ته‌واوى زانیارییه‌كان له‌باره‌ى شێرپه‌نجه‌ى مه‌مك تەندرووستی و ستایل

دکتۆر سەرکەوت مه‌جید خۆشناو

وشەی شێرپەنجە کۆمەڵە نەخۆشیەك لەخۆ دەگرێت کە تێیاندا چەند خانەیەك دەگۆڕێن بۆ جۆرە خانەیەك کە دەتوانن بەشێوەیەکی ناتەندروست گەشە بکەن و زۆر ببن. زۆربەی جار ئەو زۆربوونە دەبێتە هۆی دروست بوونی گرێیەك. ئەگەر ڕێگە لە زۆر بوون و تەشەنەکردنی ئەو خانانە نەگیرێت، لەوانەیە ببێتە هۆی مردنی کەسەکە. شێرپەنجە بەپێی شوێنی سەرهەڵدانی خانە ناتەندروستەکان ناوی بۆ داده‌نرێت، بۆ نموونە ئەگەر لە مەمك سەرهەڵبدەن پێی دەڵێن شێرپەنجەی مەمك، ئەگەر لە گەدە سەرهەڵبدەن پێی دەڵێن شێرپەنجەی گەدە.

ڕێژەی تووشبوون:

لە ئەمریکا، تێبینی کراوە لە هەر سێ کەس یەکێك تووشی شێرپەنجە دەبێت لە ماوەی ژیانی... شێرپەنجە دووەم هۆکاری مردنە لە نێو گەلانی دانیشتووی ئەمریکا دوای نەخۆشی دڵ. شێرپەنجەی مەمك باوترین شێرپەنجەی ئافرەتانە، دووەم باوترین هۆکاری مردنی ئافرەتانە بە شێرپەنجە لە دوای شێرپەنجەی سییەکان. لە زۆربەی وڵاتانی جیهان، لە هەر هەشت ئافرەت یەکێك تووشی شێرپەنجەی مەمك ئەبێت لە ماوەی ژیانیان.
پێکهاتەی مەمك لە ئافرەتان و شوێنی سەرهەڵدانی شێرپەنجە لە ناو مەمك 
مەمك لە چوار جۆر شانە پێك دێت: شانەی چەوری، بەستەرە شانە، شانە لیمفیەکان،  ڕژێنەکان: 
- چەوریەکە شوێنێکی گونجاوە بۆ ڕژێنەکان کە تێیاندا وەزیفەی خۆیان ئەنجام بدەن،  بەستەرە شانەکانیش شێوەی مەمك ڕائەگرن و پاڵپشتن بۆ ڕژێنەکان کە لە شوێنی خۆیان نەجووڵێن. 
- ڕژێنەکان: لە هەر مەمکێك دوازدە هەتا بیست ڕژێن هەن کە لە کاتی شیردان شیریان تێدا دروست دەبێت. هەر ڕژێنێك لە بیست هەتا چل یەکەی بنەڕەتی پێكهاتوە کە پێیان ئەڵێن (Terminal Duct Lobular Units=TDLU، کە بریتین لە شوێنی پێکەوە لکانی بەشێکی بچووکی ڕژێنەکە لەگەڵ بۆڕیەکی بچووك کە شیرەکەی دەگوازێتەوە. لە ناوپۆشی هەر (TDLU) ێك چەند خانەیەك هەن پێیان ئەڵێن (Luminal Cells)، لە زۆربەی حاڵەتەکان ئەو خانانەن کە دەگۆڕێن بۆ خانەی شێرپەنجەیی.
شێرپەنجە بریتیە لە نەخۆشی جینەکان. خانەکانی لەشی مرۆڤ بە سیستەمێك بەڕێوە دەچن کە لەلایەن جینەکانەوە دیاری دەکرێت. بۆیە یٔەگەر هەڵە لە ئیش و کاری جینەکان دروست بوو، یٔەوا هەڵە لە سیستەمی بەڕێوەچوونی خانەکان دروست دەبێت.

چەند هۆکارێکی بۆماوەیی و ژینگەیی بەیەکەوە دەچنە پاڵ یەك و دەبنە هۆی دروست بوونی بازدان لە جینەکان، کە دیارترینیان ئەمانەن:
- تەمەن: زیاد بوونی تەمەن یەکێكە لە گەورەترین هۆکارەکانی تووش بوون بە شێرپەنجەی مەمك. هەتا تەمەن زیاتر بێت، ئەگەری ڕوودانی هەڵە لە ئیش و کاری جینەکان زیاتر دەبێت، چونکە لە ناو خانەکانی لەش سیستەمی ڕێگریکردن لە ڕوودانی هەڵەی جینەکان هەیە، ئەو سیستەمە لەگەڵ زیاد بوونی تەمەن بەرەو لاوازی دەڕوات. هەشتا لە سەدی شێرپەنجەی مەمك لەو ئافرەتانە ڕوو دەدات کە تەمەنیان لە پەنجا ساڵ زیاترە.

- جێندەر: هەتا یەك پیاو تووشی شێرپەنجەی مەمك دەبێت، 100 ئافرەت تووش دەبن.
- ڕەنگی پێست: لە ئەمریکا ئەوڕوپا ئافرەتە سپی پێستەکان زیاتر تووشی شێپرنجەی مەمك دەبن بە بەراورد لەگەڵ ئافرەتە ڕەشپێستەکان.
- قەڵەوی: دوای تەمەنی پەنجا ساڵی، شێرپەنجەی مەمك دوو جار زیاترە لە ئافرەتانی قەڵەو بە بەراوورد لەگەڵ ئەو ئافرەتانەی کە قەڵەو نین.
- درێژی باڵا: لە توێژینەوەیەك تێبینی کرا کە ئەو ئافرەتانەی درێژیان لە ١٧٥سم زیاترە، ئەگەری تووشبوونیان بە شێرپەنجەی مەمك بیست لە سەد زیاترە بە بەراوورد لەگەڵ ئەو ئافرەتانەی درێژیان لە ١٦٥سم کەمترە.
- هۆکارە هۆڕمۆنیەکان: هەندێك لە هۆڕمۆنەکان وادەکەن خانەکانی مەمك زۆر ببن و گەشە بکەن. ئەو هۆکارانەی کە وادەکەن خانەکانی مەمك زۆرتر بکەونە ژێر کاریگەری هۆڕمۆنەکان بریتین لە: 
دەستپێکردنی سووڕی مانگانە لە تەمەنێکی بچووك، ڕاوەستانی سووڕی مانگانە لە تەمەنێکی گەورە، شیرنەدان، منداڵ نەبوون، بەکارهێنانی هۆڕمۆنی ژنانە. تێبینی کراوە کاتی نێوان یەکەم سووڕی مانگانە و یەکەم دووگیان بوون زۆر گرنگە، هەتا ئەو ماوەیە کەمتربێت ئەگەری تووش بوون بە شێرپەنجەی مەمك کەمتر ئەبێت.
بێگومان هەموو هۆکارە هۆڕمۆنیەکان بەدەست ئافرەت نین (بۆ نموونە کاتی نێوان یەکەم سووری مانگانە و یەکەم دووگیان بوون)، بەڵام هەندێك هۆکاری هۆڕمۆنی دەکرێت لە ژێر کۆنترۆڵ و ویستی ئافرەتەکە بن، بۆ نموونە شیردان بە منداڵ (کە ڕێژەی هۆرمۆنەکان دەگۆڕێت)، وەرگرتن یان وەرنەگرتنی چارەسەری هۆڕمۆنی.

شێرپەنجەی مەمك باوترین شێرپەنجەی ئافرەتانە، دووەم باوترین هۆکاری مردنی ئافرەتانە

هۆکارە هەڵسوکەوتیەکان:

- خواردنەوەی کحول: چەندەها توێژینەوە ئەوەیان پشتڕاست کردۆتەوە کە خواردنەوەی کحول ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجە مەمك زیاد دەکات.
- جگەرەکێشان: توێژینەوەکان پیشانیان داوە کە جگەرە کێشانێکی زۆر بۆ ماوەیەکی زۆر، بەتایبەتی یٔەگەر پێش یەکەم دووگیان بوون دەست پێ بکرێت ئەگەری تووشبوون زیاد دەکات.
- وەرزش کردن: تێبینی کراوە کە ئەو ئافرەتانەی بەشێوەیەکی بەردەوام وەرزش دەکەن یٔەگەری تووشبوونیان دە لەسەد کەمترە.
- جۆری خواردن: خواردنێك کە دەوڵەمەند بێت بە سەوزە و میوە، ماسی و ڕۆنی زەیتوون ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجەی مەمك کەم دەکاتەوە، بەڵام کاریگەری چەوری و گۆشت یەكلا نەبۆتەوە.
- ئیشكردن بەشەوان بۆ ماوەیەکی زۆر ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجەی مەمك زیاد دەکات.
- وەرگرتنی چارەسەری تیشكی بۆ گرێ لیمفاویەکانی سنگ لە نێوان تەمەنی دە هەتا سی ساڵی (بۆ نموونە بۆ چارەسەری لیمفۆما) ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجەی مەمك زیاد دەکات.

دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌ جگه‌ره‌ و وه‌رزشكردن ئه‌گه‌رى تووشبوون كه‌مده‌كاته‌وه‌


هۆکارە بۆماوەییەکان:

 هەندێك لە گۆڕانە جینیەکان بە بۆماوە لە دایك و باوك ئەگوازرێنەوە بۆ منداڵەکانیان. بۆیە ئەو ژنانەی کە کەسێکی نزیکیان تووشی شێرپەنجەی مەمك بووە ئەگەری تووشبوونیان زیاترە. بۆ نموونە ئەگەر ئافرەتێك یەك کەسی نزیکی تووش بووبێت، ئەوا ئەگەری تووشبوونی ئەو دوو جار زیاترە لە خەڵکی دی، بەڵام ئەگەر دوو یان زیاتر لە کەسە نزیکەکانی تووش بووبن، ئەوا ئەو ئەگەرە بەرز دەبێتەوە بۆ سێ هەتا چوار جار. ئەو ئەگەرە زیاتریش دەبێت ئەگەر کەسە نزیکەکان لە تەمەنێکی زۆر گەنج تووش بووبن یان شێرپەنجە لە هەردوو مەمکیان دروست بووبێت. نەك تەنها شێرپەنجەی مەمك، بەڵکو شێرپەنجەی هێلکەدانیش لە کەسێکی نزیك یٔەگەری تووش بوون بە شێرپەنجەی مەمك زیاد دەکات. 
بۆیە ئەو ئافرەتانەی کە کەسانی نزیکیان تووشی شێرپەنجەی مەمك یان هێلکەدان بووبن (بەتایبەتی لە تەمەنێکی بچووك)، لەوانەیە بازدانی جینیان (Gene mutation) هەبێت لە هەندێك جین کە گرنگترینیان دوو جینن پێیان دەڵێن (BRCA1 & BRCA2). ئەو بازدانە جینیانە بەرپرسن لە دروست بوونی پێنج هەتا شەش لە سەدی هەموو شێرپەنجەکانی مەمك لە ئافرەتان. ئەگەر ئافرەتێك ئەو بازدانە جینیانەی هەبێت، ئەگەری تووشبوونی بە شێرپەنجەی مەمك پێنج هەتا حەوت جار زیاد دەکات بە بەراوورد لەگەڵ ئافرەتانی دیکە.
ئەوەی کە گرنگە ڕەچاو بکرێت ئەوەیە کە زۆربەی ئەو ئافرەتانەی کە کەسێك یان زیاتر لە کەسێکی نزیکیان تووشی شێرپەنجەی مەمك بووە قەت تووشی شێرپەنجەی مەمك نابن (لەگەڵ ئەوەی کە ئەگەری تووشبوونیان زیاترە لە ڕووی ئامارییه‌وه‌)، زۆربەی ئەوانەی تووشی شێرپەنجەی مەمك بوون هیچ کەسێکی نزیکیان پێشتر تووش نەبووە.

لەبەرکردنی ستیان:
پێشتر ئەو گومانە بڵاوبووبوەوە کە گوایە ستیان جووڵە و تێپەڕبوونی شلەی لیمف لە بۆڕیە لیمفاویەکانی ناو مەمك سست دەکات یان ڕادەگرێت و دەبێتە هۆکارێك بۆ تووش بوون بە شێرپەنجەی مەمك، بەڵام توێژینەوەیەکی نوێ کە زیاتر لە ١٥٠٠ ئافرەت به‌شداریان تێدا کردبوو، پیشانی دا کە هیچ پەیوەندیەك نییە لە نێوان شێرپەنجەی مەمك و لەبەرکردنی ستیان. 
بەکارهێنانی حەبی رێگری لە سکپڕی.
بەپێی ئەو توێژینەوانەی هەتا ئێستا کراون، پەیوەندیەکی بەهێز لەنێوان بەکارهێنانی ئەو حەبانە و شێرپەنجەی مەمك تێبینی نەکراوە. 


شێوازەکانی خۆپاراستن لە تووشبوون بە شێرپەنجەی مەمك:

بێگومان گەورەبوونی تەمەن و هۆکارە بۆماوەییەکان بەدەست مرۆڤ نین و ناتوانین خۆپارێزیان لێ بکەین، بەڵام هۆکارە ژینگەییەکان (کە بەشێکیان هۆکاری هەڵسوکەوتین) دەکرێت مرۆڤ خۆیان لێ بپارێزێت. تێبینی کراوە نزیکەی سێیەکی (سی و سێ لە سەد) ی ئەو شێرپەنجانەی مەمك کە لە دوای تەمەنی پەنجا ساڵی تووشی ئافرەتان دەبن بە هۆی چەند هۆکارێکن کە دەکرێت ڕێگریان لێ بکرێت، بۆ نموونە قەڵەوی، بەکارهێنانی هۆڕمۆنات، خواردنەوەی کحول و شیرنەدان. 
کەواتە بۆ خۆپاراستن دەکرێت ئەو ڕێکارانە بگیرێنە بەر: 
- وازهێنان لە خواردنەوەی کحول و جگەرە کێشان.
- خواردن بە شێوەیەکی تەندروست
- وەرزش کردن
- شیردان بۆ ئەوانەی کە منداڵیان دەبێت
- وەرنەگرتنی چارەسەری هۆڕمۆنی لە لایەن ئەوانەی سووری مانگانەیان وەستاوە تەنیا لە ژێر چاودێری پزیشکی پسپۆری ئافرەتان نەبێت، دەبێت بۆ ماوەیەکی دیاری کراو بدرێت بەپێی پێویستی
- بڵاوکردنەوەی هۆشیاری تەندروستی لەوانەیە ببێتە هۆی زوو دەستنیشانکردنی شێرپەنجەی مەمك و کەمکردنەوەی ڕێژەی مردن بەو نەخۆشیە
- پشکنینی پێشوەختە (Screening) ڕێژەی مردن کەم دەکاتەوە لە ڕێگای زوو دەستنیشانکردنی شێرپەنجەی مەمك
پشکنینی پێشوەختە لە کێ پێویستە بکرێت؟
هەموو دامه‌زراوه‌ پزیشکییەکانی جیهان کۆکن لەسەر ئەوەی کە ئافرەتانی تەمەن پەنجا بۆ حەفتا ساڵ دەبێت دوو سێ ساڵ جارەك ئەشیعەی مەمكیان بۆ بکرێت، بۆ ئەوەی ئەو گرێیە بچووکانەی کە بە دەست هەستیان پێ ناکرێت ببیندرێن. بەو شێوەیە، شێرپەنجەی مەمك لە قۆناغێکی زۆر سەرەتایی دەستنیشان دەکرێت و چارەسەری ئاسانتر دەبێت. لە هەندەك وڵاتیش، ساڵانە مامۆگرام بۆ ئافرەتان دەکەن و لە تەمەنی چل و پێنج ساڵی دەست پێ دەکەن.
بۆ ئافرەتانی کوردستان، پێشنیار دەکەم هەموو ئافرەتان (بەتایبەتی ئەوانەی سەرووی سی و پێنج ساڵن) دەست پێ بکەن مانگێ جارەك بەخۆیان مەمکەکانیان بپشکنن (لە ڕۆژی دەیەمی سووڕی مانگانە) ئەگەر لە کاتی پشکنین هەستیان بە شتەکی ناسروشتى کرد با لە ماوەی چەند ڕۆژەك سەردانی دکتۆر بکەن. وە یٔەوانەشیان تەمەنیان چل و پێنج ساڵ یان زیاترە با بۆ یەکەم جار مامۆگرام بکەن (ئەگەر پێشتر نەیان کردیە) تەنانەت ئەگەر هەست بە هیچی ناسروشتى نەکەن لە کاتی پشکنینی مانگانەی خۆیان، با دوو یان سێ ساڵ جارەك مامۆگرام دووبارە بکەنەوە.

شێرپەنجەی مەمك باوترین شێرپەنجەی ئافرەتانە، دووەم باوترین هۆکاری مردنی ئافرەتانە بە شێرپەنجە لە دوای شێرپەنجەی سییەکان. لە زۆربەی وڵاتانی جیهان، لە هەر هەشت ئافرەت یەکێك تووشی شێرپەنجەی مەمك دەبێت لە ماوەی ژیانی. لە هەموو جیهان، ساڵانە زیاتر لە یەك ملیۆن کەس تووشی شێرپەنجەی مەمك ئەبن.
بێگومان هەتا زووتر شێرپەنجەی مەمك دەستنیشان بکرێت، هەم چارەسەرکردنی ئاسانتر دەبێت، هەم ئەگەری گەڕانەوەشی دوای چارەسەر کەمتر دەبێت. لە بەرئەوە، زۆر گرنگە هۆشیاری تەندروستی بگەیەندرێتە ئاستێك کە ئافرەتان هەم بزانن نیشانەکانی ئەو شێرپەنجەیە چین، هەم ئەگەر ئەو نیشانانە لە خۆیان دەرکەوتن بە ئاسانی بیانناسنەوە.

نیشانەکانی شێرپەنجەی مەمك بریتین لە:

١) گرێ لە مەمك یان لە ژێرباڵ.
ژێرباڵ هەم بەشێك لە مەمكی تێدایە کە پێی ئەڵێن (Tail of Spence). هەم گرێ لیمفاویەکانیشی تێدایە. بۆیە ئەگەر گرێیەك لە ژێرباڵ هەبێت، لەوانەیە شێرپەنجەی ئەو بەشەی مەمك بێت کە کەوتۆتە ژێر باڵ، یان لەوانەیە گرێیەکی لیمفاوی بێت کە بەهۆی چوونە ناوەوەی خانە شێرپەنجەییەکان گەورە بووبێت.
ئایا هەموو گرێیەکی مەمك شێرپەنجەیە؟
ئەوەی کە گرنگە بزاندرێت ئەوەیە کە هەموو گرێیەكی مەمك شێرپەنجە نییە، تێبینی کراوە لە دە گرێ یەکیان شێرپەنجەیە و (نۆ)یەکەیدی حەمیدەن.
٢) گۆڕانی پێست: بۆ نموونە سووربوونەوەی پێست، گەورەبوونی کونە پێستەکان (کە هەندێك جار بە پەلکە پرتەقال وەسف دەکرێت – (Peau d'orange)، یان چوونە ژوورەوەی شوێنێك لە پێست، وەکو ئەوەی شتێك لە ناوەوە ڕایبکێشێت. بێگومان هەموو سووربوونەوەیەکی پێستی مەمك شێرپەنجە نییە، زۆربەی جار هۆکارەکەی هه‌وكردنه‌.
٣) گۆڕانی گۆی مەمك:
- چوونەژوورەوەی گۆی مەمك: گۆی مەمك ڕووی لە دەرەوەیە، ئەگەر ئافرەتێك هەستی کرد گۆی مەمکی لە ماوەی چەند حەفتەیەك بەرەو ناوەو دەچێت، ئەوە لەوانەیە لەبەرئەوە بێت گرێیەك لە ناوەوە ڕادەکێشێت. 
- دەرچوونی خوێن یان شلەیەك لە گۆی مەمك
- خوران یان حساسیەی گۆی مەمك یان دەور و بەری گۆی مەمك
٤) گۆڕانی شێوە یان قەبارەی مەمك
٥) ژانی مەمك: زۆربەی جار ژانی مەمك بەهۆی هۆکارە حەمیدەکانە، بەڵام هەندێك جار لەوانەیە شێرپەنجەی مەمك لە سەرەتا تەنها وەکو ژان خۆی دەربخات. لەبەر ئەوە گرنگە کە ژانی مەمك (بەتایبەتی ئەگەر بەردەوام بێت) پشکنینی بۆ بکرێت.
٦) نیشانەکانی شێرپەنجەی مەمكی بڵاوبووەوە (منتشر): ئەگەر شێرپەنجەی مەمك بۆ ئەندامەکانی لەش بڵاوببێتەوە، ئەوا نیشانەکان بەپێی ئەندامانی تووشبوو ئەگۆڕێن:
- ئێسك: ئەگەر بچێتە ئێسك، ئەوا لەوانەیە ژانێکی زۆر دروست بکات کە وا لە ئافرەتەکە بکات نەتوانێت بخەوێت، یان لە خەو بەخەبەربێت لەگەڵ ژانەکە.
- ئەگەر بچێتە سیەکان، لەوانەیە نەفەس تەنگی دروست بکات.
- ئەگەر بچێتە جگەر لەوانەیە زەردوویی یان ئێشانی سك دروست بکات.
- ئەگەر بچێتە مێشك، لەوانەیە نەخۆشەکە سەری بێشێت، بڕشێتەوە یان تووشی گەشگە ببێت.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین