شێرکۆ کرمانج: کورد بە بێ پشتیوانی ئەمریکا بچێتە بەرەی سەدر دۆڕاودەبێت دیمانە

بەهرە حەمەڕەش-نوچەنێت

دکتۆر شێرکۆ کرمانج، توێژەر و ئەکادیمی لە گفتوگۆیەکی نوچەنێت باس لە ئەگەر و کۆسپەکانی بەردەم هاوپەیمانێتییەکان بۆ پێکهێنانی حکومەتی عیراق و پێگەی حزبە کوردییەکان لە بەغدا دەکات، پێیوایە کورد نابێت هەوڵی لایەنگیری لایەنێکی شیعە لە بەرامبەر لایەنێکی دیکە بدات چونکە هەر لایەنێک دەستی بڕوات لەوەیتر خراپتردەبێت.

دکتۆر شێرکۆ، سەبارەت بەو پرسیارەی هەندێک کەس پێیانوایە، ئەمجارە دەرفەتە بۆ کورد لەگەڵ هەندێک لایەنی سوننە و قەوارەی سەدر، گورزێکی توند لە میلیشیا شیعەکان بدەن و تۆڵەی (16) ئۆکتوبەر و داگیرکردنی ناوچە ناکوکەکان و  هێرشە درۆنییەکانیان بۆ سەر هەولێر  بکەنەوە دەڵێت" من پێموایە وا چاکە کورد ھەوڵنەدات لایەنگری لەلایەنێکی شیعە لە دژی لایەنێکی دیکەی شیعە بکات، چونکە سەدر لە مالیکی باشتر نییە و هەر کامیان دەستی بڕوات لەویتر خراپتر دەبێت. باشترە بەرەی مالیکی و فەتح زیاتر نەکرێن بە دوژمن، چونکە ئێمە بەرگەی فشاری زۆر ناگرین، بۆیە نابێت کورد دژی بەرەی ئێران بێت، ئێران‌ و نوێنەرەکانی لە عێراق توانای ئەوەیان هەیە کە کێشە بۆ کورد دروستبکەن، ھەر لە ناردنی ساروخ بۆ مەتاری ھەولێر تا دەگاتە پێشڕەوی لە سنورەکان و شڵەژاندنی بەرەی ناوخۆ، پشتیوانیکردن لە سەدر کاتێک دروستە کە کورد بەتەواوی دڵنیابێت لەوەی کە ئەمریکا تەواو پشتیوانی لە سەدرو ھەرێم و حەلبوسی (سوننە) دەکات، ئەگەر بەبێ پشتیوانی ئەمریکا، بچینە هاوکێشە سەدر لە دژی ئێران‌ و مالیکی ‌و فەتح ئەوە کورد دۆڕاو دەبێت".

سەبارەت بە رێککەوتنی لایەنە کوردییەکان وێڕای ناکۆکییەکان ئەمجارە دکتۆر شێڕکۆ رایوایە" یەکێتی ‌و پارتی کاتێک پێکەوە لە بەغدا کاردەکەن کە پێکەوە لەسەر بەربژێری سەرۆککۆمار پێک بێن، ئەگەر پارتی قبوڵی بێت کە سەرۆککۆمار لە یەکێتی بێت ‌و یەکێتی قبوڵی بێت کە بێ ڕەزامەندی پارتی کەس بەربژێر نەکات ئەوکات ئەو بەربژێرەی کە دیاری دەکرێت، دەبێتە کاندیدی کورد نەک یەکێتیی یان پارتی، ئەوکات کورد دەتوانن هاوکارو هاوگوتار بن، بەڵام رێککەوتن لەگەڵ نەوەی نوێ زۆر زەحمەتە، مەگەر نەوەی نوێ بەخۆیدا بچێتەوەو پرسی کورد لە بەغدا لەگەڵ پرسی خەڵکی کوردستان لە هەرێم لێک جیا بکاتەوە".

لە عیراق سازان و تەوافقی سیاسی، ئەگەر لە رێژەی دەنگەکان گرنگتر نەبێت، بە قەد ئەو گرنگە ئایا سیناریۆکانی ئەمجارە بۆ پێکهێنانی حکومەت چین؟  بەرای شێرکۆ کرمانج" ئێستاش هەر تەوافق‌ لە دەنگ زیاتر برەوی هەیە، من پێموایە دیسان کاندیدێکیی تەوافقی دێتەوە، مەگەر لایەنێک بچێتە ئۆپۆزسیۆن".

 ئایا ئەگەری ئەوە هەیە مستەفا کازمی ببێتەوە ئەو کاندیدەی ئەمجارەش سازانی لەسەر دەکرێت؟ بە شرۆڤەی دکتۆر شێرکۆ زەحمەتە جارێکی دیکە ئەم سازانە بکرێت"جارێ زەحمەتە کە بزانین چی دەبێت، چونکە جارێ سەدر لە یۆفۆریای سەرکەوتن دەرنەچووەو قسەی زۆر توندە، بەڵام پێشبینی دەکەم کە دوای ماوەیەکی دیکە نەرم بێتەوە، زەحمەتە مستەفا کازمی تەوافقی لەسەر بکرێت چونکە ئەوکات والێکدەدرێتەوە کە سەدرو پارتی براوەن، بۆیە باوەڕناکەم لایەنە شیعەکانی دیکە بە کازمی ڕازی بن".

کورد چۆن دەتوانێ لەم قۆناخە شەڕی مافەکانی بکات، ئایا گەیشتووەتە ئەم ئاستە لە هوشیاری سیاسی؟ ئەم توێژەرە ئەکادیمییە کورد بەوە وەسف دەکات کە هوشیاری حزبی هەیە نەک نەتەوەیی" کورد هوشیاری لەسەر ئاستی حیزبی بەرزە، بەڵام لەسەر ئاستی نەتەوەیی و نیشتیمانی زۆر خراپە. بۆیە ئەگەر لە ئاستی حیزبی بگوازنەوە بۆ ئاستی نیشتیمانی باش دەبێت، ئەگەر نا ئەوە دیسان شەڕەکان هەر لەسەر پۆست دەبێت، نەک لەسەر پرسی ناوچە دابڕاوەکان ‌و تەعریب‌و بودجە".

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین