د. سوهام ئامێدى: ته‌نیا سێ حاڵه‌تى ده‌گمه‌نى نه‌خۆشى پێست له‌ هه‌ولێر هه‌بووه‌ دیمانە

سیهام میران – تایبەت بە نوچەنێت

د. سوهام ئامێدی، پسپۆر لە نەخۆشیەکانی پێست و جوانکاری و مامۆستا لە کۆلیژی پزیشکی هەولێر، له‌ دیمانه‌یه‌كى تایبه‌تى "نوچه‌نێت" باس له‌ باوترین نه‌خۆشییه‌كانى پێست له‌ هه‌رێمى كوردستان ده‌كات و دووپاتى ده‌كاته‌وه‌ كه‌ كه‌ڕووى پێست ئه‌مساڵ باوترین نه‌خۆشى بووه‌ و ده‌شڵێ، "ژنان هێنده‌ بایه‌خ به‌ جوانكارى رووخسارییان ده‌ده‌ن، هێنده‌ بایه‌خ به‌ شته‌ ته‌ندروستییه‌ ساده‌كان ناده‌ن".

باوترین نەخۆشی پێست لە هەرێمی کوردستان كامه‌یه‌؟

نەخۆشی پێست لە کوردستان زیاتر لە رێگای هەوکردنی پێست دروست دەبێت، جا ئەو هەوکردنە چ بەهۆی بەکتریا وڤایرۆس، یاخود کەڕوو بێت. دەبێ بزانین ئەو ساڵ نەخۆشی کەڕووی پێست باوترین نەخۆشی بوو، چونکە هاووڵاتیان ئاژەڵی ماڵی رادەگرن وەک سەگ و پشیلە و هه‌ندێكیش لە کێڵگەکان رایانده‌گرن. ئەوە رۆژ بە رۆژ زیاتر ده‌بێت، وەکو پزیشكێك هەست دەکەم ئەمساڵ ١٠ هێنده‌ى پارساڵ زیاتره‌. ئەم کەڕووەش لە سێ ئاژەڵ هەیە (پشیلە، سەگ، مەڕ). جۆره‌ نه‌خۆشییه‌كى تریش له‌لاى ئافرەتان زۆره‌ کە لەکاتی دووگیانی دروست دەبێت پێى دەڵێن راوی رووخسار یاخود تەواوی جەستە، سێیەم نەخۆشی نەخۆشی ئەكزیما( وشکەبیرۆ) ونەخۆشی سەدەف و دەردەڕێوی، ئەم نەخۆشیانە باوترینن لە هەرێمی کوردستان.

سێ حاڵه‌تى ده‌گمه‌نى نه‌خۆشى پێست له‌ هه‌ولێر هه‌بووه‌ چاره‌سه‌ریان ته‌نیا له‌ ده‌ره‌وه‌ى وڵاته‌

 

ئایا هیچ نەخۆشیەکى پێست هەیە لە کوردستان چارەسەری نەبێت، پێویست بکات نەخۆش بچێتە دەرەوەی هەرێمى كوردستان؟

هەموو نەخۆشیەکانى پێست لە کوردستان چارەسەری هەیە، تەنیا نەخۆشیەک نەبێت کە لە زگماکیه‌ و لەگەڵ لەدایکبوون لە منداڵ دەردەکەوێت.  دایك و باوك دەزانن منداڵەکەیان ئاسایی نییە منداڵەکە تووشی هەوکردنی پێست دەبێت بەهۆی پاڵەپەستۆ دروست دەبێت. کاتێك منداڵ دەخەینە لانکەوە دەست وقاچەکانی پاڵەپەستۆیان دەچێتە سەر تووشی هەوکردن دەبێت، تاکو وای لێدێت هەموو گیانی منداڵەکە دادەگرێت.

ئەم نەخۆشییە لێرە چارەسەری نییە یا منداڵەکە دەمرێت یاخود دەبێت لە دەرەوەی وڵات چاره‌سه‌ر بكرێت، کە لەوێ سەنتەری تایبەت هەیە، سێ حاڵەتی وا لە شاری هەولێر روویداوە.

ئاستی رۆشنبیری هاووڵاتیانی هەرێم بۆ بایەخدان بە پێست چۆنە؟

رۆژ له‌دوای رۆژ رۆشنبیری خەڵک بۆ پێست روو لە زیادبوون دەکات، بەڵام زیاتر بۆ جوانکارییه‌ شتی تر پشتگوێ خراوە. بۆ نموونە ئافرەتانی ماڵەوە کاردەکەن گرنگی بە دەست و قاچی نادات، بەڵام گرنگی بە پێستی رووخساری دەدات و جوانکاری بۆ دەکات. بەڵام دەسته‌کانی پشتگوێ خستووە زۆرجار بە ئافرەتان دەڵێین پەنجەکێش کە ناوەكه‌ى لە لۆکە دروستكرابێت لە کاتی قاپشۆردن بەکاربێنن، بۆئەوەی تووشی هەوکردنی دەستەکان نەبێت. یاخود نەخۆشی ئەكزیما لەکاتی بەکارهێنانی ماددە کیمیاییەکان زیاتر ده‌بێت، بەڵام پشتگوێ دەخەن، دەچنە سەنتەرەکان بۆتۆکس و فیلەر دەکەن گرنگی بە شتە سادەکان نادەن.

وەکو دەزانرێت رێژەیەکی زۆر لە ئافرەتان روودەکەنە سەنتەرەکانی جوانکاریی، ئەوا چەند کێشە بۆ ئێوە دروست دەکات وەکو پزیشکى پێست؟

هەموو ئافرەتان فێربوونە بۆتۆکس و فیلەر ده‌كه‌ن. دەبێ بزانین تەمەن گرنگترین شتە لەم بوارە، نابێت کەسێك لە خوار تەمەن ١٨ ساڵ جوانکاری ئەنجام بدات. تەنانەت ئەو کاتەی بۆ لێزەری مووی دەموچاو دێن دەبێت سەرووی ١٨ ساڵ بێت. ئافرەت نازانێت بۆتۆکس یاخود فیلەر چییە؟! بەڵام زیانی ئەم دوو جوانکارییە زۆرە. بۆ نموونە کاتێك کەسیك بۆتۆکس دەکات رەنگە تووشی سەرئێشە بێت یاخود رەنگە ببێتە شێواندنی رووخساری. یا دەبێت بزانێت ئەو کەسەی دەچێتە لای تا چەند شارەزا و پسپۆرە لەم بوارەدا. بەهۆی ئەوەی ئێستا خەڵکانێك فێربوونە، نه‌ پزیشکن نە پسپۆرییان لەو بابەتە هەیە، تەنیا هەندێك ستاف دەهێنن بۆ ماوەی چوار یاخود شەش مانگ فێریان دەکەن. ئەمەش گەورەترین کێشەیە کە بە هەڵە دەیکەن و تووشی زۆر لایەنی نەرێنی دەبنەوە. دەبێ بزانین ماوەی مانەوەی بۆتۆکس تەنیا بۆ ماوەی پێنج مانگە و فیلەر تەنیا بۆ ماوەی یەک ساڵە، ئافرەتان لەوە ئاگادار نیین و دکتۆرەکانیش هۆشیاری نادەن.

 

 ئەمساڵ نەخۆشی کەڕووی پێست له‌ كوردستان باوترین نەخۆشی بوو
 

خەڵکێکی زۆر کێشەی کەمی ڤیتامین دی "D" هەیە، زیانەکانی ڤیتامین دی بۆ پێست چییه‌؟

سەرەتا ڤیتامین دی گرنگترین ڤیتامینە بۆ مرۆڤ، دەبێت هەموو کەسێك بزانێت ڤیتامین دى چەندە. بێگومان ڤیتامین دی لە ماست و شیر و پەنیر و ماسیدا هەیە.  دەبێت رۆژانە بۆ ماوەی ١٠ خولەک خۆت بخەیتە بەر هەتاو بەڵام هەتاوی بەیانیان یاخود بەرەبەری ئێواران. نابێت لە نیوەرۆیان ئەم کردارە بکەیت، بەم خۆرە ڤیتامین دی دروست دەبێت.  ئەگەر ڤیتامین دیت کەمە کاریگەری نەرێنیت بۆ دروست دەبێت نەخۆش هەست بە ماندووبوون دەکات یاخود ئازاری ئێسک و ماسولکەکانی لاواز دەبن کەسەکە تووشی نەخۆشی دەروونی و دڵەڕاوکێ و زۆر بیرکردنەوە وغەمگینی دەبێت. بە هەمان شێوەش گەر ڤیتامین دی زیاد بوو کاریگەری نەرێنی دروست دەبێت لەسەر جەستە و دەبێتە دروستبوونی ماددە ژەهراویەکان. ڤیتامین دی لە ٣٠ کەمتر بوو ئەوە کەمە، ئەگەر لەنێوان ٣٠ بۆ ٤٠ بوو پێویستە ڤیتامین بخوات بەڵام ئه‌گەر لە ٦٠ زیاتر بوو ئەوا کاریگەری نەرێنی زیادبوونی بۆ دروست دەبێت. هاووڵاتیان فێربوونە دەرزی ڤیتامین لەگەڵ ئاو یاخود شیر تێکەڵ دەکەن بەبێ رێنمایی پزیشک، ئه‌مه‌ش ترسناكه‌ چونکە خواردنی زۆر ئەم دەرمانە کاریگەری نەرێنی دروست دەکات.

کامە نەخۆشی پێست بۆماوەییە لە باوانەوە بۆ وەچەکانی دەگوازرێتەوە؟

نەخۆشی پێست بە بۆماوەی وەکو وشکەبیرۆ، سەدەف، راو، رووتانەوەی موو و دەردەرێوی، جگە لەوەش نەخۆشی ماسی کە پێستت وشک دەبێت، ئەوانە نەخۆشی بۆماوەیین. لەگەڵ نه‌خۆشییه‌كه‌ى منداڵان كه‌ به‌ عه‌ره‌بى به‌ "داء الفقاع الولادي"ناو ده‌برێت وه‌ك گوتم کە ئەمە چارەسەری لە هەرێم نییە.

سەدەف بۆچی لە هەندێك نەخۆش چەندەها ساڵ دەخایەنێت؟

نەخۆشی سەدەف نەخۆشییەکە لەگەڵ تەمەنە، بەڵام نەخۆشی سەدەف گەر پزیشك چارەسەری بکات بۆماوەیەکی دریژ دەخایەنێت. ئەو کەسەی نەخۆشی سەدەفی هەبێت نابێت بێتاقەت و تووشی بیرکردنەوە بێت ئەگەر نا سەدەفیەکە چارە نابێت. لە ٥٠٪ پەیوەندی بە لایه‌نى دەروونییەوە هەیە، چەندە بیری لێ بکەیتەوە زیاتر کاتی دەوێت بۆ چارەسەركردنی، ئەگەر نەخۆشی سەدەف هەوکردنی هەبێت لە ددان یاخود گورچیلە و میزەرۆکان و گەدە ئەوە وا دەکات سەدەفیەکە زیاتر گەشە بکات. قەڵەویش کاریگەری هەیە چەندە لاوازبیت چارەسەرکردنی زووترە و چەندە قەڵەو بیت و کاتی زیاتری پێویستە بۆ چارەسەربوون، جگەرەکێشان و ماددە کحولیەکانیش رۆڵیان هەیە بۆ نەخۆشی سەدەف.

دەبێ بزانین بۆ نەخۆشی سەدەف و ئەكزیما و راو ئامێرێکی نوێ لە نەخۆشخانەی رزگاری و نەخۆشخانە ناحکومیەکان هاتووە لە کوردستان کە پێ دەڵێن تیشکی سەروو بنەوشەیی چارەسەرە بۆ ئەو نەخۆشیانەیە و نەخۆش پێویستی بە هیچ دەرمانێك نییە.
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین