د.زوبێر رەسوڵ: هەر رووداوێک لە بەغدا رووبدات کاریگەری لەسەر هەرێمی کوردستان دەبێت دیمانە

بەهرە حەمەڕەش-نوچەنێت

زوبێر رەسوڵ، خاوەن بڕوانامەی دکتۆرا لە زانستە سیاسییەکان، مامۆستا لە کۆلێژی زانستە سیاسییەکان بەشی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، لە گفتوگۆیەکی نوچەنێت باس لە هۆکاری هێرشکردنە سەر ماڵی سەرۆکوەزیرانی عێراق و کاریگەری لەسەر دۆخی سیاسی هەرێمی کوردستان دەکات و پێیوایە، هەر رووداوێک لە بەغدا رووبدات کاریگەری لەسەر هەرێمی کوردستانیش دەبێت.

نوچەنێت: لە دەربڕینی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەوە تا ئاستی هێرشکردنە سەر ماڵی مستەفا کازمی، ئایا هۆکارەکەی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنە؟

د.زوبێر رەسوڵ: بەشێکی گەورە لەو کردارانە پەیوەندی بە دەرئەنجامەکانی هەڵبژاردنەوە هەیە، چونکە هەندێک لەو گروپانەی کە لە عیراق هەن دڵخۆش نەبوون بەو ئەنجامانە بە تایبەتیش ئەو گروپانەی کە دەگوترێ لە ئێران نزیکن.

ئەگەر بە پێی ئەو ئەنجامانە حکومەت دروستبکرێت، نەخشەی سیاسی لە عیراق دەگۆڕدرێت و لە بەرژەوەندی ئەوان نابێت. دەکەونە دەرەوەی هاوکێشە سیاسییەکە، پێشتریش لەسەر ئەم ئەنجامانەهەڕەشەیان کردووە بەڵام ئەمجارە لە رێگەی ئەمجۆرە هێرشە پەیامێکیان ئاراستەی لایەنە سیاسییەکانی تریش کرد، گوتیان ئێمە ئەگەر دەنگیشمان نەهێنابێت بەڵام هەر بەهێزین و لە گۆڕەپانەکەین. لە راستیشدا ئەوان لە رووی پێگەی جەماوەرییەوە لاوازبوون، بەڵام ناتوانرێت حسابیان بۆ نەکرێت و بخرێنە دەرەوەی سیناریۆ سیاسییەکان، ئەو هێرشە جگە لەوەی پەیامێکی هەڕەشەئامێز بوو بۆ مستەفا کازمی، پەیام بوو بۆ حەلبوسی، هەروەها پەیامێک بوو بۆ گەڕی دانوستانەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەغدا، ئەگەرچی دەرفەتێکی باشە بۆ کورد کە لەم دۆخەدا یاری بکات، کام هێز دان بەمافەکانیدا دەنێت لەگەڵ ئەوبێت بەڵام بەهۆی دۆخی عیراقەوە سود لەم ئەنجامانە نەبینراوە. 

لەوانەیە ئەم هێرشە لە قازانجی کازمی بشکێتەوە

نوچەنێت: پێتوایە لە رێگەی ئەم هێرشانەوە دەتوانن ئامانجەکانیان بپێکن؟ ئایا کاریگەری لەسەر ئەنجامەکانی هەڵبژاردن دەبێت؟

د.زوبێر رەسوڵ: لەرووی زیاد و کەمی کورسییەکان دەستی لێنادرێت، بەڵام کێشەی گەورەترین قەوارە بۆ پێکهێنانی حکومەت دروست دەبێت، پەیامی سیاسی دەدەنە سوننەکان کە دەبێ چاوەڕێبن تا ئێمە رێکدەکەوین، پەیام دەدەنە سەدر کە ناتوانی بە تەنیا حکومەتی زۆرینە پێکبهێنی ئەگەر پێکیشی بهێنی بە بێ ئێمە حکومەتێکی شکستخواردوو دەبێت، پەیام دەدەنە کورد، کە دەبێ چاوەڕێی ئێمە بکەی بۆ دەستکردن بە دانوستانەکان، رەنگە هەولێریش بترسێت چونکە بەرژەوەندی سیاسی و ئاسایشی هەیە، پەیام دەدەنە هەولێر پێی دەڵین لە جیاتی سود لە ناکۆکییەکان ببینی دەبێ بچی هەوڵی پێکهێنانیان بدەی. ئەوەش بەراستی یاریکردن نییە چونکە ئەگەر سبەی ئەوان رێککەوتن هیچ پێویستییەکیان بەتۆ نامێنێت. چی بەرئێمە کەوت بەرنەکەوت هیچ. پێموایە حکومەت سەرکەوتوونابێت ئەگەر رەچاوی ئەوان نەکات.

لایەکیتر ئەوەیە کە  ئەوانەی لە بەرەی ئێران ئەژمار دەکرێن پێگەی جەماوەرییان بەرەو لاوازی دەچێت، بەڵام لە رووی هێزەوە بێهێزن. هەرچەندە ئەو هێرشانەی کە کرانە سەر کازمی لایەنێکی ئەرێنی بۆ کازمی تێدایە. لەوانەیە ئیتر لەمەودوا خەڵک هاوسۆزی لەگەڵ کازمی هەبێت. کە بە ئامانج گیرا. ئەوەی کە دەڵێم پێگەی جەماوەری ئەوانەی کە لە ئێران نزیکن دابەزیوە هەر بە قسەنییە بەڵكو ئامار هەن ئەوە دەڵێن، بەڵام لە رووی پێگەی سیاسی و هێزەوە هێزیان هەیە.

نوچەنێت: جموجوڵی داعش و کردەی تیرۆرستیان زیادی کردووە، دەتوانین بڵێین ئەم رووداوانە پەیوەندییان بەیەکەوەهەیە؟

د.زوبێر رەسوڵ: ناڵێین تەنسیقێک هەیە بەڵام ناسەقامگیری لە هەر شوێنێک هەبێت داعش لەوێ دەسەڵاتی زیاد- دەکات، ئەوان بە شوێن بۆشایی ئەمنی و ناسەقامگیریدا دەگەڕێن. ئەگەر ئەم ناسەقامگیرییە بەردەوام بێت و هێزە عیراقییەکان و هێزی پێشمەرگە رێککەوتنیان نەبێت ئەوا داعش سود لەم دۆخە وەردەگیرێت.

نوچەنێت: باس لە گۆڕانی رۆڵی ئەمریکا لە عیراق دەکرێت، بەپێی رێککەوتنی نێوان ئەمریکا و عیراق، لە دوای سەری ساڵی تازەوە هێزی سەربازی دەکشێنێتەوە، تەنیا لە رووی مەشق و راوێژی سەربازییەوە لە عیراق دەمێنێت؟ کاریگەری ئەوە لەسەر هەرێمی کوردستان چی دەبێت؟

د.زوبێر رەسوڵ: ئەمریکییەکان دەمێکە گوتویانە کە ئەرکی هێزەکان دەگۆڕێت و دەبێتە راوێژکاری، بەڵام رەنگە ئەم هێرشە وا لە ئەمریکییەکانیش بکات، کە بەو بڕیارەدا بچنەوە و تێبگەن جێهێشتنی عیراق مەترسیدارە، جاران ئەگەر ناکۆکییەکان لە نێوان پێکهاتەو مەزهەبەکان بوو ئێستا لە نێو ماڵی شیعەشدایە، رەنگە لە ناکاو کودەتا یان هەر ئەگەرێکی تر رووبدات. 

سەدر نابێ بە دڵخوازی ئەمریکا

نوچەنێت: کاریگەری ئەمجۆرە هێرشانەو کشانەوەی ئەمریکا لەسەر دۆخی سیاسی و ئابوری هەرێم چۆن دەبێت؟ 

د.زوبێر رەسوڵ: کاریگەری لەسەر ئەو ئارامی و ئاسایشە دەبێت، کە لە هەرێمی کوردستان هەیە وایکردووە کە لە رووی ئابورییەوە کاریگەری هەبێت گەشتیار رووی لێبکات هەروەها دەبێ بزانین کە ئێمە لە رووی سیاسی، پەرلەمان و بودجەوە، بە- بەغداوە بەستراوینەتەوە. هەموو ئەو رووداوانەی کە لە بەغدا روودەدات رەنگدانەوەی لەسەر هەرێمی کوردستان دەبێت. لەوانەیە خاڵی ئەرێنی ئەوەبێت کە ئەمریکی و عیراقییەکانیش بیر لەوە بکەنەوە کە هەماهەنگی زیاتر لەگەڵ هێزی پێشمەرگە بکەن، بەتایبەت لە ناوچە داىڕێنراوەکان دەریخست کە بە تەنیا بە هێزەکانی عیراق بەڕێوە نابرێت، دەبێ هێزی پێشمەرگەشی لەگەڵ بێت. ناسەقامگیری لە بەغدا لە زۆر بواردا ئێستا لە بەرژەوەندی هەرێمی کوردستان نییە.

نوچەنێت: پێتوایە لە وەها حاڵەتێکدا دەبێ هەرێم  رۆڵی چۆن بێت؟

د.زوبێررەسوڵ: دەکرێ هەرێم هەوڵبدات خەریکی تەوافق بێت بەڵام لە هەردوو حاڵەتدا سیناریۆیەکی باش نییە، ئەگەرچی ناچاری تێدایە، خاڵی دووەم، ئەوەیە نەبێتە لایەنی ئەم کێشانە و هاوسەنگی بپارێزێت. لەبەرئەوەی دەوڵەت نین ناتوانین زۆر سود لە ناکۆکی و ناسەقامگیرییەکان وەربگرین.

نوچەنێت: دەگوترێ لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئەمجارە، دڵخوازانی ئەمریکا دەنگی زۆریان هێناوە، سەدر تا چەند دڵخوازی ئەمریکایە؟

د.زوبێر رەسوڵ: ناتوانین بڵێین دڵخوازی ئەمریکان، سەدرییەکان لە دوای 2003وە ململانێی زۆربەی هێزەکانیان کردووە، بەڵام لەو دوولایەنەی تر باشترن دەکرێ بگوترێ لەوەدا لە بەرژەوەندی ئەمریکان، رەنگە ماوەیەکی تر پەیوەندییان لەگەڵ ئێران باش بێت، پێشموانییە تاسەر بتوانن لە یەکڕیزی ناو ماڵی شیعە بڕۆنە دەرەوە، چونکە پێشتر ئاماژەم پێکرد بەرەی ئێران ئەگەر لە رووی پێگەی جەماوەریشەوە لاوازبووبن لە رووی هێزەوە هێشتا بەهێزن.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین