د. ئه‌بوبه‌كر زاهیر پسپۆر له‌ نه‌شته‌رگه‌ریی چاو: وشكى چاو له‌ كوردستان باوترین گرفتى چاوه‌ دیمانە

سیهام میران – تایبەت بە نوچەنێت

د. ئه‌بوبه‌كر زاهیر پسپۆڕ له‌ نه‌شته‌رگه‌رى چاو له‌ دیمانه‌یه‌كى تایبه‌تى نوچه‌نێت، باس له‌ چه‌ندان لایه‌نى گرنگى ته‌ندروستى چاو ده‌كات و ده‌ڵێ، "له‌گه‌ڵ ئه‌و بۆچوونه‌ نییم كه‌ ده‌گوترێ مرۆڤى ئێستا چاوى لاوازتره‌، به‌ڵام ده‌بێت خه‌ڵكیش هۆشیاریان بۆ ته‌ندروستى چاو زیاتر بێت".

باوترین نەخۆشی چاو لە کوردستان كامه‌یه‌؟

ئەو نەخۆشییەی کە زۆرترین کاریگەری دروست دەکات لەسەر بینین، بڵاوترینیان نەخۆشی ئاوی سپییە. جیا له‌مه‌ش هه‌ندێك كه‌س بینینی باشە، به‌ڵام جارجارە بینینی لێڵ دەبێت و نائاسوودە دەبێت، بڵاویشە نزیکەی ٢٥٪ تا ٣٠٪ی ئەوانەی سەردانی پزیشكى چاو دەکەن ئەو کێشەیه‌یان هەیە، ئەویش وشکی چاوه‌ بە تایبەتی ئێستا لەسەردەمی دروستبوونی ئەو هەموو شاشەیە، کێشەکە زیاتر بووە لە زۆربەی تەمەنەکان ئەو کێشەیە هەیە.

وشکی چاو لە چ تەمەنێك دەستپێدەکات؟

نه‌خۆشخانه‌یه‌كى حكومى تایبه‌ت به‌ چاو له‌ هه‌ولێر ده‌كرێته‌وه‌ 

 

وشکی چاو هۆکاری زۆرە، بڵاوترینیان ئەو جۆرەیە کە پەیوەندی بە کێشەییەکی درێژخایەنەی پێڵوی چاوەوە هەیە، ئەویش پێی دەڵێن هەوکردنی درێژخایەنی پێڵوی چاو. هەوکردنەکە درێژخایەن دوو جۆری هەیە، یەکەمیان پێیدەڵێن "سیبورێك" ئەوە واتا ناڕێکی لە چەوریە رژێنەکانی فرمێسك هەیە، زیاتر لەو کەسانە بڵاوە کە پێستیان چەورە و کێشەی چەوری پێستان هەیە ئەوەش وا دەکات کێشە لە بەشی چەوری فرمێسکی چاو دروست بکات. 
جۆری دووەم درێخایەنی پێڵوی چاوه‌، ئەویش هەوکردن بەهۆی مکرۆب و بەکتریا روو دەدات. ئەمەیان هەندێك جار چارەسەر دەکرێت، بەڵام بە گشتی ئەو کێشەیە درێژخایەنە دەبێتە هۆی هەستکردن بە نیشانەکانی وشکی چاو.

چارەسەری وشکی چاو چییە؟ 

وشکی چاو بەگشتی نەخۆشیەکی درێژخایەنە، ناتوانین چارەسەری بنبڕ بکەین لە زۆربەی بارەکان، هەندێك باری زۆر تایبەت نەبێت، بەڵام بە گشتی رێکاری خۆپارێزی هەیە، رێکاری چارەسەری هەیە.

رێکارە پارێزەرییەکان و چارەسەرەکان:
- نابێت بەرانبەر بە هەوا دانیشن.
- کاتێك قژ وشکەرەوە بەکاردێنن بە ئاگاداری بەکاری بێنن.
- خەویان رێك بێت.
-زۆر بەرانبەر شاشەکان نەبن، کاتێک زۆر بەرانبەر شاشەکانن بیریان بێتەوە چاویان بنوقێنن، بۆ ئەوە ببێتە هۆی دروستبوونەوەی ئەو چینەی فرمێسک کە لەسەر چاو هەیە. 
- مەساجی پێڵوەکانی چاو بکەن 
ئەمانە هەمووی رێکارە سروشتیەکانە.

چارەسەری دەرمانەکان: 
- بەکارهێنانی فرمێسکی دەستکرد.
- فرمێسکی دەستکردیش چەند جۆرێکی هەیە، بەشێوەی قەترە یاخود جەلی، جا بەگوێرەی جۆرەکەی بڕیار لەسەر بەکارهێنانی جۆری قەترەکان دەدەین و چەند بەکاری بهێنین.

هەندێ جار پێویستە جۆری ماددەی تری لەگەڵ بەکاربێت بۆنموونە سترۆیدەکان، ماددەی سایکۆ سپۆلین هەیە ئەویش هەندێك کات دەدرێت بەوانەی وشکی چاویان هەیە.

کامە نەخۆشی چاو هەیە لە کوردستان چارەسەری نییە؟

ئێستا زانستی پزیشکی چاو لە کوردستان، بە بەراورد بە ساڵانی رابردوو، زۆر بەرەو پێش چووە. زۆربەی هەرە زۆری ئەو نەخۆشییانەی چاو کە هەیە و لەدەرەوە چارەسەرییان هەیە، لە کوردستانیش چاره‌ ده‌كرێن. زۆر نەخۆشی تر هەیە کە پەیوەندییان بە "تۆڕی چاو" هەیە له‌ كوردستان ره‌نگه‌ چاره‌ نه‌كرێن، به‌ڵام لە دەرەوەی وڵاتیش چارەسەری یەکجاری و بنبری نییە. لە کوردستان زۆربەی نەشتەرگەرییەکانی چاو هەیە نەشتەرگەری بەشی پێشەوەی چاو، نەشتەرگەری جوانکاری چاو، نەشتەرگەری تۆڕی چاو. نزیکەی دوو جۆر نەخۆشی هەیە لای ئێمە ئێستا لە سەرەتایە نەگەشتووه‌تە ئەوەی هەموو نەخۆشەکان لێرە چارەسەر بکرێت. ئەویش کێشەی تۆڕی چاو کە لە منداڵی ناکام روو دەدات ئەوانەی کە لە ژێر ئۆکسجین دەمێننەوە بۆ ماوەیەکی درێژ تووشی جۆرێک لە کێشەی تۆڕی چاو دەبن. ئەمەشیان خۆی لە پێنج قۆناغ پێکهاتووە قۆناغی یەکەم تاکو چوارەم چارەسەری لە هەرێم هەیە، بەڵام کە دەگاتە قۆناغی پێنجەم تۆڕی چاوی بە تەواوی جیا دەبێتەوە تاکو ئێستا لە کوردستان ئەوە چارەسەره‌ ناکرێت.

هه‌ندێك جار عه‌ده‌سه‌ى چاو هه‌وكردن دروست ده‌كات
 



نەخۆشی تر هەیە، گرێیەکانی چاو بە تایبەتی ئەوانەی کە نەگەشتوونەتە ئەو قۆناغەی پێویست بکات چاوی دەربێنێت، چونکە ئەوانەی کە پێویستە چاویان دەربێنن ئاسایی دەرهێنانی چاو هەیە و نەشتەرگەریەکی ئاسانە، بەڵام ئەوانەی کە لە قۆناغێکن پێویستە چاوەکەی بپارێزی بینینی لە دەست نەدات هەندێک جۆری تیشك هەیە کە لە کوردستان نییە، هەمیشە ئێمە بۆ چارەسەری ئەو كێشه‌یه‌، ئامۆژگارى نەخۆشەکان دەکەین بچنه‌ ده‌ره‌وه‌ى كوردستان.

نەخۆشخانەی حكومى تایبه‌ت به‌ چاو لە کوردستان هەیە ؟

لە کەرتی حکومی لە دهۆك هەیە، لە هەولێر هەروەک دەزانرێت بەشی چاو لە نەخۆشخانەی رزگاری هەیە. نەخۆشخانەی چاو لە هەولێر دروستکراوە و قۆناغی زۆری بڕیوە، لەوانەیه‌ زیاتر لە٩٠٪ی کارەکانی تەواو بووە، بەڵام تاکو ئێستا نەکراوەتەوە، نەخۆشخانەیەکە زۆربەی پێداویستیەکانی تێدایە کە رۆژانە لە کاتی چارەسەر بەکاری دەهێنین.

ژمارەیەکی زۆر لە خانمان روودەکەنه‌ جوانکاری، تاکو ئێستا ئەوانە هیچ كێشەیەکیان بۆ ئێوە دروستکردووە؟

زۆرترین ئەوەی بەکاردێت وەکو جوانکاری لە کوردستان لە دەوروبەری چاو، چونکە ناو چاو تاکو ئێستا لە کوردستان نەکراوە، لە شوێنی تر هەیە نموونه‌ تاتۆی چاو. زیاتر جوانکاری پێڵوەکانە کە ئەوەیش وەکو هەر نەشتەرگەرییەکی تر دەکرێت تووشی هەوکردن بێت یان شوێنێ برینەکە مابێت. وه‌ك  من تێبینیم كردووه‌، چەند خانمێك هاتوون پاش لێدانی دەرزی بۆتۆکس شتەکان بە "دوو" دەبینن لەبەرئەوەی ئەو بۆتۆکسە ماددەکە دەبێتە هۆی شەلەلی ئەو ماسولکانەی لە دەوروبەی چاو هەیە بۆ ئەوەی لۆچەکان بزر کات هەندێك جار شۆڕدەبێتەوە دەگاتە ئەو ماسولکانەی کە چاو دەجوڵێنن بەوەش کاریگەری لەسەر فەرمانەکان دروست دەکات، کەسەکە شتەکان بە "دوو" دەبینێت، ئەوەش دەبی کەسەکە چاوەرێ بکات تا کاریگەری بۆتۆکسەکە لەو شوێنە کەم دەبێتەوە و ئینجا بەرەو باشی دەچێت.

بابەتی بەکارهێنانی هاوێنەی جوانکاری کە رەنگاورەنگە خانمان بەکاری دەهێنن، دەبێت زۆر بە وریایەوە بەکاری بێنیت، چونکە زیاتر لە چەند نەخۆش کە هاتوونەتە لام گلێنەی چاویان بە تەواوی سپی بووە، بەهۆی ئەو ئلتیهابە بەکتریایەی لەژێر ئەو هاوێنەوە دروست دەبێت، ئەویش ئایا لە ئەنجامی خراپ بەکارهێنانی بووە یاخود لەبەر ئەوەی چاوی مرۆڤ راستەوخۆ ئۆکسجین لە هەواوە وەردەگرێت ئەم هاوێنەیەش وا دەکات ئەو ئۆکسجینە وەرنەگرێت بۆیە ئەمەش وادەکات بەکتریا بە ئاسانی بچێتە ناوی. ئەمانەش چارەسەریان تەنیا گۆرینی گلێنەی چاوە.

خەڵکی ئێستا بۆچی زوو چاویان لاواز دەبێت؟

من لەگه‌ڵ ئه‌و قسەیە زۆر هاوڕانیم، پێشتریش لاوازی چاو و کێشەکانی چاو هەر هەبوون، بەڵام ئێستا خەڵك زیاتر هەستیان پێدەکات. بۆ نموونە پێشتر تەلەڤزیۆن نەبووە، شۆفێرى بوونی نەبووە، ئەگەر چاویشی لاواز بووبێ لێى نه‌پێچاوه‌ته‌وه‌.  پشکنینی چاو رێکوپێك نەبوو لە قوتابخانەکان. ئێمە ساڵانە پشکنینی چاو لە قوتابخانە و باخچەی ساوایان بۆ منداڵەکان ئەنجام دەدەین. بەکارهێنانی شاشەکان من ناڵیم دەبنە هۆی لاوازبوونی چاو بەڵام دەبنە هۆکار بۆ ئەوەی کەسەکە هەست بکات کێشەیەک هەیە لە چاوی، پێشتریش ئەو کێشانە هەبووە، بەڵام ئێستا لەبەر ئەوەی ستایلی ژیان گۆڕاوە زیاتر هەست بەو کێشانە دەکرێت.

كلى چاو هیچ زیان و سوودێكى نییه‌
 


ئایا ئەو ئامێرە ئەلیکترۆنیانە کێشە بۆ چاو دروست دەکەن؟

بەگوێرەی هەندێ لە توێژینەوەکان دەڵێن، بەڵێ پەیوەندی هەیە لەنێوان زۆر بەکارهێنانی ئامێری زیرەکی شاشەکان و نەخۆشی نزیك بینین، پێشبینی دەکرێت بەپێی ئەو توێژینەوانە لە داهاتوو ئەو کێشەیە زیاتر بێت.

بە پێی زانستی پزیشکی رۆژانە چەند کاتژمێر پێویستە ئامێرە ئەلکترۆنیەکان بەکاربێنین، بۆ منداڵ و گەوران؟

تاکو ئێستا یەکلایی نەبووه‌تەوە، گەورە چەند کاژمێر بەکاربێنێ و بچووك چەند، بەڵام بە شێوەیەکی گشتی دەڵێن گەورەش وەکو منداڵ ئەگەر بتوانن لە دوو سەعات زیاتر بەکارى نەهێنێ باشە، بەڵام هه‌ندێك هەیە کاری لەسەر ده‌كات، ئەم جۆرانە دەبێت لە کاتی بەکارهێنانی لەنێوان سەعاتێك بۆ ماوەی  10 خولەك  پشوو بدەن بە چاویان تاکو چاویان تووشی ماندوبوون و شه‌كه‌تى نەبن.

گەرما و سەرما چ کاریگەریەکیان لەسەر چاو هەیە؟

گەرمی کاریگەری لەسەر وشکی چاو هەیە، بێجگە لەوەش تیشکی سەروو وه‌نەوشەیی کە لە لایەن خۆرەوە بەرمان دەکەوێت بە تایبەت ئەو کەسانەی کارەکانیان لەبەر هەتاوە، زۆر لێدانی ئەو تیشکە زووتر تووشی ئاوی سپی دەبێت وەکو لە تەمەنەکانی تر. دەبێتە هۆی زیادبوونی گۆشتی زیادە لەسەر چاو زۆربەی کات، ئەوانە زووتر تووشی پووکانەوەی ناوچەی زەردە پەڵ دەبن کە بەهۆی تەمەنەوە روودەدات. 
خۆپارێزییەکان بەکارهێنانی چاویلکەی هەتاوی، ئەوەی کە تیشکی سەروو وەنەوشەیی دەگەڕێنێتەوە، بەکارهێنانی کڵاو، یان كه‌سه‌كه‌ لە کاتژمێرە زۆر گەرمەکان نەچێنەدەر باشترە.

خۆراك و چاو چ پەیوەندییەکیان بە یەکەوە هەیە بە تایبەت گێزەر؟

چاو وەکو هەر ئەندامێکی تری جەستە پێویستی بە خۆراک و ڤیتامینەکانە. پەیوەندی نێوان گێزەر و چاویش لە چیرۆکیکی مێژووی هاتووە، خۆی گێزەر بەهۆی ئەوەی ڤیتامین A تێدایە، بەڵام ئەو ڤیتامین A یه‌ لە زۆر خواردن و سەرچاوی تری ڕووەکی بوونی هەیە، مانای ئەوەنییە تەنیا لە گێزەر بوونی هەبێ.

چ جۆرە نەخۆشیەکی زگماکی چاومان هەیە؟

نەخۆشی زگماکی چاو زۆرن، بەڵام ئەوەی بڵاو و دەبینرێت رۆژانە، گیرانی زگماکی بۆری فرمێسکە کە لە ٥٪ی منداڵان لە تەمەنی یەك مانگ تاکو یەك ساڵی هەیانە، لەو رێژەیەش لە  ٩٥٪ی لە ماوەی ساڵێکدا چاك دەبنەوە بەڵام رێژە کەمەکە بە نەشتەرگەری چارەسەر دەکرێت. 
دوای ئەوەیان نەخۆشی ئاوی سپی زگماکە کە ئەویش کێشەیەکە لە منداڵاندا هەیە و تەمبەڵی چاو کە لە ٢٪ تا ٤٪ کە لە کوردستان کراوە منداڵان هەیانە، تەمبەڵی چاو ئەوەیە زۆرجار چاوەکە لە رووی پێکهاتەوە هیچ کێشەیەکی نییە یان جیاوازییەکی کەم لەنێوان هەردوو چاوی هەیە دەبێتە هۆی فەرامۆشکردنی چاوەکە لە لایەن مێشکەوە و چاوەکە بە جوانی نابینێت، چارەسەری هەیە ئەگەر لە زووەوە دەستی پێبکەی بەڵام لەدوای تەمەنی ١٠ ساڵی و سەرەوەتر چارەسەری ناکرێت، ئاوی رەشی زگماکیش لە کوردستان زۆره‌.

هه‌ندێك ژن به‌هۆى ده‌رزى بۆتۆكس بینینیان تێكچووه‌

 

لە زووەوە دایکان کلیان بۆ چاوی منداڵان بەکاردەهێنا، ئایا ئەمە زیانی بۆ چاو هەبوو؟

خۆشبەختانە ئێستا خەڵکەکە هۆشیاری تەندروستییان باشتر بووە. زۆر شت هەیە کە دەکرێت هیچ بنەمایەکی نییە، ئێستا زۆر نەخۆش دێن بۆ لامان دەڵێن بە منداڵی چاومیان داڕشتووه‌ بە شەکر یاخود بە بەرد، تووشی چەندان کێشەی چاو بووە، بەڵام کلی چاو نە زیانی هەیە نە سوود.

کامە نەخۆشی جەستەی پەیوەندی راستەوخۆی بە چاوەوە هەیە؟

ئەمە یەکێک لە بابەتە هەرە فراوانەکان، کە ئێمە دەتوانین قسەی لەسەر بکەین، یەکێك لەوانە کە کێشەیەکی زۆر گەورە و بڵاوە نەخۆشی شەکرەیە. زۆرجار ئەگەر درەنگ هەستی پێ بکرێت چارەسەری ئەستەم دەبێت، دوای ئەو بەرزە پەستانی خوێن کە کێشە لەسەر چاو دروست دەکات، رەنگە تووشی خوێنبەربوون و ئەستووربوونی تۆڕی چاو و جەڵتەی دەماری بینین بکات.  هەروەها نەخۆشیە خۆییەکان کە وەکو رۆمانتیزم و ئەوانە وایە زۆرجار کێشەی گەورە لە چاو دروستدەکات.


هۆکاری رەشی ژێر چاو چییە؟

هۆکارەکانی زۆرە، بەڵام ئەوەی کە زۆر بڵاوە پەیوەندی بە ستایلی ژیانەوە هەیە، نە خەوتنی شەوان یەکێکە لە هۆکارە هەرە سەرەکیەکانە، 
زۆر مانەوە بە دیار ئامێرە ئەلیکترۆنەکان، هەستیاری درێژخایەنی چاو ئەو کێشەیە دروست دەکات، ناڕێکی جۆری خواردن، بەدخۆراکی، هەندێ نەخۆشی کە لە جگەر هەن. چارەسەرەکەی ئەوەیە خۆ دورخستنەوەیە لە هۆکارەکەی.

ئایا پزیشكانى کوردستان ده‌توانن رکابەرایەتی پزیشكه‌كانى دەرەوە دەکەن؟
بەگوێرەی ئەو ئاسانکارییەی کە لەبەر دەستمان دا هەیە بەڵێ، زۆربەی زۆری کێشەکانی چاو لە کوردستان چارەسەرییان هەیە، بە کوالێتیەک کە هیج جیاوازی نییە لەگەڵ وڵاتانی دەوروبەر.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین