سەفین دزەیی: سێ كونسوڵگەریی دیكەی وڵاتان لە هەولێر دەكرێتەوە کوردستانی

نوچە نێت:

بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان کردنەوەی سێ کۆنسوڵگەریی دیکەی وڵاتانی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند و گووتیشی، لەم ماوەیە ژمارەی کونسوڵگەریی هەرێمی کوردستان لە وڵاتان زیادی کردووە.

ئەمڕۆ دووشەممە (9/11/2026) سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لە سەرەتای کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمدا بڕیاردرا کاروبارەکانی فەرمانگەکە ڕێکبخرێنەوە و پەیکەری دامەزراوەکە فراوان بکرێت، هەروەها لە کاتێکدا پێشتر ژمارەیەکی کەم نێردەی دیپلۆماسی لە هەرێمی کوردستان هەبوون، بەڵام لەو ماوەیەدا ژمارەکەیان زیادی کردووە چونکە چەند بەڕێوەبەرایەتی و بەشێک کراونەتەوە، لەوانە بەڕێوەبەرایەتییەکانی ئاسیا، رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەوروپا و ئەمەریکا. 

بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان گووتیشی، بڕیاربوو ژمارەیەک نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە وڵاتان زیاد بکرێن، بەڵام بەهۆی پەتای کۆرۆنا و دۆخی داراییەوە کارەکە دواکەوت، چونکە تەنانەت بەشێک لە نوێنەرایەتییەکان ماوەیەکی زۆر بوو بودجەیان بۆ تەرخان نەکرابوو، کردنەوەی نوێنەرایەتیش پێویستی بە باڵەخانە و ستافی تەواو هەبوو و نەیانویست بۆ ماوەیەکی کورت بکەنەوە و دواتر بەهۆی خراپی دۆخی داراییەوە دایانبخەن.

سەفین دزەیی سەبارەت بە زیادبوونی نێردە دیپلۆماسییەکان لە هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەوە کرد، کە لە کابینەی نۆیەمی حکومەتدا هەریەکە لە قەتەر و ئەرمەنستان کۆنسوڵگەریی خۆیان لە هەرێمی کوردستان کردووەتەوە و سێ وڵاتی دیکەش ئێستا نیازیان هەیە کۆنسوڵگەریی خۆیان لە هەرێمی کوردستان بکەنەوە، بەردەوام خواست و داواکاری بۆ کردنەوەی نوێنەرایەتی و کۆنسوڵگەریی وڵاتان لە هەرێمی کوردستان هەیە.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین