د. هێمن میرانى: دەبێت لە بەغدا بین بە پشوودرێژییەوە کار بۆ جێبەجێکردنی دەستوور بکەین دیمانە

سیهام میران – تایبەت بە نوچەنێت

د. هێمن میرانى هه‌ڵگرى بڕوانامه‌ى دكتۆرا له‌ سیاسه‌ت و په‌یوه‌ندییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان له‌ دیمانه‌یه‌كى كورتى نوچه‌نێت باس له‌ چه‌ند پێشهاتێكى سیاسى كوردستان ده‌كات و له‌ به‌شێكى قسه‌كانى ده‌ڵێ، " هەرێمی کوردستان نەک تەنیا بۆ کوردانی پارچەکانی دیکە قیبلەی سیاسییە، بەڵکو بۆ نەیار و ئۆپۆزیسیۆنەکانیش بەو چاوە سەیر دەکرێت"

ماوه‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر شاندێكى جه‌هه‌په‌ سه‌ردانى هه‌رێمى كوردستانى كرد،  ئەمجارە ئۆپۆزسیۆنی تورکیا هەوڵدەدات لە هەرێمی کوردستان نزیک ببێتەوە، بە بڕوای ئێوە هۆکار چییە ؟

هێمن میرانی: هاوکێشەی ناوخۆیی سیاسی تورکیا گۆڕانی بەسەردا هاتووە. حزبی فەرمانڕەوا( پارتی دادوگەشەپێدان) لەماوەی ڕابردوودا هەڵەی زۆری ناوخۆیی ئەنجامداوە کە ئاشتی کۆمەڵگەیی لەنێو پێکهاتە سەرەکییەکانی تورکیای بە تەواوی شێواندووە و دۆخەکەی بۆ دواوە گەڕاندۆتەوە. پێشبینییەکان لەسەر ئاکپارتی ئەوە بوو کە دەتوانێت لە ڕێگه‌ی پڕۆژەی ئاشتییەوە دۆزی کورد لە دۆزێکی ئەمنی ناونراو بە تیرۆر بکاتە دۆزێکی سیاسی و یاسایی و کرانەوەی گەورە ڕوو بدات. بە داخەوە ئەو پرۆسەیە وەستاوە و پاشەکشێی گەورە هاتۆتە کایەوە. ئێستا هێزەکانی دیکە دەزانن کە ئاکپارتی باری ناوخۆیی وەکو جاران بەهێز نییە و لایەنگریشی لە ناوخۆیی باکووری کوردستان کەمی کردووە. بۆیە هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکان ئەمە بە دەرفەت دەزانن کە سەرنجی کوردانی باکوور بە لای خۆیان ڕابکیشن و ئەو دەنگانەی جاران بۆ ئاکپارتی دەچوون، بە کاندیدەکانی ئەوان بدرێت. بێگومان پرۆسەکە تەواو پەیوەندی بەو دۆخە ناوخۆییەی تورکیاوە هەیە. هاتنیان بۆ هەرێمی کوردستان بۆ هەمان باسە. دەیانەوێ بە سەرکردایەتی هەرێمی کوردستان بڵێن کە ئەوان ئەجێندایەکی نوێیان بۆ کرانەوە بەسەر دۆزی کورد لە تورکیا هەیە و لەو ڕێگه‌یەوە دەیانەوێت پەیام بۆ کوردانی باکووریش ڕەوانە بکەن. بێگومان ئەوە مانای ئەوەشی هەیە کە هەرێمی کوردستان نەک تەنیا بۆ کوردانی پارچەکانی دیکە قیبلەی سیاسییە، بەڵکو بۆ نەیار و ئۆپۆزیسیۆنەکانیش بەو چاوە سەیر دەکرێت و دەیانەوێ لێرەوە پەیام بۆ ئامەد ڕەوانە بکەن.

هەموو جۆرە پەیوەندییە دیپلۆماسی و سیاسییەکانی نێچیرڤان بارزانى لە قازانجی کوردستان و عێراق دەشکێنەوە

 

 بە بڕوای تۆ چەند گرنگە تورکیا لە هێورکردنەوەی کێشەکانی ناوچەکە رۆڵی هەبێت ؟

هێمن میرانی: بێگومان تورکیا هێزێکی هەرێمی گەورەیە و خاوەن ستراتیژی تایبەت بە خۆیەتی. مەرج نیە لە قازانجی تورکیا بێت کە کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هێور ببنەوە تا ڕۆڵ بگێڕێت. لە سەردەمی ئەردۆگاندا، بە تایبەت لە دوو خولی ڕابردووی پەرلەمانی تورکیادا کە لەم دواییەدا و لە دوو ساڵ و نیوی ڕابردوو سیستمەکەش بۆتە سەرۆکایەتی، تورکیا ڕووی لە ڕۆژهەڵات و پشتی لە ئەوروپا کردووە و خەونی گێڕانەوەی فۆرمێک لە دەسەڵاتی عوسمانی بۆ ناوچەکە گیرۆدەی کردووە. ئەم ستراتیژە وای کردووە کە تورکیا نەک ڕۆڵی گەورە لە هێورکردنەوە ناگێڕێت بەڵکو خۆی بۆتە یەکێک لە کاراکتەرەکانی ناسەقامگیری لە ناوچەکە. بۆ نموونە بۆ تورکیا باش نیە کێشەی سووریا بەلایەکدا بکەوێت چونکە ئەگەر سووریا بووە خاوەن سەروەری خۆی، دەست و دەوری تورکیا لاواز دەبێت. ئەمە لەسەر وڵاتانی دیکەش جێبەجێ دەبێت.

 ساڵێک زیاتر تورکیا هەوڵدەدات فشار لەسەر کازمی دروست بکات بۆ ئەوەی رازی بێت ئۆپەراسیۆن دژی شنگال ئەنجام بدات، پێتوایە تورکیا واز لەو ئامانجەی بێنێ؟ یانیش ئەگەر عێراقیش رازی نەبێت هاوشێوەی ئۆپراسیۆنەکەی سووریا ئەنجام دەدات ؟

هێمن میرانی: تورکیا هەموو هەوڵێکی خۆی دەدات تا کێشە ناوخۆییەکانی بباتە دەرەوەی سنوور و لەوێ چارەسەریان بکات. ئۆپراسیۆن بکات یان نەیکات هیچ لە بابەتەکە ناگۆڕێت و تا دۆخی ناوخۆیی سیاسی چارەسەر نەکات، ئابوورییەکەی خراپتر و پەیوەندییە نێودەوڵەتیی و هەرێمییەکانیشی باشتر نابن. بێگومان ئەو لە فشارەکانی خۆی بەردەوام دەبێت بەڵام دۆخی عێراق و سووریا وەکو یەک نین. عێراق پشتگیرییەکی گەورەی نێودەوڵەتی هەیە تا ببێتەوە خاوەن سەروەری و بەهێز بێت لە کاتێک ئەم پشتگیرییە بۆ کەیسی سووریا لەئێستادا لە ئارادا نییە. بۆیە هاوشێوەی سووریا، تورکیا ناتوانێت ئۆپەراسیۆنی زەمینی فراوان لەناو خاکی عێراق ئەنجام بدات.

لە ماوەی مانگێکدا نێچیرڤان بارزانی کۆمەڵێک پەیوەندی دیپلۆماسی ئەنجام داوە، کۆی ئەو چاڵاکیانە چ سوودی بۆ کورد هەیە؟

هێمن میرانی: بەڕێز نێچیرڤان بارزانی نوێنەرایەتی بەرژەوەندییەکانی هەرێمی کوردستان دەکات و هەموو جۆرە پەیوەندییە دیپلۆماسی و سیاسییەکانی لە قازانجی کوردستان و عێراق دەشکێنەوە. بەڕێزیان خاوەن پەیوەندییەکی فراوانی دیپلۆماسی نێودەوڵەتی و هەرێمین و هەوڵەکانی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی هەمیشە بەرژەوەندییەکانی هەرێمی کوردستانی باشتر پاراستووە. جەنابیان کە ئێستا لە پێگەی سەرۆکی هەرێمی کوردستانن، دیارە باشتر و دەستکراوەتر ڕۆڵ لە پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی هەرێم دەگێڕێت.

لە کاتێکدا هەڵبژاردنی عێراق بەڕێوەیە، سەرۆکی هەرێمی کوردستان جەخت لەوە دەکاتەوە چارەسەرکردنی هەموو کێشەکان پەیوەندی بە سەقامگیری عێراقەوە هەیە، کوردیش خۆی ئامادەکردووە بە شێوەیەکی قوڕس بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بکات؟

هێمن میرانی: ئێمە وەکو کوردانی باشوور و دانیشتوانی هەرێمی کوردستان باری سیاسییمان هەر جۆرێک بێت، عێراق بۆ ئێمە قووڵایی ستراتیژیە و گرنگە. گریمانە بکە ئەگەر بووینە دەوڵەت، عێراق دەبێتە دراوسێمان و سنوورێکی درێژمان لەگەڵی دەبێت و خاوەن مێژووییەکی درێژی یەک سەدە ژیانین لەچوارچێوەی ئەو كیانە سیاسییە. کە ئەوە ڕووینەداوە و هێشتا لە چوارچێوەی عێراقداین، بێگومان بەغدا لە هەموو پایتەختێکی دیکەی دونیا بۆ ئێمە گرنگە. بۆیە بەشداری کارای هێزە سیاسییەکانی کوردستان و خەڵکی کوردستان لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق یەکجار گرنگە لە دوو خولی ڕابردوو باشتر بۆ هەمووان دەرکەوتووە کە پەرلەمان لە هەموو دامەزراوەکانی دیکەی عێراق گرنگترە. ئێمە لە پەرلەماندا بەهێز بین، ئاسانکاری بۆ مافە دەستوورییەکانی گەلانی کوردستان دێتە کایەوە. بۆیە بۆ هەموو هێزە سیاسییەکانی کوردستان ڕەنگە بەهێزبوون و بەشداری کاریگەرلە بەغدا ستراتیژ بێت لە ئێستادا.

ئایا ئەم هەوڵانەی کورد وەکو پێشووتر بەفیرۆ ناچێت، دەکرێ ئومێدمان بە چاکبوونەوەی بارودۆخی عێراق هەبێ؟؟

هێمن میرانی: بابەتەکە پەیوەندی بە ئومێدەوە نییە، سیاسەت بە ئومێد و هیوا ناکرێت. ئێمە هێشتا لە چوارچێوەی عێراقین و کاریگەرییەکانی ئەوەی لە بەغدا ڕوودەدات بەسەر ژیانی خەڵک و دۆخی سیاسی ناوخۆیی هەرێمی کوردستان ڕاستەوانەیە. عێراق باشتر بێت یان خراپتر، لەدوای ڕیفراندۆمەوە دەرکەوت کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هێشتا دەستی لێ بەرنەداوە و مەبەستیانە وەکو كیانێکی سیاسی یەکگرتوو بمێنێتەوە و لە پاڵیشیدا هەرێمێکی بەهێزی کوردستان بەلای کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بایەخمەندە. بۆیە کورد لە بژاردەی بەشداریکردن لە پرۆسەی سیاسی لە بەغدا و داکۆکیکردن لە چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی لە گەڵ بەغدا لە چوارچێوەی دەستووردا، بژاردەیەکی دیکەی باشی لەبەردەست نییە. کە دۆخەکە ئاوایە، سیاسەتی ڕاست ئەوەیە هەوڵی ئەوە بدەین لە بەغدا بین و لەوێ بەهێزەوە لەناو پرۆسەی سیاسی بەشدار و کارا بین و بە پشوودرێژییەوە کار بۆ جێبەجێکردنی دەستوور بدەین.

 

د. هێمن میرانی:
هەڵگری بڕوانامەی دکتۆرا لە سیاسەت و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لە زانکۆی لیستەر/ بەریتانیا. 
پڕۆفیسۆری یاریدەدەرە لە کۆلێژی زانستە سیاسییەکانی زانکۆی سەڵاحەددین.
ڕاگری پێشووی فاکەڵتیی یاسا و زانستە سیاسییەکان بووە لە زانکۆی سۆران.

ئێران بەردەوام هەڕەشە لە هەرێمی کورستان دەکات لەوەی داڵدەی حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانی داوە، به‌ بڕواى تۆ هۆكارى بەرزکردنەوەی ئاستی گرژییەکان له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه‌ له‌م كاته‌دا چییه‌؟

هێمن میرانی: هەرێمی کوردستان بۆ هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکانی ئێران و تورکیا و سووریا و پێشتریش بۆ ئۆپۆزیسیۆنی عێراقی دژی رژێمی بەعس، نەوایەکی ئارام بووە. هەرێمی کوردستان داڵدەی سیاسی هەندێ لەو هێزانەی داوە بەڵام لە ڕووی سیاسەتی نێودەوڵەتییەوە ناکرێت ئەو هێزە ئۆپۆزیسیۆنانە هەرێمی کوردستان بەکاربهێنن بۆ هێرشکردنە سەر دراوسێکان. ئاشکرایە هەرێمیش بەرژەوەندی لەگەڵ دراوسێکانی هەیە و ناچارە پەیوەندییەکانی بە هاوسەنگی رابگرێت. ستراتیژی هەرێمی کوردستان ئەوەیە کە نابێتە هەڕەشە بۆ دراوسێکانی و پەرە بە پەیوەندییە سیاسی و ئابوری و بازرگانییەکانی بۆ خێری هەردوولا دەدات. گرنگە هەر هێزێکی سیاسی لە هەرێم ئۆفیسی هەبێت، لە چوارچێوەی ئەم ستراتیژە کار بکات و کێشە بۆ بەرژەوەندییەکانی هەرێمی کوردستان دروست نەکات.

ئایا پێتوایە ئێران بتوانێت هەرێمی کوردستان و عێراق ناچار بکات بڕیاری دەرکردنی ئەو هێزانە بدەن ؟

هێمن میرانی: هەرێمی کوردستان و عێراق هەوڵی جددی دەدەن پەیوەندییان لەگەڵ دراوسێکان بۆ بەرژەوەندی هەردوولا باش بێت و نەبنە هەڕەشە لەسەر بەرژەوەندییەکانی یەکتری. هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکان دەبێ ئەوە بزانن کە یاسای نێودەوڵەتی ڕێگە نادات هیچ هەرێم و دەوڵەتێک داڵدەی هێزی دیکە بدات کە بە ئاشکرا ئاسایشی وڵاتێکی دیکە بخەنە بەر مەترسییەوە.

 

 

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین

ئەمانەش ببینە