د. رێبوار بابكه‌یى: كێشه‌ى گه‌وره‌ له‌ دۆسیه‌ى كۆچكردنى گه‌نجان نه‌بوونى ئاماره‌ دیمانە

سیهام میران – تایبەت بە نوچەنێت

د. رێبوار بابكه‌یى سه‌رۆكى لیژنه‌ى په‌یوه‌ندییه‌كان وره‌وه‌ندى كوردستانی له‌ په‌رله‌مانى كوردستان له‌ دیمانه‌یه‌كى تایبه‌ت باس له‌ كۆچكردنى گه‌نجان ده‌كات و ده‌ست ده‌خاته‌ سه‌ر ئه‌و هۆكارانه‌ كه‌ رێگه‌ناده‌ن له‌ په‌رله‌مان و حكومه‌ت تاوتوێى ئه‌و بابه‌ته‌ بكرێت و دووپاتیشى ده‌كاته‌وه‌ گه‌وره‌ترین كێشه‌ له‌ به‌دواداچوون بۆ دۆسیه‌ى كۆچكردن ئه‌وه‌یه‌ ئامارى دروست نییه‌.


ئێوه‌ له‌ په‌رله‌مان به‌ نیاز بوون باس له‌ كۆچكردنى گه‌نجان بۆ ده‌ره‌وه‌ بكه‌ن، ئایا دۆسیەکەتان فەرامۆشکردووە، یان بەدواداچوونی هەر بۆ دەکەن. بەنیاز نیین جارێکی تر بیخەنە کارنامەی دانیشتنەکانی پەرلەمانەوە؟

دیارە وەکو خۆمان وەکو لیژنەی پەیوەندییەکان و رەوەندی کوردستانى له‌ په‌رله‌مان، من وه‌ك سەرۆکی لیژنە، باسمان له‌و دیارده‌یه‌ كردووه‌ كه‌ هاووڵاتیانی ئێمە لە هەرێمی کوردستان بۆ دەرەوە، شەپۆڵ شەپۆڵ یان پۆل پۆڵ جا لە هەموو تەمەنێکی تێدا بووە لەسەر ئاستی کوردستان و عێراق روویان لە هاندەران کردووە، بە مەبەستی وەرگرتنی مافی پەنابەرێتی. باسمان لەوەش کردووه‌ کە ئەمە مەترسییە بۆ سەر ئاسایشی مرۆیی و کۆمەڵایەتی لە هەرێمی کوردستان. لەم روانگەیەوە بە پێویستمان زانیوە بەدواداچوونی هۆکارەکانی ئەم کۆچکردنە بکەین، هەوڵبدەین هەندێك دەستپێشخەری یان راسپاردە بخەینە بەردەمی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان و لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەت، بۆ ئەوەى چارەسەری بابەتەکە بکەن یان بە لایەنی کەم ببێتە مایەی ئەوەی کە رێژەی کۆچی لاوان یان هاووڵاتیان کەمتر بکرێتەوە.

باسنه‌كردنى دۆسیه‌ى كۆچكردن له‌ په‌رله‌مان
له‌ ئه‌ستۆى ئه‌و كه‌سانه‌یه‌ كه‌ رێگه‌یان نه‌دا دانیشتنه‌كه‌ بكرێت

 ئێمە راپۆرتێکی تێروتەسەلمان ئامادەکرد و داوامان لە دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان کرد دانیشتنى بۆ ته‌رخان بكات. ئەو رۆژەی کە دانیشتنەکە بوو لە پەرلەمان رۆژەکە دیاریکرا بە ئامادەبوونی وەزیرە تایبەتمەندەکان، بەڵام بەداخەوە بەهۆی چەپڵەلێدان و هەڵپەرکێ و شایی و گۆرانی "ئاژاوەچیەکان"ى نێو پەرلەمان لە هەندێک فراكسیۆن، تەنانەت لە فراکسیۆنی یەکێتی و گۆرانیشی تێدابوو، بەداخەوە قسەکردن لەسەر ئەم پرسە ستراتیژییە نەکرا. ئەوە بوو کە دانیشتنەکە هەڵگیرا بۆ رۆژیکی تر یا دەرفەتێکی تر بەڵام لە دواجار دواخرا. من سەبارەت بە خۆم بەو پێیەی کە راپۆرتەکەمان ئامادەکرد بوو و سەرۆکی ئەو لیژنەیە بووم داوامان لە "ئاژاوەچییەکان"ى نێو پەرلەمان کرد و پێمان گووتن ئەو بابەتە گرنگە، ئەوە پەیوەندیدارە بە گەنجانمان، بۆ ئایندەی گەنجانمان رێگەبدەن پەرلەمان دانیشتنی خۆی بکات لەسەر ئەم بڕگەیە، بەڵام بەداخەوە گوێیان بۆ نەگرتین. لێرەوەش حەز دەکەم به‌ تەواوی گەنجان و هاووڵاتیان و کەسوکاری ئەو گەنجانەی کە روویان لە دەرەوە کردووە رابگەینم کە بەرپرسی ئەوەی کە دانیشتنەکە نەکرا لەسەر شانی "ئاژاوەچییەکانی" نێو پەرلەمان بوو.

بە بۆچوونی ئێوە رەوشی کۆچکردنی گەنجان لە چ حاڵەتێکدایە؟

ئەوە بابەتێکی جیهانیيە، تەنیا هەرێمی کوردستان و عێراق دووچاری ئەو دیاردەیە نەبوونه‌تەوە. لەسەر ئاستی رۆژهەڵات زۆرن ئەو وڵاتانەی کە هاووڵاتیانیان سەر هەڵدەگرن وبەرەو هاندەران و ئەوروپا دەرۆن بۆ وەرگرتنی مافی پەنابەرێتی. بەڵام ئەوەی کە هەستی پێدەکرێت ئێستا رێژەکە جێگیر نییە واتا ساڵ لەگەڵ ساڵ جیاوازی هەیە. ئیتر ئەوەش دەگەڕێتەوە سەر هەلومەرجی سیاسی و دارایی و تەنانەت په‌یوه‌ندى به‌ لایه‌نى کۆمەڵایەتی خەڵکیش هەیە.

واته‌ ته‌نیا هۆكاره‌كه‌ سیاسى و ئابوورى نییه‌؟

هه‌ندێك باری کۆمەڵایەتییان باش نییە یان حاڵەتی لێکترازانی خێزان یان ململانێی نێوان دوو بنەماڵە و دوژمنداری، ئەمانەش هۆکارن گەنجان روو لە دەرەوە بکەن. تەنیا هۆکاری سیاسی و دارایی نەبووە. بەپێی بەدواداچوونی ئێمە هۆکاری کۆمەڵایەتیشی تێدا بووە. رەنگە خەڵکێکیش هەبێت بۆ نموونە گەنجانێکمان هەبێت لە رووی ژیان و ستایلی ژیانیاندا هیچ کێشەیەکیان نەبێت، بەڵام هەر حەزیان بە ستایلی ژیانی ئەوروپیەکان بووە ئەمانەش هەن بەڵام کەمن.

هیچ ئامارێکتان لەبەر دەستە کە چەند گەنج رۆشتووە؟

ره‌وشى ره‌وه‌ندى كوردى له‌ یۆنان و ئوسترالیا باش نییه‌
 

 

بە راستی ئەوە یەکێکە لە کێشەکان. لەبەر ئەوەی ئەو بابەتە پێوەر یا میکانزمی دەستنیشانکردنی ئەو کەسەی کە پێی دەڵێن کۆچکردوو یان ئەوەی کە داوای مافی پەنابەرێتی دەکات لە دەرەوە و لێرە لە هەرێمی کوردستان زه‌حمه‌ته‌. کاتێك سەر هەڵدەگرێت دامودەزگاکان ناتوانن دەستنیشانی بکەن، لەبەر ئەوەی بۆ نموونە ئەوەی کە به‌ ڤیزەی تورکیا دەچێت بۆ ئیستانبۆڵ لەوێشەوە بە قاچاغ دەچێتە یۆنان یان هەر شوێنێك لێرە ناڵێت من بەنیازی ئەوە دەچمە تورکیا یا دەچمە وڵاتێکی ئەوروپا داوای مافی پەنابەرێتی دەکەم. به‌ڵكو بە ناونیشانی جیاواز جیاوازەوەیە. ئەوەشی کە بە قاچاغ دەڕوات ئه‌ویش وایه‌. بۆیه‌ ئامارێک نییە تۆمار کرابێت لای حکومەتی هەرێم، چونکە ئەگەر حکومەتی هەرێم پێ بزانێت لێناگەڕێت بپەڕێتەوە بۆ ئەو دیوی سنوور، چونکە نایاساییە.  بۆیە ئامارەکان زۆر ورد نین کە ناکرێت ١٠٠٪ پشتی پێ ببەسترێت. ئامارێکی ٢٠١٤ هەبوو بەڵام ٢٠١٤ زۆر دوورە لەگەڵ ئێستا و ئامارێکی ٢٠١٨ ش هەبوو، لە ٢٠١٤ لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان ٣٠ هەزار هاووڵاتی بە مەبەستی وەرگرتنی مافی پەنابەرێتی لە عێراق و هەرێمی کوردستان روویان لە دەرەوە کرد بوو. راستە زیاتر گەنج دەڕوات بەڵام ناتوانین بڵێین کۆچی گەنجان، دەتوانین بڵێین کۆچی هاووڵاتیان بۆ دەرەوە، چونکە خێزانێکی زۆریش کۆچیانکردووە، بەڵام لەو هاووڵاتیانە گەنج زۆرینەی رێژەکە پێکدێنن.

ئەگەر پەرلەمانتارێك یاخود توێژەر بیەوێت لەسەر دیاردەی کۆچی گەنجان بەدواداچوون بکات زانیاری دروست لە کوێ وەردەگرێت؟

زانیاری دروست ئامارە، ئامارەکانیش دروست نین. چونکە ئامار گرنگە بۆئەوەی هەڵیبەسنگێنی ئێستا ئەو دیاردەیە روو لە هەڵکشان دەکات، بەڵام ئەو ئامارانە بە داخەوە بە وردی لە دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان نیین. تەنانەت لە رێکخراوەکانیش نیین.

رەوەندی کوردی یەکێکە لە کاراترین رەوەند لە نەرویج

دۆخی رەوەندی کوردی لە کامە وڵات لە هەموویان خراپترە؟

بابەتی رەوەندی کوردی یان کوردستان بابەتێکە پەیوەندی بە یاسای ئەو وڵاتانەوە هەیە، کە لەوێ بوونیان هەیە. یاخود په‌یوه‌ندى به‌ کۆمەڵگا و کولتوورى ئەو وڵاتانەوه‌ هه‌یه‌. بۆ نموونە من سەردانی وڵاتی نەورویجم کرد لەگەڵ بەرپرسی مەلەفی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و وەزارەتی دەرەوە قسەم کرد، له‌گه‌ڵى باسم لە رۆڵی رەوەندی کوردى کرد لە نەرویج، تا  بزانم ئه‌وان بیرورایان چییە لەسەریان، بۆچوونەکانی بۆ من زۆر دڵخۆشکەر و گووتی "رەوەندی کوردی یەکێکە لە کاراترین رەوەند لە نەرویج" ئەمە مایەی دڵخۆشی بوو.

بە گشتی وڵاتانی ئەسکەندەناڤیا و ئەڵمانیا ئەمانە رەوشیان زۆر باشە، بەڵام لە هەندێ وڵات وەکو ئوسترالیا و یۆنان تاکو ئێستا هەندێکیان کەیسەکانیان ساغ نەبۆتەوە، بەم هۆیە رەنگە ئەوان رەوشیان باش نەبێت، هەروەک گووتم بابەتەکە پەیوەندیدارە بە یاسای ئەو وڵاتە و یاسا نێودەوڵەتیەکانەوە.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین