سەرۆکی حکومەت و سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ جەخت لە چارەسەرکردنێکی بنەڕەتییانەی کێشەکان دەکەنەوە کوردستانی

نووچە نێت

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی حکومەتی فیدراڵ لە بەغدا کۆبووەوە، هەردوولا تاووتوێی چەند تەوەرێکیان کرد لەوانە، بەڕێوەبردنی کێڵگە نەوتییەکان، یاسای نەوت و گاز، مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، داهاتی نەوت و نانەوتی و بودجەی فیدراڵی (2027).

ئەمڕۆ دووشەممە (2026/11/9) حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاوی کردەوە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان, لە بەغدا لەگەڵ عەلی ئەلزەیدی سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ کۆبووەوە. بەگوێرەی ڕاگەیێندراوی حکومەتی هەرێم لەو کۆبوونەوەیەدا هەردوولا، "بە توندترین شێوە هێرشی تیرۆریستی شەوی ڕابردووی سەر کێڵگەی کۆرمۆریان سەرکۆنە کرد و هاوڕابوون لە سەر کۆتاییهاتنی هێرش و پەلامارەکانی سەر ژێرخانی ئابووری و وزەی هەرێمی کوردستان" .

لایخۆیەوە سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ، ئاماژەی بە پلانی زیادکردنی بەرهەمهێنانی نەوت لە ساڵانی داهاتوودا کرد کە تا ساڵی 2030 دەگاتە 7 ملیۆن بەرمیلی ڕۆژانە و ساڵی 2032 دەگاتە 10 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا، بە بەرهەمهێنانی کێڵگەکانی هەرێمی کوردستانەوە، کە دەگاتە نزیکەی یەک ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا. دووپاتیشی کردەوە کە ئەم زیادبوونە کاریگەریی ئەرێنی لەسەر گەشەپێدان و ئابووری عێراق دەبێت.

هەروەها حکومەتی هەرێم دەشڵێت لە بەشێکی دیکەی گفتوگۆکاندا، بیروڕا لە بارەی مافە دەستووریی و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان ئاڵوگۆڕ کرا .

لە بەرامبەردا سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، جەختی لە، "گرنگیی دابینکردنی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی فیدراڵی 2027 کرا بە شێوەیەکی دادپەروەرانە و لەسەر بنەمای دەستوور و ڕێزگرتن لە سیستەمی فیدراڵی و قەوارەی دەستووری هەرێمی کوردستان . "

هاوکات هەر لەو ڕاگەیێندراوەی حکومەتی هەرێم ئاماژەی بەوە کردووە لە کۆبوونەوەکەدا ئەم تەوەرانە گفتوگۆیان لەبارەوە کرا :

*بەڕێوەبردنی کێڵگە نەوتییەکان: گفتوگۆ لەبارەی میکانیزمەکانی بەڕێوەبردن و ڕێکخستنی کێڵگە نەوتییەکان کرا لەسەر بنەمای دەستوور.

*داهاتی نەوت و نانەوتی: گفتوگۆ لەبارەی میکانیزمەکانی ڕێکخستنی داهاتی نەوتی و نانەوتی بەڕێوەبردنی کرا بە پێی هاوئاهەنگیی نێوان هەردوو وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان.

*مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان: هەردوولا جەختیان لە پێویستیی بەردەوامبوونی خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەران هەرێمی کوردستان، هاوشانی فەرمانبەرانی عێراق کردەوە.

*بودجەی فیدراڵی 2027: پشکی هەرێمی کوردستان و میکانیزمەکانی تەرخانکردنی پشکی هەرێم لە سەر بنەمای دەستوور دەبێت بە شێوەیەک کە لە بەرژەوەندیی هەموو پێکهاتەکانی عێراقدا بێت.

* یاسای نەوت و گاز: جەخت لە گرنگی پەلەکردن لە دەرکردنی یاسای نەوت و گاز کرایەوە، بە شێوەیەک کە ببێتە هۆی چارەسەرکردنی کێشەکانی پەیوەست بە بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوت و ڕێکخستنی بەڕێوەبردنی سەرچاوە نەوتییەکان.

لەکۆتایی ڕاگەیێندراوەکەدا حکومەتی هەرێم ڕایگەیاندووە هەردوولا جەختیان لە، "گرنگی بەردەوامی هەماهەنگی و هاوکاری هاوبەش و دانوستان و لێکتێگەیشتن کردەوە، وەک بنەمایەک بۆ چارەسەرکردنی پرسە هەڵپەسێردراوەکان، بە شێوەیەک کە خزمەت بە بەرژەوەندی هەموو عێراقییەکان بکات. "

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین