سەرۆک بارزانی: کاراکردنەوەی پەرلەمان لەدژی هیچ کەس و لایەنێک نییە کوردستانی

نوچە نێت

سەرۆک بارزانی دوای کاراکردنەوەی پەرلەمان و هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان لە پەیامێکدا دەڵێت، "داوا لەو لایەنە دەکەم بەشداری کاراکردنەوەی پەرلەمان نەبوون، ئەوانیش بەشداری بکەن، کاراکردنەوەی پەرلەمان لەدژی هیچ لایەنێک نییە."

ڕۆژی چوارشەممە (2026/11/4) بارەگای بارزانی بڵاوی کردەوە، سەرۆک مەسعود بارزانی بەبۆنەی کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان پەیامێکی پیرۆزبایی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "دوای دوو ساڵ تێپەڕبوون بەسەر هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان خۆشبەختانە توانرا پەرلەمانی کوردستان کارا بکرێتەوە. لێرەدا سوپاسی هەموو ئەو پەرلەمانتارانە دەکەم کە هەڵوێستیان هەبوو و بە ئەرکی یاسایی و نیشتیمانی خۆیان هەستان و ئەم دامەزراوە دەستوورییەی هەرێمیان کارا کردەوە."

هەر لەو پەیامەیدا سەرۆک بارزانی ئاماژەی بەوە کرد، "ئێستا کە پەرلەمان دەستی بەکارەکانی کردووە، داوا لە هەموو ئەو لایەنە بەڕێزانە دەکەم کە بەشداری ئەو پڕۆسەیە نەبوون، ئەوانیش بەشداریی بکەن و پێکەوە لەپێناو خزمەتکردنی گەلی کوردستان و هەنگاوەکانی تر هاوکار و یارمەتیدەری پڕۆسەی سیاسی بن."

دەقی پەیامی سەرۆک مەسعود برزانی:

بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

بەبۆنەی کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان پیرۆزبایی لە گەلی کوردستان و دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان و هەموو لایەنە سیاسییەکان دەکەم.

دوای دوو ساڵ تێپەڕبوون بەسەر هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان خۆشبەختانە توانرا پەرلەمانی کوردستان کارا بکرێتەوە. لێرەدا سوپاسی هەموو ئەو پەرلەمانتارانە دەکەم کە هەڵوێستیان هەبوو و بە ئەرکی یاسایی و نیشتیمانی خۆیان هەستان و ئەم دامەزراوە دەستوورییەی هەرێمیان کارا کردەوە.

کاراکردنەوەی پەرلەمان هەنگاوێکە بە ئاراستەی پاراستن و بەهێزکردنی هەرێمی کوردستان و لەدژی هیچ کەس و لایەنێک نییە و بە دڵنیاییەوە لە خزمەتی بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلی کوردستان و پڕۆسەی سیاسیدا دەبێت.

ئێستا کە پەرلەمان دەستی بەکارەکانی کردووە، داوا لە هەموو ئەو لایەنە بەڕێزانە دەکەم کە بەشداری ئەو پڕۆسەیە نەبوون، ئەوانیش بەشداریی بکەن و پێکەوە لەپێناو خزمەتکردنی گەلی کوردستان و هەنگاوەکانی تر هاوکار و یارمەتیدەری پڕۆسەی سیاسی بن.

مسعود بارزانی

4ی تشرینی دووەمی 2026

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین