د.یاسین ساڵح: لەوانەیە کورد ئەمجارە داوای پۆستی سەرۆکی پەرلەمان بکات دیمانە

بەهرە حەمەڕەش-نوچەنێت

دکتۆر یاسین ساڵح، خاوەن بڕوانامەی دکتۆرا لە سیاسەت و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لە گفتوگۆیەکی نوچەنێت، باس لە سیناریۆکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عیراق و گرنگی دەستپێشخەری پارتی دیموکراتی کوردستان لە گفتوگۆکان دەکات.

نوچەنێت:  پارتی دیموکراتی کوردستان شاندێکی بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان پێکهێناوە، پێتوایە ئەم کۆبوونەوانە ئەنجامی دەبێت و لایەنە سیاسییەکان وێڕای ناکۆکییە ناوخۆییەکان دەتوانن لە بەغدا وەکو یەک تیم کاربکەن؟

د.یاسین ساڵح: پارتی بە پێکهێنانی ئەو شاندە و کۆبوونەوە لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان دەستپێشخەرییەکی باشی کرد. بۆئەوەی هاوپەیمانێتییەک پێکبهێنن بەر لە چوونە بەغدا، یانیش بۆ لێک نزیکبوونەوەی نوێنەرەکانی کورد لە بەغدا، پێموایە ئەمجارە دەرفەتێکی باشتر هەیە بۆ ئەوەی لایەنەکان بەیەکەوە بچن بۆ بەغدا بە تایبەتیش پارتی و یەکێتی، کە رێژەیەکی باشیان لە دەنگەکان هێناوە، هەروەها مێژوو-و بەرژەوەندی هاوبەش لە نێوان ئەو دووحزبە هەیە کە بتوانن پێکەوە نزیک ببنەوە. راستە گرفتی جۆراجۆریش هەیە بەڵام قابیلی گفتوگۆ گەنگەشە کردنن بە تایبەتیش  بابەتی پۆستی سەرۆککۆمار، کە لە دوای(2005)وە لە لایەن یەکێتی نیشتیمانی کوردستانەوە وەرگیراوە. بەڵام لە هەڵبژاردنی پێشوودا ناکۆکی هەبوو، هەردوولا هەوڵیان دەدا لە حزبەکەی ئەوان بێت.

نوچەنێت: پێتوایە لایەنەکانی سیاسییەکانی تریش دێنە سەر خەت و هاوپەیمانێتییەکی کوردی دروست دەکرێت؟

د.یاسین ساڵح:  دوورنییە یەکگرتووی ئیسلامیش بێتە ناو وەها هاوپەیمانێتییەک، تاکە هێز کە خۆی بە ئۆپۆزسیۆن دەناسێنێ و رەنگە نەگاتە ئەنجامێک نەوەی نوێیە، ئەگەر پارتی و یەکێتی رێکبکەون ئەوان کاریگەرییان زۆر نابێت. 

نوچەنێت:  ئەمڕۆ شاسوار عەدولواحید لە پەیامێکدا دەڵێت، ئێمە بەنیازی وەرگرتنی پۆست و وەزارەت نین لە چوونە بەغدا، ئایا هەموو حزبێکی سیاسی لە ئەنجامدا هەوڵی چوونە دەسەڵات نادات؟

د.یاسین ساڵح: پێموایە ئەم قۆناخە بۆ نەوەی نوێ زۆر زووە کە بیانەوێت بچنە پۆست و دەسەڵاتەوە، لەوەدا شاسوار زیرەکانە قسەی کردووە، چونکە دەیانەوێ وەک ئۆپۆزسیۆن ئەو بۆشاییە پڕبکەنەوە کە هەیە، بۆیە هیچ لەبەرژەوەندییان دا نییە بچنە دەسەڵات.

نوچەنێت: ئەنجامی هەڵبژاردنەکان و رێژەی بەشداربوونی هاوڵاتییان چۆن شرۆڤە دەکەی؟ پێتوانییە ئەمجارە رێژەیەکی کەم لە هاوڵاتییان بەشدارییان لە هەڵبژاردنەکان کرد؟

د.یاسین ساڵح: سێ هۆکار هەیە کە ئەمجارە خەڵک کەم بەشداری هەڵبژاردنی کرد. یەکەم هۆکار هۆکارێکی ئاساییەو لە وڵاتانی تریش روودەدات، ئەویش ئەوەیە کە خەڵک پێیوایە بەشداری لە هەڵبژاردن بکات یاننا شتێکی ئەوتۆ ناگۆڕدرێت و گۆڕانکاری روونادات. ئەوە لە سیاسەتدا پێی دەگوترێت لاموبالاتی سیاسی. لەو حاڵەتەدا بەشداریکردن بە گرنگی نازانن. 

بۆ نموونە لە هەڵبژاردنی بەریتانیا لە ساڵی (2019)لە سەدا سیوحەوت خەڵک بەشدارییان لە هەڵبژاردن کرد. لە فەرەنسا لە سەدا پەنجا و لە بولگاریا لە سەدا سی، بەشدارییان لە هەڵبژاردن کرد.

هۆکاری دووەم، پێموایە یەکیان پەیوەندی بە توڕەبونی خەڵکەوە هەیە بەتایبەت دوای ئەوەی لە کوردستاندا بە تایبەتی لە ناو گەنجاندا هەستیان کرد دەریچەیەک نییە و هیچ هێزێک نییە کە بتوانێ گوزارشت لە توڕەبوونەکانی ئەوان بکات، بە تایبەت دوای ئەوەی گۆڕان چووە ناو حکومەتەوە، ئەو هیوایەیان نەما. هەرچەندە نەوەی نوێ ویستی ئەم بۆشاییە پڕبکاتەوە بەڵام نەیتوانی.

هۆکاری سێیەم، پەیوەندی بەوەوە هەیە کە ئەمجارە رێژەی تەزویرزۆر کەمبوو بە پێوەرەکانی ئەوانەی کە چاودێری هەڵبژاردنەکەیان کردووە، لە هەموو عیراق پێشتر رێژەیەکی زۆر تەزویرات دەکرا، بۆیە رێژەی بەشداری هاوڵاتییان زۆر دەردەکەوت.

نوچەنێت: لە عیراق رێککەوتن و سازانی سیاسی، ئەگەر لە رێژەی دەنگەکان گرنگتر نەبێت بە قەد ئەو گرنگە، کوتلەی سەدر بوونە فراکسیۆنی زۆرینە کە خاوەن گوتاری توندی سیاسین، پێتوایە بە هەبوونی ئەم گوتارە لە ماوەی دیاریکراوی یاساییدا دەتوانرێت حکومەت پێکبهێنرێت؟

د.یاسین ساڵح: دەتوانم بڵێم ئەمجارە دروستکردنی کابینەی نوێ ئاسانترە بەراورد بە کابینەکانی پێشوو، لەبەر چەند هۆکارێک یەکێک لە هۆکارەکان ئەوەیە کەچەند هێزێکی گەورە دروستبوون بە تایبەتی لە ناو شیعەکاندا، پێشتر کوتلەکان چل بۆ پەنجا کورسییان هەبوو، ئەمجارە تەیاری سەدر بە تەنیا 73 کورسی بەدەستهێناوە حەلبوسی 37 کورسی بەدەستهێناوەو پارتی33 کورسی بە دەستهێناوە. واتە کۆمەڵێک گۆڕانکاری هەیە، کۆمەڵێک هێزی گەورە دروستبوون کە دەتوانین بڵێین تا ئاستێک لەیەکنزیکبوونەوە لە نێوانیاندا هەیە، جاران پەرشی و بڵاوی هەبوو.

لایەنێکی تری یاسایی هەیە، لە ماددەی (76)ی دەستور دەڵێت سەرۆککۆمار کوتلەی زۆرینە رادەسپێردرێت بۆ پێکهێنانی حکومەت. هەڵبەتە ئەمە لە هەڵبژاردنی (2021) کە عەلاوی زۆرینەی دەنگەکانی بەدەستهێنا شیعەکان توانییان ئیئتیلافێک دروست بکەن بە سەرۆکایەتی مالیکی و ئەوان حکومەت پێکبهێنن. ئەوکاتە مەحکەمەی ئیتیحادی وای تەفسیر کرد کە کوتلەی زۆرینە، پێش یان دوای هەڵبژاردن دەتوانێ حکومەت پێکبهێنیت، بەڵام رای تر هەیە دەڵێت: نەخێر کوتلەی زۆرینە ئەوەیە کە لە هەڵبژاردندا دەنگی زۆرینەی هێنابێت.

بەپێی یاسای نوێی هەڵبژاردنی (2020) بەپێی ماددەی45دەڵێت(دەرچوو یان حزب یان  ئەم یاسایە تەقریبەن لە بەرژەوەندی سەدرە پێموایە ئەمجارە سەدر شانسی پێکهێنانی حکومەتی هەیە، لە هەمان کاتدا باڵێک لە ناوشیعەکاندا دڵخۆش نین بەو هەڵبژاردنە، ئەوان زیاتر وا ناسراون کە نزیکن لە ئێران، ناتوانین ئینکاری لەوەبکەین کە لە عێراقیدا رۆڵێكی جددیان هەیە بەتایبەتیش لە ناو کوتلە شیعەکاندا، هەر کاتێک گرفت یان مەترسییەک لە سەر هێزە شیعەکان دروست بێت، ئەوان نزیکیان دەکەنەوە، لە رابردووشدا بینیومانە، کە ئیتر ئایا رێگە دەدەن بە تەیاری سەدر حکومەت پێکبهێنێت یانیش شیعەکان کەسێکی وەکو کازمی دادەنێنەوە.

نوچەنێت: کاتێک باس لە جیۆگرافی ئەم ناوچەیە دەکرێت، دەگوترێت هیچ گۆڕانکارییەک بە بێ رەزامەندی ئەمریکا و ئێران ناکرێت، ئەمە وێڕای کاریگەری ئیقلیمی وەکو وڵاتانی(سوریا و تورکیا) کەواتە چاوەڕوانین لە وادەی یاسایی خۆیدا حکومەتی عیراق پێکبهێنرێت؟

د.یاسین ساڵح: ئەمجارە ئەو هێزانە سەرکەوتوون کە ئەمریکا کاریگەری لەسەریان هەیە،  بەڵام یەکەمجار دەبێ سەرۆککۆمار هەڵدەبژێردرێت، بە پێی دەستور سەرۆککۆمار کوتلەی زۆرینە رادەسپێرێت.

نوچەنێت: ئەگەری ئەوەهەیە کە فراکسیۆنێکی کوردی لەگەڵ لایەنێکی شیعە یان سوننە هاوپەیمانی رابگەیەنێت؟

د.یاسین ساڵح: ئەو دەستپێشخەرییەی پارتی کردووییەتی بۆ ئەوەیە لایەنە کوردییەکان بەیەکەوە بچنە ناو پرۆسەی گفتوگۆ لەسەر پێکهێنانی حکومەت، لە هەمان کاتدا بەرژەوەندی سیاسی ئەوەی کە تا ئێستا هێزە شیعەکان باسیان کردووە، لایەک لە پارتی و لایەک لە یەکێتییەوە نزیکن، بەڵام پێموانییە پارتی بهێڵێت درزێک دروست بێت، بەڵکو نەرمی دەنوێنێت بۆئەوەی کورد لە بەغدا یەکدەنگ بن.

نوچەنێت: پۆستی سەرۆککۆمار ئەمجارە بۆ کام لا دەبێت، ئایا پارتی داوای دەکات؟

د.یاسین ساڵح:جاری پێشوو پارتی ویستی پۆستی سەرۆککۆمار بۆئەو بێت، لەوانەیە ئەمجارە بە مافی خۆی بزانێت، هەڵبەتە ئەگەر کورد داوای پۆستی سەرۆکی پەرلەمان نەکات. ئەمانە جارێ تەنیا گفتوگۆ و بۆچوونن بەڵام ئەم ئەگەرانەش هەن.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین