هیوا سهید سهلیم: دادگاییکردنی تاوانبارانی ئەنفال هێشتا داخوازی شەقامی کوردییە
لاڤین عومەر: تایبەت بە نوچەنێت
بەر لەوەی باس لە چالاکییەکانی ئەمڕۆتان بکەین، پێتوایە کورد لە پرۆسەی دادگاییکردنی رژێمی بەعس شکستی هێناوە؟
دهتوانین بڵێین نەگەیشتووهتە ئەو ئامانجەی کە خەباتی بۆ دەکرێ. لەبەر ئەوەی هەموو ئامانجەکان ئەوە بوو پرسی دادگایی تاوانبارانی ئەنفال و جینۆساید و کیمیاباران بەو ئاراستەیە بێت وەک پرسی جینۆساید بناسرێ، كهچى لهوهدا وەک پێویست نەگەیشتینە ئەو ئامانجە.
وەک تێبینی دەکرێت ئێستا هیچ جموجۆڵێک بۆ تاوانبارکردنی بەعس لەسەر هیچ یەکێک لە دۆسیيەکان نییە، هۆکارەکەی چییە؟ ئەمە چەند ترسناکە؟
دوای ئەوەی تاوانبارانی رژێم بە تایبەتی سەدام و علی کیمیاوی و ئەوانەی لە هەڕەمی دەسەڵات بوون دادگایی کران، زووش تاوانەکەیان بەسەر سەپێندرا، ئەوە بوو فایلەکە وەک ئەوەی دواخرا بێت. بەڵام ئەو رێکخراوانەی کە لەبواری جینۆسایدەوە چالاکن لە کوردستان، ئێستا دەیانەوێت و پێداگریى دەکەن لەسەر ئەوەی کە عێراق رێککەوتننامەی رۆما واژۆ بكات. ئهو كات دەبێتە ئەندام لە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی، بەڵام ئیشكردن لەسەر ئەو فایلانە ئاسانتر دەبێت، بۆ هەموو ئەو کەسانەی کە شارەزان لەو بوارەدا.
ئەمڕۆ وەک تۆڕی رێکخراوەکانی کوردستان لەساڵیادی دامەزراندنی دادگای نێودەوڵەتی کۆمەڵێک داواکاریتان هەبوو، پێتانوایە هەریەکە لە حکومەتی هەرێمى كوردستان و حکومەتی فیدراڵ چەند پابەند دەبن بە داواکارییەکانتان؟
ئهمه دوو شتی له یهكتر جیاوازە، یەكهمیان پابەندییەکە دەبێت عێراق جێبەجێی بکات چونکە عێراق وەک دەوڵەتێک، دهبێت رێککەوتنامەی رۆما واژۆ بکات بۆ ئەوەی ببێتە ئەندام لە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی. هەموو ئەو تاوانانەی کە سیفاتی جینۆسایدیان هەیە، دەکرێ لەوێ خەڵکی پەیوەندار داواکە بجوڵێنن.
ئهگهر عێراق له دادگاى نێودهوڵهتى ببێته ئهندام
پرسى به جینۆسایدناساندنى ئهنفال ئاسانتر دهبێت
ئەو بەرپرسیارێتیەى دەکەوێتە سەر هەرێمی کوردستان ئەوەیە، دەبێت لە هەموو دانوستاندنهكانى لەگەڵ عێراق داوا بکات ئەو ڕێککەوتننامەیە واژۆ بکات، ئەوەی گلەییە ئەوەیه کە تا ئێستا ئەو داوایە كه لەسەر ئاستی رێکخراوهكان گرنگە، لەسەر ئاستی فەرمیدا داوا لە عێراق نەکراوە کە ببێتە ئەندام لە دادگای نێودەوڵەتیدا.
لە یەکێک لە داواکارییەکانتان داوا دەکەن ئەو کەسانە سزا بدرێن کە گومان لە ئەنفال و جینۆسایدی کورد دەکەن، ئایا کێن ئەوانەی کە گومان دەکەن؟
لە دۆسیيەکانی ئەنفال و هەڵەبجە ژمارەیەک تاوانباری ناوخۆیی ناویان هاتووە، دادگا داوای رادەستکردنیان دەکات، بەشێکیان لێرەن بەشێکیان لە دەرەوەن، بەشێکیان لەو ساڵانەی دواییدا لە ژیان نەماون. بە داخەوە دەسەڵات لە هەرێمی کوردستان نەچووە ژێرباری ئەوەی ئەو تاوانبارە ناوخۆییانەی کە دەستیان هەبوو لە ئەنفال و کیمیاباران رادەستیان بکات. ئهمه بۆتە خاڵى لاوازی هەرێمی کوردستان بەرانبەر دادگای تاوان لە بەغدا، کە داوای ئەمانهى کردووە. خۆی ئەمانه لێرەدا داڵدەدراون لەپەنای هێزەکانی دەسەڵات، بۆیه تا ئێستا سزای خۆیانیان وەرنەگرتووە.
ئایا لە رووی کردارەوە قسە لەگەڵ دامەزراوە یاساییهكانى کوردستان دەکەن، بۆ داواکارییەکانی ئەمڕۆ، یان تەنیا به بەیاننامەکەی ئەمرۆ وازدەهێنن؟
ئێمە ساڵانە دەچووینە بەردهم دەسەڵاتی دادوەری، بۆئەوەی ئەمانە بوروژێنین، بەڵام ئێستا بارودۆخە سیاسیەکە لەبارنەبوو، بۆیە بەوە وازمان هێنا کە بەیاننامەکەیان ئاراستە بکەین و وەبیریان بهێنینەوە، کە داخوازی دادگاییکردنی تاوانبارانی ئەنفال، هێشتا داخوازی شەقامی کوردییە، وازمان لێنەهێناوە، بهردهوامى بهو بابهته دهدهین.
باسی ئەوەتان کردووە زۆرێک لە تاوانبارانی ئەنفال نەگیراون، ئێوە دەزانن کە زۆربەیان کوردن و سەرۆک جاشەکانن، لهسهر ئهم بابهته چى دهڵێى؟
ئێمە ناومان لایە، ناوی ئەو تاوانبارانەمان لایە، کە بە فهرمى دادگای تاوانەکان لە بەغدا داوای کردوون. دەزانین کێن ئەو سەرۆک جاشانەی کە دەستیان سوورە لە پرۆسەی ئەنفال و كوشتنى خەڵکی کوردستان. بەڵی فشارمان کردووە ئەو فشارانەی ئێمەش هی ئەوە نەبووە کە کاردانەوەی لایەنهكان ههبێت، وایان زانیوە چالاکوانان وازدەهێنن بەڵام ئێمە هەرگیز وازناهێنین چونکە ئەمە حەقی میللەتی کوردستانە، بۆیه ئهو کەسانەی رۆژێک لە رۆژان دەستیان سوور بووە، بە خوێنی میللەتی کوردستان دەبێت رادەستی دادگا بکرێن.
0 لێدوانەکان
Karla Gleichauf
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
M Shyamalan
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
Liz Montano
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment