سه‌رۆكى كۆمه‌ڵه‌ى چاپخانه‌كان: پۆسته‌ر و فلێكسى هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌ توركیا و ئێران ده‌كرێت  دیمانە

سیهام میران – تایبەت بە نوچەنێت

عومه‌ر زۆرباش سه‌رۆكى كۆمه‌ڵه‌ى چاپخانه‌كانى كوردستان له‌ دیمانه‌یه‌كى نوچه‌نێت باس له‌ كێشه‌ى چاپخانه‌كانى كوردستان ده‌كات و ره‌خنه‌ى ئه‌وه‌ ده‌گرێت كه‌ له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه‌ هاوكارى چاپخانه‌كان ناكرێت تا كاریان زیاتر بێت، بۆیه‌ به‌ گوته‌ى ئه‌و پرۆگرامى خوێندن له‌ ده‌ره‌وه‌ چاپ ده‌كرێت كه‌ هه‌ڵه‌ى تێده‌كه‌وێ. جیا له‌مه‌یش زۆرباش ئاشكراى ده‌كات زۆربه‌ى كارى پۆسته‌ر و فلێكسه‌كانى هه‌ڵبژاردنى ئه‌م جاره‌ له‌ توركیا و ئێران كراون.

لەگەڵ قەیران و ئەو رەوشەی دووساڵە بەسەر کوردستان داهاتووە، کاریگەری چی بەسەر چاپخانەکانەوە هەبووه‌؟
کارکردن لە چاپخانەکانی کوردستان جیاوازیەکی زۆری هەیە، لەگەڵ وڵاتانی دیکە و دەوروبەر. یەکێک لەوانە ئەگەر بتەوێت پێداویستییە سەرەتاکانی چاپخانە بکڕیت یاخود ئامێرێك بکڕیت حکومەت ١٤٪ لە کڕینی پارەکە دەداتەوە خاوەن چاپخانەکە، بەڵام لای ئێمە لەوانەیە ١٤٪ بەس گومرگەکەی بێته‌ سه‌ر. لەبەر ئەوە ئەو کێشە داراییە کاریگەرییەکی زۆری لەسەر چاپخانەکان هه‌بووه‌. هۆکاری دووەم ئەو بارە ناهەموارەی کە بەسەر هەرێمی کوردستان داهاتووە بەهۆی بِڕینی مووچە و ئەو شەڕەنگێزیانەی کە له‌ ساڵانى رابردوودا بەرۆکی گرتووین ئەوەش کاریگەرییان زۆر هەیە لەسەر چاپخانەکان. سێیەم لەکاتی هەڵبژاردنەکان بە تایبەت ئێستا زۆر بەداخەوە حکومەت هانده‌رى ئەوە نەبوو کە چاپخانە ناوخۆییەکان بەکار بێت. كه‌چى ئەو رێگەپێدەری ئەوە بوو کە ئەو كارانە لە چاپخانەكانى دەرەوە بكرێت، لەگەڵ ئەوەی ئەوانەى خۆمان کرێ شوێنەکان دەدەن و باج دەدەن و سەرەڕای ئەوەش کارمەندی بێگانە رادەگرن، لەگەڵ ئەوەشدا زۆرینە پۆستەر و فلێکسەکان و کارتەکانیان لە تورکیا و ئێران کرد.

چەند چاپخانە لە هەرێمی کوردستان هەیە؟

ئامارێکی تەواو روون لەبەر دەست نییە، بە هۆی ئەوەی لە ساڵانی رابردوودا ئەو سەرژمێرییەی کە کراوە جیاوازییەکی زۆری هەیە، ئێستا بەو پێوەرەی کۆمەڵەی چاپخانەکان بێت نزیکەی سەرووی هه‌زار چاپخانە بوونی هەبێت، بە هەموو شێوەکانی.

بەشێوەیەکی گشتی چاپخانەکان گەشەیان کردووە، کە پێدوایستی ناوخۆ دابین بکەن؟

چاپخانەکان گەشەیەکی زۆر زۆریان كردووه‌ ، ئەگەر بێت و بەراورد لەگەڵ چەند ساڵی رابردوو بکەین زۆر لە پێشکەوتندان. تەنانەت چەندین جار لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە دانیشتووین، وتوومانە ئەو کتێبانەی ساڵانە چاپ دەکرێت بۆ قوتابخانەکان ره‌وانه‌ى دەرەوەی مەکەن بە ئێمەى بسپێرن، وتیان ئێوە پێتان ناکرێت، تەنانەت گووتمان ئێوە کارەکانمان پێبدەن ئێمە گرێبەست لەگەڵ چەندین چاپەمەنی ناوخۆ رێک دەخه‌ین، باشترین ئامێر و باشترین پێداویستی دابین ده‌كه‌ین. تەنانەت گووتمان هەر هەڵەیەک لە دیزاین هەبێت چاپخانە ئامادەیە بە کەمترین خه‌رجی هەڵەکەی چاک بکاتەوە. بەڵام ساڵانی رابردوو کاتێك کتێبەکان کە بای چەندان ملیار دۆلار بوو هەڵەی تێدا بوو هەموو سووتان و فرێدران. گەر لەناوخۆدا بووایە ئه‌وا دیزاینەکه‌ی دەگۆڕدرا.

چه‌ندان جار داوامان كردووه‌ 
پڕۆگرامى قوتابخانه‌كانمان پێ بدات چاپى بكه‌ین
 

 

بەر لە کۆرۆنا ژمارەیەکی زۆر کتێب رەوانەی ئێران دەکران بەهۆی هەرزانی نرخی چاپکردن، ئەمە چەند ژیانی بە ئێوە گەیاندووە؟
هەر چاپەمەنیەک بچێتە دەرەوە بێگومان کاریگەری زۆری بۆ ئێمه‌ هەیە، بزانە چاپخانەیەک دەکوژی بە چەندان کارمەندەوە. خاوەن چاپخانە باج و گومرگی لەسەرە. تۆ دێی دەست لە گیرفانی ده‌نێى و قوڕگیشی دەگری و سەرەوەتەکەی دەبەیتە دەرەوە، ئەوەش کاریگەری زۆری هەیە. ئێمە ناتوانین پێشبرکێی تورکیا و ئێران و سعوودیه‌ بکەین لەبەر ئەوەی ئەوان سیستەمێکی نێودەوڵەتی پەیڕەو دەکەن. نەک تەنیا لەبواری چاپخانە بەڵکو لەبواری وەبەرهێنانیش. بۆ نموونە من ئامێرێکم هێنابوو یەکەم بوو لە هەموو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، تایبەت بە هەڵبژاردن، هێنام بەلای کەم حکومەت دەبووایە هاوکاری ماددیەکەم بکات. تەنانەت دەستخۆشیشی بە رەوا نەزانی، ئەوەیە ئێمە ناتوانین ركابه‌رى وڵاتان بکەین.

پێداویستیەکان لەکوێ هاوردە دەکرێت؟
پێداویستیەکانی چاپەمەنی بە زۆرینەی ئێستا کە لەناو شەقامەکان دەست دەکەوێت زۆرینەیان لە وڵاتی چین و تورکیاوە دێت بەشێکی کەمیشی لە وڵاتی ئێرانەوە دێت.

نەمانی رۆژنامەی چاپکراو چەند کاریگەری لەسەر چاپخانەکان هەیە؟
رۆژنامە لەبەر هۆکاری سۆشیال میدیا چاپکردنی کەمتر بووە، ئەوه‌یش کاریگەری زۆری له‌سه‌ر چاپخانه‌كان هه‌یه‌.

گەر بمانەوێت چاپخانەیەك دابنێین پێویستمان بە چەند سەرمایەیە؟
ناتوانین سەرمایەکی تەواو پێشنیار بکەین بۆ دانانی چاپخانەیەک، رەنگە بە 10 ملیۆن دۆلار نەتوانی ئەو چاپخانەی کە دەتەوێت دایبنێیت، بەڵام رەنگە بە نیو ملیۆن دۆلار چاپخانەیەكى ئاسایى دابنێیت، ئەوە دەگەڕێتەوە سەر ئه‌و کاره‌ی ئەو چاپخانەیە کە دەیەوێت بیکات، چونکە ئێمە بەس باسی رۆژنامە و نامیلکە ناکەین باسی چاپەمەنی سەر کارتۆنەکانمان هەیە، کە ئامێری تایبەتی هەیە. باسی چاپی سەرقوتووی ئاوە تەماتە یاخود خواردنەوە گازییەکان و شیرنەمەنی دەکەین ئەوانە هەموو ئامێری تایبەتیان دەوێت سەرمایەی تایبەتیان دەوێت. 
ئێمه‌ وه‌ك خاوه‌نى چاپخانه‌كان داوا ده‌كه‌ین باجمان له‌سه‌ر كه‌م بكرێته‌وه‌، بۆئه‌وه‌ى بتوانین په‌ره‌ى زیاتر به‌كاره‌كانمان بده‌ین.
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین