەکانی دوای دەستپێکردنەوەی کارەکانی پەرلەمانی کوردستان، دکتۆر شاری خالید ڕایگەیاند، لە ماوەی (30) ڕۆژی داهاتوودا دوای ئەم دانیشتنە، دەبێت سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەڵبژێردرێت، دوای ئەوەی دەتوانن حکومەت و کابینەی نوێ پێکبهێنن، سەرۆک وەزیران و وەزیرەکانیش هەڵبژێردرێن.

لەبارەی دروستبوونی ئاستەنگی یاسایی لە کاتی نەبوونی ڕێژەی یاسایی بۆ دانیشتنەکانی داهاتوو، ئەم پسپۆرە دەڵێت، ئەگەر دوای ئەمڕۆ کە سەرۆکیەتیی پەرلەمان هەڵبژێردرا ڕۆژێک بۆ دانیشتنی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دابنرێت و ڕێژەی یاسایی تەواو نەبێت، دانیشتنەکە دوا دەخرێت، بەڵام بۆ جاری داهاتوو ئەگەر ڕێژەی یاساییش تەواو نەبوو، ئەوا بەگوێرەی پەیڕەوی ناوخۆ بە زۆرینەی دەنگ، سەرۆکی هەرێم هەڵدەبژیردرێت.

دوای دوو ساڵ لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن، لە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی کوردستان بە سەرۆکایەتیی (سەرۆکی تەمەن) و ئامادەبوونی 52 پەرلەمانتار بەڕێوەچوو و تێیدا دەستەی سەرۆکایەتیی (سەرۆك، جێگر و سكرتێر) پەرلەمانی کوردستان هەڵبژێردرا.

دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان بەم شێوەیە هەڵبژێردرا.

- دوكتۆرە ڤالا فەرید، پەرلەمانتاری پارتی دیموكراتی كوردستان، وەک سەرۆکی پەرلەمان هەڵبژێردرا، بە (52) دەنگ.

- رامی نووری، پەرلەمانتاری کریستیان لە بازنەی هەولێر، وەک جێگری سەرۆکی پەرلەمان هەڵبژێردرا، بە (52).

- مونا نەبی قەهوەچی، پەرلەمانتاری پارتی چاکسازیی تورکمان، وەک سکرتێری پەرلەمان هەڵبژێردرا، بە (52).
جێگەی ئاماژەپێدانە، بەگوێرەی ئەو وادە یاسایی و دەستوورییەی دیاریکراوە، دەبێت پەرلەمان بەر لە کۆتاییهاتنی وادەی (30) ڕۆژەکە کۆبوونەوە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بکات، تاوەکو دواتر سەرۆکی هەرێم بە فەرمی بەربژێری فراکسیۆنی زۆرینە بۆ پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕاسپێرێت.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین