رێبوار بابکەیی: پەرلەمانی کوردستان لە هیچ یەکێتییەک ئەندام نییە دیمانە

سیهام میران – تایبەت بە نوچەنێت

رێبوار بابکەیی سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکان ورەوەندی کوردستانی لە پەرلەمانى كوردستان، لە دیمانەیەکی تایبەت بە ماڵپەری "نوچەنێت" سەبارەت بە ئەندامێتی پەرلەمانی کوردستان لە یەكێتییە پەرلەمانییەكانى دنیا دەڵێت، "تاکو ئێستا پەرلەمانی کوردستان لە هیچ یەکێتییەكى پەرلەمانى ئەندام نییە".

ئایا پەرلەمانی کوردستان لە چ یەکێتییەکی پەرلەمانی ئەندامە؟

بەپێی زانیارییەکانی خۆم پەرلەمانی کوردستان، نه‌مزانیوه‌ لە هیچ شوێنێك جیهانی یاخود عه‌رەبی ئەندام بێت. زانیاریەکانیش ورد نین بەڵام تاکو ئێستا نەمبیستووە. هۆکارەکەشی رەنگە بەشێکی هۆکاری بابه‌تیانه‌ بێت، لەوەی کە پەرلەمانی کوردستان پەرلەمانێکە پەیوه‌سته‌ بە هەرێمێکەوە نەوەک دەوڵەتێك. هۆکاری دووەمیش رەنگە کەمتەرخەمی  بێت، کە هەر لەساڵی ١٩٩٢ دامەزراوە تاکو ئێستا کەمتەرخەمیەك هەیە کە لەلایەن سەرۆکایەتییه‌كانى پەرلەمان، هەوڵی ئەوەیان نەدواوە کە ببێت بە ئەندام لە یەکێك لە یەکێتییەکان. ئەگەرنا هیچ هۆکاری تر نییە.

پەیوەندی پەرلەمان لەگەڵ پەرلەمانی ناوچەکه‌ و جیهان چۆنە؟

وەک سەرۆکی لیژنەی پەیوەندیەکانی دەرەوە و رەوەندی کوردستانی وەڵامی ئەو پرسیارەت دەدەمەوە، بەش بەحاڵی خۆم لە ماوەی پێش په‌تاى کۆرۆنا سەردانی پەرلەمانی چەندان وڵاتم کردووە وەکو ئەسکەنده‌ناڤیا، لەگەڵ سەرۆك لیژنەکانی ئەوێ و فراکسیۆنەکانی گفتوگۆم کردووە، هەموویان ئامادەیی ئەوەیان هەبووە کە پەیوەندی دروست بێت و هاورێیەتییەك دروست بێت لەنێوان ئێمە و ئەوان.

بەڵام ئەو بابەتە پێویستی بە گفتوگۆ و قسەکردن هەیە، دەبێت ئەو کەسانە بانگهێشتی هەرێمی کوردستان بکەی دانیشتنیان لەگەڵ بکەی، تاکو بتوانین هاورێیەتیەکە دروست بکەین.  بەش بە حاڵی خۆم من لەگەڵ گرووپی APPG  لە پەرلەمانی بەریتانیا لەگەڵ ئەوان جۆرێك لە هەڤاڵێتیمان دروست کردبوو، یەك دوو دیدار و دانیشتنمان بەیەکەوە هەبووە، بەڵام ئەوە بابەتە پێویستی بە پاڵپشتیەکی راستەوخۆی سەرۆکاتی پەرلەمانە. هەم  لەوەی کە ئێمە سەردانی ئەو پەرلەمانانە بکەین، هەمیش لەوەی کە بانگهێشتنامەیان بۆ بنێرن ئەوان سەردانی ئێمە بکەن.

رێبوار بابكه‌یى:
سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مان بیرى 
له‌ دیپلۆماسى په‌رله‌مانى نه‌كردووه‌ته‌وه‌

 

بەڵام تاکو ئێستا دیارە سەرۆکایەتی پەرلەمان بە جددی بیری لەوە نەکردۆتەوە بۆ ئەم بابەتەى کە پێی دەڵێن دیپلۆماسیەتی پەرلەمانی، بە رۆڵی لیژنەی پەیوەندیەکانی دەرەوە بە ئەرکی خۆی هەڵبستێ. 

یەکێتی پەرلەمانی عەرەب بەر لە ٢٠١٠ کۆنگرەی خۆی لە هەولێر بەست، دواتر ئەو پەیوەندییە نەما هۆکار چی بوو؟

راستییەکەی بە وردی نازانم هۆکارەکەی چییە، بەڵام رەنگە بەهۆی کەمتەرخەمی و هەندێ رەوشی سیاسی بێت، وا بکات ئەو پەیوەندییانە نەمێنێت، ئێستاش ئه‌م خەمساردییەش لە پەرلەمانی کوردستان بوونی هەیە.

لە لایەن کۆمکاری وڵاتانی عەرەبی بانگهێشتی نێچیرڤان بارزانى سەرۆکی هەرێمى كوردستان کراوە، بۆ ئەوەی سەردانی قاهیرە بکات. ئایا ناکرێت پەرلەمان سوود لەو دەرفەتە وەرگرێت بۆ بە‌هێزکردنی پەیوەندییەکانى ؟

بێگومان دەکرێت نەک بۆ ئەم دەرفەتە، بەڵکو بۆ چەندەها دەرفەتی تر دەتوانین ئەو هەلە بقۆزینەوە. وڵاتانی عه‌رەبی وڵات گەلێکن، بە تایبەت سعوودیه‌ و میسر و ئوردن و وڵاتانی کەنداو، ئەمانە کاریگەری و رۆڵێ خۆیان هەیە، نوێنەرایەتییان هەیە لە هەرێمی کوردستان. حەقە جگە بۆ پەیوەندییە فەرمییەکانی کە لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئەو وڵاتانەدایە، دەبوو ئێستا پەیوەندی فەرمی لە پەرلەمانی ئێمە و پەرلەمانی ئەو وڵاتانەش بوونی هەبوایە، ئەوەش ناشارمەوە زۆرجار پێشنیاری ئەوەم کردووە، داوام کردووە کە پێویستە پاڵپشتی ماددی لیژنەی پەیوەندیەکانی دەره‌وەی کوردستان بکرێت، تاکو بتوانێت پەیوەندی لەگەڵ ئەو لایەن و وڵاتانە دروست بکرێت. لە کۆی ١٩ لیژنە ١٨ لیژنە نمایشی سیاسیەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان دەکەن، تاکە لیژنە ئێمەین لیژنەی پەیوەندیەکانی دەرەوە کە نمایشی پەیوەندیەکانی دەرەوە دەکات لە پەرلەمانی کوردستان.

سەبارەت بە پەرلەمانی رۆژئاوا یان ئاسیا پەیوەندیەکە چۆنە؟

رۆژی یەکشەممە بڕیار وایە سەردانی کونسولخانەی کووریا بکەین، پێشتریش سەردانی کونسوڵخانەی چینمان کردووە، بەرەوامیش دەبین لە سەردانەکانمان لەگەڵ کونسوڵخانەکاندا.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین