د. ئازاد عوسمان: له‌ خراپترین سیناریۆدا ئه‌گه‌رى هه‌یه‌ چوار پله‌ گۆى زه‌وى گه‌رم بێت دیمانە

لاڤین عومه‌ر، تایبه‌ت به‌ نوچه‌نێت

له‌ دیمانه‌یه‌كى نوچه‌نێت د. ئازاد عوسمان توێژه‌ر و مامۆستاى زانكۆ له‌ به‌شى جوگرافیاى زانكۆى سۆران باس له‌ گۆڕانكارییه‌كانى كه‌شوهه‌واى ئه‌مساڵ ده‌كات، له‌گه‌ڵ سووتانى دارستانه‌كان ئه‌و شاره‌زاییه‌ پێیوایه‌ له‌ هه‌موو بارێكدا سووتانى دارستانه‌كان زیانى زیاتره‌ له‌ سووده‌كاتى.

ھۆکار چییە ئەمساڵ رووبەرێکی فراوان لە دارستانەکانی جیھان سووتا؟ ئایا ھۆکاری سروشتییە یاخود ھۆکاری تری لەپشتە؟ 
هۆکاری ئاگرکەوتنەوە دەکرێت سروشتی بێت وەک بروسک، یاخود مرۆیی بێت وەک سووتاندنی پەرێز و ئاگرکردنەوە لە نزیکی دارستانەکان جا چ بە مەبەستی سووتاندنی دارستانەکان بێت یان بێ مەبەست بێت. بەڵام هۆکاری پاڵنەرمان هەیە کە بارودۆخەکە بۆ ئاگرکەوتنەوە دەرەخسێنن و زیاتر تەشەنە دەکات و بە ئەستەم دەکوژێتەوە وەک بوونی تەوژمی گەرمی، خێرایی با و وشکی.نموونەی ئاگرکەوتنەوە بەرچاوەکانی ئەمساڵ: 
لە تورکیا تا ئێستا ئەمساڵ زیاتر لە (136) هەزار هێکتار سووتاوە، کە دەکاتە سێ کەڕەتی تێکڕای ئاگرکەوتنەوەی ساڵانە لە تورکیا، لە یۆنان تا ئێستا ئەمساڵ ( 110) هەزار هێکتار سووتاوە کە دەکاتە پێنج کەرەتی تێکرایی ئاگرکەوتنەوەی ئەو وڵاتە (21)هەزار کە لەماوەی ساڵانی( 2008 )تا 2020 سووتاوە. لە یۆنان ساڵانە 46 ئاگری گەورە (30 هێکتار و گەورەتر) روو دەدات بەڵام ئەمساڵ تا ئێستا 58 ئاگری گەورە بەرپا بووە، ئاگرکەوتنەوەکانی دیکسی لە باکووری کالیفۆرنیا تا ئێستا گەورەترین ئاگری ولایەتە یەکگرتوەکانە لەمساڵدا. لەو ئاگرکەوتنەوە ( 175) هەزار هێکتار سووتا، بەڵام هێشتا ناگاتە نیوەی گەورەیی ئاگرکەوتنەوکەی ساڵی( 2020)، لە جەزائیر زیاتر لە ( 62 ) هەزار هێکتار تا ئێستا ئەمساڵ سووتاوە. لە ساڵی( 2008 تا2020 ) وەک تێکڕایی ساڵانە( 68 ) هەزار هێکتار دەسووتێت.

سووتانی دارستانەکان بەو رێژەیە چ کاریگەری دەبێت لەسەر زەوى؟

دارستانەکان لەرێگەی سێبەرکردن و هەڵمدەردان لە گەڵاکانیان رۆڵی فێنککردنەوەی پلەی گەرمی دەگێڕن. لە لایەکی تریشەوە لە کرداری رۆشنەپێکهاتن دوانۆکسیدی کاربۆن دەگۆڕن بۆ ئۆکسجین. بەمشێوەیە سووتانی دارستانەکان لە بری فێنککردنەوەی پلەی گەرمی جیهان گەرمدەکەن. نەک تەنیا ئەو سەوزاییانە لە دەست دەدەین کە گازی گەرمکەریان بەکاردەبرد بەڵکو لە سووتانیان گازە گەرمکەر و پیسکەرەکانی هەوا دەردەدرێنە بەرگەهەوا.

وڵاتان چ ڕێکارییەکیان گرتۆتە بەر بۆ کەمکردنەوەی حاڵەتی سوتانی دارستانەکان و پاراستنی ژینگە؟

 چەندین رێکار هەیە بۆ کەمکردنەوەی ئاگرکەوتنەوە لەوانە:
- چاودێریکردنی ئاووهەوا و بارودۆخی وشکی و تەوژمی گەرم و بای خێرا.
- دوورخستنەوەی ئۆتۆمبیل لە پوش و پەڵاش.
- دوورخستنەوەی ئەو ئامێرانەی پرشکی ئاگر دەردەدەن لە داری وشک.
- پەیوەستبون بە رێنماییەکانی ئاگرکردنەوە لەکاتی گەشت و خێوەتگە.
- کەرەستە گڕگرەکان دووربخرێنەوە لە ئاگر و گەرمای خۆر
- زیادکردن و ئاسان دەستخستنی کەرەستەی ئاگرکوژێنەوە
- بەتەواوی کوژاندنەوەی خەڵوز و ئاگر.

ئەمساڵ وشکەساڵی زۆربەی وڵاتانی تووشی قەیرانکرد بۆچی ئەم دیاریدەیە لەناکاوە دەرکەوت ھۆکار چییە؟

ساڵی 2020 هاوتا بوو لەگەڵ دیاردەی لانینیا لە زەریاکان. دیاردەی ئێل نینۆ و پێچەوانەکەی لانینیا کاریگەریان هەیە لەسەر پشتێنەکانی دابارین لەسەر زەوی. بەهۆی دیاردەی لانینیاوە رۆژهەڵاتی ناوەراست، باشووری ئەمریکای باشوور و ئەمریکای باکوور دووچاری کەمبارانی بوون بەڵام بەپێچەوانەوە ئوسترالیا و ئەفریکا و باکوری ئەمەریکای باشوور بارانیان زیاتر بو لە تێکرایی ساڵانە.

چۆن ھەوڵدەدرێت قەرەبووی ئەو سووتانە بکرێتەوە ؟

بە تێپەڕبوونی کات ئەو دارستانانە سەوز دەبنەوە بەڵام ئەوە کاتی دەوێت. دەکرێت وڵاتان پڕۆژەی نشتیمانی سەوزکردن ئەنجام بدەن چ بۆ قەرەبووکردنەوەی ناوچە سووتاوەکان چ بۆ زیادکردنی رووبەری سەوزایی. نموونەی ئەوە لە وڵاتانی کینیا و چین و هیند ئەنجامدراوە.

سوود لەو سووتانی دارەکان وەردەگێرێت، ئایا دووبارە سوودی لێ وەردەگیرێت بۆ نموونە وەکو خەڵووز؟

یەک لە سوودەکانی نوێبوونەوە و گەنجبوونەوەی دارستانەکانە. لە هەندێک کولتوری کۆنی کشتوکاڵی دارستان و پەرێز دەسووتێنرێت تا شوێنەکەی بکرێت بە کشتوکاڵ، بەڵام لە هەموو بارێکدا زیانەکانی سووتانی دارستان زۆر زیاترە لە سوودی.

گرنگترین ھۆکاری وشکەساڵی ھەرێمی کوردستان، بۆچی دەگەڕێنیتەوە بۆ ئەوەی دووبارە تووشی قەیرانی وشکەساڵی نەبێتەوە؟

مەبەست لە وشکەساڵی لە رووی دابارینەوە، زۆرێک ناوچەکانی هەرێمی کوردستان بارانی رارایە و ناوچەی بارانی مسۆگەر نییە. ئەوەش بەهۆی کەم و زۆری لە نەوراییەکانی دەریای ناوەڕاست بێت یان بەهۆی کاریگەری دیاردەی لانینا و ساردی پلەی گەرمی رووی دەریا و زەریاکانی کاریگەر لەسەر هەرێم. ئەوەیان مرۆڤ زیاتر لە بەرانبەری دەستەوەستانە. مەبەست لە وشکەساڵی لەرووی کشتوکاڵەوە، دەبێ سوودی زیاتر لە پێشبینی وەرزیی دابارین وەربگیرێت، لە ئەگەری کەمبارانی دەبێت ئەو دانەوێڵە و رووەکانە بچێنرێت کە زیاتر بەرگەی کەمئاویی دەگرن، بۆ نموونە چاندی جۆ لەبری گەنم. هەروەها دەبێت گڵدانەوەی ئاو و بەنداو زیاتر بکرێن و زەوی بەراو زیاد بکرێ لە بڕی کشتوکاڵی دێمی. هەروەها شێوازی ئاودێری زانستی سەردەمیانە پەیرەو بکرێت و ئاو بەفیرۆ نەدرێت.

ئەم گۆڕانکارییە لەسەر گۆی زەوێ روویداوە، ئایا گۆڕانکارى کەشوھەواییە کە گوایە 50 ساڵ جارێک زەوی تووشی ئەم گۆڕانکارییە دەبێت؟

گۆڕانکاری ئاووهەوایی بە پلە یەک دەگەڕێتەوە بۆ زیادبوونی دەردانی دوانۆکسیدی کاربۆن و گازە گەرمکەرەکانی تر لەدوای شۆڕشی پیشەسازیەوە. ئەو گازانەش گەرمی قەتیس دەکەن لە بەرگەهەوای نزیکی زەوی و زەوی زیاتر گەرم دادێنن. بەڵام لە (1980 وە تا2021 )گەرمبوونی جیهان خێراتر بووە پێشتر( 0.07 )بوو، ئێستا بۆتە ( 0.2 )پلەی سەدی بۆ هەر 10 ساڵێک. 

ئێستا (1-5.1 )پلە بەرز بۆتەوە. ئەگەر بەو شێوەی ئێستا گازی گەرم دەربدرێ ئەوا پاش 100 ساڵی تر 2 پلەی سەدی تریش بەرز دەبێتەوە. ئەگەر گازی گەرم زیاتر دەربدرێت رەنگە لە خراپترین سیناریۆدا تا نزیکەی 4 پلەی سەدی بەرز بێتەوە. ئەوەش هاوتا دەبێت لەگەڵ توانەوەی سەهۆڵبەندانەکان و بەرزبونەوی ئاستی دەریا و زەریاکان بە بڕی چەند مەترێک. سەبارەت بە دابارین، سیمای سەرەکی گۆڕانی ئاووهەوا لەروی دابارینەوە بریتیە لە دیاردەی توندرەوی و بارانی بەخوڕ و لافاو. بەڵام لەسەر ئاستی جیهان وەک یەک نیە هەندێک ناوچە بارانی زیاد دەبێت و هەندێک ناوچە بارانی کەمتر دەبێت.
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین