د. دلبرین مەلا محەمەد: خوێنەربوون لەدواى پێنج خولەک نەوەستا دەبێ نەخۆش بچێتە نەخۆشخانە تەندرووستی و ستایل

سیهام میران – تایبەت بە نوچەنێت:

دکتۆرێکى پسپۆڕ لە نەشتەرگەرى قورگ و لووت، هۆکارەکانى خوێنەربوون دەخاتەڕوو و دەشڵێت، هۆکارەى زیاتر بە هۆى دەستوەردان لە هەندێ شوێن و هەوکردن بە هۆى پەتا وەرزییەکان.

د. دلبرین مەلا محەمەد، دکتۆرا لە نەشتەرگەری قورگ و لووت، لە ديمانەیەکى تایبەتدا بۆ نوچەنێت دەڵێت، "سەرەتا دەبێ زانین خوێن هاتن لە لووتدا چییە، کە بریتیە لە کرانەوەی یەکێك لە دەمارەکان لە ناو لووتدا، بەزۆری لە بەشی پێشەوەی لوت دەبێ، بەشی دواوە کەمتر تووشی خوێن بەربوون دەبێت."

ئەو دکتۆرە هۆکارەکانى خوێنبەربوون دەخاتەڕوو، وەک خۆى دەڵێت، "یەکێك لە هۆکارە باوەکانی خوێنبەربوون بریتییە لە دەست تێوەردانی لووت، کە دەبێتە هۆی زیان گەیاندن بە دیواری لووت. ئەو دەست تێوەردانە زیاتر لە منداڵان بوونی هەیە، هەندێ کاتیش لە گەورەکان روو دەدات." 

هەروەها دەشڵێت، "هۆکاری دووەم هەوکردنە وەرزیيەکانە، وەکو هەڵامەت کە دەبێتە هۆی وشکبوونەوەی دیواری لووت، بەهۆی هەوای وشک و سارد ئەم وشکبوونە وا دەکات ببێتە هۆی خوێن بەربوون لە لووت. هۆکاری تر ئەوەیە کە دیواری لوت خواربێت، یاخود بەرکەوتنی زەبر بە لووت و ئەنجامدانی نەشتەرگەری لە لووت، هەندێ حاڵەتیش نەخۆشیەکانی ژێرپەنجەی لووت دەبێتە هۆی ئەو خوێنبەربوونە."

د. لبرین مەلا محەمەد، جگە لەو هۆکارانەى باسیکرد، چەند جۆرێکى ترى خوێنبەربوون باس دەکات و دەڵێت، "هەندێ حاڵەت هەیە پەیوەندی بە لووتەوە نییە، بەڵام دەبێتە هۆى خوێنبەربوون، وەکو نەخۆشە بۆماوەییەکان (هیمۆفیلیا)، هەروەها بەرزی پەستانی خوێن دەبێتە هۆی تەقینی دەمارە بچووکەکانی ملولەی خوێن، هەروەها ئەو کەسانەی کە دەرمان بەکار دێنن ئەو دەرمانانەی کە دەبنە هۆی خوێن شلبوونەوە وەکو ئەسپرین."

سەبارەت بە چارەسەرییەکانى خوێنەربوون، روونیدەکاتەوە، چارەسەری خوێن بەربوون دەوەستێتە سەر زۆری خوێنەکە، بەڵام هەندێ حاڵەت هەیە لە ماڵەوە چارەسەر دەکرێن و هەندێکیش پێویستە سەردانی نەخۆشخانەکان بکرێن، ئەو حاڵەتەی لە ماڵەوە چارەسەر دەکرێت ئەگەر خوێن بەربوونەکەی کەم بێت نەخۆشەکە دەبێت لە نەرماتی لووتی توند بگرێت بۆ ماوەی پێنج خولەک و پاڵەپەستۆ دروست بکات بەفر لەسەر نێوچەوانی دابنرێت، هەروەها نەخۆش سەری خۆی بۆ خوارەوە بێنێت، کە یەکێک لە هەڵە باوەکان ئەوەیە نەخۆش سەری بۆ سەرەوە دەبات ئەوەش وا دەکات خوێنەکە لە لوتی بگەرێنێتەوە دواوە کە دەبێتە هۆی رشانەوە. ئەگەر لەو پێنج خولەکە خوێنەکە نەوەستا دەبێت نەخۆش سەردانی نەخۆشخانە بکات."

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین