ئیسماعیل ته‌نیا: ئێستاش سەروەرییەکانی سۆسیالیست بێ خاوەنە دیمانە

لاڤین عومه‌ر، تایبه‌ت به‌ نوچه‌نێت

ئیسماعیل ته‌نیا وێراى ئه‌وه‌ى به‌ ده‌یان كتێبى له‌ چه‌ندان بوارى جیاجیا بڵاوكردووه‌ته‌وه‌، به‌مدواییه‌ خه‌ریكه‌ كار له‌سه‌ر مێژووى حزبى سۆسیالیستى كوردستان ده‌كات. ئه‌م نووسه‌ره‌ كه‌ ساڵانێكى دوورودرێژه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ى كوردستان ده‌ژیت، له‌ ماوه‌ى رابردوودا دوو كتێبى به‌ ناونیشانه‌كانى "حزبى سۆسیالیستى كوردستان" و "له‌ ڕێگاى ئازادیدا" بڵاوكرده‌وه‌، كه‌ كتێبى دووه‌میان له‌ چه‌ند به‌رگێك پێكهاتووه‌ و ته‌نیا به‌رگى یه‌كه‌مى چاپ كراوه‌. له‌ دیمانه‌یه‌كى تایبه‌تى "نوچه‌نێت" مامۆستا ئیسماعیل ته‌نیا باس له‌و هۆكارانه‌ ده‌كات كا وایان لێكردووه‌ ده‌ست بۆ نووسینه‌وه‌ى مێژووى سۆسیالیست ببات و چه‌ندان تێبینى گرنگیش سه‌باره‌ت به‌ نووسینه‌وه‌ى مێژووى حزبه‌ كوردستانییه‌كان ده‌خاته‌ڕوو.

لە نووسینەکانی ئەم دواییەت هەست دەکرێت بایەخێکی تەواو بە نووسینەوەی مێژوو دەدەیت، ئایا لە نووسین و بابەتی ئەدەبی دوور کەوتیتەوە، یان بۆ پرۆژە مێژووییەکانت ئەم بایەخەت راگرتووە؟

هه‌ندێك لایه‌ن سه‌روه‌رییه‌كانى سۆسیاليست به‌ ناوى خۆیان ده‌كه‌ن
وه‌ك ئه‌وه‌ى له‌ مێژوودا حزبێك به‌و ناوه‌ نه‌بووبێ

 

ئیسماعیل تەنیا: بەهۆی هەڵکشانی تەمەن، هەوڵ دەدەم ئەو رووداو و بەسەرهاتانە بنووسمەوە کە خۆم کاره‌کتەر و لەناویاندا ژیاوم، یان لە کەسانی ترەوە بیستوومن، چونکە دڵنیام ئەگەر من و خەڵکانی تر ئاوڕ لەم رووداوانە نەدەنەوە، ئەوا بە دەردی چەندین رووداوی مێژوویی و بەڵگەنامەی گرنگ دەچن، لەوانەیە دوای ئێمە خەڵکی تری نائاگا بە کەیف و ته‌ماشای خۆی هەڵسوکەوتیان لەگەڵدا بکات. هەڵبەتە لەم حاڵەتەشدا دەچنە خانەی چەواشەکاریی... بۆیە من پێموایە، هەر کەسە و بەگوێرەی ئاگاداری و زانیاری خۆی، ئەوەندەی بۆی دەکرێت بە ئەمانەتەوە بیاننووسێتەوە، بیانخاتە بەرچاوی خوێنەران. ئەگەر ئەمڕۆکەش سوودی لێ نەبینین، نەوەی داهاتوو سوودی لێ وەردەگرن. من لە ئەدەب دوورنەکەوتوومەتەوە. ئێستاش رۆژانە رۆمان و شیعر و لێکۆڵینەوەی ئەدەبی دەخوێنمەوە، بەڵام وەک ئێوە گۆتەنی بۆ ئەو پڕۆژانەی کە لە هزرم دایە، هەوڵ دەدەم ئەنجامیان بدەم، لە پرۆژە و کاری ئەدەبی کەمێک دوور کەوتوومەتەوە، چونکە دڵنیام فریای هەردووکیان ناکەوم. ئەگەر بۆ ماوەیەکی دیاریکراویش بێت، دەبێت یەکیان بکەمە قوربانی ئەوی تریان.

دوایین کتێبت به‌ ناونیشانى (لەڕێگای ئازادیدا)، بڵاو دەکرێتەوە، دەکرێت باسی ئەم کتێبە بکەیت ، لە چەند بەرگ پێکهاتووە؟

ئیسماعیل تەنیا: کتێبی (لەڕێگای ئازادیدا)، بریتییە لە کورتەی بیۆگرافیای ٢٠١ شەهید کە لە ریزەکانی (بزووتنەوەی سۆسیالیستی کوردستان، حزبی سۆسیالیستی یەکگرتووی کوردستان، حزبی سۆسیالیستی کوردستان)، شەهید بووینە. شێوەی شەهیدبوونی هەموویان وەک یەک نین. هەیانە لە رووبەڕووبوونەوەی راستەوخۆ لەگەڵ هێزەکانی رژێم، هەیانە لە شەڕی ناوخۆ، هەشیانە بە دیلی یان لە ریزی رێکخستنەکاندا کاریان کردووە، دەستگیر کراون، دواتر لە سێدارە دراون. ماوەی ٤٥ ساڵ بەسەر دامەزراندنی ئەم حزبەدا تێدەپەڕێ، چەندین سەرکردە، فەرماندەی عەسکەری و کادیری لێهاتوو (بە دامەزرێنەرەکەشیانەوە)، شەهید بووینە. کارێکی دیکۆمێنتاری شایستەیان بۆ نەکراوە... ئەو کتێبەی من هەوڵێکە و بە یەکەمین کاری لەم شێوەیە حسێب دەکرێت. بەرگی یەکەم ٣٩٤ لاپەڕەی قەبارە گەورەیە، جگە لە ژیاننامەی شەهیدەکان، ساغکردنەوە و راستکردنەوەشمان بۆ چەند شەڕێکی گرنگ کردووە کە پێشمەرگەکانی ئەم حزبە ئەنجامیان داوە و بۆ ئەوان رۆژان، چالاکی گرنگ و جەربەزانە بووینە. بەشێک لە شەهیدەکانی ئەم بەرگە، لەم شەڕانەدا شەهید بووینە. وێڕای ئەمەش لە بەشی سێیەمی کتێبەکەدا کۆمەڵێک وێنە و بەڵگەنامەی تایبەت بەم شەهیدانە لە نامە و پۆستەری تایبەتیدا، بڵاوکراونەتەوە... بەرگی تریشی بەدوادا دێت.

سه‌ركرده‌یه‌كى دیارى كورد له‌ نووسینه‌وه‌ى چوار دێرى مێژوو سێ هه‌ڵه‌ى زه‌قى كردووه‌
 

نووسینەوەی مێژووی حزبە کوردییەکان لای تۆ چەند گرنگە؟

ئیسماعیل تەنیا: لای من نووسینەوەی مێژووی تەواوی چەمکەکانی ژیان گرنگن، بە مێژووی حزبەکانی کوردستانیشەوە. لە دەرەوەی کوردستان، خەڵکی بێگانە، گرنگی تەواویان بە مێژووی خۆیان داوە، لە نووسینەوە و بە دیکۆمێنتکردنی جۆرەکانی رووەک و ئاژەڵ و باڵندە و شار و گەڕەک و پوولی پۆستە و جۆرەکانی پارە لە سەردەمە جیاجیاکان و کوچە و کۆڵان و کەنیسە و باخچەکان و ئۆتۆمبیل و هێڵی شەمەندەفەرو نامە و وێنەوە بگرە تا دەگاتە مێژووی قۆناغە جیاجیاکانی وڵات و نەتەوەکانیان. کە ئەم کتێبە چاپکراوانە لەم بوارانەدا دەبینم، خەم لە مێژووی خۆمان دەخۆم. بۆیە من لای خۆمەوە بە گرنگ و بایەخ و چاوی رێزەوە سەیری نووسینەوەی مێژووی بزووتنەوە و حزبە سیاسییەکانی کوردستان دەکەم، ئەگەر بەلاڕێدابردن و چەواشەکاری تێدا نەبێت... لە سەردەمە جیا جیاکاندا، لە رووی دیکۆمێنتی کۆنکرێتی، هەژار ودەستە پاچەین. دەکرێت سوود لە ئەزموونی تاڵی خۆمان وەربگرین، لەم بوارەدا کارێک بکەین، کە سوود بە نەوەی داهاتوومان بگەیەنێت و بێ ئومێد نەبن.

بۆچی بەشێوەیەکی سەرەکی کار لەسەر حزبی سۆسیالیست دەکەیت، ئایا هۆکارەکەی ئەوەیە کە خۆت ئینتیمات بۆی هەبووە؟

ئیسماعیل تەنیا: کارکردنم لەسەر نووسینەوەی مێژووی ئەم حزبە چەند رەهەندێکی هەیە، یەکێک لەمانە ئەوەیە کە خۆم کاری سیاسی و رێکخراوەییم (بە ئەرێنی و نەرێنییەوە) لە ریزەکانیدا بووە. واتا لە رێگای ئەم حزبەوە (لە چوارچێوەی سەردەمی خۆیدا) سەرەدیقانێم لەگەڵ سیاسەت کردوە. رەهەندێکی تر کە هاندەری سەرەکیم بووە بۆ کارکردن لەم بوارەدا ئەوەیە کە ئەم حزبە دوای هەڵبژاردنەکانی ١٩٩٢، بەرەو داهێزران و پەرتەوازە بوون و سڕینەوە رۆیشت... دواجار بەشە کاریگەرەکانیان چوونە ریزەکانی پارتی و یەکێتیی و خاڵی کۆتاییان دانا. ئێستاش سەروەرییەکانی ئەم حزبە بێ خاوەنە، هەر لایەنەو خاوەنداریەتی لە خاڵە پۆزەتیف و خەباتە جوانەکەی دەکات، بە سەروەری خۆی دەزانێت. مێژووی شەڕەکان و شەهیدەکانیشیان، بە ناوی خۆیان دەکەن، وەک ئەوەی بڵێی، لەم سەردەمەدا حزبێک نەبوو بێت بە ناوی حزبی سۆسیالیست. شەڕ و چالاکی و نەبەردی وا هەن کە کاتی خۆیان گەرما و گەرم لە بڵاوکراوەکانیان بڵاو کراونەتەوەو، بە دیکۆمێنت کراون، کەچی لە بێ خاوەنی ئەم سەروەرییانە، خەڵکی تر هاتوون و کردوویانەتە سەروەری خۆیان، کەسیش نییە ئەم چەواشەکارییانە، راست بکاتەوە.

وەک تێبینی دەکرێت ئەرشیفێکی زۆرت لەبەر دەستە، ئەم ئەرشیفە بۆ کەی دەگەڕێتەوە؟

حزبى سۆسیالیست وه‌ك چێشتى مجێور بوو
 

ئیسماعیل تەنیا: نا، بە پێچەوانەوە، ئەرشیفێکی وام نییە، بەڵام پێموایە لە نەبوونی باشترە. من لەوەتەی فامم کردووە، ساڵانە رۆژژمێرم هەبووە، بە ئێستاکەشەوە... رووداوەکان، ئەوانەی بەلای خۆمەوە گرنگ بووینە و عەقڵم پێیدا شکاوە (بە رووداوی تایبەت بە بنەماڵەکەشمانەوە)، نووسیوومەتەوە. جگە لەمەش، بەهۆی درککردنم بە گرنگی ئەم بابەتە، کە رۆژێک دادێت ئەم نامە و بەیاننامە و بڵاوکراوانە، دەبنە سەرچاوەی مێژوویی، بەشێکیانم پاراستووە، بەشێکی تریشیان لەگەڵ چوونە دەرەوەم، تەخشان و پەخشان بووینە و فەوتاون. 
ئەم ئەرشیفە ئەوەندەی لای من ماوە، بۆ سەردەمی هەرزەکاری و، کارکردنم لە رێکخستنەکان و راگەیاندن، دەگەڕێتەوە. نابێت ئەوەشمان لەیاد بچێت و بە نادیدە وەری بگرین کە رۆژژمێری رۆژانە رۆڵێکی کاریگەری هەبووە لە بە زیندوو هێشتنەوەی رووداوەکاندا.

چەند سوودت لە یاداشتەکاندا وەرگرتووە، دەگوترێت زۆرێک لە یاداشتەکانی سەرکردە کوردەکان بە پاڵنەری تر نووسراون، جێگای متمانە نین؟

 

ئیسماعیل تەنیا: لەم ساڵانەی دواییدا یاداشت گه‌لێ زۆر نووسراون. بەشێک لەمانە، کاری باش و جوانن، لە رێگای ئەوانەوە سەرەداوی زۆر رووداوی مێژوویی دۆزراونەتەوە کە دەکرێت لە رێگای ئەم سەرەداوانەوە بگەینە راستییەکان، لە نووسینەوەی مێژوودا، سوودیان لێ وەربگرین و تەوزیف بکرێن. بە پێچەوانەوەش، هەندێکی تریان لە سۆنگەی رق لێبوونەوەو تۆڵەکردنەوە نووسراون، مێژووی راستەقینەی رووداوەکانیان بەلاڕێدا بردوون. تۆ وەرە سەیر بکە لە نووسینەوەی مێژوویەک کە تەمەنی تەنیا ٤٢ ساڵی بەسەردا تێپەڕیووە کەچی سەرکردەیەکی دیاری کورد کە لای بەشێکی خەڵکی کوردستان بە پیرۆزیش کراوە، تەنیا لە چوار دێردا، سێ هەڵەی زەقی کردووە. ئینجا ئەگەر ئەم هەڵانە راست نەکرێنەوە، بە چەواشەکارییەوە دەچێتە ناو لاپەڕەکانی مێژوو و خەڵکی تر لە نووسین و کاری ئەکادیمیدا، وەک سەرچاوە پشتی پێ دەبەستن. لەگەڵ کاری باش، زۆر یاداشتی خراپیش نووسراون کە هەندێکیان ناڕاستەوخۆ هەڵبژاردنی سەنگەرێکە دژی سەنگەرێکی تر. بەلای منەوە هەر یاداشتێک خاڵی بێت لە دەستنیشان کردنی کات و شوێن و کاراکتەرەکان ، تەنيا شێوەیەکی داڕشتن (ئینشا) ئامێزی لەخۆ گرت بێت، جێگای متمانە نییە.

دەمانەوێت هەندێک پرسیاری تر لەسەر حزبی سۆسیالیست بکەین. دەگوترێت حزبی سۆسیالیست یەکەم حزبی دوای نسکۆی شۆڕشی ئەیلول بوو کەچی سوودی لە هەڵەکانی پارتی وەرنەگرت؟

هه‌ندێك یاداشتى سه‌ركرده‌كان له‌ سۆنگه‌ى رقبوونه‌وه‌ و تۆڵه‌كردنه‌وه‌ نووسراون
 

ئیسماعیل تەنیا: بەشێک لەم دەنگۆیانە راستیشی تێدایە. ئەم حزبەش وەک تەواوی تاکەکانی کورد و حزبە سیاسییەکان، سوودیان لە ئەزموونی تاڵ وەرنەگرتووە. بە نووسین چییان تێدا نەهێشتبووە بەڵام لە پراکتیزەکردندا، وا نەبوون. ئەگەر سوودوەرنەگرتن لەم ئەزموونە تاڵانە پەیوەندییان بە قۆناغەکانی سەختی خەبات بوو بێت ، بیانووی جۆربەجۆریان بۆ بهێنرێتەوە، ئەوا بەشێکی زۆریشیان پەیوەندی راستەوخۆی بە سەرکردە دەست رۆیشتووەکان هەبووە و دەکرا هەڵەکان دووبارە و چەند بارە نەکرێنەوە، کە کردیان.

هەندێک دەڵێن سۆسیالیست چەپ بوو، کەچی لەسەر رێچکەی عەشایەرى دامەزرا بوو. بۆچوونت لەسەر ئەم رەخنەیە چییە؟

ئیسماعیل ته‌نیا: بزووتنەوەی سۆسیالیست، دواتر (حزبی سۆسیالیست)، دوای نسکۆی شۆڕشی ئەیلول، لە قۆناغێکی دژواری خەباتدا، دامەزراوە. ئەم رێکخراوە وەک چێشتی مجێور، لە چەندین پێکهاتە و کەسایەتی خاوەن باکگراوندی جیا جیا ، پێکهاتووە، نموونەی: ١- ئەندامە چالاک و سەرەکییەکانی باڵی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان کە دواتر لەناو خەڵکیدا بە (جەلالی)، ناسراون. ٢- بەشێک لە دامەزرێنەرو سەرکردەکانی سۆسیالیست، پێشتر ئەندامی سەرکردایەتی و کادیری ریزی دووەم و فەرماندەی عەسکەری (پارتی) بوون کە لەناو خەڵکیدا بە (مەلایی)، ناویان رۆیشتبوو. ٣- بەشێکی تریان گەنجی تازە پێگەیشتوو، بێ پێشینەی کاری سیاسی بوون، لە سۆنگەی کوردایەتییەوە، بەم حزبەوە وابەستە بوون. ٤- هەندێکی تریان لەم کەسایەتییانە پێکهاتبوون کە لە سیاسەتی ئەوسای حزبی شیوعی ناڕازی و سارد ببونەوە. سەردەمی دامەزراندنی ئەم بزووتنەوەیە، سەردەمی ڕق هەڵگرتن بوو لە سیاسەتەکانی ئەمریکاو بلۆکی رۆژئاوا... لەبەرامبەر ئەم سیاسەتەی ئەمەریکا دژ بە کورد و بزووتنەوە رزگاریخوازەکانی ناوچەکە، سۆز و خۆشەویستییان بۆ کامپی سۆسیالیست بە رێبەرایەتی (یەکێتیی سۆڤیەتی جاران)، هەبوو، بانگەشەیان بۆ رێبازی چەپ و سۆسیالیستی دەکرد، بێ خەبەر لەوەی کە هەر سیاسەتی سۆڤیەت بوو لەپێناو پاراستنی بەرژەوەندییەکانی، ساڵی ١٩٤٦ پشتی لە کۆماری مەهاباد کردو، رادەستی (شا)ی کردن. لەناو ئەم هەموو خەڵک و پێکهاتە جیاجیایانە (نەتەوەیی، عەشایەر، فەرماندە عەسکەرییەکانی شۆڕشی ئەیلول، خەڵکی بێلایەنی وڵاتپارێز، خاوەن ئایدیای سۆسیال دیموکرات)، خەڵکی رادیکاڵ و چەپڕەوی واش هەبوون، وەک دەڵێن: لە لینین و مارکس، چەپتر بوون. ئەوانە، بە ئاواتی ئەوە بووینە کە کۆمەڵگای کوردەواری بەرەو ئاقاری سۆسیالیستی و هێنانەدی یەکسانی، ببەن. چونکە لە قۆناغی خەباتی رزگاریدا بووینە، خواستی ئەم توێژە بەرگەی رێبازو بۆچوونی خەڵکی عەشایەری نیشتمانیی و فەرماندە عەسکەرییەکانی نەگرتووە... دەبێت ئەمەش بڵێین کە سەرکردایەتی ئەم حزبە سیاسەت و ئایدۆلۆجییەتێکی روونی نەبووە لە بەرامبەر رووداوەکاندا، شەرمنانە سیاسەتی کردووە، ویستوویانە دڵی هەموو لایەنەکان رازی بکەن و، لێکترازان روونەدات... سەرەنجام بەرەی چەپی رادیکاڵ شکستی هێناوەو باڵی ڕاستڕەو، سەرکەوتوو بووە... گرنگە ئەمەش بزانین کە لە سەرەتای دامەزراندنی بزووتنەوەدا، هەڵگری بیری سۆسیال دیموکرات بووەو، دامەزرێنەرەکەی (شەهید ساڵح یوسفی)، هەموو کات لەسەر ئەم رێبازە، پێداگری کردووە. هەرەسهێنان و پووکانەوەی وڵاتە بەناو سۆسیالیستەکان و هەڵوەشاندنەوەی سۆڤیەتی جارانیش، رۆڵی بەرچاوی هەبوو.

بۆچی حزبی سۆسیالیست نەیتوانیوە گەشە بکات و  ئه‌و كات ببێت بە بەدیلی پارتی و یەکێتیی؟

ئیسماعیل ته‌نیا: چەندین هۆکار هەبوون کە رێگربوون لە گەشەکردنی سۆسیالیست، کە دەتوانین هەندێک لەم هۆکارانە لەم خاڵانەدا، کورت بکەینەوە: 
١- دواکەوتوویی کۆمەڵگا لە لایەک و نەبوونی زەمینەسازییەکی گونجاو بۆ گەشە و چەکەرەکردنی بیری چەپ لەلایەکی ترەوە. واتا: کۆمەڵگا توانای ئیستیعابکردنی ئەم فکرەی نەبووە.

٢- نەبوونی کەسایەتییەکی خاوەن کاریزما لە هەرەمی ئەم حزبەدا. کاریزما لە کۆمەڵگا دواکەوتووەکاندا (کە ئێمە یەکێکین لەم کۆمەڵگایانە)، رۆڵێکی بەرچاو دەگێڕێت لە گەشەکردن و فراوانبوونی ناواقیعی و بێبنەمای حزبی کوردی. کاریزما، دیاردەیەکی دروست نییە، کەچی لای ئێمە پیرۆزە.

٣- ناتەبایی ریزی یەکەمی کادیرەکان (ئەندامی سەرکردایەتی) و کۆک نەبوونیان لەسەر ئایدۆلۆجییەکی دیاریکراودا. هەروەها شاردنەوەی هەندێک راستی گرنگ لە ئەندامانی حزب... ئەمەش لە ترسی لێکترازان و پارچەپارچەبوون. سەرکردەی وامان هەبوو، کە لە ریزی پێشەوە بوو، رۆژێک نەماندیت ریکلام بۆ حزبەکەی وەک سۆسیالیست بکات، سەری زمان و بنی زمانی هەر (کوردایەتی) بوو، وەک ئەوە وا بێت کە ئەوان یەکەم حزب و کەسایەتی بن کە بانگەشە بۆ ئەم شێوازەی خەبات بکەن.
٤- شەهیدبوونی چەندین سەرکردە و کادیری خوێندەوار و فەرماندەی عەسکەری بەوەج و جێگا چۆل بوون بۆ خەڵکی هیچ لەبار نەبوو کە ئەم شوێنە بەتاڵانە پڕ بکەنەوە..

سه‌ركردایه‌تى سۆسیالیست ئایدۆلۆجیه‌تێكى روونی نه‌بووه‌
 


٥- لێکترازانە پشتشکێنەکەی پایزی ١٩٨٥ و سەنگەرگۆڕینی چەندین فەرماندەی عەسکەری، سۆسیالیستی بێهێزتر کرد
٦- بزووتنەوە لە سەرەتای دروستبوونی بانگەشەی بۆ هێڵی سێیەم (نە جەلالی نە مەلایی)، دەکرد... بە حیسابی ئەوان، لە ئەنجامی سیاسەتی فاشیلی ئەم دوو جەمسەرە، خەڵکی ناڕازی لەوان کۆدەبێتەوە، هێڵێکی تری بەهێز دروست دەکەن، بێ ئومێدی خەڵکی دەڕەوێننەوە... دیارە لەمەشدا بەهەڵەدا چوو بوون، خەڵکی جەلالی و مەلایی، تا مردن هەر لەسەر رێبازی خۆیانن (با هەڵەش بێت). ئەم بانگەشە و خۆهاوێرکردنەی سۆسیالیست، سەرەنجام بەر هەڵمەتی نهێنی و ئاشکرای ئەم دوو جەمسەرە کەوتن. ئێستاکە، بەگوێرەی بیرەوەرییە بڵاوکراوەکان، بەشێک لە سەرەداوەکان، ئەوە ئاشکرا دەکەن کە جگە لە حکومەتی عێراق، دەزگا موخابەراتییەکانی وڵاتانی دراوسێ، بە تایبەتیش سووریا، لە قازانجی لایەنە سەرەکییەکان، لە بچووککردنەوەی سۆسیالیستدا، ڕۆڵیان هەبووە.
٧ -  لە سەرەتای دامەزراندنی تا پەرتەوازەبوونی، تووشی شەڕ و گێچەڵی لاوەکی و نەخوازراو کراوە. سەرکردە و فەرماندە و ئەندام و پێشمەرگەکانی بەر هەڵمەتی پاکتاوی جەستەیی کەوتوون. نەک هەر لە شاخ، بەڵکو لە خەباتی نهێنی و ناو شارەکانیشدا، بە نیازی لەناوبردنیان، پیلانیان بۆ داندراوە. ئەمانە و زۆر هۆکاری تری ناوخۆ و دەرەوەش، رێگربوون لە گەشەکردنی سۆسیالیست وەک هێڵی سێیەم و ئەلتەرناتیڤی دوو جەمسەرەکەی تر.

 


 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین